ماڵئاوا …. پشكۆ ناكام
(شێرکۆ بێکەس) دوا هەناسەی داو یەکەم هەنگاوی روەو (مەرگ) نا…
لەو رۆژەوە (پەپولە) بە (دەربەندا) گوزەر ناکا، کەژاوەش لەگرینا کەوت… چیتر گەڵا، چەم، رەشەبا، زریان، گوڵاڵە، هەنسک، حەسرەت لەناو شیعرەکاندا سەما ناکەن.
لەو رۆژە بەدوا: لەکافتیریای (یۆنانییەکان*) لەگەڕەکی (Tensta)ی ستۆکهۆڵم، لەسوچێکا، شاعیرێکی غەرق بوی غوربەت و داڕشتن نابینینەوە… جەستەی ئەو وەک پاشماوەی دوا (قاوە)کەی سارو سڕە، سارتر لەهەوری هەواڵی (سوچ) و (دونیا) جێهێشتنی گەیاند…
ئەو رۆژە:
قەڵەمێک لەنوسین کەوت و خەوی لێ کەوت، چیتر بەخەبەر نایە تا دیوانێکی تازە بنوسێتەوە، چونکە خەوی ئەمجارە ئەبەدیە…
ئەوەی پێشتر نوسرا، بە بە (یادەوەری)، یادەوەریە- کانیش بون بە کۆڵەکەی مێژو، مێژو بو بە بەشێک لەڕابردو.
نوسراوەکان ریزیان گرتوە تا دەرگای (دونیای نەمر)یان بۆ واڵا بێ کە سەر لەنوێ لەوێوەوە ببنەوە میوانی مێژو، میوانێک نە تەلارەکەی مێژو بەجێ ئەهێڵن و نە لە هیچ میوانێکی تر ئەچن.
.. گەر وشە بیتوانیایە بەرگری لەجەستە بکاو بەرامبەر مەرگ بوەستێتەوە، کەم کەس هەیە هێندەی (شێرکۆ) وشە لەجەستەیا بوبێ بۆ ئەو بەرگرییە، بەڵام مەخابن، ئەوەی مەرگ هەڵیئەبژێرێت، هیچ جەستەیەک ناتوانێ ئاراستەی بگۆڕێت، بەڵام لەدواجارا مەرگ نەبەردی (نەمر) و (لەبیر نەچونەوە) ئەدۆڕێنێت، چونکە ئەوە نەبەردی وشەکانە…
چ چارەنوسێکی سەمەرەیە، هێندەی دڵخۆشین بەبونی (کەڵەپیاوێک) لەناوماندا، هێندەش فرمێسک ئەڕێژین لەو ساتەوەی دوا ماڵئاواییمان لێ ئەکات.
ئەو ئەیزانی شەمەنەفەری ژیان لەدوا (وێستگە) نزیک بۆتەوە، پێش ئەوەی پەنجەکانی لەجوڵە بکەون، نوسی: خێراکە.. وا مردن خەریکە بگات!
بەڵێ: 4ی ئۆگۆست
شەمەنەفەری ژیانی (شێرکۆ بێکەس) گەیشتە دوا وێستگەی، لەوێ مەرگ چاوەڕێی ئەکرد، لەچاو تروکانێکا لەگەڵ خۆی بردی… بەڵام مەرگ لەبیری چو هەمو فارگۆنەکانی شەمە- نەفەرەکە پڕبون لەدێڕ و وشە.. پڕبون لە شیعر.
مەرگ جەستەی (شێرکۆ)ی بۆ خۆی بردو رۆحە ماندوبوەکەی تێکەڵ بە وشەو شیعرەکانی شەمەنەفەرەکە بو، بۆ ئەوەی تا (زەمەن) مابێ، ئەو وشە شیعرانە وەک رۆحە شەکەتەکەی خۆی، بژین…
شێرکۆ بەنازناو (بێکەس) بو. لە مەحیبەت و عەشق و دڵنەواییشا، ئێمە هەمو بۆ (ئەو) (کەس) بوین…
ماڵئاوا شێرکۆ بێکەس…
* (کافتیریای یۆنانییەکان) ئەو کافتریایە بو کە (شێرکۆ بێەس) زۆرجار لەوێ دائەنیشت و بەنوسین و داڕشتنەوە مەشغوڵ ئەبو