Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
بۆچی پێویستە دەنگدانەكان بایكۆتبكەین ؟

بۆچی پێویستە دەنگدانەكان بایكۆتبكەین ؟

Closed
by September 17, 2013 گشتی

 

 

 

 

دێمۆكراسی چ بەواتا كلاسیكەكەی و چ بەواتای ئازادی تاك لە سایەی سەروەریی چینایەتیدا، تەنیا درۆیەكی پیرۆزكراوە و بەس، چونكە دێمۆكراسی بەواتای خۆبەڕێوەبەرایەتی گەل، جەماوەر، ھەموو تاكەكانی كۆمەڵ، تەنیا ڕاستەوخۆ دەتوانێت بوونی ھەبێت و ناڕاستەوخۆكردنی و ئاوەژووكردنەوەی بە نوێنەرایەتی دەستەبژێرێكی ڕامیار و ئەكادێمی و سەرمایەدار، تەنیا دیكتاتۆری كەمینەی سەروەر دەستەبەردەكات !

لەبەرئەوە ھەڵبژاردن بۆ دەنگدەر، جۆرە قومارێكە و تێیدا دەنگدەر  ھەر چوار ساڵ جارێك، مافی ڕاكێشانی كارتێكی ھەر دوو دیو وەكیەكی ھەیە، بۆ ئەوەی ڕامیارێك [دەسەڵاتخوازێك] بكاتە سەروەری خۆی، بەختی بردنەوەی ئەو قومارە لە بەختی بردنەوەی یاری بەخت (لۆتۆری) كە لە چەند ملیۆندا یەكە، كەمتر و لاوازترە، بەڵام بۆ دەنگپێدراو میكانیزمی مسۆگەركردنی بەدەستھێنانی كورسی پارلەمان [دیواخانی مشەخۆران] و دەسەڵات و مشەخۆرییە.

ئەوی خوازیاری دێمۆكراسییە، پێویستە ئەرك و خەباتی وەرگێڕانەوەی دێمۆكراسی لنگەوقوچكراو بۆ سەر لاقەكانی لە ئەستۆبگرێت و ھەوڵی پیادەكردن و بە كولتووركردنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ لە شوێنی كار و ژیان، لە ھەموو بوارەكانی ڕێكخستن و بەرێوەبردن و بەرھەمھێنان و دابەشكردن و بڕیارداندا بدات، بەواتایەكی دیكە خەبات بۆ بەدیھێنان و جێكەوتەبوونی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ (بەڕێوەبەرایەتی گەلیی) وەك كولتوورێك، بكات.

ئەگەر خۆمان لە گێڵی بدەین و نادەربەستانە بڕوا بەخۆمان بھێنین، كە ھەڵبژێردراوانی پارلەمانتار خزمەتكاری كۆمەڵگەن و بۆ ئەو مەبەستە خۆیان كاندیدكردووە و دەكەن، ئەوا پێویستە ئەوە لەبەرچاوبگرین، كە خزمەتكردن كار و چالاكییەكی كۆمەڵایەتیی بێپاداشت [بێبەرامبەر]ە و واتای كاری خۆبەخشانەی تاك بۆ ھاوەڵ و ھاوكاران و كۆمەڵگە دەگەیێنێت و لەو بارەدا دەبێت پارلەمانتاران وەك خۆكاندیدكەران بۆ خزمەتی كۆمەڵگە بەبێ مووچە وەك كاری خۆبەخش و خۆكۆمەكی، دەستبەكارببن. ئەگەر وەك ھەر كارێكی ئاسایی كۆمەڵایەتیش بۆی دەستبەكاردەبن، ئەوا ھیچ كات نابێت پاداشتی وەھا كارێك لە كارە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە زیاتر بێت . بەڵام ئایا ھیچ پارتێك، ھیچ كاندیدێك، ھیچ ڕامكارێك، ھیچ دەسەڵاتدارێك، ئامادەیە خۆبەخشانە و بەبێ پاداشت و مووچەی پاشایانە و خانەنشینی، مشە كار بۆ كۆمەڵگە بكات، یا ئایا ھیچ یەك لەوانەی كە پاگەندەی خزمەتكردنی كۆمەڵگە دەكەن، ئامادەن [بە مووچەشەوە] یەك خولەك [نەك چوار ساڵ] كرێكاری شارەوانی بن و كۆڵان و شەقام و باخچە و ئاوەڕۆكانی گوند و شار خاوێنبكەنەوە، ئایا ئامادەن لە فێرگە و نەخۆشخانە و نشینگەی پیرساڵان و باخچەی ساوایان و كەمئەندامان و لێقەوماواندا خاوێنكردنەوە و سەرپەرشتی و ئاشپەزیی بكەن ؟ ئیدی مەبەستییان لە خزمەتكردن چییە و  بۆچی دەبێت چەنەبازیی و باوێشكدانی ئەوان لە پارلەماندا دوو ملیۆن دینار مووچە و خانەنشینیی ھەتاھەتایی بێت ؟

ھەڵبەتە ئەمە دیوێكی پرسەكەیە و ئەوانەی كە ئەمڕۆكە بە ھەندێ وردەگیریی دەسەڵاتخوازانەوە بایكۆتی خۆھەڵبژاردن و دەنگدان دەكەن و ئەگەر بوارییان ھەبووایە و سنگەكوتانیان بۆ دەكرد، ھیچ كات پورتوبۆڵەیان لە ناپاكیی ھەڵبژاردنەكان، نایانخاتە ڕیزی ناڕازییانی شۆڕشگێڕەوە، ئەوان ڕەخنەیان لە دەسەڵاتی سەرووخەڵكی نییە، بەڵكو خۆیان بە شیاوترین دیكتاتۆر بۆ بەرێوەبردنی كۆمەڵگە دەبینن. لەبەرئەوە پێویستە ڕیز و شێوازی بایكۆتی خۆمان لە بۆڵەبۆڵی دەسەڵاتخوازانەی ئەوان جیابكەینەوە !

ھەرچەندە لە سایەی سەروەریی ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا، ماف و ئازادی و سەربەخۆیی و یەكسانی و دادپەروەریی  پووچترین و كەوڵكراوترین و دێوجامەترین واژەن، بەڵام ئەگەر لەوە بگوزەرێین و بە گریمانە وەریبگرین، كە دەنگدان و ھەڵبژاردنی مشەخۆران و سەروەران مافی تاك بێت، ئەوا بە ھەمان لۆجیك پێویستە بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنیش، مافی ڕەوا و بێچەندوچوونی تاك ھەر كۆمەڵگەیەك بێت !

ھەر بەپێی ئازادی ڕواڵەتییانەی دەنگدان و ھەڵبژاردن و ئەوەی كە بەپێی ھەژماری دانیشتووان، سندووقەكانی دەنگدان دیاریدەكرێن و ھەژماری نوێنەران [پارلەمانتاران] دیاریدەكرێت، ئەوا ھەروا كە دەنگدەران مافی ئەوەیان ھەیە، كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز و مشەخۆر بخەنە سەر كورسییەكانی پارلەمان، ھەرواش دەنگنەدەران مافی ئەوەیان ھەیە، ئەو كورسییانەی، كە بە ھەژماری دەنگی ئەوانەوە پەیوەستن و دەنگیان پێنەدراوە، بە خاڵی بھێڵنەوە و بۆشایی لە دەسەڵاتی سەرووخەڵكیدا دروستبكەن ! ئایا دێمۆكراسی پارلەمانی لە لانكەیەوە تا دوا وڵاتی پارلەمانیكراو، بواری پەیڕەوكردنی مافی دەنگنەدەران دەدات؟ ئەگەر وەڵامی لایەنگرانی دێمۆكراسی پارلەمانی ئەوەیە، كە ھەر كەس بەشدارینەكات و ئەو ھەلە لەدەستبدات و مافی بڕیاردانی نییە، ئەوا ئەو وەڵامە ئەوە دەسەلمێنێت، كە دێمۆكراسی پارلەمانی لە باشترین باردا پووچترین خەونی مرۆڤی ناھوشیارە و لە خراپترین باریشدا ئامرازی بەدەسەڵاتگەییشتنی كۆمەڵێك [دەستەبژێری ڕامیار] مشەخۆر و دەسەڵاتخوازە و مافی دەنگدان، ھەمان ڕۆڵی ئێسقانێكی ڕوتاوەی ھەیە، كە قەسابێك فڕێیدەدداتە بەردەم سەگێك بۆ پاسەوانیكردنی خۆی !

تا ئێرە، نە سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی دەستەبژێری ڕامیار دەتوانێت دێمۆكراسی [فەرمانڕەوایەتی گەل] بێت و نە دەنگدان؛ ماف و ئازادییە و نە پارلەمانتاران؛ خزمەتكاری كۆمەڵگەن و نە ھەموو تاكەكان؛ دەنگنەدەران لە بەرامبەر دەنگدەران یەكسانن و نە دەنگدەران؛ كار و فەرمانڕەوایەتی پاش ھەڵبژاردن دیاریدەكەن !

سەرەنجام نە دێمۆكراسی پارلەمانی ئەوەیە، كە تاكی ژێردەست و بێبەش خەونی پێوەدەبینێت و  نە مافی دەنگدانیش دەستكەوتی مێژوویی چەوساوانە و نە دروشمی مافی دەنگدان بۆ ھەمووان لە ھیچ سەردەمێكدا شۆڕشگێڕانە بووە ! چونكە لە كاتێكدا كە دەنگدانی گشتی لێدانبووە لە شان و شكۆی ئاخاكان و بەگەكان و خانزادەكان، ھاوكاتیش ئامرازێك بووە بۆ سەركەوتنی بۆرجوا شارییەكان بەرەو دەسەڵات و بەرتەییی [ﺇمتیاز] بووە بۆ دەستەبژێرە ڕامیارەكان و لەو نێوەشدا ڕۆڵی تاكی جوتیار و كرێكار و زەحمەتكێش؛ ڕۆڵی مێگەل بووە بۆ ڕەوایەتییدان بە شوانەیی ڕامیارەكان و ھیچی دیكە ! بەداخەوە لەنێو بزاڤی سۆشیالیستییدا، وردەبۆرجوازی خۆشباوەڕ بە دێمۆكراسی پارلەمانی، لە پاش تێكشكانی ڕاپەڕینی پاریس [كۆمونە] و لەباربردنی ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧ەوە، توانیوویەتی ھەژموونی ئایدیۆلۆجی خۆی لەسەر وێرانەی تێكشكانی بەرەی شۆڕش دابنێت و پووچگەرایی “مافی دەنگدانی گشتی” لە سایەی دێمۆكراسی پارلەمانیدا، بە دەستكەوتی مێژوویی ھەژماربكات ! بەبۆچوونی من، كاتی ئەوە ھاتووە، كە ئەو پووچگەراییە بخرێتە خانەی تەرسەقولی ڕامیارییەوە و ڕادیكاڵانە وەڵامی پاگەندەكەرانی بدرێتەوە.

ئەی چارە، ئایا بایكۆت بە تەنیا دەتوانێت چارەسەربێت ؟ ئایا ھەموو بایكۆتكردنەكان ھاوئامانج و ھاوڕەوت و ھاوئاراستەن؟

وەك دەزانین، لە سیستەمی ھەڵبژاردنی نوێنەرایەتییدا، ئەوەی كە بە “دێمۆكراسی” ناسێنراوە، سەرەتا دەنگدان و ھەڵبژرادنیش وەك خۆھەڵبژرادن، پابەندی بوونی پێگەی باڵای ئابووریی و كۆمەڵایەتی و بڕێكی دیاریكراو سامان و سەرمایە بووە، ھەروەك چۆن ئەمڕۆكە خۆھەڵبژاردن بۆ ھەمووان لەبار و بواردراو نییە، ھەرواش جاران، دەنگدان و ھەڵبژاردن، تەنیا مافی كەمایەتی خۆشگوزەران و ساماندار و سەرمایەداربووە .

ھەروا كە دەنگدان و دیاریكردنی سەروەرێك بەھۆی نەبوونی ھوشیاریی شۆڕشگێڕانەوە لەلایەن بندەستانی كۆمەڵگەوە وەك مافێك وێناكراوە و چەندین دەھە و تەنانەت سەدەش تێكۆشانی بۆ كراوە و سەرەنجامیش ئەو گاڵتەجاڕییەی بەرھەمھێناوە، كە ئەمڕۆكە كۆیلانی سەرمایەداری بۆ بەدەسەڵاتگەیاندنی سەروەرانیان سنگی یەكدی ھەڵدەدڕن، ھەرواش بایكۆتی ناھوشیارانە ناتوانێت ھەنگاوێك بەرەو پێشەوەمان بەرێت، چونكە بە یاساكانی سەروەریی ڕامیاران و سەرمایەداران، كورسییە دەنگپێنەدراوەكانی پارلەمان، بەسەر براوەكانی گاڵتەجاریی نوێنەرایەتییدا دابەشدەكرێن. لەبەرئەوە تەنیا بایكۆتكردنی ئازادیخوازانە تەنیا بە ئەڵتەرناتیڤەوە دەتوانێت گۆڕان دروستبكات و پایەكانی سیستەمی سەركوت و نایەكسانی و نادادوەریی مۆلەقبكات !

لەبەر ڕۆشنایی ئەو وانە مێژووییانەدا، كە بەرەنجامی خەبات و پێكدادانی چەند سەدەی ژێردەستان و سەروەران بوون ، ئەوڕۆكە بایكۆتكردنیش جۆر و ئامانجی جیاوازی بزووتنەوە كۆمەڵایەتی و ڕامیارییەكانی لەخۆگرتووە؛ بۆ نموونە چەپ بە گلەییكردن لە مەرجەكانی خۆكاندیدكردن، بۆ قۆستنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی تاكە دەنگنەدەرەكان، دروشمی بایكۆتكردن بەرزدەكاتەوە، زۆرێك لە ناڕازییانی نائومێد وەك نادەربەستییەك بایكۆتی دەنگدان دەكەن، لە بەرامبەر دوو دەستەی یەكەم و دووەمدا، دەستەیەك لە ناڕازییانی ھوشیار و ئازادیخواز، ئامانجدارانە و بە ئەڵتەرناتیڤەوە بایكۆتی دەنگدان دەكەن؛ دەنگدان ڕەتدەكەنەوە، لەبەرئەوەی كە ھیچ ناگۆرێت، نەك لەبەرئەوەی كە خۆیان كاندیدناكەن یا بواری بەشداری كایەی پارلەمانیان پێنادرێت، كە ئەوڕۆكە چەپ بە ھەموو جۆر و ناو و پاگەندەكانییەوە، گلەیی لە جۆری كاندیدكردن و جۆری ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و جۆری بەشداریكردنی دەسەڵات ھەیە، نەك لە خودی گاڵتەجاڕییەكە، كە ھەڵبژاردنی خراپە لە خراپتر !

ئەوەی ئەوڕۆكە لە ھەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت، ھەرسێ دەستەكەی لە ھەناوی خۆیدا پەروەراندووە و ھەر یەكە لە ڕوانگەی خۆیەوە خەریكە ھەڵوێستگیریی دەكات؛ ناسیونالیستانی ناڕازی، تەنیا گرفتیان لە بەرامبەر دەسەڵاتداران و ھەڵبژرادنەكاندا ئەوەیە، كە گەندەڵن و بواری ئەوان لە سەروەربووندا نەدراوە و پارتە زلھێزەكان، دەسەڵات و پارلەمانیان قۆرخكردووە و  ئەڵتەرناتیڤیان نوێنەرایەتی نیئۆلیبرالیزمە لە ھەرێمی كوردستاندا، كە لە باشترین باردا دەیانەوێت دێمۆكراسی پارلەمانی لە ھەرێمی كوردستاندا بگەیێنە ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا.  لەبەرامبەر ئەوانیشدا چەپ و باڵەكانی لەسەر بنەمای ھەمان وردەگیریی ناسیونالیستەكان لە گەندەڵیی و قۆرخكردنی دەسەڵات و پارتە زلھێزەكان، لەو بڕوایەدان لە ھەڵبژرادنی [خۆیان واتەنی “عادیلانە”]دا ئەوان باشترین ئەڵتەرناتیڤ دەبن بۆ سەروەران و لە سایەی سەروەریی ئەواندا كۆیلەكانی كۆمەڵگە شاد و خۆشگوزەران دەبن و تەنیا دروشمێك كە چەپ لە دروشم و گلەیی ناسیونالیستەكان جیادەكاتەوە، دروشمی تەرسەقوڵاوی “جیایی ئایین لە دەوڵەت”ە [كاتێكی دیكە بە وردی دەگەڕێمەوە سەر ئەو پووچگەراییە ئایدیۆلۆجییە]، كە بێجگە لە كاوێژككردنەوەی ئایدیۆلۆجیی و دروسكردنی خۆشباوەڕیی لەتوانادابوونی (جیایی دەوڵەت لە ئایین) و نیشاندانی فریوكارانەی، ئەوەی كە گوایە ئەو دوو دوومەڵەی مێژووی مرۆڤایەتی [ئایین و دەوڵەت] لەتەك یەكدیدا ناكۆكن، ھیچی دیكەیان نەخستووەتە سەر پاگەندەی ناسیونالیستەكان و ھیچ جیاوازییەكان لەمەڕ چۆنیەتی ڕێكخستنی كۆمەڵگە و بنەمای ئابووریی و  پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و دابەشكردن و بەرێوەبردن و ژیان و تەنانەت ئازادی تاكیش نییە !

بەبۆچوونی من، بایكۆتی ئازادیخوازانە لە ڕوانگەی ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی سەرووخەڵكییەوە، ناتوانێت ھەڵمەتێكی چەند ڕۆژەیی پێش دەنگدانەكان بێت و بەبێ ڕەتكردنەوەی سیستەمە چینایەتییەكە وەك گشتێك و میكانیزمەكانی و پایە سەرخانییەكانی كە پیرۆزیی ئایین و دوڵەت و دێمۆكراسی پارلەمانی و پایە ئابوورییەكانی؛ خاوەندارێتی تایبەت و كاریكرێگرتە، بایكۆتكردن ناتوانێت ھەنگاوێك كۆمەڵگە بەرەوپێشەوە بەرێت و خۆھوشیاریی تاك بۆ بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، لە ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕێكخراو و سەربەخۆدا سەرھەڵدەدات. ھەروەھا كار و خەبات و چالاكی سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان بۆ بایكۆتكردن و ڕەتكردنەوەی دێمۆكراسی پارلەمانی لە یەكەم ڕۆژی پاش بردنەوە و سەروەربوونی كۆمەڵێكی دیكە لە مشەخۆرانی ڕامیار تا دەگاتە ڕۆژی پێش خولی داھاتووی ھەڵبژاردن، دەستپێدەكات و ڕەتكردنە و بایكۆتكردنی ملدان بە سەروەریی چینایەتیی، تەنیا دەربڕین و ناڕەزایەتی زارەكی و دەنگنەدان نییە، بەڵكو یاخیبوونە لە سەراپای كۆیلەبوونمان؛ ھەر لە جۆری خواردن و پۆشاك و نیشتەجێبوون و كاركردن و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و گوفتار و ڕەفتار و كولتوورمان تا دەگاتە بەرھەمھێنان و دابەشكردن و بەڕێوەبردن، دەگرێتەوە و بەبێ ھەنگاونانی كردەیی لە ھەموو بوارە ھونەریی و كولتووریی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان و پێشنیاركردن و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی سەربەخۆ و ئازادیخوازانە لەو بوارانەدا، پاگەندەی بایكۆتكردن دەچێتە خانەی فرەبڵێیی بێكردەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەنەبازیی ڕامیاران بۆ خۆناساندن وەك سەروەری باش !

لەبەرئەوە، پێویستە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان بە پێشنیاركردن و جێخستنی دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆ، [كە ھەر لە كۆنەوە ئەڵتەرناتیڤی چەوساوان بووە لە بەرامبەر دێمۆكراسی داراكان (دێمۆكراسی پارلەمانی)دا] ھەر ڕۆژە و لە نێوەندی ژیان و كار و  خەباتی ڕۆژانەدا لە كۆڕ و كۆمەڵە كۆمەڵایەتییەكانیاندا لە گوند و گەڕەك و كارخانە و فێرگە و فەرمانگە و شارەكاندا، ھەنگاو بە ھەنگاو پیادەبكەن، بەوەی بۆ چارەسەری پرسە كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانیان لە شوێنی كار و ژیانیاندا كۆبوونەوەی گشتی ڕێكبخەن و ڕێكخراوەی سەربەخۆ پێكبھێنن و دەست بۆ پرۆژەی ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرن و گروپ و ڕێكخراوە خۆجێی و جەماوەرییە سەربەخۆكانی خۆیان دوور لە ھەژموون و پیلانی پارت و فەرمانڕەوایان پێكبھێنن و كەرتە كشتوكاڵیی و پیشەسازییەكان، زەوی بە زەوی و كارگە بە كارگە لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بستێننەوە و بەكردەوە و لە كەتواری ژیانی ڕۆژانە و كۆمەڵایەتییدا پێویستنەبوون و زیانبخشبوونی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی سەرووخەڵكی و دێمۆكراسی پارلەمانی و  گاڵتەجاڕیی ھەڵبژاردنی سەروەر و مشەخۆری باش، بخەنەڕوو  و بیسەلمێنن !

بەكورتی بایكۆتكردن بە مەبەستی پاگەندەی ڕامیاریی و قۆستنەوەی ھەلپەرستانەی ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر پارتەكان و دەسەڵاتداران نییە، بەڵكو بریتییە لە كاری بەردەوام و ڕاستەخۆ لەسەر ڕای گشتی بە ئامانجی گێڕانەوەی متمانەی تاك بە ھێز و توانای خۆی و كارایی یەكگرتنی ئەو ھێز و توانایە. بایكۆتكردن تەنیا كاری چەند ڕۆژێك نییە، بەڵكو كولتوورییكردنەوەی متمانەی كۆمەڵایەتی تاكە بەخۆی و یەكێتی چینایەتی و ھێزی ئازادیخوازانەی خۆی و ھاودەردەكانی، پرۆسێسێكی درێژخایەنی چەند ساڵەیە، كە لە دوای ھەڵبژاردنەكانەوە دەستپێدەكات و لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكاندا بە ھەڵمەتێكی دژەتەوژم، سەنگەربەندیی كۆمەڵایەتی ژێردەستان بەڕووی دەسەڵاتی ڕامیاریی و ھەوڵی دەسەڵاتخوازانەی ڕامیارەكاراندا ھەڵدەخرێنێت و  یەكدەخات. لەبەرئەوە بۆ بەئامانجگەییشتنی وەھا كار و چالاكییەك، پێویستە لە خۆمانەوە، لە نێوەندی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمانەوە، لە شوێنی كار و خوێندن و ژیانمانەوە، لە خەبات و ناڕەزایەتی ھەر ڕۆژەمانەوە، لە دەركەوتنی ھەر ساتەی ڕووی ڕاستەقینەی درۆی پارلەمانتارەكانەوە، لە پیادەركردنی ھەر ڕۆژەی یاسا دژە جەماوەرییەكانەوە، ھەنگاوی ئامانجدارانە بۆ ھەڵخرانی ھێزی دژەتەوژم بۆ نۆرەی داھاتووی ھەڵبژاردنەكان بنێین و ھەر ساتە و لە ھەموو بوارێكی كۆمەڵایەتییدا، دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆ (خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی / ڕێكخستنی كاروبارەكانی ژیانمان بەخۆمان و لەنێو خۆمان و لەلایەن خۆمانەوە) پیادەبكەین و بیكەینە بەردی بناخەی كولتووری ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتیی، بەمەبەستی بەرەنگاریی و ڕێگرییكردن لە تەشەنەی ڕامیاری [وەك نەخۆشییەكی ھاوچەرخی كۆمەڵایەتی] لە پەیوەندی و ژیانی كۆمەڵایەتییدا، بیكەینە بناخەی ڕێكخستنی ھەموو پەیوەندییە تاكەكەسیی و كۆمەڵییەكانمان، بەواتایەكی دیكە كۆمەڵایەتییكردنەوەی ھەموو ئەو پرسانەی، كە لەلایەن پارتەكان و دەسەڵاتدارانەوە بە پلانڕێژیی نێوەندە جیھانییەكانی نیئۆلیبرالیزمەوە، ڕامیاریی كراون و دەكرێن و دەخرێنە دەستی كەمینەیەكی سەرووخەڵكییەوە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.