Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
بێمانابوونی زمان و دروشمەکان لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن دا

بێمانابوونی زمان و دروشمەکان لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن دا

Closed
by September 21, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

 

سەرەتا

بانگەشەی هەڵبژارن ئەگەر وەک وتارێک سەیری بکەین، وە بەدەرلەوەی کە دیاردەیەکی دیموکراسیەو هەرکەس مافی خۆیەتی بانگەشە بۆئەوە بکات کەباوەڕی پێیەتی، دەکرێ بە”پیسکەری ژینگەی هزری و دەروونی” دابنێین. ئەو وشەو دروشمە رەنگاڵانەی دران بەگوێ و بەرچاوماندا، وایلێکردن ئێمە وەک گەوجگەلێکی وەرگر تەماشابکرێن. هاوکات پاشەڕۆی پەڕۆ پۆستەرو وشەکان، بەجۆرێک ناشرینکردنی ژینگەی هزری و دەروونی و سروشتی ئێمەبوو. چونکی ئەوەی وترا نەدەوترایەوە، لەبەر قەبەیی و هەڵئاوساویی دروشم و رستەسەرنجڕاکێشە بێ ناوەڕۆکەکان.

دیمەنی هەڵبژاردن ئەگەرچی بەدیوێکدا دڵخۆشکەریەکی تێدایە، وەلێ بەدیوێکی تردا ئازاربەخشە. هەراو زەنای بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵایەکی بەردەوام بازارێکی گرنگی سازکردبوو بۆ: چاپخانەکان، رۆژنامەو راگەیاندن لەبەر ریکلام، تەکسی و بەنزین، بەرگدروو و گۆرانی بێژو شایەرو شاعیرو مامۆستای ئاینی و سیاسی و هتد. هاوکات دیوارەکان قورسبوون لەبەر پۆستەرو داروتەختەو گوریس و پەت، جگلەوەی هەرچی وشەی جوان و ناسکبوو بەباڵای دەنگدەردا درا. دیمەنەکان پڕبوون لە روخساری کاندیدەکان، بەئەندازەی شاخ و کێوێک دروشم و نازناو بەرزکرایەوەو دواتر هەمووی بوونە پاشەڕۆ! 

 لەهەمبەر رووداوێکی وەهادا، پێمباشە تا هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیادەوریماندا کۆن نەبووە، بەچەند وتارێ بەدواچوونی بۆ بکەم. بەتایبەت دووەمجارە پاش گەرانەوەم بۆ کوردستان، خۆم لەنێو بانگەشیە هەڵبژاردندا دەبینمەوەو چەندیین سەرنج و تێبینی لادروستکردم کە مایەی بەدواچوونی زێترە. سەرەتا دەمەوێ باس لەدیاردەی بە’شتبوونی’ وشە بکەم، وەک دەرکەوتێکی ئەو روداوە، وە لە ئەڵقەکانی داهاتووشدا باس لەپرسگەلێکی تر دەکەم.

 

(١)

بەشتبوونی وشەو دروشمەکان

کۆمەڵگەی ئێمە لە ئێستەدا وەک بازارێکی گەورەی نێودەوڵەتی و هەرێمیی لێهاتووە. کاڵاگەری بۆتە بەشێک لە هزری بەڕێکردنی گوزەرانی رۆژانە. مامەڵەکردنی مرۆڤی ئێمەش لەگەڵ دەوروبەرو پرسەکاندا، مامەڵەی زاتێکە-سوبژەیەک- لەگەڵ ‘بابەت’دا کە خۆی زێتر لەکەرەسەو کاڵاکاندا دەبینێتەوە. ئیدی لۆجیکی بەکاڵاکردنی هەموو پرس و بابەتێک، وایکردووە پێوەری چەندێتی و کەڵەکردنی زۆرترین و سیحری ژمارە هاوکێشەیەکی بنەڕەتی بێ. 

بۆیە ئەوەی مایەی تێبینکیردنە لەپاڵ زۆر سەرنجی تردا کە هەڵبژاردنەکە، هەڵبژاردنێک بوو لەسەر ئاستی وشەو رستەی جوان. هێندە پەخشانی شیعری سیاسی پێشکەشکرا، ئەوەندە بیروڕوانین و تێزی سیاسی دیاریکراو گوێبیست نەبووین. راستە دەبێ کاندید باشترین وشە هەڵبژێرێ بۆ گەیاندنی پەیامەکەی، بەڵام ئەمە رووینەدا. چونکی شێوازی گەیاندی پەیامەکان بەزۆرینە ناپرۆفیشناڵ و کەمئەزموونی و کاڵوکرجی پێوە دیاربوو. جگەلەوەی بەمانای ئەوەش نییە کە هەر وشە ریزکرێ، بەڵکو ئەو پەیام و هزرەی لەپشت رستەکانیانەوەیە سەنگی مەحەکە. 

بەرزکردنەوەو دروشمی بریسکەدارو بانگەشەی بەڵین و دروشمی رازاوە، خۆبەدرۆخستنەوەیەکی گەورەی بەدواوەیە. نەک هەر بۆ ئەوانەی لەدەسەڵاتدان، بەڵکو بۆ ئەوانەشی هەوڵی بۆدەدەن. چونکی ئەو بەڵێنانە سەرلمێنەری ئەوەن کە ئەوەی ئێستا پە تەمان بیکەن، دەبوو لە پلانی پێشتردا بووایە، مانای بەجێنەهێنانی ئەرکی خۆیەتی. ئەوانەشی هەوڵدەدەن دروشمی جوان بەرزکەنەوە، لەداهاتوودا خۆیان بەدرۆدەخنەوە. چونکی ناتوانن لەماوەی ئەوەندەساڵدا، کێشەی گەورەو پرۆژەی واجوان جێبەجێکەن.

کەواتە بۆ ئەم هەموو بەڵێن و دروشمە زەق و گرانە بەرزدەکرێتەوە؟ پێموایە یەکێک لەهۆکارەکان ئەوەیە ‘وشە’ بووە بە’شت’. واتە وشەگەری بووەتە دۆخێکی ‘بەشتبوو’ کە وەک کاڵایەک کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ. کڕیار دەنگدەرەو فرۆشیارەکەش کاندیدەکە! لێرەشدا یاسای راستی و دروستی پێوەرنییە، بەڵکو خێرایی گەیاندنی کاڵاو رازاندنەوەی لەپێناو قایلکردنی کڕیاردا. کاڵا ئامرازی قازانجە، خرۆشاندنی دەروونی کڕیاریش بەوشەی ئاڵوواڵاو بریسکەدار، بۆ شۆردنەوەی مێشکی کڕیارە.

 بەراستی، کە گوێم لە وشەو دروشم و ئاخاوتنەکان دەبوو، خۆم خستە شوێنی ئەویترێکی کورد، واتە کەسێکی بیانی کەچۆن سەیری ئەو وتارو قسانەدەکات. ئەگەر لەو سۆنگەوە لێکی بدەمەوە، دەگەمە ئەنجامێک:  ئەو کۆمەڵگەی ئەم کاندیدو سیاسیانە قسەی بۆدەکەن، زۆر ساویلکەو دواکەوتوون. ئاخر ئەو قسانە بەڕیشی کێ رەوایە بەگۆترە بووترێ؟ ئەگەر گوێ کۆمەڵگەکە خۆشباوەڕنەبێ؟!

دیارە کە ‘وشە’ وەک کاڵاو شتی لێهات، ئیتر دەکرێ بەکاربێ و زووش لەناوچێ و هیتر جێگەی بگرێتەوە. بۆیە بەشتبوونی وشەکان، دەریدەخات کە فۆرشیار شتێکت دەداتێ، بەڵام لەراستیدا شتێکیشت لێوەردەگرێ و هیچشت ناداتێ جگەلە بەڵێن، پەیمان! بۆیە خۆیت لێنزیکدەکاتەوە بەتەکنێکێ، گوایا ئەو باشتر دەزانێ چی باشە بۆتۆو داهاتوو و بڕیاردان لە ژیانتدا! ئیدی کێشەیەک لێرەدا ئەوەیە: ئاکامی زۆر بەکارهێنانی وشە/ کاڵا، بەکاربردنیەتی بێ بیرلێکردنەوە لە دەرئەنجامەکانی. دواجار وەک کارتێکی سوتاوی لێدی و خەڵکی چیدیەک باوەڕی پێنامێنێ. ئیدی پاداشت و قازانجی ئەو وشانە ئەگەر فریودان بێ، ئەوا سزاکەشی باوەڕپێنەکردنە لەداهاتوودا. کەس شوێنی قسەی زل ناکەوێ، چونکی دەزانێ بەگرەنتیشەوە سەرناگرێ و جێبەجێناکرێ!

 

 

نەوزاد جەمال

مامۆستای فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسی

زانکۆی سەلاحەدین- بەشی فەلسەفە

Previous
Next