Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
باران …     نەوزاد بەندى

باران … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

 

-1-

نیوەشەو ،باران هاتە حەوشەکەمان ..

وامزانى دزە ..

تەقەم لێکرد ..

نمەکانیم خوێناوى  کرد ..

 

-2-

شەش مانگ و زیاترە ،

ئەم خاکە خۆى نەشوشتوە ..

پڕ بووە لە ڕشک و ئەسپێ ..

بە هەر جێگایەکا ئەڕۆى ،

بۆگەنى درەخت و خاک دێ..

بە هەر دێیەکدا ئەڕۆى ،

کانیەک دراوە لە دار ..

ڕووبارێ حوکم دراوە ..

 

-3-

دوێنێ لە ئەمەریکا بوى ..

هاورٍِێکەم ئەیوت : دوو ڕۆژە ،

بە شەقامەکانى دالاسا پیاسە ئەکەى ..

( ئەزانم لێرە بێزار بووى ..

ئەزانم تۆیش ،

تەوەلا بوى ..)

 

-4-

مناڵەکەم 

دەستم ئەگرێ و 

ئەڵێ : بابە !

ئەو پەشمەکە تۆزاویانە  ،

بۆ کوێ ئەڕۆن ؟

ئەڵێم : ئەوانە سێبەرى بارانن و

ناویان هەورە و

مردوون .. بەشى زیندوو ئەخۆن ..

ئەڵێم : ئەوانیش نازانن ،

باران چى بەسەر هاتووە ..

تۆز ، قژ و ڕٍیشیان بۆر ئەکا و

ئەخولێنەوە ..

هەتاوەکو بەرە بەرە ئەتوێنەوە ..

 

-5-

ڕۆژنامەنوسێ ..

گوایا لە کۆڵانێکى میللیدا بارانى بینیوە ..

لێى پرسیوە : چ خێرتە !

وتویەتى : خێرى چى  ؟

بە هەر شوێنێکا بڕۆم ،

ئەمکەن بە مەرکەزێکا و

پەنجەیەکم مۆر ئەکەن ..

گوایا باران جگەرەى کێشاوە و

گوایا وتویەتى :

ئێوە بە بێ ئاویش ئەژین ..

ئێوە وشکاوەکین ..

 

-6-

عەرەبێکى 

عەگاڵ بەسەرى

بێ موچە و

بێ حاڵ و

بێ ماڵ ..

گوایا لە خەونا بارانى بینیوە ،

لێی پرسیوە :

ها ! ختوە عەزیزە !

ئەویش ( گوایا ) وتویەتى :

ختوە عەزیزەى چى ؟

بە هەر شوێنێکا ئەڕۆم ،

عوبویەکى ناسیفە وشکم ئەکاتەوە و

لە خوێنم هەڵئەکێشێ ..

سەیارەیەکى موفەخەخە ، هەپرون بە هەپرونم ئەکا و

چوار مێخەم ئەکێشێ ..

ئێوە بۆنى بارووتتان گرتوە ،

ئیدى پێویستتان بە باران و

سەوزایى و

ڕووبار و

گۆم نییە ..

ئێوە بۆنى مردنتان لێ دێ ،

بۆچى یەخەى ژیان بەرنادەن ؟

بۆ ؟

 

-7-

لە ناوەڕاستى شیعرێکا ،

کارەبا کوژایەوە ..

وشەکانم دەستیان بەردا و

حەرفەکانم ،

وەکو ددانى پیاوێکى پیر ،

یەک –یەک کەوتن ..

پەنجەکانم ،

لەسەر تەختەى قەڵەمەکەم ،

باوێشکیان دا و

یەک-یەک خەوتن ..

ئیلهام وەک برغوى سەعاتێ ،

کەوتە خوارێ و

نەمدۆزییەوە و

نەمدۆزییەوە ..

 

-8-

لە پڕ توشى سەرئێشە بوى ،

قژت بە کراسەکەما ڕژا ..

هەرچەندم کرد

هەرچەندت کرد ..

کۆنەکرانەوە ..

( بە فاسیش لێ نەکرانەوە 

بە فاسیش کۆ نەکرانەوە ..)

 

-9-

چومە حەوشە و

داواى لێبوردنم لێکرد ..

پێم وت : باران !

من خۆم ناوێرم .. بە قوربان !

گەر یارمەتیم بەى مەمنونم :

گۆڕى بە کۆمەڵیى

مناڵیى

هەڵبدەینەوە ..

بزانین (مناڵیى ) بۆ 

مرد ؟

لەو بارەیەوە پزیشکى دادوەریى ،

چى وت ؟

باران وتى :

ببورە ! من ئەوە ناکەم ..

چونکە من لەوە تێناگەم ..

 

-10-

مامۆستاى (ئەحیا ) واى ئەوت ،

گوایا باران لە داخى کارگەکان ،

خۆى کوشت ..

دواى ئەوەى لاى ئاسکیمۆکان ،

لێزمەیەکى قەترانیى ڕشت ..!

 

 

nawzadbandy@yahoo.com

Previous
Next