Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
وەكچۆن ناشیرینى زۆرە، جوانییش زۆرە

وەكچۆن ناشیرینى زۆرە، جوانییش زۆرە

Closed
by January 10, 2008 گشتی

   محەمەد كوردۆ…..
  پێشتر باسى یەك دوانێك لەو دیاردانەمان كرد كە لە نێوەندى رووناكبیریى ئێمەدا هەنو مرۆ نیگەرانو خەمبار دەكەن.
 لێرەدا ئاماژە بە سىَ حاڵەت دەكەین كە مرۆ خۆشحاڵو كامەران دەكەن. من هەر لە ژیانى رۆژانەشدا هەمیشە بڕوام وابووە كە وەكچۆن ناشیرینى زۆرە، جوانییش زۆرە، وەكچۆن خەڵكى خراپ زۆرن، خەڵكى باشیش نەك هەر زۆرن، بگرە زۆرتریشن، ئەگینا مرۆ نەیدەتوانى درێژە بە ژیان بدات، وەلىَ بەداخەوە هەمیشە خراپەكان دیارترو لەبەرچاوترن. لە نێوەندى رووناكبیرییشدا وەكچۆن دیاردەو حاڵەتى خەمهێن زۆرن، دیاردەو حاڵەتى دڵخۆشكەریش زۆرن، ئەگینا ئەو نێوەندەش نەیدەتوانى درێژە بە ژیانى خۆى بدات.
 من دەمەوێت لێرەدا ئاماژەیەكى خێرا بە سىَ حاڵەت بكەم كە من بۆ خۆم دڵم پێیان خۆش بوو، هەستمكرد سىَ حاڵەتى جوانن.
 یەكەم: هەندرێن، لە ئیمێڵێكدا بۆى نووسیووم: ((ئەم وتارەت بۆ دەنێرم كە سەعات چوارو نیوى سەر لەبەیانى لە نووسینى بوومەتەوە)).
 چەند جوانە مرۆیەكى هەڵهاتوو لە دۆزەخێك كە ناوى ئاسیایە، دواى گەیشتنى بە بەهەشتێك كە ناوى ئەوروپایە، لەبرى ئەوەى وەكو زۆرینەى ئەو خەڵكانەى دى كە لەهەمان دۆزەخى ئەوەوە بەو بەهەشتە گەیشتوونو سەرقاڵى بەدەستهێنانى ئەو سامانو خۆشىو لەزەتانەن كە لە وڵاتى خۆیاندا بۆیان بەدەستنەهێنراوە، لەبرى ئەوە تا سەعات چوارو نیوى سەر لە بەیانى بەدیار نوسینێكەوە دابنیشێتو وەك دایكێك كە بە قووڵى لەخەمى ئەوەدایە جێگەیەكى باش بۆ منداڵەكەى دابین بكات، لە خەمى ئەوەدا بێت جێگەى راستەقینەى وشەكانى بدۆزێتەوەو لە شوێنەكانیان دڵنیابێتو پاشان بە ئاسوودەیى لێى بنووێت؟.
 ئەم روحەو ئەم پەرۆشییە بۆ نووسین وا دەكات مرۆڤ نووسینى خۆشبوێتو وەكو یەكێك لە كارە گەورەو گرنگەكانى مرۆڤایەتى تەماشاى بكات.
 دووەم: دلاوەر قەرەداخى-ش لە ئیمێڵێكدا بۆى نووسیووم: ((من هەمیشە وەك ئەو دایكەى كە تا بەردەمى ژوورى عەمەلیات بەدواى منداڵەكەیدا دەڕوات، بەدواى شیعرەكانمەوەم)). چەند جوانە شاعیر بەو شێوەیە شیعرەكانى خۆى خۆشبوێتو خەمیان بخوات؟
 من پێموایە وەكچۆن ئەگەر دایكەكان بەو رادەیەى كە هەیە دڵسۆزو خەمخۆرى منداڵەكانیان نەبوونایە، گەورەكردنى منداڵ جۆرێك دەبوو لە مەحاڵ، بە هەمانشێوە هەر شاعیرێك بە رادەى دایكێك بۆ شیعرەكانى دڵسۆزو خەمخۆر نەبێت، گەورەكردنو لە خەمڕەخساندنى شیعرەكانى جۆرێك دەبێت لە مەحاڵ. بەبىَ هەبوونى ئەم عەشقە جوانە دەقى جوان چۆن لەدایك دەبێت؟
 سێیەم: لەو ماوانەى پێشوو لەگەڵ سەباح رەنجدەردا مشتومڕێكمان بوو، كەسمان لەقسەكانى ئەوى دیكەمان رازى نەبووین، بەڵام من نایشارمەوە یەكێك لەو رستانەى لەو مشتومڕەدا بە منى وت زۆر خۆشحاڵى كردمو هەستمكرد ئەوە ئاكارێكى بەرزو جوانو راستگۆییەكى راستەقینەیە لەگەڵ شیعرو نووسیندا. ئەو وتى ((من هەرچى لەسەر شیعرى كوردى بە دەستم بكەوێت دەیخوێنمەوە)). چەند جوانە شاعیرێك بەو رادەیە شیعرى نەتەوەكەى خۆى خۆشبوێت، هەرچى لەبارەوە بەدەست بگات بیخوێنێتەوە؟ هەر شاعیرێك ئەم كارە نەكات چۆن دەتوانێت دەقێكى جیاواز لەوانەى كە هەن بەرهەمبێنێت؟  جوانى ئەم كارەى رەنجدەر لەوەدایە كە ئەو لە كاتێكدا ئەمە دەكات زۆرێك لە شاعیرەكانى هاوسەردەمى ئەو جگە لەو شتانەى لەسەر شیعرەكانى خۆیان دەنووسرێن، هیچ شتێكى دى لەسەر هیچ شاعیرێكى دیكەى كورد ناخوێننەوە.
  
 
 
 
 *سەروتارى ژمارە (23)ى گۆڤارى هەنارە.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.