
ڕنوە شیعر … نەوزاد بەندى
ڕێست
-1-
لە نیوەى شیعرێکا ،
ڕێستێکم دا بە ئیلهام ،
بچێ بۆ کافیتریاى سەر جادەکە ،
دو ئۆین تاوڵە و
چاییەکى ئەبو هێل بخواتەوە
ڕێستێکم دا بە دەفتەر ،
بڕواتە سەر ڕەفەى کتێبخانەکە و
گوێ لە بەسەرهاتى ئەنفالى ئەو لاپەڕانە بگرێ ،
کە کران بە لولەى پاقلە
کە کران بە ڕیکلامى حیزبیى ..
گوێ لە فیلمى دۆکیۆمێنتارى ئەو لاپەڕانە بگرێ ،
کە کرانە قوربانیى
بیرەوەرییە شاخدارەکانى
دیکتاتۆر..
لە نیوەى پیاسەیەکا ،
ڕێستێک ئەدەم بە پێڵاوەکانم ..
بۆ ئەوەى گفت و گۆیەکى کراوە ،
لەگەڵ ئەو پۆستاڵانەدا ساز بکا ،
کە بە زۆر کرانە پێى لاوەکانى ئەم وڵاتە ..
کە لە برساندا ..
کە لە ترساندا .. لە پێیان کردن ..
لە پێیان کردن و
کوژران ..
لە نیوەى جگەرەیەکا ،
ڕێستێک ئەدەم بە دوکەڵ ..
بۆ ئەوەى داواى لێبوردن لە گەڵاکانى توتن بکا ..
بۆ ئەوەى داواى لێبوردن لەو سیە ڕەشهەڵگەڕاوانە بکات ،
کە لە گۆڕستان خەریکى ڕزینن ..
لە نیوەى تەمەنما ،
لە یادم چوو ..
ڕێستم نەدا بە چاوەکانم ،
ئاوڕێک بدەنەوە بۆ دواوە ..
مۆڵەتێ لە خوا وەرگرن و
بڕۆنەوە ..
لەگەڵ مناڵیى ،
پەرداخێ شەربەتى ترشى تەمەر هند بخۆنەوە ..
مزراحێ داکوتن ..
موشێنێ بکەن ..
شەوانى مانگە شەو ،
دەست بە دیوار و
دەست بە عەمود بکەن ..
بە وێنەکانى جۆلیانۆ جیما و ترنتى ،
ڕەسم ڕەسمێنە بکەن ..
محەلەبییەک بشکێنن و
بە سەرە سۆدە تایەى عەرەبانەیەکى تەل دروست بکەن ..
بەڵام لە یادم ناچێ ،
لە کۆتایى تەمەندا ،
ڕێستێک ئەدەم بە چاوەکانم ،
بۆ ئەوەى ئەرز و حاڵێ ،
بە فرمێسک بنوسن ..
تیایدا داوا لە هەموو دایکان و باوکانى جیهان بکەن ،
چیدى مناڵ نەخەنەوە ..
چیدى ئینسان ،
توشى موعاناتى ژیان نەکەن ..
با ئیتر
شانۆگەریى
مرۆڤ
تەواو بێ ..
nawzadbandy@yahoo.com