ئاوی ( ئاوەز) تان بخۆنەوە !!
دەقی : حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ – هۆڵەند……..
بخۆنەوە , ئا لەو شەرابە كۆنە بخۆنەوە …
تۆ تەماشا , بە ئاوی ئاوەزتان ,
نیشتمانێ مەست و سەرخۆشە ..
بخۆنەوە لەو ڕووبارە سازگار و خۆشە ..
.. بخۆنەوە بێباكینە بخۆنەوە ..
ئاوی ئاڵتوونی ئەو دارە سەوزە , بخۆنەوە
دە نۆشی كەن , نۆشی گیانتان بێ !
با سارد بێ .. كەللە تەزێن بێ
ئێوە كەللەتان گەرمە .. بە ئاوی ئاوەزتان نەبێ
چی دەرەقەت دىَ….؟
مەرهەمی شێرپەنجەیە ، بۆ بێداری دەرمانە !
ئەوڕۆش نایخۆنەوە ، سبەینێــــتان بێدەرەتانە ..
نۆش , نۆشتان بێ , نۆش!
بخۆنەوە .. لە چاوی گەل .. بخۆنەوە :
مەی , ئارەق , یان بیـــــرە
ئاوى زەمزەم , یا شەرابی كەسیرە ..
بخۆنەوە و بخۆنەوە و بخۆنەوە ..
لە چاوی كەركوكى هەتیو بخۆنەوە ..
لە چاوى چاو ڕەشەكانی
سبەینێ و ئاییندەی زارۆكمـــان .. بخۆنەوە !
ئەو دوو ڕووبارەتان پێ حەڵاڵ بێ
دوو ڕووبارە نەمرەكە :
جا سەوز بێ یان زەرد !
نۆشتان بێ .. بخۆنەوە ..كەس حەدی هەیە ؟
كەس پێتان ناڵێ دەرد !
بخۆنەوە .. بۆ ناخۆنەوە :
نە بیر لە دوێنێ و,
نە لە ئەمڕۆ و ,
نە لە سبەینێ مەكەنەوە ..
نۆشی گیانتان بێ , نۆش
دە بخۆنەوە , ئاوی ئاوەزتان بخۆنەوە …..
(*) ئاوەز / ئەقڵ .!