
مێ وەکو سەردێرێک لە ئایدیۆلۆژیا و ژێرخانێک لە ڕیکلام
ئەمڕۆ 12 ئۆکتۆبەرهەواڵێک لە سایتی خەندان بڵاوکرایەوە بە نێوی (سهلما بهجلێكی ناشایستهوه ) . دوای سێ ڕۆژ لەژێرفشاری ئەو ڕەخنانەی لێیان گیرا لە کۆمێنتی خوێنەران دەستکاری ناونیشانی هەواڵەکەیان کردو کردیان بە (سهلما بهجلێكی نهگونجاوهوه ) . سەلما مەبەستیان ئەو کچە گۆرانیبێژەیە کە لە بەرنامەی ئارەب ئایدیڵی ئەمساڵ بەشداری کرد . هەواڵەکە وەکو مێژووی بڵاوکردنەوەو تازە کردنەوەی سایتەکە ڕۆژو کاتی (PM:09:50:11/10/2013) لەسەر دانراوەو ئەمەی خوارەوەش دەقی هەواڵەکەیە وەکو چۆن لە خەندان بڵاوکراوەتەوە :-
سهلما بهجلێكی ناشایستهوه
(( لهشولار و بهژنه رێك و جوانهكهی سهلما رهشید، كچه گۆرانیبێژی مهغریب لهگهڵ دهنگه خۆشهكهی سهرنجی ههوادرانی بۆ لای خۆی راكێشابوو بهدرێژایی بهشداریی و دهركهوتنی له بهرنامهی ئهرهب ئایدڵ.
حهزی سهلما بۆ مۆدهو جلوبهرگ تهنانهت لهكاتی وهرزشیدا دیاره، بهم دواییه لهكاتی دهركهوتنی له هۆڵێكی یاری بۆلینگ، سهلما عهزیهكی ” كۆرای” رهنگی ئهرخهوانی و پێلاوی پاژنه بهرز ی لهپێدابوو لهكاتی ئهنجامدانی ئهو یاریه.
ههروهك قژی بهخاوی بهردابۆوهو چهندین تهوقهی سهرنجڕاكێشی لهقژی دابوو لهگهڵ چهندین بازن و مستیلهی ناوازهی لهدهستدابوو.
سهلما بهنیازه لهبهشی راگهیاند درێژه بهخوێندن بدات بهوپێیهی ئهو بهشه خهونی دێرینیهتی و دهیهوێت بهدیبێنێت. ))
کێشەی ئەم وێنانەو ئەم هەواڵە چیە ؟ بەدەر لە نەهاتنەوەی ناوەڕۆکی ئەم هەواڵە پفکراوە لەگەڵ تاک تاکی وێنەکان ، تەنانەت لە درێژەی هەواڵەکەش پێت ناڵێت بۆ ئەم جلانە ناشایستە بوون ، بە پێوەری کێ ناشایستە بوون ؟ بۆیەعەقڵی پەنای ئەم داڕشتنە ، بە تایبەتی لەم وشە سەرەتانیەی سەردێرەکە ” ناشایستە ” کە دواتر دەیگۆڕن بۆ ووشەی” نەگونجاو” نوێنەرایەتی دۆخێکی گەورەتر لەهەواڵ دەکا .
ئەقڵێکی پڕلە ناکۆکی کە : دەستێکی لەسەر ئیحاو کۆدەکانی کلتورەو دەستێکیتری لەسەر بزنسی هەواڵ دروست کردنە ، کە هەردوو دەست لە ئەنجامدا خزمەت بەیەک پاکێجی ئایدیۆلۆژی دەکەن .
کۆکردنەوەی دژ بەیەکەکان لە بزنسی میدیادا بەرلەوەی زیرەکی ئەمڕۆی میدیا بێت ، میکانیزمی ڕێکخستنی چڵێسی بازاڕی ئەو سیستەمەیە کە لەیەک کاتدا سود لە پۆرنۆگراف کردنی کەسایەتی ( مێ ) دەبینی و سودیش لەو بەرەنگاریە ڕوکەشیە کلتوریە دەبینێ کە وا خۆی نیشان دەدا تەحەمولی مۆدەوسفورو بازدان بەسەر هێڵە سورەکانی کلتور ناکا .
لەم نێوەدا ئەرکی میدیای بەرپرسیار ئەوەیە کە لایەنگری هیچ لەم دووبزوێنەرە ئابوری- کلتوریە نەکاو سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ لەوەی بکەوێتە خزمەت و بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە هەواڵانەی کە ئەنجامەکەی تەنیا ئاگرخۆشکردنی کۆنەپارێزی کلتوری و گیرفان پڕکردنی دەزگاکانی میدیایە .
ڕەنگە بەڕێوەبەرانی خەندان بڵێن گیرفان پڕکردنی چی ! ئێمە تەنیا وەرمان گێراوە پارەی چیمان پەیداکردووە ؟ ئەمە دیفاعێکی چاوەڕوەنکراوە ، ڕەنگە بڵێن هەڵەی کارمەندێکە لە بەشی دیاریکراو ، هەرچی بیانویەکیتر بە دەردی پینەکردنی ئەم بابەتە ناخوا، چونکە خەندان پڕە لەم جۆرە هەواڵانەو بڕوا ناکەم ئەرشیف وداتای خۆیان بسڕنەوە .
ئەگەر وەریش گیرابێ لە سایتێکی عەرەبی ، ئەمە دووجارجێگەی ڕەخنەیە چونکە ؛ یەکەم لەئاستی پیشەییدا ئاماژەیان بە ناوی سەرچاوەی هەواڵەکە نەکردووە .
دووەم چونکە ئەگەر هەڵەی کارمەندێک بێت ، ئەگەر عادەتێکی ئاسایی پیشەو ئسوڵی کارکردنیان بێت دەریدەخا کە ئەوان چەندە دوورن لەو تێروانینە ڕەخنەیەی کە لەسەر میدیاو پەیوەندی لەگەڵ بازاڕو بەکاڵاکردنی هەموو شتێکەوە هەیە بە تایبەتی مرۆڤ . چەندە دوورن لەوەی زیاد لە خەڵکی ئاسایی هەستیار بن بەرامبەر بەوەی بە چ جۆر لە هەواڵ و کەرەستەیی میدیایی کۆمەڵگە بۆمباران دەکەن
لەلای چەپی وێب سایتی خەندان ، دوگمەیەک هەیە بە نێوی ” زۆرترین خوێنەر” کەدەتوانی چەکی ئەو بابەتانەبکەیت کە لەماوەی٢٤کاتژمێر،هەفتەیەک یان مانگێک زۆرترین خوێنەریان هەبووە ، ئەمە نموونەی ئەو هەواڵانەیە کە لە بەشی مانگێکدا زۆرترین خوێنەریان هەبووە :
o ئهو خواردنانهی حهزی سێكسی له خانماندا زیاد دهكهن
o شاجوانی ههرێم لهچهند چالاكیو وێنهیهكی جیاوازدا
o دوای پهیوهندیی گهرموگوڕ خانمان حهزیان له چییه
o لە (50) وێنەدا مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان ببینە
o مژدین موسڵمان بوونی خۆی راگهیاند
o “مونا فهزالی كافره”
o بهڤیدیۆ: سهماو دهنگی دهشنێ لهبهیروت
o “له وروژاندن ناترسم”
o شاجوانی ئەمریکا بۆ ساڵی 2014
o لە شەوی زاوایەتی مرد
ئەم دوو ئاراستەیە ، هەواڵی پۆزەتیڤ لە بارەی ئاین و هەواڵی سەرنج ڕاکێش کە پەیوەندی بە وروژاندن و لینک لەگەڵ سێکسەوە هەیە ، ڕەنگدانەوەی خواست و موتابەعەی خوێنەرانە ، واتە سایتی خەندان ئەگەر بە بەرنامە بێت ، یان بێ بەرنامەو بێ بوونی هیچ نیەتێکی خراپ لە بەشێک لە کاری ڕۆژانەیان خەریکی دابین کردنی جۆرێک بەروبومن بۆ بازاڕی ” هەواڵ ” کە لە عێراق بە گشتی و لە کوردستانیش خواستی لەسەرە .
ئێمە لێرە وا مامەڵە دەکەین کە بەڕێوەبەرانی ئەم سایتە وەکو زۆربەی سایتی ترو کەناڵی میدیایی لەو باوەڕەن کە ئەوان کارەکانیان ئاسایی بەڕێوە دەچێ ، بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکەنەوە هەواڵ ی ” خراپ ” بەرهەم بهێنن و ” ڕەنگاو ڕەنگی ” لە پێشکەش کردنی هەواڵی جۆر بەجۆر چەشنی : سیاسی ، کلتوری ، هونەری و هتد نیشانەی ئەجێندایەکی پڕۆفیشناڵ و کراوەیی میدیایە .
ئەگەر ئەم وەڵامە نزیک بێت لە بۆچونی ئەوان ( کە زۆربەی میدیای ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی ناوخۆ دەرەوەدا) پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونە دەکەن ئەوە هێشتا بە دەردی ئەم درزە لە میتۆدی مامەڵە کردن لە گەڵ کەرەستەی هەواڵ و هەواڵسازی ناکا .
پرسیارەکە بۆ میدیایەکی جدی دەبێ ئەوەبێ کە تۆ دەبیتە بەشێک لە بنیات نانی (هەواڵ – خوێنەر) یان دەبیتە درێژکراوەی میتۆدی کارکردنی بازاڕ کە هیچ پەیوەندیەکی بە کارکردو پەرچەکردارەکانی فڕێ دانی هەواڵ نامێنێ و هیچ باکی نیە ئەو خوێنەرانەی هەواڵی ” ناشایستە ” ی تۆ وەردەگرن و چ مامەڵەیەکی پێدەکەن ؟
کێشەکە ئەوەیە کە خەندان لە بەشێکی گرنگی بەرهەمهێنانی هەواڵ ، کە زۆرترین خوێنەریان هەیە ( بە پێ ی زانیاری سایتەکە خۆی) پیادەی خزمەتی بازاڕێکی بێ دیسپلین دەکا کە بریتی لەفڕێ دانی هەواڵ بێ ئەوەی بیر لەوەبکاتەوە کە ئەم جۆرە لە کارکردن هەمووی گەرای ئایدیۆلۆژین و هێزێک یان هێزە دژ بەیەکەکانی کۆمەڵگە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕێگای ئەم هەواڵانە خەریکی بەرهەمهێنانەوەی خیتابی کلتورپارێزی و بەهێزکردنی دیدگای کۆنسێرڤەتیزمن لە کۆمەڵگا .
ڕەنگە خەندان یان خەڵکیتربڵێ : جا هەواڵێک لە سایتێک ئەم هەموو ڕەخنەیە دەهێنێت ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەوە نییە کە خەندان ، یان ئەوەی ڕەخنە لە خەندان دەگرێ چۆن بیردەکاتەوە ، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە : ڕێژەی خوێنەرانی ئەم سایتە چەندەو خوێنەران کردویانە بەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی خۆیان ؟
وەڵامەکەش بەڵێ ، خەڵکێکی زۆرسەردانی ئەم سایتە دەکەن و ترافیک لەسەری ڕوو لەسەرە ، سایتی خەندان لەسەر ئاستی عێراق 9 نۆیەم سایتەو لەسەر ئاستی سایتی کوردیش لە عێراقدا 1 یەکەمە لە ڕێژەی ترافیکی ئینتەرنێت و سەردانی ئەم سایتە . بۆ دڵنیابوون سەردانی ئەم لینکە بکەن کە لەخوارەوە وەکو پەرواێز دامان ناوە .
ئەم هەواڵەی سەلماش تا ڕۆژی چوارەمی بڵاوکردنەوەی 15493 پانزەهەزارو چوارسەدونەوەدوسێ کەس کلیکی کردبو ، هەروەها 22 کەسیش کۆمێنتی لەسەردابوو، کەبەشێکی زۆر لە کۆمێنتەکان ڕەخنەی زۆر جدی لە شێوازی دروست کردن و دانانی ئەم هەواڵە بوو، بۆیە بەڕێوەبەرانی سایتەکە لە ژێر فشاری ئەم ڕەخنانەدا ناونیشانی هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ ” سهلما بهجلێكی نهگونجاوهوه ” !
تەنانەت ناونیشان گۆڕینەکەش هێشتا درێژکراوەیە ئەوەی پێشوە بەوەی ئیحایەکی تێدایە لەبارەی ( جل وبەرگ- نەگونجاو) ، دەکرا ناونیشانی ئەم هەواڵە زۆر شەفاف وبێ ئیحای شاراوەبێت ، بەڵام نهێنی پێداگری لەسەر ئەم ستایڵە پێش ئەوەی پەیوەندی بە پیشەو لێهاتویی هەبێت لەبابەتی هەواڵسازی ، پەیوەندی بە جۆرێک لە ” تەڵە ” دانانەوە هەیە بۆسەرنجی خوێنەر ، بۆ ئەوەی زەمانەتی خوێنەری زیاتر بکرێت بۆسایتەکە .
ئەوانەی لەمیدیا کاردەکەن ، بە تایبەتی لەسایتەکاندا ، دەزانن ڕیکلام لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆدایە لە گەڵ ڕێژەی بەسەر کردنەوەو ترافیکی سەر ئەم سایتە . بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە خەندان بە پێ ی ئەو زانیاریانەی بەشی مارکێتینگی سایتەکە پێتی دەدەن لە 1000$ دەست پێدەکات تا دەگاتە 5000$ !
لێرەوە هاوکێشەکە ئاسانترقابیلی تێگەیشتنە ، هەواڵی سەرنج ڕاکێش سازکە ، ژمارەو ترافیک وبەسەرکردنەوەی سایتەکەت دەچێتە سەر، کە ئەمەت مەیسەرکرد کۆمپانیاکان وبازرگان وبزنسەکان ، خۆیان بۆ ریکڵام ڕووت تێدەکەن .
لینکی هەواڵەکەی سایتی خەندان
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=72104&Jor=18
لینکی سایتی Alexa کە تایبەتە بە داتاوترافیکی ئینتەرنێت
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=72104&Jor=18
ڕزگارعومەر