Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
لەبەردەم کارێزى مزگەوتێکدا  …    نەوزاد بەندى

لەبەردەم کارێزى مزگەوتێکدا … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

 

-1-

خودایە !

ئەم هەموو دزە چییە دروستت کردوون ؟

( ماندوو بووم لە پاسەوانیى ..

ماندوو بووم لە چاوەڕوانیى ..

پەنجەى دۆشامژەم ،

ماندوو بوو لەسەر پەلەپیتکەى دەمانچەکەم ..

ئاوێنەکە لێم بێزار بوو ،

خۆى شکان ..

ئێستا هەتاوى بەیانیانیش ،

نایەتە سەر سفرەکەم ..

ناڕژێتە ناو ماستەکە و

تامەکەى ناگۆڕێ ..

ئێستا هەتاوى ئێواران ،

مەسیجى ئەوم بۆ ناباتە سەربان ..

ماندوو بووم لە شاردنەوەى دینارەکان ..

ماندوو بووم لە سەرژمێریى مناڵەکان ..

لە ڕاوەستان بەرامبەر نانەواخانەیەکى سارد و سڕ ..

لە گریان لە حەرەمى مزگەوتێکى نیوە تاریک و نسرم ، ماندوو بووم ..

لە نەبوونى پردێک بەسەریدا بپەڕمەوە ..

لە نەبوونى ڕووبارێک تیایدا بەیانیان و ئێواران ،

مراوى کێویى ببینم ، بێزار بووم ..

لە تەواو بوونى زانکۆ بێزار بووم ..

ماندوو بووم لە نەمانى جگەرەى سۆمەرى ڕەش ..

ماندوو بووم لە نەمانى زانکۆیەک ،

لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە تیایدا بخوێنم ..

لە سەنتەرى قوتابیان شلە و برنجى هەرزان بخۆم ..

لە بەشى ناوخۆیى شەوان ،

خەونى تێکەڵ و پێکەڵ ببینم .. ماندوو بووم ..

ماندوو بووم لە بێ زانکۆیى ..

خوێڕٍیى بووم بە چایخانە و بەردەم سینەماکانا ..

دواى ئەوەى لەناو کتێبە گەورەکاندا ،

بە دواى شتێکا ئەگەڕام ،

کەس نەیبیستبوو

کەس نەیدیبوو ..

کەس دەستى لێ نەدابوو ..

ماندوو بووم لە قاوشى سینەماکان

لە قاورمەى سەر عەرەبانەکان

لە چاى بۆنساردى چایخانەکان ..

لە دەنگى پولى دۆمینە ..

لە بینینى ئەو کوونە لووتانەى ،

کە دوکەڵى جگەرەیان بە خەستى لێ دێتە دەر ..

لە بینینى تەشتێک فەلافلى زەرد ..

ماندوو بووم لەو بێژەرانەى 

بە قات و بۆینباخێکەوە ،

سەرودڵم ئەگرن ..

ماندوو بووم لە ڕۆژنامە نوسێک باسى گەندەڵًیى ئەکا ..

لە ڕۆژنامەنوسێک حوکمەتم بۆ ئەکات بە موحەمەدى مەهدى ..

ماندوو بووم لەو لیژنانەى بە دواى بکوژەکاندا ئەگەڕێن ..

ڕۆژ بە ڕۆژ کوژراو و بریندار زیاد ئەکەن و

لیژنەى بەدوا داچوونى بکوژەکان زیاد ئەکەن و

لە ترسى ئەوەى نەکوژرێین ،

ناپرسین ئەو لیژنانە لە چ چایخانەیەک دائەنیشن ؟

یان لەى چ ڕیستۆرانتێکا ، سەلەمۆن ئەخۆن ؟

ماندوو بووم لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ..

ماندوو بووم لە بەرزکردنەوەى کەوچک ..

لە چەقاندنى چەتاڵ بە پشتى زەیتونێکدا ..

لە قڵپ کردنەوەى پەرداخێ ئاو بۆ ناو گەرووم ..

ماندوو بووم لە بینینى مۆدێلى تازەى گسکى کارەبا ..

لە لایتى زینۆن ..

لە کیلۆمەتر سفر ..

لە پارچەیەک بۆیاخى ئەوروپا ..

لە لایک و چات و موشتەقاتەکانى ..

ماندوو بووم لە خوێندنەوەى ئیمەیڵ ..

لە وەڵامدانەوەى ئیمەیڵ ..

لە کردنەوەى لاپەڕەى وۆرد ..

لە گۆڕینى عەلى کەى ئەلوەند ، بۆ یونى کورد ..

ماندوو بووم لە شیعر نوسین ..

لە زاراوەى ( دەستت خۆش ) یان

(دەستەکانت خۆش )

ماندوو بووم لە جەڕەس لێدان ..

لە دەرگا لێدان ..

لە چوونە ژوور ..

لە هاتنە دەرەوە ..

ماندوو بووم لە لابردنى مووى گوێچکە ..

لە چاک و چۆنیى ..

لە کڕینى گوڵە بەڕۆژە ،

بۆ چاى ئێواران ..

ماندوو بووم لە خۆشەویستى ..

لەوەى بتەوێ لەگەڵ ئافرەتێکدا تەمەنێک بەڕێکەى ..

ماندوو بووم لە مقەڵیى

لە خەڵووز ..

لە یاپراخى گەڵامێو ..

لە مانشێتى ڕۆژنامە ..

لە ڕۆژنامەى خۆڕایى ..

لە سواڵکەرى ترافیکلایت ..

لە مزگەوتێک ، تەنها نوێژى تێدا ئەکرێ ..

ماندوو بووم لە قسە کردن ..

لە هەڵمژینى شەربەت بە قەسەب ..

لە هەڵچڕینى ماسى قوتو ..

لە قوتدانى حەبى ئەسپرین ..

ماندوو بووم لە دەنگى ئەمبوڵانس ..

لە بینینى قەساب لە تەنیشت حەیوانیکى هەڵواسراوا..

لە ئەگەرەکانى چاکسازیى ..

لە هەرزان بازاڕ ..

لە بینینى مۆڵێکى تازە ..

ماندوو بووم لە تەماشاکردنى  ئوتومبیلێکى نیوملیۆن دۆلاریى ..

لە حیسابکردنى سەروەت و سامانى پۆلێک سیاسى

لە ئاشکرا کردنى پەیوەندییەکى سۆزداریى ..

لە کەشفکردنى خێزانێ ، یەک تۆزى ماوە لە برسا بمرن ..

لە دراوسێیەک ، بە بیجامەیەکى خەت خەتەوە ،

ڕاوەستاوە بزانێ من چى ئەکەم و .. چى ناکەم ..

ماندوو بووم لە پۆلێ مناڵ لە بەردەگاى ئێمە فتبۆڵێن ئەکەن ..

لەو شوختانەى ئەیکەنە بۆنید و چەمەلەغى سەیارەکەم ..

لەو ژنەى کیسێ گۆشتى خێرى پێیە ..

لەو کارگوزارەى شەق لە تەنەکەى خۆڵەکان ئەدا ..

ماندوو بووم لە بۆنى دەمى ئەو خەڵکە ..

لە ئوتوى پانتۆڵەکانیان ..

لە ڕاوەستانیان لەسەر شەقام ..

لە ئاوڕدانەوەیان بۆ بینینى سمتى کچێ ..

ماندوو بووم لە ڕوشاندنى کارتى بەلانس ..

لە حونجە کردنى ژمارە درێژەکانى کارتى بەڵانس ..

لە شەحن کردنى پاترى مۆبایل ..

لە دەرهێنانى ڕیشاڵى گۆشتى نێوان ددان 

ماندوو بووم لە کتێبى ڕەنگا و ڕەنگ ..

لە زرمەى تەقینەوە ..

لە هەواڵى بەپەلە ..

لە ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردن ..

لە پڕکردنەوەى کارتى گرەنتى ..

لە بینینى کەل و پەلى مارکە ..

ماندوو بووم لە شتى ئەسڵ و عادى ..)

(ئەمەوێ بە جوتێ نەعلى لاستیکەوە ..

بە تاک شەرواڵێکەوە ..

بڕۆمەوە بۆ عەدەم .. )

Previous
Next