ئەمساڵ گرانى بـــــازاڕ گەیشۆتە چاڵى چاومان……!
توێژەری كۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ……..
رێژەى دانیشتوانى كوردستان بە پێى پارەداریى و نەدارى بەم شێوەیەیە: رێژەى بیست بۆ بیست وپێنجیش مامناوەندن, ئیدى نزیكەى لە سەدا حەفتاى هەژار و كەمدەرامەتن,یاخود لە ژێر هێڵى هەژارییەوە ژیانى كولەمەرگى دەژین، كەواتە خەڵكى هەژارى كوردستان كە زۆرینەن بە دەست پێداویستى یەكەم و و قووتى رۆژانەیانەوە دەناڵێنن! ئەو گرانیە بێشوومارەى ڕووى لە بازاڕەكانى كوردستان كردووە, ئەو زۆرینەیەی هەراسانكردووە و حكومەت و دەزگا و میدیا حیزبییەكانیش دەرهەق بەم دیاردە ئەزەلییە كەمتەرخەم و بێ ئیجرائاتن..بێگومان ئەم گرانییەش هۆكارى تایبەتى خۆى هەیە و گرنگترینیان ئەمانەن: بەردەوامبوون و بەرزبوونەوەى نرخى كاڵا و شمەك كە لە كاتى گەمارۆى ئابوورى سەردەمى سەدامەوە جێگیربووە, هەروەها جێبەجێكردنى دروشمى بازاڕى ئازاد و بەرەلڵا كە حكومەت پرۆگرام و بەرنامەى داڕشتنى سیستمێكى كۆنكریتى ئابوورى لەم دەڤەرەدا ئیفلیج پێكردووە و دەسەڵات دەستەوەستانە بەرامبەر بە كێشە و دیاردەى گرانیى… رێگەنەگرتن لە مۆنۆپۆلكردنى بازرگانى و داگیركردنى سووڕى سەرمایە بە بەشدارى بەرپرسەكان لە خستنەگەڕى پارە و سامانێكى زۆر لە هێنانى كاڵاو خۆراك و شمەكى هەمەجۆر لە دەرو ودراوسێكانەوە… بازاڕى كوردستانیان تووشى هەڵاوسان و خنكان كردووە…بردنە دەرەوەى پارەو سامانى نەتەوەیى و دروستنەكردنى بەرهەمى خۆماڵى, ژێرخانى ئابوورى كوردستان داڕووخاوتر و وێرانتر دەكات…
لێرە سەرمایەگوزارى و بەگەڕخستنى كایەكانى كشتوكاڵى و پیشەسازى بچووك و گەورە ، بوونى نییە و زۆر دواكەوتووە, كەواتە كەمتەرخەمیى حكومەتى كوردستان لەوەدایە كە پرۆسەى بە تەكنەلۆژیكردنى كایەكانى كشتوكاڵ و پیشەسازى نەخستۆتەگەڕ.. هەوڵینەداوە هیچ كارگە و كارخانەیەك یان بەرهەمهێنانی كاڵا و شمەك و خۆراكى خۆماڵى مەیسەر بكات.. كۆمەڵگەى كوردى تەنها كۆمەڵگەیەكی مشەخۆر و بەكاربەرە.. بازاڕەكانمان مەیدانى ساغكردنەوەى شمەك و كاڵاى ناڕەسەن و ئێكسپایەرى ئێران و سوریا و توركیاى دۆست/ دوژمنى كوردن .! لێرەوە دێینە سەر خەتایەكى دیكەى حیزبە دەسەڵاتدارەكانمان لەوەدا كە لە هەموو كەرتێكى گرنگدا پشك و سەهمیان هەیە بۆ وێنە لە بەنزین و لە نەوت و لە عەلوە و لە قەسابخانە و لە بینا بەرزەكان و سۆپەرماركێتە گەورەكاندا بەشدارن و ئەوان گرانجانترن لە دوكاندار و بازرگانەكان..!
جاران حكومەتى عیراقى خۆى بازرگانى دەكرد و كەرتى تایبەت رۆڵێكى ئەوتۆى نەبوو لە دروستكردنى گرانى و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى نرخدا.. لەمكاتەدا ئەگەر حكومەت تواناى نەبێت (كەوا دۆلار دابەزیوە و نرخى بەرمیلێك نەوت لەوپەڕیدایە) دەستبخاتە بازاڕەوە و پرۆگرام و نەخشەى ئابوورى دابڕێژێت و نرخ دابەزێنىَ و یاساى سزادان و غەرامەكردن و لێپێچانەوە سەروەر نەكات لەگەڵ بازرگان و دوكاندارەكاندا هەرگیز هاوسەنگى و نزمبوونەوەى نرخ فەراهەم ومەیسەر نابێت.!پێویستە حكومەت تەدەخولى یاسایى لە راگرتنى ئەم گرانییەدا بكات, چونكە ئیرادە و ویژدانى بازرگانەكانە نرخى شتومەك دیاری ئەكات, بازرگانى كورد بە ئارەزووى خۆى نرخ دائەنىَ و دوكاندارەكانیش هەریەكە و لە ئاوازێك گۆرانى نرخدانان ئەچڕن …. كاڵا و شمەك لە ئێران و چیندا زۆر هەرزانترن وەك لە عیراق ..! بۆ نموونە نرخى باشترین قاتى چاكەت و پانتۆڵ لە چین ناگاتە دە دۆلار, چونكە مووچەى كارمەند لەوىَ نزمترە لە (50) دۆلار, نرخی شمەكى كوردستان لەوپەڕی فەوزا و پەشێویدایە چونكە هەركەس بۆ خۆیە : لە دوكانێك بۆ ئەویتر یان لە گەڕەكێك بۆ ئەویتر, لە شارێك بۆ ئەویتر جیاوازى هەیە و نرخى تێچوونى گواستنەوەكەى بە سىَ قات و بەچوارقات لە كڕیار ئەسەندرێتەوە…!
كەواتە بێویژدانى بازرگان و فرۆشیار هۆكارێكە و ئەوانیش خەتابارن, لەبەر ئەوەى پارەكە زۆرە و مووچە بە رێژەیەكى لە 30% بە توێژە نزیكەكەى دەسەڵاتەوە بەندە و هێزى كڕین و خواستى كڕینى شتوومەك لاى ئەوان بەرزە, كە ئەمەش بێگومان هۆكارێكی دیكەی ناقۆڵایە و بەهاى شمەك و كاڵا بەرزتر ئەكاتەوە.. هەتا كڕیار زیاتر بێت و مشەخۆر و مەسرەفگەرا بێت…داخوازی كڕین بە پێى مۆدێل, كراس و چاكەت و ئۆتۆمبیل لە جیاتى دانەیەك, دوان و سیان بكڕدرێت, رێژەى كڕین بەرزتر ئەكاتەوە و نرخى شتومەك لە گرانتربووندا ئەبێت, هۆكارێكى دیكەى ئەو گرانییە لەوەدایە كە هەڵاوسانێك دروستبووە لە رێى (بێكارى دەمامكدارەوە) كە لە راستیدا ئەم دیاردەیەش كۆنە و چەند ساڵێكە حیزبەكان بۆ بەردەوامبوون و بەهێزبوونى پێگەى خۆیان ئەوەیان دروستكردووە كە خەڵكانێكى زۆریان بە شێوەیەكى وەهمى دروستكردووە و بە كارمەند لەسەر دامودەزگا و بارەگاكانى حیزب و حكومەت دامەزراندووە, ئەو رێژەیە زۆرن و كەم نین, كە دەوامی رۆژانەش ناكەن و هیچ بەرهەم ناهێنن و مشەخۆرن و بەكاربەرن و تەنها سەرى مانگان دەچن مووچە وەردەگرن و بڕێك پارەی باش ئەكەوێتە بەردەستیان و یەكسەر بۆ بازاڕى ئەبەن و شتومەك و خۆراك و كاڵاى پێ ئەكڕن, كەواتە خواستى كڕینى شمەك بەرزتر ئەكەنەوە و پارە ئەخەنە دەست بازرگانەكان (بە ناڕاستەوخۆیى)!
كەواتە ئابوورى كوردستان جێگیر و پتەو نییە, بازاڕى ئازاد و بە گەڕخستن و قەڵەوتركردنى كەرتى تایبەتى و سووڕاندنەوەى سەرمایە بە دەست لە سەدا پێنجى رێژەى دانیشتوانەوە هۆكارێكی راستەوخۆیە بۆ گرانی نرخى شتومەك و هەروەها هەڵاوساندنى بارى ئابوورى دروستكردووە…. بازاڕى ئازاد و بەرەڵا بە فەرموودەى ئایەتى قورئانى دانەمەزراوە ئەگەر حكومەت ناتوانێت خۆى بازرگانى بكات و ناشتوانێت كەرتى كشتوكاڵى پەرەپێبدات و بەرهەمى خۆماڵى پێویست بەرهەم بهێنىَ, یاخود ناتوانێت كارخانە و كارگەى بەرهەمهێنانى بەروبوومى كشتوكاڵى – پیشەسازى (بە قووتووكردنى خۆراك و گۆشت و ماسى) دابمەزرێنىَ, پێویستە بە سیاسەتى نرخاندن و لێپرسینەوە و سزادانى سەرپێچیكاران لەم بوارەوە هەوڵبدات و تەدەخولى یاسایى بكات…
لەبەر ئەوەى گرانى, هەژاری بەدوی خۆیدا ڕاپێچ دەكات و چەندەها ئاریشە و كێشەى كۆمەلایەتى و دەروونى لە پاڵ گرفتى ئابووریدا دەستەبەرئەكات و بێزارى و تووڕەیى لاى تاكى كورد دروستئەكات… دزی و لەشفرۆشى و دیاردەى كەتن لاى مناڵ و لاوەكان و دیاردەى تاوان لاى گەورەكانى ئەم كۆمەڵگە هەناسە ساردەدا زیاتر و بەربلاوتر ئەبن… كە چارەسەركردن و نەشتەرگەرییان زۆر دژوار وناهەموارە, نەك كۆمەڵگە و توێژى هەژارى زۆرینە, بەڵكو نیشتیمان بەرە و هەڵدێر ئەبات…!ئەمەش چارەسەر ئەگەر گوێمان لێبگرن :
وەكو پێشنییاری ئالتەرناتیڤ و چارەسەر بۆ ئەم كێشە هەرە گرنگەی كە هاوپێچ و بەشدارە لە ژیانی ملێۆنان هەژار و نەدار و بێ مووچە و كەم مووچەخۆرانی كوردستاندا دەڵێم : لە كۆتایی ئەم دۆزە هەستتیار و پشتگوێخراوە گرنگەدا بیرمان نەچێت كە كۆنتڕۆڵنەكردنی نرخی شتومەك و یاسای یەكنرخی لە هەموو بازاڕەكانی كوردستاندا نەچەسپێت و لێپرسینەوە و سزاو باج و غەرامە لێسەندن لە لادەر و سەرپێچیكاران سەروەر و سەرڕێگا نەخرێت و جێبەجێنەكرێت هەرگیز ئێمەی كورد لەو بێسەروبەرەییە ڕزگارمان نابێت .. پێویستە ئاسایشی بازرگانی و كۆنترۆڵكردنی ناوخۆ و بازاڕ كارا و چالاك بكرێت ، پێویستە حكومەت خۆی دەستی دادوەرانەو عادیلانە بخاتە نێو كایەی ئابووری و بازرگانییەوە ، بە مەبەستی نەهێشتنی ڕۆڵی خراپ و چاوچنۆكانەی بازرگانە گیرفانبڕەكانمان نەك بەشداری لە پشكدا – وەكو ئێستا هەیە – هەروەها پێویستە حكومەت بازاڕی مەكەزی و ناوەندی تایبەت و هەرزانبەها دابمەزرێنێت نەوەك بازاڕی گرانبەهای وەكو ئاڵتوون و زارا و مازی نیشتمان و چەندەها ناوی بازاڕی دیكەی ئێستا و ئاییندە كە تەنها گیرفانبڕین و نائومێدی بۆ هەزاران هەزار هەژاری كورد دەستەبەركرد ..
hemea.rsoel961@ yahoo.com
سلێمانى 22-05-2008