سه‌رمایه‌ی ته‌مبه‌ڵ …….كورته‌چیرۆك
هاوڕێ موسته‌فا…….
ئه‌مڕۆ هه‌ڵسوكه‌وتی ڕه‌هێڵ ته‌واو له ڕۆژانی تر جیاوازه ، دیاره كه له‌ده‌ست گێژاوهكانی بێكاری بڕێك خۆی دزیهوهتهوه و گوشاره‌كانی بێزاربوون له‌سه‌ر هزری ته‌نك بوون ، هه‌ر بۆیه ڕستێك زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ی ماندووش له سه‌ر پێخه‌فی لێوه‌كانی خۆیان ده‌كێشنه‌وه و په‌ل درێژ ده‌كه‌ن . زهدهخهنهكان خۆیان بۆ سازدانی زه‌ماوه‌ندێك ساز ده‌كه‌ن . چركه چركه خۆ سازده‌ده‌ن بۆ زه‌ماوه‌ندی ڕێزگرتن له سه‌ركه‌وتنێكی چاوه‌ڕوانكراوی ده‌سته لاوێكی وه‌رزشكاری شار . ئه‌وه‌تا تاوه نا تاوێك دوعا ده‌كات و له یه‌زدانی مه‌زن ده‌پاڕاێته‌وه كه ڕه‌حمێك به تینوێتی دڵه شێته‌كه‌ی بۆ فوتبۆڵ بكات . دهڵاڵیتهوه به‌ڵكه كاره‌با له سه‌روبه‌ندی ئه‌و یارییه گرنگه‌دا نهكۆژێتهوه . ڕه‌هێڵ ڕووی ده‌می كرده سه‌ركۆی هه‌ڤاڵی كه به سه‌ردان هاتبوو بۆ لای تا پێكه‌وه ته‌ماشای یاری فۆتبۆلی نێوان یانه‌كانی هه‌ولێر و مه‌نامه بكه‌ن.
– تۆ بڵێیت هێنده به‌خت یار بێت و یاریزانانی یانه‌ی هه‌ولێر ببینین نازی قه‌ڵا له یاریگاكه‌ی دۆحه‌دا بلاوێننه‌وه؟ ده‌زانیت سه‌ركۆ گیان ئه‌وه هه‌فته‌یه‌كه كێچ كه‌وتووه‌ته كهوڵمهوه و ئه‌م بۆنه‌یه ئۆقره‌ی لێ بڕیووم . حه‌زم ده‌كرد توانایه‌كی وه‌ها سه‌رسوڕهێنه‌رم هه‌بوایه كه به هۆیه‌وه بمتوانیایه چركه‌كانی كاتم پێشبخستایه . چه‌ند خۆشده‌بوو ئه‌م ساته‌ی كه به شێتانه چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌م بڕێك خێراتر بهاتایه. ئێ باشه چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر توانایه‌كی وه‌ها ڕه‌هام به‌سه‌ر سروشتدا هه‌بوایه كه خولی زه‌مینم به‌ده‌وری خۆیدا خێراتر بكردایه؟ خۆ دونیا سه‌ره‌وژێر نه‌ده‌بوو ! ئه‌ی هاوار كه تامه‌زرۆی ئه‌وه‌م سوارچاكانی وه‌رزشی شاره‌كه‌م ببینم، بیانبینم پسپۆڕانه تاوی تۆپێكی خڕ و قه‌شه‌نگ له نێوان قاچهكانیاندا بده‌ن و به‌خته‌وه‌رانه له گۆڵی یانه دژهكهیانی بكه‌ن هه‌تا توڕی گوڵه‌كه‌ی وه‌ك شه‌پۆلێكی ده‌ریا پێ بهه‌ژێنن. باشه ده‌بێت له ساتی تۆماركردنی گۆڵێكی وادا شیڕه‌ی هاوارم تا كوێ بڕوات! خۆ له وانه‌یه هه‌رچی گوێی له هاوارهكهم بێت یه‌كسه‌ر زه‌نده‌قی بچێت. ئاخر ناهه‌قم نییه یانه‌ی شاره‌كه‌م به گۆڵێكی وا ده‌بێته پاڵه‌وانی كیشوه‌ری ئاسیا.
سه‌ركۆ به سهرهلهقهیهكهوه هاوسۆزی خۆی بۆ ڕه‌هێڵ نیشان دا.
دیسان وه‌ك ئه‌وه‌ی بخوازێت بواری قسه‌كردن بۆ خۆی قۆرخ بكات، ڕه‌هێڵ كه‌وته‌وه ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆی. هه‌رگیز به‌و كوڕه‌ی ڕۆژان نه‌ده‌چوو ، چالاك دیاربوو بگره وا ده‌هاته پێشچاو كه هیچ كێشه‌یه‌كی له ژیاندا نه‌بێت ، بهوهدهچوو ژه‌هری بێكاری بوونێكیان له خانه‌كانی له‌شیدا نه‌مابێت. چاوه‌كانی ده‌بریسكانه‌وه كه ڕووی بۆلای سهركۆوه وه‌رگێڕا ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بخوازێت سهركۆش بۆ نێو ئه‌و كه‌ش و هه‌وا خۆشه كێش بكات كه خۆی تێیدا شه‌ڵاڵ بووبوو ، بۆیه به ئاوازێكی نه‌رمه‌وه و به تۆنێكی گله‌یی ئامێزه‌وه گوتی:
– ئه‌وه كوڕی باش ده‌ڵێیت هاوبه‌شی ئه‌و خۆشیه‌ی هه‌ناوم ناكه‌یت؟ نا‌بینیت خۆشی چۆن له ڕووم ده‌تكێته‌وه ؟ ده براله ، تۆش بزه‌یه‌ك له‌سه‌ر لێوانت بنێ . ئاه ماڵت به قوڕنهگیرێت ، خۆ ده‌ڵێی پاپۆڕهكهت ژێر ئاو كه‌وتووه. گوایا نازانیت ئه‌مه ئه‌و ڕۆژه‌یه كه ده‌سته‌یه‌ك لاوانی شار ده‌یانه‌وێت به‌ته‌واوه‌تی له نازمان هه‌ڵبكێشن . گوایا نازانیت ئه‌وان به سه‌ركه‌وتنیان به دوا هه‌ورازی پڕ نشێودا بڕوا به‌خۆبوون بهبهدنماندا ده‌كه‌ن و هێز له ئهژنۆكانماندا جۆش ده‌كه‌ن ؟ ده‌وه‌ره برای شیرین ، وه‌ره با له‌م ساته‌دا هه‌رچی مۆنییهك ده‌ناسین له زبڵدانێك بنێن ، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ ئه‌م ساتانه‌ی وا خه‌ریكه دێن با ته‌نها بیر له كۆششی لاوه هاوشارییهكانمان بكه‌ین ، هێنده‌ی نه‌ماوه یارییه‌كه ده‌ست پێ بكات . وه‌ره با دڵ و ده‌رونمان بخه‌ینه ته‌ك كاری پاڵهوانئاسییانهی ئه‌وان.
سهركۆش وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه بایه‌ك بن و به‌لای گۆێچكهكانیدا ڕه‌ت بن هیچ گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی پێ نه‌دان . ڕه‌هێڵ هه‌رزوو هه‌ستی به كزی سه‌ركۆ كردبوو و ده‌یبینی وا به تێكشكاوی گوێی بۆ هه‌واڵه‌كان شل كردووه. ئیدی وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت نهێنیه‌كانی ئه‌و كزییهی سه‌ركۆی لا ساغ ببێته‌وه و ده‌ركێك به‌هۆیه‌كانی شكشتی هه‌ناوی بكات، خێرا پرسیارێكی له‌به‌رده‌م سهركۆدا قوت كرده‌وه.
– چییه كوڕی باش وا خه‌ریكه ده‌چیته نێو شاشه‌ی تهلهفزێۆنهكهوه! چییه وا كورته‌ی هه‌واڵه‌كان به‌و شێوه‌یه سه‌رنجیان ڕاكێشاویت؟ به شێوه‌یه‌ك گوێت شلكردووه بۆ وته به وته‌ی بێژه‌ره‌كه ، ده‌ڵێیت چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكی گرنگیت! به‌خودا به لای منه‌وه ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی تۆزێكی تر ده‌ست پێ ده‌كات گرنگترین ڕوداوی ئه‌م ساتانه‌یه كه‌له‌م سه‌ر زه‌مینه ڕووده‌ده‌ن. هاكا كاكی بێژه‌ر ڕووی ستۆدیۆكانی گواسته‌وه بۆ ستۆدیۆی په‌خشی یارییه وه‌رزشیه‌كان. ئه‌وسا بزانه هاوار و هوریای ناو یاریگاكه چۆن ئاستی حه‌ماسه‌تمان بۆ كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك ده‌به‌ن و بگره گیانی نیشتمانپهروهریشمان تیادا ڕووه‌و لوتكه به‌رزده‌كه‌نه‌وه. ئیدی چییه وا گوێیهكانتت بۆ ئه‌و هه‌واڵانه خستۆته بۆسه‌وه؟ بروات بێت هه‌واڵ رۆژێك ڕوو لهتهختییه و ڕۆژی دواتر سه‌ر به‌ره‌وخواره ، هه‌رگیز به‌رده‌وامی بۆ ڕوویه‌ك تێدا نییه. ده‌توخوا ئه‌گه‌ر له‌و هه‌واڵانه نه‌گه‌ڕێیت . ده پێم بڵێ ، بزانم ئه‌مڕۆ چ شتێك هه‌یه له شانازی كردن به‌م شاره‌وه گرنگتر بێت؟ بڕوا ناكه‌م هیچ شتێك هه‌بێت ، ها تۆ چی ده‌ڵێێت؟
به‌ڵام نا سه‌ركۆ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی به‌و گه‌مه چاوه‌ڕوانكراوه نه‌ده‌دا. هه‌روا نه‌یده‌ویست ساته گه‌ش و خۆشه‌كانی ڕه‌هێڵی هاوڕێشی كرمێ بكات. بۆیه هه‌روا به ڕوهیهكی خۆشه‌وه ، به‌ڵام به ده‌نگێكی بارگاوی به تۆنێكی كپهوه گوتی:
– ڕه‌هێڵی ئازیز به ڕاستی منیش وه‌ك تۆ هانده‌رێكی سه‌رشێتی ئه‌و لاوانه و یانه قه‌شه‌نگه‌كه‌ی شاره‌كه‌مم . به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی نامه‌وێت سه‌رنجت بۆ شتێك ڕابكێشم كه له‌م ساتانه‌دا پێ ده‌چێت گرنگییه‌كی به لای تۆوه نه‌بێت. یان باسێكت بۆ بهێنمه پێشه‌وه له ڕوخساردا له پیرێژنه گێرهشێوێنهكهی نێوان شیرین و فه‌رهاد بچێت . ئاخر ئه‌وه‌تا تۆ ده‌ڵێیت فه‌رهادی و هرزشیت و تۆپیش شیرینی نێو یاریگایه ، بۆیه ناخوازم بیری تاڵی منیش ببێته پیرێژنێكی ڕه‌زاگران. به ڕاست ده‌زانیت چه‌ند بیری نه‌نكم ده‌كه‌م ، كه بیر له نه‌نكم ده‌كه‌مه‌وه شك ده‌كه‌م له ڕاستی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته نهسازانهی ددهرێنه پاڵ ئه‌و پیرێژنانه‌ی نێو داستانه‌كان كه به به‌دفه‌ساڵی تاوانبار ده‌كرێن . چاوه‌كه‌م ته‌ماشا كه تۆ چۆن شه‌یدایانه چاوه‌ڕوانی ده‌ستپێكی یارییهكهیت . بۆیه پێم باشه دواتر باری ده‌روونی خۆم و بواری سهنجم ده‌رباره‌ی قه‌یرانێك بۆ باس بكه‌م. ئا قه‌یرانێك كه په‌یوه‌سته به‌ژیانی ئێمه‌ی لاوه‌وه.
دیار بوو ئه‌و وه‌ڵامه نه‌یده‌توانی ویستی فزوڵیانهی ڕه‌هێڵ بۆ ئاشنابوون به باری سه‌رنجی هاوڕێ گیانی به گیانیهیكهی مرداربكاتهوه . به‌ڵكه ئه‌و ده‌یویست هه‌رچی زووتره ده‌رباره‌ی ئه‌و كپییه بیزانێت و ته‌واو له‌و سستی و بێ تاقهتییهی سه‌ركۆ بگات ، بۆیه ئه‌مجاره‌ش به گوڕ و تینێكی تره‌وه پرسیاری كرده‌وه.
– چییه ناشێت توشی داوی خۆشه‌ویستی بووبیت . به‌خودا به‌م كزیهی له ڕوخسارتدا ده‌بینرێت له‌وه ده‌چێت دڵیشت شكا بێت. خێرا ده‌ی وه‌ره و دان به موغامهراتهكانتدا بنێ. بزانم بێ ئه‌وه‌ی من ئاگادار بم چ پهنگێكت به خۆت داوه؟ بزانم كامه كیژهشازاده هێنده له خۆی باییه توانیبێتی ده‌رگا به‌ڕووی دڵه سنوور نهناسهكهتدا دابخات.
– ئۆهۆ . هه‌ر ئه‌مجاره مابوو بمانكهیتهوه به سوارێكی گلاو. بابه كوا من له‌و ڕووه‌وه هیچی شاردراوهم لای تۆ هه‌یه. نا بڕوات بێت دوور و نزیك ماته‌می من په‌یوه‌ندی به داوه‌كانی خۆشه‌ویستییه‌وه نییه. ئاخر تۆ خۆت ده‌زانیت كه من به‌م بێ كارییه چۆن ده‌توانم لێ بگه‌ڕێم گڕ و كڵپه‌ی عه‌شق و ئه‌وین له هه‌ناومدا بكه‌ونه كڵپهگرتن. نا هه‌ڤاڵی ئازیز ، نا جارێ له خۆ ناگه‌ڕێم به‌دوای عه‌شقێكدا بڕۆم كه ڕه‌نگه به هۆی كزی ماڵی و باری دهرونیمهوه داڕمانێكی له چاره نوسرابێت . به‌ڵام ده‌زانیت چی ؟ با ، تۆ ده‌ركت به شتێك كرد ، ئا خۆ ئه‌گه‌ر دان به‌وه‌دا بنێم كه یه‌ك له بۆچونه‌كانت ڕاست بوو ، ئیتر خێرا خۆتمان لێ ناكه‌یت به فه‌یله‌سوفێك كه هێشتا كه‌س ده‌ركی به بیره گه‌وهه‌رییه‌كانی نه‌كردبێت؟
– چۆن خێرا پێم بڵێ، بزانم چ شتێكم ڕاست پێكاوه ؟ ئای! جا توخوا حه‌یفت نه‌كرد ، جا باشه تو غهوزهكهی گه‌یلانی فه‌یله‌سوفه‌كان چی‌یان له من زیاتر بووه؟ ئێ خۆ ئه‌وانیش هه‌ربۆ ده‌رك كردن به گرێ كوێره‌كانی ژیان لێكۆڵینه‌وه‌ی فكریان ئه‌نجامداوه تا بتوانن له ڕابردوو بگه‌ن و ڕێنومایی بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌مان بكه‌ن كه دێن. به‌ڵام نا خه‌مت نه‌بێت من هه‌ر بۆخۆم حه‌ز به فه‌لسه‌فه و كاره‌كانیان ناكه‌م . بۆیه خۆمت لێ ناكه‌م به‌یه‌كێك له‌وان. ده بۆم باس بكه بزانم چی له ئارادایه؟
– ده‌ك نه‌نكه ڕۆ . چ خۆشیهكت پێ كه‌وت . به خودا ڕێك ده‌ڵێیت سهركهشتیوانێكیت و شوێنی كه‌نزێكی وونبووی ژێر ئاوكهوتووت دۆزیوه‌ته‌وه. وا به تاسه‌وه ده‌پرسیت داخۆ چ هه‌ستێكی نێو هه‌ناوی منت به ڕاستی پێكابێت. جا باشه توخوا هاوڕێیه‌تی وا ده‌بێت؟ ئه‌وه خۆ خه‌ریكه كه‌یفت به‌وه دێت كه داخۆ ده‌ركت به چ گلانێكی من بردبێت؟
– نا . نا . سه‌ركۆ گیان تۆ خۆت پێشتر فه‌رموت كه ئه‌سپسواری بواری خۆشه‌ویستی نه‌بوویت . بۆیه من وام له قه‌ڵه‌مداوه كه ده‌ركم به شتێك كردبێت به‌ده‌ر له گلانی بواری عه‌شق و ئه‌وین. به‌ڵام دیسان تۆ راست ده‌كه‌یت. نه‌ده‌بوو من وا به‌تاسه‌وه له‌و ده‌رك كردنه بروانم كه تۆ پشتراستت كرده‌وه گوایا من هه‌ستم پێكردبێت. هه‌رچه‌ند تا ئێستاش نازانم ده‌ته‌وێت باسی چیم بۆ بكه‌یت. به‌ڵام گیانه تۆ فه‌رموت كه من ده‌ركم به ڕاستیه‌كی نێو هه‌ناوت كردووه ، بۆیه هه‌ندێك له خۆ بایی بووم و به‌تاسه‌وه ده‌مویست ده‌رباره‌ی بزانم. به هه‌ر حاڵ ، له‌گه‌ڵ یه‌ك باوه‌ش داوای لێبوردندا وا گوێت بۆ شل ده‌كه‌م. پێم بڵێ بزانم چی ڕویداوه و من ئاگام لێی نییه؟
ده‌مێك بوو گفتووگۆكانی ئه‌م دوو هه‌ڤاڵه نزیكه ئاوا په‌ل و پۆی لاوه‌كی لێ نه‌ده‌بووه‌وه . دواترین جار كه به‌قووڵی له بواری سه‌رنجی یه‌كتر ده‌دوان ئه‌و سه‌رده‌مانه بوو كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌ڵه‌تی بۆ سهرهوگۆڕكردنی ڕژێمه دیكتاتۆریهكهی به‌غداد مۆڵگه سه‌ربازیه‌كانیان له چوارده‌وه‌ری عێراقدا ته‌نیبوو. وه‌شاندنی گورزه‌كان له ئان و كاتدا بوو. ئه‌وسا هه‌ردووك قوتابی كۆلێژ بوون. به تاسه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون كه ئازادی ببێته كرۆكی ژیانی پاشه‌ڕۆژیان . خه‌یاڵ دونیایه‌كی پڕ فه‌نتازیای له به‌رده‌م ئه‌ندێشه‌یان ده‌نا و بناغه‌ی به‌هه‌شتێكی به‌رفراوانی له‌به‌ر چاویان هه‌ڵده‌چنی . بوژانه‌وه‌ی وڵات ، پێشوه‌چوون ، ئازادی ڕا ده‌ربڕین و په‌یدا بوونی كاری گونجاو بۆ هه‌موان ئه‌و چه‌مكانه بوون كه له ژه‌مه خواردنهكانیشیان جیا نه‌ده‌بووه‌وه. جارجاریش ئه‌گه‌ر كۆمێنتێكیان به‌رگوێ بكه‌وتایه كه پێشنیاری ئه‌وه بكات هیوای گه‌ش ده‌رهه‌ق هه‌موو شتێك له هه‌ناو نه‌نێن ، نه‌با سبه‌ی له ئاست به‌دی نه‌هاتنی ئه‌و هیوایانه بیریان به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگای ئازاد له‌ق و لاواز ببێت. هه‌ر بۆیه ئه‌وسا خێرا بێ یه‌ك و دوو خاوه‌ن كۆمێنتێكی له‌و شێوانه‌یان به ڕه‌شبینێكی بێ هیوا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا.
بیری سه‌ركۆ بۆ ئه‌و ده‌مانه ده‌كشایه‌وه دواوه كه تێكڕای گه‌ل هیوا و ئاواته‌كانیان به‌رگی سه‌یرانگای بههارانهیان ده‌پۆشی . ده‌یانگوت ته‌واو سه‌ره‌تای ژیان به‌م زووانه ده‌ست پێده‌كات. بوژانه‌وه و ڕه‌فاهیه‌ت به‌ڕێوه‌ن و خه‌ڵكیش دیواخانی به‌خێرهاتنیان بۆ ده‌ڕازاندنه‌وه. پاش بیكرندنهوه له‌و ده‌مانه سه‌ركۆ سه‌یرێكی ڕه‌هێڵی كرد و گوتی:
– مامۆستا ڕزگارت بیر دێت، ئه‌و مامۆستایه‌ی له سه‌رده‌مه‌كانی نسكۆی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵاتدا ژیانی له بولگاریا به‌سه‌ربردبوو. وانه‌ی كیمیای ئۆرگانی له پۆلی سێ ی كۆلێژدا پێده‌گوتین و جار جار زۆر له بابه‌ت دوورده‌كه‌وته‌وه. بیرت دێت كه باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه گه‌لانی بولگار چ هیوایه‌كیان به گۆران به‌ره‌و دیمۆكراسی هه‌بووه كه له گێژاوی رژێمی سۆشیالیستی ده‌ربازیان بكات ، ئیدی به به‌رجه‌سته بوونی دیمۆكراتی جوانیه‌كانی دونیا ڕوو له ده‌رگاكانیان ده‌كات و هه‌موان به دادپه‌روه‌ری دیمۆكراتیانه شاد ده‌بن. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له بری سیستمێكی دیمۆكراسی ئه‌وان توشی ته‌ڵه‌كانی ده‌سته‌یك خاوه‌ن بیری گه‌نده‌ڵ و هه‌ل په‌رست هاتبوون و بانده‌كانی مافیاییه‌كان به شیوه‌یه‌كی سیستیماتیكی چرۆی گه‌شانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گه‌لانی بولگاریان مژیبوو. من ئێستا له‌و وتانه‌ی ئه‌و مامۆستایه ده‌گه‌م. ئێستا له‌وه ده‌گه‌م كه دیمۆكراسی لێ تێگه‌شتنی ده‌وێت. ئه‌وه‌ی فێری هه‌ڵس و كه‌وتی دیمۆكراتیانه نه‌بووبێت ناتوانێت هه‌روا ده‌ست له پله‌وپایه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌ڵبگرێت. ڕه‌هێڵ تۆ ته‌ماشابكه ، بزانه ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه له پاش ڕوخانی ڕژێمه‌وه چه‌ندین گۆڕانی جۆرایه‌تی و چه‌ندایه‌تی به‌خۆوه دیوه كه جێی خۆشحاڵین . لێ بڕوانه ده‌م و چاوه‌كان هه‌مان ده‌م و چاون و گۆڕانێكیان تێدا به‌دی ناكه‌ین . دیاره هێشتا گه‌لێك دوورین له پیاده‌كردنی كرۆكه سهرچاوهییهكانی دیمۆكراسی . گه‌لێك له كاربه‌دستانی ئێمه هێشتا نه‌گه‌شتوونه‌ته ئاستێكی وریایی ئه‌وتۆ كه بوێرن ڕاشكاوانه بیر‌و بۆچونی خۆیان ده‌رببڕن به شێوه‌یه‌ك دوور بێت له جوینه‌وه‌ی بۆچونی به‌رپرسه سیاسی و ئیدارییه‌كانیان. تا ئێستا نه‌مانتوانیوه له گرنگی ئاڵوو گۆڕی ده‌سته‌ڵات بگه‌ین بۆیه ڕۆژانه چه‌ندین جار هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كانمان كه پله‌ی به‌رپرسیارێتیان له ئاستی جۆراو جۆردایه پشتمل ده‌كوتن بۆ هه‌موو بیروبۆچونێكی به‌رپرسه باڵاكانی خۆیان.
ڕه‌هێڵ ویستی هه‌لی هه‌ناسه‌دانه قوڵه‌كانی سه‌ركۆ بقۆزێته‌وه . پرسی سه‌ركۆ ئێستا كه‌ی كاتی ئه‌و قسانه‌یه؟ برام له‌وه گه‌ڕێ ، بڕوات بێت ئه‌و شتانه بۆ خۆیان چاك ده‌بن، ئاخر بابه ئێمه كه كارێكمان نییه خۆمانی پێوه خه‌ریك بكه‌ین ، ده‌توانین چ له‌و كه‌ش و هه‌وا گشتییه بكه‌ین و بگۆڕین.
– ئاخر بۆیه له سه‌ره‌تاوه پێم گوتیت واز بێنه با ئه‌م ساته جوانانه‌ی تیایدا ده‌ژیت نه‌شێوێنم، به‌ڵام چی له‌و سوربوونه‌ی تۆ بكه‌م كه نه‌تده‌ویست واز له ماتییهكهی من بهێنیت. ئاخر من له‌و بێ كارییه ماتم كه به‌ڕێزت باست كرد، له‌وه په‌ستم كه نازانم پاشه‌ڕۆژم بۆ كوێ ده‌ڕوات. ده‌زانیت به‌رده‌وام بوون به‌م شێوه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ر ڕۆژێكی بێ كاری واته له‌ده‌ستدانی ساتێك بۆ قاڵ بوونێكی پسپۆڕی و واته گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ دواوه. ئاخر من ناتوانم و نامه‌وێت بۆ پاشه‌وه بگه‌ڕێمه‌وه . بێكاری واته ناوزه‌دكردن به ته‌مبه‌ڵی . ئا ته‌مبه‌ڵ؟ ئاخر من ده‌مارێكی ته‌مبه‌ڵی له خۆدا شك نابه‌م بۆیه كاتێك گوێم له‌و ناوزڕاندنه ده‌بێت وا ده‌زانم داركاری ده‌كرێم. ئه‌وه بۆیه ئه‌و وته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌م به‌بیردا هاته‌وه ده‌رهه‌ق دیمۆكراسی و ته‌مه‌نی دیمۆكراسی. ده‌زانیت من ته‌واو له‌وه ده‌گه‌م كه به‌رپرسێكی سیاسی بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگی تۆخی بێكاری له نێوان چینی لاوان‌دا وه‌ك پاساوێك هه‌وڵبدات تۆپه‌كه بهاوێژێته‌وه نێو یاریگای لاوان خۆیانه‌وه، ئه‌و ده‌شێت بێت به ته‌مبه‌ڵ لێیان بڕوانێت. دیاره كه سه‌یری بۆچونێكی وا بكه‌یت هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵیشیدا ناكۆك بیت، هه‌رچه‌ند لێشی تووره بیت به‌ڵام له كۆتاییدا خۆت به‌وه ڕازی ده‌كه‌یت و ده‌ڵێیت ئه‌وه كه‌سێكه و سیاسه‌ت ده‌كات . دیاره ده‌خوازێت پینه‌ی كزی كار و چالاكیه‌كانی ده‌سته‌ڵات بكات. كه سه‌یری به‌ڵێنه‌كانی پێشوو ده‌كات و ئاستی كورتی به‌دیهێنان په‌ی پێ ده‌بات ئیدی كه‌سانی تر بۆ كورتهێنانه‌كه تاوانبار ده‌كات. له‌م جارهشیاندا سه‌باره‌ت به ریژهبهرزهكانی بێكاری ، به‌تایبه‌ت له نێو چینی لاوان‌دا ، ده‌خوازن ئێمه‌ی لاو بكه‌نه كۆچی قوربانی و پاساو هێنانه‌وه. له ئاست ئه‌و هه‌ڵوێستانه ده‌شێت هاوڵاتییه‌ك كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت ، ده‌شێت له ڕۆژه‌كانی هه‌ڵبژاردندا بۆ جێگره‌وه‌یه‌كی به ویژدانتر بگه‌ڕێت. به‌ڵام كاتێك ده‌بینیت به‌رپرسی ده‌زگایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه كاری ئه‌و سیاسه‌تكردن نییه‌و دێت هه‌مان ئه‌وقسانه وه‌ك خۆی ده‌جوێته‌وه ، ئیدی هیوا به باشبوون كز ده‌بێت. ئیدی بێ ئومێدی یه‌خه‌ت ده‌گرێت و له كۆڵت نابێته‌وه. خۆ خۆت ده‌زانیت كه چۆن شێلگێرانه بازووم لێ هه‌ڵكردبوو كه كارێك بدۆزمه‌وه ، كه‌سێك بدۆزمه‌وه فێری پیشه‌یه‌كم بكات، خۆت ده‌زانیت چه‌ندین شوێن و كارگه‌ی گچكهڵهی ئه‌م شاره گه‌ڕام ، ئاخر كه‌سیان ئاماده نه‌بوون كارێكم پێ بده‌ن ، ئه‌وان زیاتر كار به كه‌س و خزمی خۆیان ده‌ده‌ن ، یان كه ده‌یانزانی ده‌رچووی كۆلێژم ، ئیدی گاڵته‌یان لێده‌هات كه بمه‌وێت فێری پیشه‌یه‌ك ببم . ناهه‌قیشیان ناگرم ، ئاخر ئه‌وانیش توشی ده‌ردی گشتڕوانی بوون. وا ده‌زانن ده‌رچوانی كۆلێژه‌كان ته‌مبه‌ڵن و له ژووری فه‌رمانگه‌كاندا نه‌بێت كاریان پێ ناكرێت، هه‌ر بۆیه له پرسیاره‌كانیاندا شكم به‌دی ده‌كرد. ئه‌وان شكیان له ویستی من بۆ كاركردن هه‌بوو. بۆیه دواجار كۆڵم دا و گوتم تازه كۆلێژ بووه‌ته گۆڕستانی پیشه‌یی و پسپۆڕی من، ئاخر كه‌س متمانه به خوێنده‌وارێك ناكات له پیشه‌یه‌ك بگه‌ڕێت . جا دواجار تا ئه‌و ته‌مبه‌ڵییه له ئه‌ستۆی خۆ بكه‌مه‌وه جارێكی تر ڕووم له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كار و پیشه‌كان كرده‌وه. ده‌زانیت كاكی فه‌رمانبه‌ری كه‌یسه‌كه‌م هه‌مان وته‌ی ئه‌و سیاستكارانهی ده‌كرده‌وه كه له بنچینه‌دا هۆی تووڕه‌بوونی من بوون، به‌ڵێ ئه‌ویش ڕیك هه‌مان ووته‌ی بهگوێكانمدا ده‌دایه‌وه. ئه‌ویش ده‌یخواست بمكاته كه‌ناسێك ، ده‌یخواست خۆڵی شارم پێ گسك بدات. كه به پێكه‌نینه‌وه لێم ڕوانی ، ووتی" به‌خوا برا ته‌مبه‌ڵی ئێوه به من چاره‌سه‌ر ناكرێت". ئیدی چۆن په‌ست نه‌بم كه ببینم كارگێڕێك ده‌خوازێت لینگه‌و قوچ كێشه‌كانم چاره‌بكات. ئێستا ده‌زانیت دڵشكاوی چیم . به‌ڵێ هه‌روه‌ك به‌ڕیزت فه‌رموت ئه‌من دڵشكاوم . دڵشكاو.
ڕه‌هێڵ پێنه‌ده‌چوو باوه‌ڕ به گوێیه‌كانی بكات، بۆیه ئه‌ویش چاوه‌كانی نوقاند ، بیری له دۆخی خۆی ده‌كرده‌وه و توڕه ده‌بوو. كه چاوه‌كانی كرده‌وه ڕاست له‌و گوڵدانه شوشه‌ی ده‌ڕوانی كه بێ ناز له سوچێكی هۆدهكهدا دانرابوو . زه‌ق زه‌ق چاوی له‌و گوڵدانه بڕی و جگه له بیركردنه‌وه تا ساتێك هیچی بۆ نه‌ده‌گوترا ، له‌گه‌ڵ جوڵاندنی قاچه‌كانیدا جیقه جیق له كورسیه‌كه‌ی ژێریدا هه‌ڵده‌ستا و به‌رده‌وام چاوه‌كانی له‌و گوڵدانه بڕی بوو كه به‌بێ چڵه گوڵێك له ژوره‌كه‌دا قوت بووبووه‌وه. له لوول بوونی له بنه‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌ی گوڵدانه‌كه‌ی ده‌ڕوانی. بیری لای فتبۆڵ نه‌ما ، بیری له‌وه‌ش نه‌ده‌كرده‌وه كه داخۆ بۆ چڵه گوڵێك له نێو هه‌ناوی ئهوگوڵدانهوه نمایشی خۆی ناكات و به‌ده‌م ژیانه‌وه پێناكه‌نێت. ئاخر ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه له باوكی وه‌ریده‌گرێت به‌هه‌زارحاڵ به‌شی هاتو چۆی پاس و چا خواردنه‌وه‌یه‌كی ئێوارانی بێكاری ده‌كات. ئیدی گوڵ به‌چی بكڕێت تا ڕه‌ونه‌قێك بهژوورهكهی بدات. دیسان كه‌وته‌وه گفتوگۆ ، ئه‌مجاره‌یان به كزیهكهوه.
– ده‌زانیت توێژی برینهكانمت هه‌ڵدایه‌وه. به‌ڵام تۆ ڕاست ده‌كه‌یت خه‌تای خۆم بوو من ئه‌وڕۆ خه‌ریك بوو كه‌مێك خۆم و خهمهكانمم له بیر ده‌چوونه‌وه . به‌ڵام نا بۆچی خۆمم له بیر بچێته‌وه ؟ تۆسهیر كه ، كه ته‌ماشای ئه‌و گوڵدانه ده‌كه‌م ئه‌وه‌م به بیردا دێته‌وه كه ته‌مه‌نی پیشه‌سازیی شوشه بۆ نزیكه‌ی سێ هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕیته‌وه. به‌ڵام باشه ئێمه بۆ له خۆمان ناپرسین ،ئه‌ی جێگه‌ی ئێمه له‌و پیشه‌سازیه‌دا له كوێدایه؟ بۆ ناتوانین شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ین، بۆ ناتوانین پیاڵه‌یه‌كی زهڕڵی بۆ دیوان و هۆڵی به‌رپرسه بێكارهكانمان دروست بكه‌ین ، تا له كاتی پشوه دریژهكانیاندا قوم له چای ئه‌نتیكه بده‌ن. ئایا هی ئه‌وه‌یه ئێمه ته‌مبه‌ڵین؟ ئاخر بۆیه كه‌سه‌یری ئه‌و گوڵدانه ده‌كه‌م توڕه ده‌بم، به‌ڵام ده‌زانیت له‌و كاراكته‌ره‌ی خۆم ڕازیم كه گه‌لێك ئارامم ، ئه‌وه بۆیه پڕ به‌و گوڵدانهدا ناكه‌م و توڕی ناده‌م . ئێستا ده‌زانم بۆ ناتوانین ئه‌و پیشه‌یه ده‌ست پێ بكه‌ین و په‌ره‌ی پێبده‌ین . ئێستا ده‌زانم كه سه‌رمایه‌ی ئێمه سه‌رمایه‌یه‌كی ته‌مبه‌ڵه ، ئا ئه‌و سیایسانه ڕاست ده‌كه‌ن ، ئێمه ته‌مبه‌ڵین ، به‌ڵام لاوان نا وه‌ك ئه‌وان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن . ئاخر له ریزی پۆلیس و كرێكاره‌كانی وڵات بڕوانه ، چه‌ندیان گه‌نجن؟ بێ گومان زۆربه‌یان لاوی خوێن گه‌رمی ئه‌م وڵاته‌ن. به‌ڵام نا ئێمه كرێكاری زبڵ لابردنمان ده‌ست ناكه‌ویت چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌شێت ئه‌وكاره بكه‌ن كاری باشتریان ده‌ست ده‌كه‌وێت. نه‌خێر لاوان ته‌مبه‌ڵ نین ، ئه‌وه سه‌رمایه‌داره‌كانی ئێمه‌ن له قازانجی خێرا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌وان تهبمهڵن . ئاخر قازانجی كتووپڕ و خێرا ته‌مبه‌ڵی دروست ده‌كات . بزانه سه‌مایه‌ی ئه‌م وڵاته چۆن مشه‌خۆرانه كارده‌كات. به‌ڵام به ڕاست سه‌ركۆ ! كێن سه‌رمایه‌داره‌كانی وڵات. گوایه زۆربه‌یان هه‌مان سیاستوانهكان نین. ئه‌دی كێن ؟ ده‌زانیت ئه‌گه‌ر كارگه‌یه‌كی شوشه هه‌بوایه خۆ كیمیازانێكیان ده‌ویست خۆ سه‌دان كرێكاریان ده‌ویست. كه ئێمه بێ كارین هی ئه‌وه‌یه كارگه‌مان نییه نه‌ك هی ئه‌وه بێت ئێمه ته‌مبه‌ڵ بین.
هه‌ردووك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ركیان به نهێنیه‌كی گرنگ كردبێت كه‌یفیان ده‌هاتێ . سه‌رباری قورسی خه‌مه‌كانیان ئاهیان پێدا ده‌هاته‌وه كه لایان وابوو هۆكاری نه‌هامه‌تیه‌كانیان په‌ی پێ ده‌به‌ن. ئه‌مجاره سه‌ركۆ كهوهتهوه زمان:
– ته‌واو ڕاسته ئه‌وه شه‌رمه ئه‌وان بخوازن ئێمه ببینه خۆڵرێژ . بمبورن ئه‌زیزانی پاكژكه‌ره‌وه‌ی شار ، برواتان بێت هێنده‌ی گرنگترین كاری ئه‌م وڵاته ڕێز له كاره‌كه‌تان ده‌گرم . سه‌ر بۆ دڵسۆزیتان دهنهوێنم، به‌ڵام كه ناخوازم ببمه هاوكارێكتان هی ئه‌وه‌یه كهبێكارێكی ده‌رچوی كۆلێژێكی زانستیم ، نه‌ك هی ئه‌وه‌بێت تر‌و فیزم هه‌بێت و خۆ به شتێكی گرنگتر له ئێوه بزانم. ئاخر ده‌ترسم گالیلۆ لێم زویر ببێت و خۆی زیندوو بكاته‌وه تا كاسه ژه‌هره‌كه‌ی بنۆشێت. ده‌زانن من ده‌رچوی كۆلێژێكم كه مه‌دام كۆری زۆربه‌ی ژیانی خۆی بۆ بره‌ودان به‌و زانسته ته‌رخانكردبوو ، هه‌تا دواتر هه‌زارانی وه‌ك منی پێ په‌روه‌رده ببێت، ده‌ترسم مه‌دام كۆری له گۆڕدا هه‌ستێته‌وه و خه‌ڵاتی نۆبڵهكانی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر بزانێت كیمیا زانێك له بری كاری كیمیایی خۆڵڕێژی ده‌كات. ئاخری كاری پاكژكاری بڕوانامه‌ی زانكۆی بۆ چییه؟ به‌ڵام نا خۆ كارگه‌ی چاره‌كردنی پاشه‌ڕۆ چه‌ندین كه‌سی كیمیازانی ده‌وێت. ده كوا؟ بۆچی دانه‌یه‌ك له‌م دهفهرهی ئێمه‌دا بوونی نییه هه‌تا بڕۆم به‌و په‌ڕی خۆشیه‌وه خۆمی تێدا بكه‌مه پسپۆڕێك بۆ وڵات ؟ به‌ڕاست ئێوه‌ش له‌و بۆ دوكه‌ڵه بێزار و وه‌ڕه‌س نین كه له سوتاندنی پاشه‌ڕۆی شاره‌وه په‌یدا ده‌بێت؟ بزانه پاشه‌ڕۆی شار سیحری نهسیمیشی لێ حه‌رام كردوین، نه‌ك ههربووبێته هۆی ناوزڕاندنی ئێمه‌ی بێ كار به ته‌مبه‌ڵ. برواتان بێت ته‌مبه‌ڵ نیم به‌س كارێك نییه بیكه‌م. نا كارێك شك نابه‌م تا له‌گه‌ڵ ره‌نجی چه‌ند ساڵه‌ی خوێندنمدا بگونجێت. ده‌ترسم به كارێكی نه‌گونجاو ڕازی ببم پاشان ببینم كاریكۆلای كۆلێژی كیمیازانی له دواهه‌مین نهۆمی بینای زانستهكیمیاییهكانی كۆلێژه‌وه خۆی فڕێ بداته خواره‌وه و بۆ هه‌تا هه‌تایه نه‌گه‌ڕێته‌وه لامان.
هه‌روا گوڕی گله‌ییه‌كان و ووردبونه‌وه له هۆیه‌كانی بێكاریان ته‌شه‌نه‌ی ده‌سه‌ن ، له‌ولاشه‌وه هات و هوتی نێو یاریگای سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه له هه‌موو جاران زیاتر له بڵندگۆكانه‌وه ده‌نگی ده‌هات. له گه‌ڵ لێدانی فیكهیهكدا ئه‌مانیش ده‌یانگووت ، ته‌مبه‌ڵ نین به‌ڵكو ئێمه بێكارین، ئێمه بێكارین.
مایس ٢٠٠٨