تەواو …. نەوزاد بەندى
-1-
بازاڕ شتێکى تیادا نەما ، شایانى کڕین ،
پارەکان بدەنەوە بە حوکمەت ،
بە مەرجى ئەوەى بازاڕەکان داخا ..
-2-
شتێک نەمایەوە بە ناوى جوانیى ،
ئیجازەى بیدون ڕاتب بدەن بە گوڵەکان ..
مۆڵەتى مەفتوح بدەن بە بەهار ..
بە پاییز بڵێن با ئۆڤەر تایم ئیش بکا ..
درەختێکى ئاوس بدەن بە لیژنە ،
با سکەکەى لە بار بەرێ ..
-3-
وشەیەک نەماوەتەوە ، شایانى وتن ،
ڕستەکان هەڵوەشێننەوە ،
بیانکەنەوە بە پیتە ئەبجەدیەکان و
بیاننێرنەوە بۆ فەرهەنگەکان ..
-4-
حاموڕابی بە دەستێکى لەرزۆکەوە ،
لەسەر دیوارێکى بەغدا نوسى :
بەغدادیەکان تەنها خەریکى میزکردنن ..
کۆڵانەکان ..
چێشتخانەکان
مزگەوتەکان
باخچەکان بۆنى میزیان لێ دێ ..
(ئیتر ئەمە نەخۆشى شەکرەیە ،
گورچیلەیان باش ئیش ئەکا ..
یان بەهۆى دیجلە و فوراتەوە ،
ئاوى زۆر ئەخۆنەوە ؟
نازانم … )
-5-
هیچ شیرینییەک تامى نەما ..
هەنگوین بدەنەوە بە هەنگ..
نوقوڵەکان بنێرنەوە ،
بۆ تورکیا و ئێران ..
شەکر بنێرنەوە بۆ قامیش ..
-6-
نەبو خوز نەسر ،
چووە خەونى مناڵێکى قەمبەر عەلى ..
پێى وت :
هەموو ڕۆژێ کە بە زیندوێتى ئەیگوزەرێنى ،
چل و چوار هەزار فریشتە لەسەرەوە ،
چەپڵەت بۆ لێ ئەدەن ..
-8-
جگەرە بنێرنەوە بۆ ئەمەریکا ..
با توتن بە ئیفاد بڕوا بۆ ئەستەمبوڵ ..
هەناسە ئۆکسجینى تیا نەما ،
سییەکانتان تەسلیم کەنەوە ..
مناڵیى بەرائەتى تیا نەما ،
زیندانێ دروستکەن بۆ مناڵان ..
-9-
عەلى وەردى ،
لە شەقامێکى بەغدا بینراوە ،
لەگەڵ کارگوزاری شارەوانى لە مشت و مڕا بووە ،
ئاخۆ کتێبەکانى بە چەند بۆ ئەسوتێنێ ؟
کارگوزارەکە پێى وتبو :
جا .. کە فەلسەفە سووتا ،
پارە بە کارى چى دێ ؟؟
پێى وتبوو : کەرە کەر ..!
هەزار فەیلەسوفت بە دینارێ بۆ ئیستینساخ ئەکەن ..
دیکارتت بۆ ئەکەن بە عەدەد قازیفە ..
ئەفڵاتونت بۆ ئەکەن بە چایچى لە مەنتیقەى خەزرا ..
کارگوزارەکە هیچ تێنەگەیشتبوو ،
وتبوى : لا حەولە وە لا قوەتە ئیلا بیلا ..
-10-
شیعر بنێرنەوە بۆ خاوەنەکەى ،
با وەکو پاراسیتۆڵ ، قوتیدا ..
زەردەپەڕ بنێرنەوە بۆ ئاسۆ ،
لە سندقێکى یاقوتیدا ..