ئێمه و ته‌مه‌نی خاك و خۆڵ
هاوڕێ موسته‌فا……
له‌وه‌ته‌ی خاك و خۆڵ هه‌یه
ئێمه‌ش لێره دروست بووین و بوونمان هه‌یه
كه‌چی ئه‌وه عه‌یامێكه
جاره جاره
گێژه‌ڵووكه‌ی پایزێكی ویژدان دۆڕاو
وه‌كو دێ‌و و
وه‌ك ئه‌و جانه‌وره كه‌سنه‌دیوانه‌ی ،
حیكایه‌ته‌كانی سه‌رزمانی نه‌نكمانیان پڕ له سام و ترس ده‌كرد
ده‌ستی له بن باڵه‌كانمان ده‌گیرینێت
هه‌تا هێز و لوره‌لوری لوولبون ،
له لووله‌كی ڕه‌شفه‌ساڵیدا مابێت
بۆ دۆڵه‌كانی فه‌نابوون توڕمان ده‌دات.
به‌ڵام هه‌ژگ و دڕك و داڵ و چیلكه و چه‌وێڵی وڵاتمان
به‌ڕۆحیانه‌تمانه‌وه ده‌نوسێن و
هیچ كه‌سێك و
هیچ هێزێك و
هیچ خواوه‌ندێكی قڕكردنیش،
ناتوانن لێكمان جودا بكه‌نه‌وه
٭٭٭٭
دوایین جاریان چاومان لێ‌بوو
به‌دیار ئێسك و پروسكی ساواكانمانه‌وه وه‌ك گورگه گوێ قوتیله‌كان
جاڕتان ده‌دا
به لمۆزی سور و خوێناویتانه‌وه ده‌نازین و
به‌سته‌كانی ئه‌بو جه‌هل و
ئه‌بو حه‌لا و ئه‌بوه‌كانی تریشتان وه‌ك دڕكه‌زی تێك ده‌ئاڵان و
ده‌تانگوت
ئیدی نه سینگی په‌شمه‌كیی شاخ،
نه قوڕقوڕاگه‌ی زوڵاڵی كانی،
نه قارچكی هه‌ڵتۆقیوی بن داربه‌ڕوه‌كانی باپیرانتان
به دیدارتان شادنابنه‌وه
ده‌تانزانی تۆۆمان زڕه و
جارێكی تر له قڵیشی په‌نجه و ده‌ست و گیانی شه‌قارشه‌قارمانه‌وه
هه‌رگیز سه‌وز نابینه‌وه
٭٭٭٭٭
هێنده‌ی نه‌برد
رۆحمان له ناخی زه‌مینه‌وه
وه‌كو قارچكه به‌هاره هه‌ڵده‌تۆقی
شاخ شانازی به نێرگزه‌كانی بن هه‌نگڵمانه‌وه ده‌كردوو
كانی قوڕگی به بارانی گه‌روومان ئاوده‌دا
كه‌چی ئێوه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌نكتان له حیكایه‌ته‌كانیاندا
قارچك و نێرگزی شاخ و قوڵپی كانی لێتان به ده‌عجانی كردبێت
ترس كه‌وته كه‌وڵی ڕزیوتانه‌وه
گورگی ده‌م و لمۆز سورتان
كلكی شۆڕی له گه‌ڵی نا و
هه‌ڵده‌هات ، لۆش لۆش ده‌پاڕایه‌وه
هه‌تا بۆنی نیرگزه‌جاڕ به‌سه‌ری شۆڕیدا نه‌كه‌ین
نه‌با ئاسه‌واری خه‌رده‌ل له‌سه‌ر په‌ڕه‌كانی مابێت
٭٭٭٭
پـێمان وایه ئێستا له‌وه گه‌شتوون
كه تۆوی ئێمه چه‌نده پوخته و چه‌ند ڕه‌سه‌نه
هه‌تا ده‌ستمان زیاتر بقڵیشێت و
له‌شمان شه‌قاری زێده‌تری تیابێت
ئه‌و له جاران قه‌رسیلی تر سه‌وزده‌بێته‌وه
پێمان وایه ئێستا له‌وه‌گه‌شتوون
كه شاخ هه‌رگیز چاكه‌ی په‌شمه‌كی خۆی به‌ڕوماندا ناداته‌وه
چونكه نه ئه‌و بێ ئێمه نازی به‌رزی ده‌گێڕێ‌و
نه ئێمه‌ش بێ ئه‌و زیندوو ده‌بین
پێمان وایه ئێستا له‌وه گه‌شتوون
داربه‌ڕوو سێبه‌ر له ڕۆحی باپیرانمان نابڕێت
چونكه ئه‌وان هه‌زاران ساڵه هاوڕێن
٭٭٭٭
هه‌زار ساڵه پێتان ده‌ڵێین
ئێمه دۆستی و میوانداری قبوڵ دكه‌ین
ئیدی بۆچی ده‌تانه‌وێت
نوكی رم و قاوه‌قاوی تۆپ و گوله
به ڕۆحیانه‌تی كانی و چه‌مه‌كانمانه‌وه بنێن
هه‌زار ساڵه پێتان ده‌ڵێین
ئێمه سروودی پێكه‌وه ژیانمان قبوڵه
ئیدی بۆچی ناتانه‌وێت
لكی به‌ڕه‌كانمان پێكدا بدرووین
تابزانین دوو ڕه‌نگی شانبه‌شان جوانن
یان دوو ڕه‌نگی پشت له‌یه‌ك كردوو
هه‌زار ساڵه پێتان ده‌ڵێین ئێمه هه‌ین و له ناو ناچین
ئیدی بۆچی؟
گوێچكه‌ی خۆتان ناكه‌نه‌وه
ئیدی بۆچی؟
به‌ر چاوی خۆ تۆزێك ڕوونتر ناكه‌نه‌وه
مایس ٢٠٠٨