به‌یه‌كگه‌یشتنی (تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ) و…
به‌یه‌كگه‌یشتنی (تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ) و ( پاشای خه‌مبار ) له‌سه‌ر شانۆی عیشقێكی شیعریدا
بڵند باجه‌لان
شیعر دونیایه‌كه سه‌ربه‌خۆ . سه‌ربه‌خۆیی دونیای شیعر سنوورداره . شیعر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار سه‌ربه‌خۆیه . ئه‌وه‌ی سنووری سه‌ربه‌خۆیی شیعر دیاریده‌كا , فیكره . ئه‌وه فیكره وا ده‌كا شیعر سه‌ربه‌خۆ بێت , وه‌لێ فیكر خۆشی دیارخه‌ری سنووره . كه‌واته فیكر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار ده‌به‌خشێ به‌و دونیایه‌ی ناوی شیعره . سنووره‌كانی شیعر كه فیكر دیاریكردوون , پێویستین . له‌ودیو ئه‌و سنووره سروشتییانه‌ی شیعردا ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی تر بوونیان هه‌یه . سنوورداركردنی سه‌ربه‌خۆیی شیعر دوا جار به‌خشینی سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوه به شیعر ئه‌وكاته‌ی قسه دێته سه‌ر (شیعری جوان) . واته بۆ نووسینی شیعرێكی جوان , بوونی ئه‌و سنووره جوانانه پێویستین , چونكه جوانییه‌كی فیكری ده‌به‌خشن به شیعر . ئه‌گه‌ر ئه‌و سنوورانه گوزارشتێكی ڕووت بن له خودی فیكر , كه‌واته ده‌ركه‌وت شیعر پێویستی به فیكره و فیكریش پێویستی به شیعره , له كاتێكدا فیكر و شیعر ده‌كه‌ونه نێو یه‌ك بازنه‌ی خودییه‌وه , واته ئه‌گه‌ر شیعر بازنه‌یه‌كی هه‌بێت , یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه‌یه فیكره , وه به پێچه‌وانه‌شه‌وه , ئه‌گه‌ر فیكر بازنه‌یه‌كی سروشتی هه‌بێت , ئه‌وا شیعر كه‌لێنێك له‌و بازنه‌یه‌دا پڕ ده‌كاته‌وه .
بوونی زمانێكی شیعری , سه‌لمێنه‌ری بوونی شیعرێكه . ئه‌وه‌تا زمانی سۆفیزم شیعرییه , شیعریه‌ته‌كه‌ی له‌و ئاسته‌دا باسی ده‌كرێ , كه شته‌كان وه‌كو ڕه‌مز مانیفێست ده‌بن . به‌و زمانه , ئه‌زمونی سۆفیزم ده‌سه‌ڵاتی بنیاتنانی جیهانێكی ده‌بێت له‌نێو جیهاندا . ئه‌وه‌ی زمانی سۆفیزم له زمانی ئاینی جیاده‌كاته‌وه , بابه‌تی واقیعه , چونكه له ئایندا شته‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕویانداوه ده‌گێڕدرێنه‌وه و ڕه‌مز بوونی نییه له گێڕانه‌وه‌كه‌دا . هه‌ڵبه‌ت ئێمه نامانه‌وێ زیاتر له‌باره‌ی سۆفیزمه‌وه بڵێین , چونكه مه‌حاڵه بتوانین وتارێك له‌باره‌ی میتۆدی سۆفیزمه‌وه بنووسین , مه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه وه‌سفی بكه‌ی , ده‌كرێ جیاوازییه‌كی نێوان سۆفیزم و سوریالیزم له‌وه‌دا بێت , كه ئه‌میان میتۆده‌كه‌ی به‌و جۆره‌یه كه باسمان كرد , به‌ڵام ئه‌ویان میتۆده‌كه‌ی ده‌توانرێ له‌باره‌یه‌وه بنووسرێ كه (بریتۆن)یش هه‌ر وا ده‌ڵێ , گه‌رچی سوریالیزم وه‌كو عه‌قیده‌یه‌ك به‌یان نابێت وه‌ك ئه‌وه‌ی (ئاراگۆن) باسی ده‌كا* .
له ڕوانگه‌ی بڕیاردانمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕوانگه شیعری و فیكرییانه , قسه له‌سه‌ر دوو به‌رهه‌می شیعری ده‌كه‌ین , یه‌كه‌میان كتێبی ( تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ)ی ( ماردین ئیبراهیم)ه و دووه‌میان قه‌سیده‌ی (پاشای خه‌مبار)ی (لازۆ)یه كه بۆ (ماردین ئیبراهیم)ی نووسیوه .
جۆرێك له به‌ریه‌ككه‌وتن و له‌نێو یه‌كتری توانه‌وه و كۆنتاكتم بینی له‌نێوان ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌دا , به‌تایبه‌تی له بابه‌تی یار و عیشقدا , بۆیه به‌یه‌كه‌وه باسیان ده‌كه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی جیاوازی ئاسته شیعرییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو به‌رهه‌مه له بیر بكه‌م , لێره باسی ئه‌و جیاوازییانه ناكه‌م , باسی یه‌كسانی و په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌م كه په‌یوه‌ستن به ناخودئاگایی شاعیره‌كانه‌وه . هه‌ردوو شاعیر خودئاگایانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناخودئاگایی خۆیان و له‌پاڵ ئه‌و ناخودئاگاییه‌ی خۆیاندا , جۆرێك له شیعریان به‌رهه‌م هێناوه , قاچێكی له خودئاگایدایه و قاچه‌كه‌ی تری له ناخودئاگایدایه , ئه‌وه‌شی ته‌حه‌كوم به خودئاگایی و ناخودئاگایی (ماردین) و (لازۆ)وه ده‌كا , گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانییه . دوو شاعیره‌كه هه‌وڵده‌ده‌ن وه‌كو سوریالییه‌كان شێوازی به‌كارهێنانی زمان بگۆڕن , ئه‌وان چاویان به زمان نه‌گێڕایه‌وه و بڕوایان پێكرد , به‌ڵام دوا جار (ماردین) و (لازۆ) سوریالی نین . سوریالییه‌كان خۆیان جیاكرده‌وه له كۆمه‌ڵگا و ئه‌خلاق و ئیستاتیكا , به مه‌به‌ستی له‌دایكبوونی مرۆڤێكی هه‌مه‌كی , ئه‌وه له كاتێكدا دوو شاعیره‌كه‌مان بانگه‌شه‌ی ئه‌خلاق ده‌كه‌ن و ئاماده‌گییان تیایه بۆ قوربانیدان له‌پێناوی یاردا , ئه‌وه‌تا (ماردین) له خواره‌وه‌دا قوربانی ده‌دا بۆ یاره‌كه‌ی :
(( له‌به‌ر خاتری من تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ
له‌به‌ر خاتری من له‌سه‌ر بان بخه‌وه
له‌به‌ر خاتری من سه‌یری كشانی نه‌یزه‌كه‌كان بكه
كه شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا با من له جوانی بێبه‌ش بم
به‌ڵام تۆ یچۆ له‌سه‌ر بان بخه‌وه )) ( تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ , ل : 18 )
له قه‌سیده‌ی (تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ)ی نێو (تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ )دا , قوربانیدانی خود له‌پێناوی ئه‌ویتردا ده‌بینرێ , خودێك كه (شاعیر)ه و ئه‌ویترێك كه (یاری شاعیر)ه . خود داوا له ئه‌ویتر ده‌كا له‌پێناوی (خود)دا پارێزگاری له خۆی بكا , وه‌لێ ئه‌مه ته‌نها سۆزێكی خودییه , ئه‌گینا خود ئه‌و بایه‌خه زۆره به خۆی نادا تا ئه‌ویتر بكاته قوربانی له‌پێناوی خۆیدا , ئه‌وه‌تا شاعیر ده‌ڵێ : (له‌به‌ر خاتری من مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ ) , ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی تیایه كه خود ده‌یه‌وێ خاتری بگیرێ , وه‌لێ ئه‌و بابه‌تی خاتر گرتنه ته‌نها له‌پێناوی ئه‌ویتره . خود به ئه‌ویتر ده‌ڵێ : (با من له جوانی بێبه‌ش بم) . كه‌واته خود له‌پێناوی ئه‌ویتردا داوا له ئه‌ویتر ده‌كا خاتری خود بگرێ و پارێزگاری له خۆی بكا .
(ژان ژاك ڕۆسۆ) وه‌كو بیرمه‌ندێكی فره ڕه‌هه‌ند , له یه‌كێك له ڕۆمانه ڕۆمانسییه‌كانیدا كه تیایدا كار كراوه بۆ تێكشاندنی سنووری ده‌ستكردی نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیات و به‌شێك له ئایدیاكان له‌و به‌رهه‌مه‌دا هه‌ڵگیراون , باسی عاشق و مه‌عشوقێك ده‌كا . (سه‌ینت)ی كاره‌كته‌ر عاشقی (جولی) ده‌بێت . باوكی (جولی) ڕازی نابێت (جولی) بدات به (سه‌ینتت) , چونكه ئه‌رستۆكراتی نییه . (جولی) شوو به پیاوێكی تر ده‌كا . ئه‌و پیاوه كه‌شێكی خۆش بۆ (جولی) ده‌خوڵقێنێ , به ڕادده‌یه‌ك له‌و كه‌شه‌دا (جولی ) هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌كا , وه‌لێ ئه‌و پیاوه له‌ڕێگه‌ی به‌قوربانیكردنی خوده‌وه ئه‌ویتر دڵخۆش ناكا وه‌ك ئه‌وه‌ی (ماردین ) كردوویه‌تی .( ماردین ) خۆی ده‌كاته قوربانی ئه‌ویتر له‌پێناوی ئاسووده‌یی ئه‌ویتردا . دوا جار ئه‌و پیاوه‌ی له ڕۆمانه‌كه‌ی (ڕۆسۆ)دا هاتووه , هه‌ست به خۆشه‌ویستی نێوان (جولی) و (سه‌ینت) ده‌كا , به‌مه‌ش (سه‌ینت) داوه‌تی ماڵه‌وه ده‌كا , ئه‌مه‌ش وا له (جولی) و (سه‌ینت) ده‌كا بگه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی له ڕێگه‌ی هاوڕێیه‌تی ئێستاوه پێیگه‌یشتوون , به ڕێگای تر نه‌یانده‌توانی پێیبگه‌ن , به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ (جولی) تا دوای مردنیشی (سه‌ینت) له بیر بكا . كه‌واته هه‌ر سێ كاره‌كته‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بكه‌نه قوربانی , موماره‌سه‌ی عیشق و خۆشه‌ویستی خۆیان ده‌كه‌ن , وه‌لێ لای (ماردین ) خۆكردنه قوربانی گوزارشته له بوونی (عیشقێكی شیعری ) كه عیشقی خودی (ماردین)ه . (ماردین) عاشقه به ئه‌ویترێك كه خۆی له‌پێناوی عیشقه‌كه‌یدا ده‌كاته قوربانی .
ئه‌وه‌ی ئاسووده‌یی بۆ خود ده‌هێنێ , (ئاسووده‌یی ئه‌ویتره) . ئه‌وكاته‌ی خود داوا له ئه‌ویتر ده‌كا له‌سه‌ر بان بخه‌وێ و پشوو بدا , ئه‌وا دوا جار ته‌نها ئه‌ویتر پشوو ده‌دا و ئاسوده ده‌بێت (ئه‌وه‌ی ده‌خه‌وێ ئه‌ویتره نه‌ك خود) , ئه‌وه‌ی ده‌بێت سه‌یری كشانی نه‌یزه‌كه‌كان بكا و چێژ له‌و دیمه‌نه وه‌ربگرێ , ئه‌ویتره نه‌ك خود , وه‌لێ له ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌مانه , (ئه‌ویترێكی ئارام و چێژ وه‌رگر) ده‌خوڵقێ , ئه‌مه‌ش خوڵقێنه‌ری (خودی ئارام) و (خودی چێژ وه‌رگره) , واته ئه‌وكاته‌ی ئه‌ویتر ده‌كه‌وێته خۆشییه‌وه , خود هه‌ست به خۆشی ده‌كا و دڵی خۆشده‌بێت كه ئه‌ویتر دڵی خۆشه , خودێك وه‌ك له سه‌ره‌وه گوتمان شاعیره و ئه‌ویترێك كه (یاری شاعیر)ه .
ئه‌مه‌ی خواره‌وه نموونه‌یه‌كه له قوربانیدانی (لازۆ) له‌پێناوی یاردا , قوربانیدانێك , سه‌ره‌تاكه‌ی عیشقه و كۆتاییه‌كه‌ی عاشقبوون :
(( من ده‌مگوت : ئه‌و هه‌موو وێنه‌یه‌م بۆ ناخرێته
یاده‌وه‌ریمه‌وه
ئه‌و ڕێگه دووره‌ت بۆ پێ بڕیم ؟
ئه‌و ئاگره‌ت بۆ له ماڵه‌كه‌ی مندا كرده‌وه ؟
تۆ چۆن وێرات بێیته باخه‌كانی منه‌وه ؟
بۆ باڵنده‌كانی خۆت تێبه‌ردام ؟
بۆ باڵنده‌كانی خۆت تێورووكاندم پاشا ؟
ئه‌و سه‌فه‌ره‌م له‌گه‌ڵ ته‌واو بكه پاشا )) (پاشای خه‌مبار)
له‌و پارچه شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌دا , خود قوربانی ده‌دا , به‌وه‌ی غه‌دره‌كانی كه‌سێك ده‌چێژێ . ئه‌و كه‌سه‌ی شاعیر غه‌دره‌كانی ده‌چێژێ , هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه كه قوریانی بۆ ده‌دا , واته شاعیر به‌ر ڕه‌حمه‌تی غه‌دری كه‌سێك كه‌وتووه , كه قوربانی بۆ ده‌درێ , ئه‌وه‌شی قوربانی بۆ ده‌دا, هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه غه‌دری لێده‌كرێ , وه‌ها غه‌درێك كه یار له (لازۆ)ی ده‌كا له شیعره‌كه‌دا , ده‌شێ گوزارشت بێت له خاوێنی یار و ئه‌و غه‌درانه‌شی باسیان ده‌كرێ , ده‌كرێ گوزارشتێكی شیعری بن له جوانی و نیانییه‌كانی یار , ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و گه‌مه شیعرییه‌یه كه (لازۆ) به‌رده‌وام له شیعره‌كانیدا دووباره‌ی ده‌كاته‌وه .
بوونی سه‌فه‌رێك كه شاعیر حه‌زده‌كا ته‌واوی بكا له‌گه‌ڵ (یاری غه‌دار)دا كه یارێكی جوانه , ڕووبه‌ڕووی تاقه ڕێگایه‌كمان ده‌كاته‌وه , ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه وێنا و كه‌سایه‌تی یار له شیعره‌كه‌دا شێوێنراوه و ئه‌و شێواندنه‌ش جوانی به‌خشیوه به شیعره‌كه , ده‌كرێ ئه‌مه وه‌كو جۆرێكی تری قوربانیدانی ده‌ره‌كی چاوی لێ بكرێ . شاعیر وێنای یار له شیعره‌كه‌دا ده‌شێوێنێ بۆ ئه‌وه‌ی شیعرێك كه هه‌ڵگری جوانییه بخوڵقێ , هه‌ر ئه‌مه‌شه پێی ده‌گوترێ : ( قوربانیدانی شیعری ) .
(لازۆ ) له شیعره‌كه‌دا به عه‌قڵ و جه‌سته قوربانی ده‌دا . كێشه گه‌وره‌كه‌ی (دیكارت) ئه‌وه‌بوو كه چۆن ماهیه‌ته جیاوازه‌كان (عه‌قڵ و جه‌سته) په‌یوه‌ستن . مرۆڤ (عه‌قڵ + جه‌سته)یه . جیاكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ له جه‌سته گونجاو نییه و پێناسه‌كردنی ئه‌و دووانه وه‌كو دوو ماهیه‌تی سه‌ربه‌خۆ ڕه‌وا نییه . لای (سپیونزا) عه‌قڵ و جه‌سته دوو به‌شی یه‌ك ماهیه‌تن . بۆچونێكی تریش پێیوایه ئه‌و دووانه جیاوازن و په‌یوه‌ندییان نییه به‌یه‌كه‌وه , وه‌ك ئه‌وه‌ی لای (لایبنز)دا هه‌یه . (لازۆ) له شیعره‌كه‌یدا سه‌ر به بۆچونه‌كه‌ی (سپیونزا)یه , ئه‌وكاته‌ی له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه ئازار ده‌درێ و باڵنده‌ی تێبه‌رده‌درێ , ڕاسته‌وخۆ عه‌قڵ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێ , ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی عه‌قڵیش له شیعره‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ .
(( تۆش فریوی دنیات خوارد
دنیا وایه خه‌دیجه !
یه‌كه‌م جار په‌پوو سلێمانه‌كانت پیشان ده‌دا
ئینجا ئه‌بابیله‌كان
یه‌كه‌م جار مانگ به تریفه‌كانیه‌وه ده‌نێرێت
ئینجا دووپشكه‌كان
كه دڵبه‌ستی بوویت وه‌ك ناپاكێك پشتت تێده‌كا )) (تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ , ل : 7)
له قه‌سیده‌ی ( خه‌دیجه)دا كه بۆ ( خه‌دیجه گوڵاوی) نووسراوه , (ماردین) له‌پاڵ عیشقی (خه‌دیجه)دا باسی عیشقی دونیا ده‌كا (عاشقبوون به دونیا) , باسی ئه‌وه ده‌كا كه مرۆڤ عاشقی دونیا ده‌بێت , سه‌ره‌تایه‌كی شیرین و كۆتاییه‌كی تاڵ تاڵ چاوه‌ڕێیه‌تی .مرۆڤێك كه عاشقی دونیا ده‌بێت , فیكری ده‌فڕێت بۆ سه‌رزه‌مینێكی نه‌بوو كه كه‌س ناتوانێ بوونی پێببه‌خشێ , مه‌گه‌ر كه‌سێكی نه‌بوو له بازنه‌ی نه‌بووندا . عاشقبوونی مرۆڤ به دونیا , ناپاكیكردنه له عیشقه گه‌وره‌كان كه مرۆڤ به‌ره‌و شه‌قامی ئارامی ده‌به‌ن , ئارامی به مانای پشوودان نایه‌ت , به مانای بیركردنه‌وه‌ی قوڵتر و تێگه‌یشتنی باشتر دێت . گه‌ڕان به‌دوای ئارامی , نامانگه‌یه‌نێته هیچ ئارامییه‌ك . ئارامی شتێك نییه به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت تا به‌دوایدا بگه‌ڕێین , به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی كاره‌كانمانه .
كاڵبوونه‌وه‌ی ڕووه دزێوه‌كه‌ی دونیا له دیدی هه‌ر یه‌كێكمان , ده‌ركه‌وتن و گه‌شانه‌وه‌ی ڕووه جوانه‌كه‌ی دونیا به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ . كه ده‌گه‌ینه جوانییه‌كانی دونیا , تێده‌گه‌ین دزێوییه‌كانی دونیا چه‌ند ئازار به‌خشن , كه ده‌گه‌ینه ئارامی ڕاسته‌قینه , تێده‌گه‌ین ئارامی ڕووكه‌ش چه‌ند دزێوه .
ده‌كرێ له هه‌ندێك باردا ڕووه دزێوه‌كه‌ی دونیا بكرێته كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به ڕووه جوانه‌كه‌ی دونیا . ده‌كرێ ئارامی ڕووكه‌ش وه‌سیله‌یه‌ك بێت بۆ گه‌یشتن به ئارامی ڕاسته‌قینه . ئه‌وه‌تا شیعری (ڕیلكه) مۆركێكی ئارامبه‌خشی تیایه , ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ژیانی (ڕیلكه)یه كه ته‌ژییه له ململانێی نێوان دڵه‌ڕاوكێ و دڵنه‌وایی . (ڕیلكه) له قه‌سیده‌ی (بازنه‌كانی شه‌و)دا ده‌ڵێ :
(( ژیانم له‌نێو بازنه فراوانه‌كاندا ده‌به‌مه سه‌ر
له‌نێو كۆمه‌ڵێك شتی درێژه‌وه‌بوو
ڕه‌نگه نه‌توانم بازنه‌ی كۆتایی ته‌واو بكه‌م
وه‌لێ هه‌وڵده‌ده‌م ))
دونیا له شیعره‌كه‌ی (لازۆ)دا نزیكه له مه‌رگ . نزیكبوونه‌وه له مه‌رگ , مانای بوونی ژیانێك ده‌دا , ژیانێك كه به مه‌رگ كۆتایی دێت . كه مه‌رگ دێت و كۆتایی به ژیانێك ده‌هێنێ , ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه , ئێستای مه‌رگ و ڕابردووی ژیانه .ئه‌وه‌ی بوونی ژیانێك ده‌سه‌لمێنێ, مه‌رگه , ئه‌وه‌شی ناسنامه به مه‌رگ ده‌دا , ژیانه . ژیانێك كه له‌نێوان دوو مه‌رگدایه , هه‌میشه نزیكتره له مه‌رگی دووه‌مینه‌وه, به‌هۆی ئه‌و مه‌ودایه‌ی له‌نێوان مه‌رگی یه‌كه‌مین و مه‌رگی دووه‌میندا هه‌یه .مه‌رگی دووه‌مین مه‌رگێكی موگناتیسییه و هه‌موو شتێك بۆ خۆی كێش ده‌كا به مه‌رگه یه‌كه‌مییه‌كه‌شه‌وه , مه‌رگه یه‌كه‌مییه‌كان ئه‌و مه‌رگانه‌ن له ماوه‌ی ژیانماندا ده‌یانچێژین , مه‌رگی دووه‌مین ئه‌و مه‌رگه‌یه له كۆتایی ژیانماندا ده‌یچێژین كه به مانای كۆتایی و نه‌مان دێت .
((ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌نده مه‌رگ نزیكه ؟
ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌نده ئاسمان نزیكه ؟
ئه‌وه تۆ بۆ ئه‌وه‌نده دووری ؟
برینمان تێكه‌وت و خوێنمان دره‌وشایه‌وه
عه‌شقمان ژاكا و ڕه‌شمان پۆشی ))(پاشای خه‌مبار)
بوونی برین و خوێنی دره‌وشاوه , ئازارێكی نائاسایی به‌یان ده‌كه‌ن . عه‌شقی ژاكا و ڕه‌شپۆشی , خه‌فه‌تێك مانیفێست ده‌كه‌ن . ئه‌وكاته‌ی خۆشی له شیعری (لازۆ)دا هه‌وڵده‌دا جێگای خه‌فه‌ت بگرێته‌وه , كرده‌ی جێگۆڕكێ ڕووده‌دا , وه‌لێ خۆشی جێگای خه‌فه‌ت ناگرێته‌وه , ئه‌وه‌ی جێگای خه‌فه‌ت ده‌گرێته‌وه , خه‌فه‌تێكی تره . ئه‌و خه‌فه‌ته تازه‌یه باڵاده‌سته و كۆی شیعره‌كه داده‌پۆشێ به په‌رده‌یه‌كی ته‌نك كه له‌ودیو ئه‌و په‌رده‌یه‌دا شتگه‌ل ده‌بینین , به‌تایبه‌تی خۆشییه كپ كراوه‌كان و شادییه گۆڕاوه‌كان , ئه‌و شادییانه‌ی گۆڕاون بۆ خه‌فه‌تێكی دێرین و سامناك . له‌و ئاسته‌دا له شیعری (لازۆ)دا هه‌ست به میتافۆڕ ده‌كه‌ین . زمانی ئه‌ده‌بی له سروشته میتافۆڕییه‌كه‌یدا جێی ئاماژه‌یه‌كی تر ده‌گرێته‌وه و ڕاسته‌وخۆ قسه ناكا له‌سه‌ر بابه‌تێك , ئه‌مه‌ش دیده‌كه‌ی (دێمان)ه كه بۆچونه‌كانی له‌مه‌ڕ میتافۆڕه‌وه بۆ (نیتشه) ده‌گه‌ڕێنه‌وه . ئه‌و دیده بۆ دونیا كه له شیعره‌كه‌ی (لازۆ)دا هاتووه , وا ده‌كا زیاتر بیربكه‌ینه‌وه , ئه‌مه‌ش ئامانجه‌كه‌ی (نیتشه) بوو له كتێبی (ویستی هێز)دا كه زۆر كه‌س به باشترین ده‌قی (نیتشه)ی داده‌نێن , چونكه فیكری ئه‌و له‌و كتێبه‌دا ده‌گاته لوتكه .هه‌ڵبه‌ت (نیتشه) له ماوه ژیانیدا چاپ بوونی كتێبه‌كه‌ی نه‌بینی , دوای مردنی كه چاپكرا , له‌سه‌ر كاغه‌زێك (نیتشه) نووسیبووی : ئه‌و كتێبه بۆ بیركردنه‌وه‌یه ,ته‌نها بیركردنه‌وه. (ویستی هێز) بریتییه له هێزێكی تایبه‌تی مرۆڤ , جه‌وهه‌ری ئه‌و كاره چه‌سپاندنی به‌هایه . ژیانی تاك و كۆمه‌ڵ بریتییه له بوونی به‌هایه‌ك , هه‌ر ئه‌وه‌شه مرۆڤ ده‌كاته مرۆڤ . ژیان بریتییه له زاڵبوون به‌سه‌ر (خود)دا , به‌هایه‌ك كه له خزمه‌تی ژیان دایه , مه‌رجی ئه‌و ژیانه‌یه , ژیان په‌یوه‌سته به به‌هاوه و به‌هاش مه‌رجی بوونی خۆیه‌تی . لێره‌دا ژیان و به‌ها هه‌ڵگری مۆركی ئه‌و شته نین كه هه‌یه , هه‌ڵگری مۆركی ئه‌و شته‌ن كه ده‌بێت هه‌بێت .
(( ماریانا!
زه‌رده‌خه‌نه‌ت به‌ربوونه‌وه‌ی سێوێكه
بۆ به‌رده‌م نیوتنه‌كه‌ی موحیبه‌ت
دوو دڵیت كرمێبوونی هه‌رمێیه‌كه له چاوه‌ڕوانی
ده‌سته‌كانی گۆدۆیه‌كدا
ماڵئاوایت تێپه‌ڕینی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكه)) (تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ , له : 134)
به‌ربوونه‌وه‌ی سێوه‌كه‌ی نیوتن ئاماژه بوو بۆ هێزی كێش كردنی زه‌وی , زه‌رده‌خه‌نه‌كانی یاریش ئاماژه‌ن بۆ بوونی هێزی كێش كردنی پیاوێكی عاشق كه شاعیر خۆیه‌تی . زه‌رده‌خه‌نه‌كانی یار وا له شاعیر ده‌كه‌ن , هه‌وڵی ڕاكێشانی یار و نزیكبوونه‌وه له یار بدا . (له چاوه‌ڕوانی گۆدۆ)دا ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی (بێكێت)ه كه زۆر باسی ده‌كرێ .شاعیر دوودڵی یار ده‌چوێنێ به‌و هه‌رمێیه‌ی له چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی گۆدۆدا كرم ده‌یگرێ و گۆدۆش هه‌ر ناگات . خود چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر یاردا بێت , له پێناوی ئه‌و ئامانجه‌شیدا , په‌نا بۆ قسه‌كردن ده‌با . كرده‌ی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ یارێكی دوودڵدا , كرده‌یه‌كی شیعرییه و قابیلی هه‌وڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه له ڕوانگه و سوچ و كون و كه‌له‌به‌ری جیاوازه‌وه . له سه‌ره‌وه‌دا یار كه‌سێكی دوودڵ و به گومانه . مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون له شته دووباره‌كان , هانا بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانی گومان ده‌با , وه‌لێ له هه‌ندێك باردا , خودی گومانیش به گومانه لێمان .(گومانكاران) وه‌كو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی یۆنانی پاش (ئه‌رستۆ) , له سه‌ده‌ی چواره‌م و سێیه‌می به‌ر له زاین خوڵقا و تا سه‌ده‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می زاینی درێژبوویه‌وه . له‌وێدا بڕیار و هاودژی یه‌كێكن و مه‌حاڵه بتوانین بڕیار له‌سه‌ر شته‌كان بده‌ین . بێ بڕیاری هێمنی و شادی و به‌خته‌وه‌ری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ , ڕاستییه‌كانیش چه‌سپاوییان بۆ نییه . ئه‌و دیده گومانكارانه‌یه تووشی به‌یه‌كداكه‌وتن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕێبازی ژیرایه‌تی . له‌وێدا هۆش به بێ تاقیكردنه‌وه له ڕاستی جیهان تێده‌گات و تواناداری عه‌قڵی مرۆ ڕاستی و زانیارییه‌كان ڕێكده‌خا و ڕاستی نوێ دێته پێشه‌وه .
((ڕۆژه دووباره‌كان بێره‌دا ڕه‌تبوون
سه‌ربازه‌كان بێره‌دا نائومێدییان پرژاند
من ده‌چوومه زیاره‌تان
به‌ردی وردم ده‌نا به كێلی پیاوچاكانه‌وه
بۆ یه‌كه‌م به‌رد خواستم ببمه ده‌زگیرانی پاشا))
خود به گومانه له گه‌یشتن به پاشا , ناچار هانا بۆ كێلی پیاوچاكان ده‌با , ئه‌مه ڕێگای گه‌یشتنن به یار بۆ خود كورتده‌كاته‌وه (گه‌یشتن به ئه‌ویتر) . ئه‌وكاته‌ی سه‌ربازه‌كان نائومێدییان لێده‌پرژێ , به‌شێك له‌و نائومێدییه به‌ر خودیش ده‌كه‌وێ له بابه‌تی گه‌یشتن به پاشادا . ئامانجی یه‌كه‌می خود گه‌یشتنه به پاشا و ئامانجه‌كانی تریشی په‌یوه‌ستن به قۆناغی دوای گه‌یشتن به پاشا . ئه‌وكاته‌ی خود به ئه‌ویتر ده‌گات , خۆزگه‌ی گه‌یشتن ده‌گۆڕێ بۆ خۆزگه‌ی په‌یدابوون , په‌یدابوونی منداڵ . لای (شۆپنهاوه‌ر) عاشقان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون له‌لایه‌ن بلیمه‌تی جنسی به‌شه‌رییه‌وه .له‌و ئاسته‌دا چێژ واتای حه‌زی خستنه‌وه‌ی وه‌چه ده‌گه‌یه‌نێ و دوو عاشقه‌كه له خزمه‌تی خستنه‌وه‌ی وه‌چه‌دان . خود مه‌به‌ستیه‌تی ژیانێكی چاك دروست بكات , ئه‌وه‌شی ئه‌و ژیانه بینا ده‌كا , هاتنی پاشایه . ئه‌و ژیانه خۆشه‌ی خود دوای كه‌وتووه, په‌یوه‌سته به چێژه‌وه و خود هه‌وڵی ده‌ستكه‌وتنی چێژ ده‌دا كه ئه‌مه له كایه‌ی فه‌لسه‌فیدا باسیكراوه و (ئه‌بیكۆر)یش دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌یه له‌و بابه‌ته دواون و پێیوایه ژیانی خۆش ته‌ژییه له چێژ , وه‌لێ ئه‌و چێژه‌ی خود داوای ده‌كا , چێژێكی ئاسایی نییه , چێژێك نییه به مانا ته‌قلیدییه‌كه , به‌ڵكو به‌ستراوه‌ته‌وه به ئازاره‌وه . خود چێژ له‌و ئازاره وه‌رده‌گرێ كه له‌پێناوی هاتنی پاشادا ده‌یكێشێ , چێژ له‌و ئازاره وه‌رده‌گرێ كه له ده‌ره‌نجامی قوربانیدان له‌پێناوی ئه‌ویترێك كه پاشایه تووشی ده‌بێت . (لازۆ) ده‌ڵێ:
(( هه‌ر كه پاشا هات من به‌پێی په‌تی ڕام كرد بۆ كۆڵان
به كچه‌كانی گه‌ڕه‌كم گوت : پاشا هاتووه بۆ دیده‌نیم
پاشاااااااااااا…
كچێنی خۆمی له‌به‌ر پێدا سه‌ر ده‌بڕم ))
*بگه‌ڕێوه بۆ : الصوفیه والسوریالیه , ادونیس , دار الساقی , بیروت , 1992
سه‌رچاوه‌كان :
1- تۆ مه‌چۆ بۆ شه‌ڕ , ماردین ئیبراهیم , شیعر , له زنجیره بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس , 2013
2- پاشای خه‌مبار , لازۆ , شیعر , ئیتاڵیا , 2006
3- الصوفیه والسوریالیه , ادونیس , دار الساقی , بیروت , 1992
4- ه . استیوارت هیوز , اندیشه اجتماعی (1930-1965) , ترجمه : عزت الله فولاوند , تهران , چاپ اول , 1377
5- Vi ci no .All a fine s tra , Introduzione di: Dario antiseri,Italia , 1977
6-ApArta men to , , Introduzione di : Fernanda pivano, Italia, 1982
سه‌ره‌نج : ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌م به دوو به‌ش له ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه