Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
بارزانی له‌ ئامه‌د وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئازاره‌كانمان

بارزانی له‌ ئامه‌د وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئازاره‌كانمان

Closed
by November 17, 2013 گشتی

 

 

 

 

كوردبون و ئازار پێكه‌وه‌ن , ئه‌گه‌ر ئه‌م پێكه‌وه‌بوونه‌ ئه‌زه‌لیش نه‌بێ‌ , ئه‌وا ده‌مێكی ئێجگار دورودرێژی دیرۆكییه‌ هاوته‌ریب به‌توله‌ڕێگه‌ و سه‌ختییه‌كانی مێژوودا گوزه‌رده‌كه‌ن . ئازار خه‌سڵه‌تێكی بنچینه‌یی و ئۆنتۆلۆژیانه‌ی بونی كورده‌. ئێمه‌ به‌ئازاردا ئه‌ناسرێینه‌وه‌. ئازار بووه‌ته‌ شوناسی بونی نه‌ته‌وه‌ییمان .                                                                                                                                 

ڕه‌نگه‌ گرینگ بێت سه‌رنج بده‌ینه‌ ئه‌وه‌ی ئازار نه‌به‌ته‌نها له‌ده‌ره‌وه‌ی بونی ئێمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ , نه‌به‌ته‌نهاش هه‌ڵقوڵاوی ناوه‌وه‌ی خۆمانه‌ . ئازار چه‌نده‌ ده‌توانێت ڕه‌وشێكی ناخه‌كییانه‌ی مرۆڤی كورد خۆی بێ‌ , ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌كارێ‌ وه‌ك كاریگه‌رێكی ناناخه‌كیانه‌ و ده‌ره‌وه‌یی خۆنمایشبكا. به‌ڵام خۆده‌رخستنی ئازار وه‌ك كاریگه‌رێكی ده‌ره‌كی ناتوانێت مرۆڤی كورد له‌به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانی خۆی له‌ئاست بون و چاره‌نوسی بونی خۆیدا ڕه‌ها و قوتاربكا , له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر كاریگه‌رێكی ده‌ره‌وه‌یی په‌لامارده‌ر بۆ سه‌ر ئێستا و ئاینده‌ی مرۆڤی كورد دواجار مه‌رجداره‌ به‌ ڕه‌وشی ڕاسته‌قینه‌ی بونی مرۆڤی كورد خۆیه‌وه‌ ؛ ئایا ئه‌م بونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ تاچه‌نده‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابنرێت ؟ هه‌ر ئه‌م پرسه‌ به‌رپرسیارێتی مرۆڤی كورد یان به‌رپرسیارنه‌بونی ئه‌و له‌به‌رانبه‌ر بونی ئازاری ده‌ره‌كیدا ساغده‌كاته‌وه‌ , خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م مرۆڤه‌ به‌شی ئه‌وه‌نده‌ لاواز نه‌بوایه‌ و به‌راده‌یه‌ك نه‌رمنه‌بوایه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م كاریگه‌رییه‌كاندا خۆی نه‌وی بكا , ئه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كانیش هێنده‌ كاریگه‌ر نه‌ده‌بون وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هه‌نوكه‌دا هه‌ن.                                                                                                                                                                    

 ئه‌گه‌ر بونی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر مرۆڤێك له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ خودان ره‌سه‌نایه‌تی بێ‌ هه‌رگیز قبوڵی دیارده‌ی ناته‌وه‌یی ناكا , مه‌به‌ست له‌دیارده‌ی ناته‌وه‌یی قبوڵنه‌كراو ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و دیارده‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ نییه‌ , به‌ڵكه‌ مه‌به‌ست له‌ قبوڵنه‌كردن و ره‌تكردنه‌وه‌ی دیارده‌ و بونێكی نانه‌ته‌وه‌یی و ناڕه‌سه‌نه‌ كه‌ خۆی وه‌ك نماینده‌ و به‌رجه‌سته‌كاری بونێكی نه‌ته‌وه‌یی ره‌سه‌ن پیشانبدات .                                                  

بونی نه‌ته‌وه‌ بونێكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ره‌وه‌ی بونی خێڵ و هۆز و بنه‌ماڵه‌وه‌. بونی نه‌ته‌وه‌ دژبه‌ری بونی خێڵه‌كیانه‌یه‌ و هه‌رگیز خێڵ و بونێكی خێڵه‌كی ناتوانێ‌ هه‌ڵگری ره‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بێت , هه‌رگیز ناتوانێ‌ ببێته‌ دیارده‌ و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی بونێكی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌سه‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ سه‌رۆك یان هاونه‌ته‌وه‌ییه‌كی ئاسایی بێ‌ , به‌ڵام ناتوانابێت له‌ هه‌ڵگرتن و قبوڵكردنی مه‌رجه‌كانی بونێكی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌سه‌ن و هێشتا ماڵی خه‌سڵه‌ت و توخمه‌كانی خێڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌چێتی بێ‌ , ئیدی ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ده‌ر له‌ بونێكی ناره‌سه‌ن ناكرێ‌ خاوه‌ن شوناسێكی دیكه‌ بێت.           

ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی        
Previous
Next