پاسى نەسر … نەوزاد بەندى
بەیانییەک ،
بە پەلەپڕوسکێ،
کراسى سپى
پانتۆڵى خۆڵەمێشیى
چاکەتى نیللیم ، پۆشى ..
تامى نان و چا وشکەکەیش ،
ئازارى قوڕگى ئەدام ..
ئەو بەیانییە تەم دابەزیبو ،
بە بێ دەنگ ،
بە کۆڵانەکانى حەى مەعاریزدا ،
پیاسەى ئەکرد ..
ئینزیباتەکان نەیانئەزانى چۆن داواى هەویەى لێبکەن ؟
چۆن چەند شەوێ بیکەنە ژوورەوە .. ؟!!
هاتمە دەرێ ..
لە بەشى ناوخۆیى بیست و حەوت ..
شوقەى پێنج..
ژوورى سێ ..
سڵاوێکم لە تەم کرد و
دەنگى ڕیشۆڵەکان ،
ئەوەیان بیر خستمەوە کە تۆزێکى تر ،
ماجیدە ڕومى و
پاسى نەسرى سوور و
گۆرانى : مەحەدا بیعەبى ،
چاوەڕوانم ئەکەن ..
هێواش – هێواش تەم ،
یەخەى کۆڵانەکانى موسڵى بەر ئەدا و
منیش ،
لە لابوورەکانى بایۆلۆجیدا ،
سەرقاڵى جنسى مێروویەک بوم ..
یان ئەمویست یادگارییەکانى گەڵایەک بخوێنمەوە ،
بزانم لە چ وەرزێکەوە ،
لە چ درەختێکەوە ،
تەشریفى هێناوە ؟
( برنج و فاسۆلیا سارد و سڕەکەى
مەرکەز توڵابى ..
سەرئێشە ناوەختەکەى نیوەڕوان ..
تۆز و خۆڵە هەمیشەییەکەى غەریبى .. )
ئاگام لێ بو ،
شیعرێ خۆى کرد بە بەشى ناوخۆییدا ،
پێى وتین : غەریبیتان باش گەلۆ !
عاجز مەبن ئەگەر بڵێم ،
ئەم شەوانە ،خۆشترین ڕۆژەکانتانن ..
چاوەڕوانتانە ڕەفیق حیزبیەک لەبەردەم زانکۆ ،
بۆ ئەوەى خەونە پەمەییەکانتان ،
خەڵوزاوى کا ..
( دیجلە وتى : نەخێر ..
من ناهێڵم خەونە ترش و شیرینەکانى زانکۆ ،
تێکەڵاوى ڕەژوو بن ..)
ساڵان هاتن ..
ساڵان ڕۆیشتن ..
نەک هەر خەونەکانمان بوون بە ڕەژوو ،
تەنانەت دیجلەیش داخڵى قائیمەى وشکە ساڵیى بوو ..