Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

حکومەتی ئایندە و قەیرانی مەشروعییەت…!

Closed
by November 25, 2013 گشتی

 

 

 

 

پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان، شێوازو چۆنیەتی ئەو حکومەتە.. بابەتێکە ئەم ڕۆژانە هەرەزێدە قسەی لەسەر دەکرێت. بەڵام جێگای سەرسوڕمانە! گرنگترین خاڵێک کە سەرتاپای کێشەو بابەتەکان لەخۆی دەگرێت کەموزۆر باسی لێوەناکرێت. ئەویش پرسی مەشروعیەت و نوێنەرایەتیە.

ئەگەر بپرسین مەشروعیەت، لەپەیوەندیی بەدەسەڵاتی سیاساییەوە لای کێیە..؟ هەمووان وەڵام دەدەنەوە لای ئەو کەسەیە کە هەڵبژاردن دەباتەوە..! ڕاستیەکەشی هەروایە. بەڵام ئەمە وەڵامێکی گشتییەو لەبواری کرداریدا لکوپۆپ و وردەکاریی زۆری لێ جیادەبێتەوە.

لەجیهانی دیموکراسیدا حزب ئەو دەزگایەیە کە هەبوونی لەپەرلەماندا بەرجەستە دەبێت و دەچەسپێت. ئەو حزبەی کە لەپەرلەماندا دەبێتە خاوەن کورسی، تەواوی ڕێبەرو سەرکردایەتی و مەکتەبەسیاسییەکەی لەوکەسانە پێکدێن کە هەڵبژێردراون. و لەدەرەوەی ئەوکەسانەو دەرەوەی پەرلەمان، حزب هیچ ڕێبەرایەتییەکی نییە. نەسەلاحیەتی دەرکردنی هیچ بڕیارو یاسایەکی هەیەوەو نەڕەتکردنەوەشیان. 

لەئەمەریکا  ڕێبەرایەتی دووپارتی دیموکراتخوازو کۆماریی ، تەنیا ئەندامەکانی کۆنگرێسن و لەدەرەوە، ئەوەی هەیە تەنیا ڕۆڵی ڕاوێژکاریی دەگێڕن و بەس.  ئەمە لەبەریتانیا، ئەڵمانیا، سوێد، تورکیا، و ئیسرائیل.. و تەواوی وڵاتانی تری خاوەن دامودەزگای دیموکراسیش هەر بەم جۆرەیە.

بەڵام لەکوردستان ئەندامی پەرلەمان ئەو کارمەندە بێدەسەلات و بێچارەیە، فەرمان لەکەسێکی تر وەردەگرێت کەهیچ کەس هەڵی نەبژاردووەو کەسێک متمانەی پێ نەبەخشیوە.

پەرلەمانتار، بەحوکمی ئەوەی هەڵبژێردراوی خەڵکە. بەرزترین پێگەی یاسایی هەیە. و پەرلەمان بەرزترین دامەزراوەی سیستەمی دەسەڵاتە. بەڵام لەکوردستاندا لەناو گشت ئەرکەکانی پەرلەماندا تەنیا یەکێکیان بەباشی ڕادەپەڕێنرێت ئەویش بەخشینی مەشروعیەتە بەسیستەمی دەسەڵات. و باقی کارەکانی لەچوارچێوەی سنووری ڕواڵەت دەربازنابێت. و بەبێ هەبوونی پەرلەمانیش پارتە سیاسییەکان دەتوانن کارەکان بەمجۆرەی ئێستا ڕاپەڕێنن و بەگشتی پەرلەمان جگە لەڕواڵەتێکی خەڵەتێنەر شتێکی تر نییە.

 لەجیهاندا سێ جۆر پەرلەمان هەیە: یەکەم/ پەرلەمانی داڕێژەری سیاسەت. Policy making parliaments. دووەم/ پەرلەمانی کاریگەر لەسەر سیاسەت. Policy influential parliaments سییەم/ پەرلەمانی ژێر دەسەڵاتی دەزگای ڕاپەڕاندن. Executive dominated parliaments. بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان، نەسیاسەت دادەڕێژێت. و نەهیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەت هەیە. و نەلەژێر کارییگەریی دەزگای ڕاپەڕاندنیشدایە. بەڵکو هەم پەرلەمان خۆی و هەمیش دەزگا ڕاپەڕاندنەکەی، لەدەزگایەکی حزبی گوێ لەمست بەولاوە هیچی تر نین. و ئەم ڕاستییە هەم هیزی دەسەڵاتدارو هەمیش ئۆپۆزسیۆن دەگرێتەوە. ئەوەی بڕیاردەدات و سیاسەت دادەڕێژێت، و کاریگەری لەسەر سیاسەت دادەنێت، بەپلەی یەکەم سەرۆکی حزبەکان و پاشانیش ئەندامانی مەکتەبی سیاسین، کەئەندامی پەرلەمان نین. و لێرەدا جێگای خۆیەتی بپرسین دەی کەواتە هەڵبژاردن و ئەم هەموو هەراوهوریایە لەپێناوی چیدایە..؟

دیموکراسی پرۆسەیەکی فرە ڕەهەندو بنەمایە. بەڵام لەهەموو ئەو بنەمایانە گرنگتر، هەڵبژاردنە. کەواتاو چەمکەکەشی لە پرسی نوێنەرایەتیدا خڕدەبێتەوە. دەنا ئەگەر نوێنەرایەتی بەوجۆرەبێت کەلەباشووری کوردستاندا پەیڕەودەکرێت بێ بایەخ و بێ ڕۆڵی کارا.. لەگەمەیەکی بێواتاو فریودانی خەڵک بەولاوە هیچ واتایەکی تری نییە.

حزبوڵڵای لوبنان، لەلیستی تێرۆری وڵاتانی ڕۆژئاوادایە. بەڵام ئەم وڵاتانە، بێ هیچ گرفتێک مامەڵەو دیدار لەگەڵ نوێنەرەکانی ئەم حزبە لەپەرلەمانی لوبناندا دەکەن. چونکە نوێنەرایەتی خاوەن پایەو بایەخی هەرە بڵندی یاساییە. و لەبەر ئەوەی هیچکات ناکرێ و ناشێ گروپێکی گەورە لەخەڵک بایکۆت بکرێت و یەک حوکمی بەسەردا بدرێت. کەواتە نوێنەرەکەی ئەو خەڵکەش هەروا.

کێشەی مەشروعیەت و نوێنەرایەتی، تەنیا بەپەرلەمان سنووردار نابێت بەڵکو سەرۆکایەتی هەرێمیش دەگرێتەوە..! بەڕێز مەسعود بارزانی بەرلەوەی لەئاکامی هەڵبژاردنەوە ببێتە سەرۆکی شەرعی هەرێم، بەکردەوە هەر سەرۆک بوو! خاوەن وتەو بڕیاری کۆتایی و بەنوێنەرایەتی خەڵک سەفەری بۆ وڵاتان دەکردو دیداری لەگەڵ بەرپرساندا ئەنجامدەدا. ئێستاش دوای ئەوەی ماوەی ئەم سەرۆکایەتییە، پاش دوو، یان شەش، یان چەندساڵی تر… کەماوەکەی کەس ناتوانێ پێشبینی بکات، کەی کۆتایی دێت، دیسان هەرسەرۆک دەبێت. چونکە بەپێی ئەم سیستەمەی لەم هەرێمەی ئێمەدا حوکمڕانە، مادام ئەو هەرسەرۆکی پارتییە، کەواتە هەڵبژێردابێ یان یان نا، ئەو سەرۆکی هەموو شتەکانی تریشە.

ئەمە هێشتا تەواوی کارەکە نییە. بەڵکو مامەڵکردن لەگەڵ دەسەڵات و خراپ بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە.. دیوێکی تری قەیرانی حوکمڕانی و تێکەڵ پێکەڵی کاروبارەکانە.

پارتی و یەکیەتی هەریەک لەناوچەکەی خۆی، بەدوو شێواز دەسەڵاتیان لەدەستدایە: یەکەمیان شێوازە ئاشکراو بەیاسا داپۆشراوەکەیە. کەلەدامودەزگاگەلی وەک پەرلەمان، وەزارەت، ئەنجومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا بەدیاردەکەوێت و پەیڕەودەکرێت… دووەمیان، شاردراوەیەو بەهەموو جومگە سەرەکییەکانی هێزودەسەڵاتدا وەک، هێزەکانی پێشمەرگەوپۆلیس، دەزگای قەزایی، دەزگاگەلی موخابەراتیی و جاسوسی، سەرچاوەکانی دارایی، تەنانەت دامودەزگاکانی تری وەک: زانستگا، ئەوقاف، ڕاگەیاندن، ساندیکاو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا…بڵاوبۆتەوە. گەورەترین پرسیار لەم ناوەدا ئەمەیە کە کەئەگەر هەر یەک لەم دوو پارتە، دەسەڵاتە یاساییەکەی لێ بسەنرێتەوە، مەماڵەکردنی لەگەڵ دەسەڵاتی دووەم کەسەبارەت بەخۆی کاراترو گرنگترە چی بەسەردێت…؟

ئەوەی لەم ناوەدا هەست پێدەکرێت، ئەمەیە هیچ کام لەم دووپارتە تەنانەت هەڵبژاردنیش بدۆڕۆنێت، هەروا خۆبەخشانە دەسەڵات جێناهێلێت. چونکە دۆخێک دێتە ئاراوە کە پێشبینی ناکرێت چۆن دەبێت..! هەر لەبەر ئەمەشە کەیەکییەتی ناتوانێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ زۆرینەی گۆڕان جێهێڵێت. دیسانیش هەر لەبەر هەمان هۆکارە کە جارێکی تر بێ مەرج و بەکراسی بەریەوە خۆی لەپارتی مارەکردەوە. و گەرچی هەمووانیش دەزانن کەبەهای بەشدارییکردنی ئەمجارەی یەکیەتی لەدەسەڵات (مەگەر بەچەند پێشمەرجەوە) گەلێک گرانتردەبێت. و وا پێشبینی دەکرێت یەکییەتی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا هێشتا بەرەو پووکانەوەو شۆڕبوونەوە خوارتر بڕوات. بەڵام، پێدەچێت بەلای سەرکردایەتی یەکیەتییەوە، دەسەڵات  بۆ ئەمڕۆ، لەجەماوەر بۆ دوای چوارساڵ گرنگتر بێت..!

لەمەوە بەئاسانی دەتوانین پەی بەڕاستییەک ببەین کە کابینەی داهاتوو، هەرحزبێک لەخۆی بگرێت لەکابینەکانی پێشووتری باشتر نابێت. و هەرچاوەڕوانییەکی تر لەجێگای خۆیدانابێت و تەواوی گرفت و کێشەکانی پەیوەستەی چۆنیەتی بەڕێوەبەرایەتی، و پەیڕەوکردنی دەسەڵات، دزی و گەندەڵیی، پێشێلکردنی یاسا، بێعەدالەتیی، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پەیوەندیی بەوڵاتانی دراوسێی هەرێم، جیاوازیی نێوان گوفتاروکردار…چۆن بوون خراپتر دەبن و هیچ گۆڕانکارییەک بەرەو باشی نابێت. چونکە سیستەمەکە لەمە بەولاوەتری بەبەرەوە نییەو خەمی پارتەسیاسییەکانی کوردستان، بەوانەوە کەلەدەسەڵاتداو ئەوانەش کەلە ئۆپۆزسیۆندا بوون ئەمەنییە چۆن هەرێمی کوردستان لە پەراوێزەوە بگوازنەوە بۆ قوڵایی دیموکراسیی..!  بەڵکو خەمی ئەوان چۆنیەتی بەرفرەکردنی دەسەڵاتی حزبی و گەیشتن بەدەسەڵاتی سیاسیی و پاراستنی ئەو دەسەڵاتە. و دابەشکردنی پارەو پلەوپایەیە…

 

 

٢٤-١١-٢٠١٣

    دارا مەحمود

    darachimen@hotmail.com

Previous
Next