Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
کێ شه‌م و کێ په‌روانه‌یه …. پۆڵا سەعید

کێ شه‌م و کێ په‌روانه‌یه …. پۆڵا سەعید

Closed
by November 27, 2013 گشتی

 

 

 

 

زۆر شت هه‌ن، که نامانه‌وێت له‌بیرمان بمێنن، چونکه ئازارمان ده‌ده‌ن. چه‌ند خۆمانیان لێ لابده‌ین، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ک سێبه‌ر به‌دوامانه‌وه‌ن، تا ڕۆژێک دێت هه‌ڵمانده‌گرن و توانای کردنی هیچمان نابێت له به‌رانبه‌ریدا. زۆر شتی تر هه‌ن، که هه‌میشه بیریان لێده‌که‌ینه‌وه، چونکه خۆشیی پێداوین، به‌خته‌وه‌ری کردووین، ئه‌مانیش ڕۆژێک دێت هه‌ڵمانده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ین، که ئه‌مجاره به‌دوایاندا ده‌ڕۆین و پێیان ناگه‌ین، ئیدی لێره‌وه ئازاره‌کان ده‌ستپێده‌که‌ن، ئیدی لێره‌وه خه‌مبارییمان ده‌ماننووسێته‌وه، ئیدی لێره‌وه ئه‌وان نه‌مرن، ئیدی لێره‌وه ژیانێکی مێرانکۆلیی ده‌ژیین.

له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ست و چاره‌نووس و فونکسیۆن بکه‌م. ده‌مه‌وێت له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه ئه‌نالیزه‌یه‌کی ئه‌و فونکسیۆنانه‌ی مرۆڤ بکه‌م، که زۆرجار تووشی تووڕه‌بوون، خه‌مباریی و تووشی هه‌بوونی ئاره‌زوومه‌ندێتیی مردنی ده‌کات. ژیانی نه‌ک به‌ته‌نها مرۆڤ، به‌ڵکوو ته‌واوی بوونه‌وه‌ره‌کانی گه‌ردوون پێکهاته‌کن له کۆیه‌ک فونکسیۆن، هه‌ر ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که بۆ نموونه دوو مرۆڤ به ڕێککه‌وتێک به‌یه‌ک ده‌گه‌ن و به‌خته‌وه‌رییه‌کی گه‌وره و خۆشه‌ویستییه‌کی گه‌وره له‌نێوانیاندا دروستده‌بێت و پاشان لێکدوورده‌که‌ونه‌وه. لێره‌دا به یاسای سروشت هیچ شتێک به ڕێککه‌وت ڕوونادات، به‌ڵکوو هه‌موو ڕوودانێک، پێکگه‌یشتنێک، که ناو ده‌نرێت ڕێککه‌وت “زین،Sinn “ی خۆی هه‌یه، مرۆڤه‌کان لێره‌دا هیچ نین بێجگه له فونکسیۆنێک، ئامانجی هه‌موو فونکسیۆنێکیش کارکردنه، گۆڕانه، به‌رهه‌مهێنانی شتێکی تره.

ڕێککه‌وت و زینی ژیان:

پێکگه‌یشتنه‌کان به ته‌نها له خۆشه‌ویستییدا بوونیان نییه، به‌ڵکوو گشتگیرن و له تووندوتیژییشدا خاوه‌نی زینی خۆیانن وه‌ک فونکسیۆن. زیاده‌ڕه‌ویی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا هه‌تاوه‌کوو ئێستا هیچ که‌سێک له‌دایک نه‌بووه، که وه‌ک “ڤیکتۆر فرێنکل، Viktor E. Frankl”، له پێکگه‌یشتن، ڕوودان، ڕێککه‌وت و فونکسیۆن تێگه‌یشتبێت. ڤیکتۆر به ته‌نها پزیشکێک، ده‌روونناسێک، نووسه‌رێک نه‌بووه، به‌ڵکوو فونکسیۆنێک بوو له مێژووی کۆنتسێنتراتسیۆن لاگه‌ر و جه‌نگی جیهانیی دووهه‌مدا. ئه‌و وه‌ک یه‌هوودێک قوربانییه‌‌ک نه‌بوو، به‌ڵکوو فوکسیۆنێک بوو له “سینشۆرنیزاتسیۆنی کۆنتسێتراتسیۆن لاگه‌ره‌کانی نازییدا”. ڤیکتۆر له‌ناو ئه‌و هه‌موو تووندوتیژییه‌ی نازییه‌تدا هێشتا ده‌ڵێ، به‌ڵێ بۆ ژیان، چونکه ئه‌و ته‌واوی ئه‌و هه‌موو ئازارانه به خاوه‌ن زین و به فونکسیۆنێکی ژیان ده‌زانێت. 

له مێژووی ژیانی خوێندنه‌و‌ه‌مدا دوو نووسه‌ر هه‌ن، که ئێره‌ییم پێبردوون و خوازیاربووم له ناخه‌وه، که من خۆم ئه‌و تێزانه‌م بنووسیبایه نه‌ک ئه‌وان، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی، که ده‌قه‌کان ته‌واو له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی مندا لێکچوون. نووسه‌ری یه‌که‌میان پاولۆ کۆیلۆیه، که له به‌رهه‌می “جه‌نگاوه‌ری ڕووناکییدا”، هه‌موو ئه‌و بیرکردنه‌وانه ده‌نووسێت، که من له‌گه‌ڵیدا ئاشنام. نووسه‌ری دووهه‌م ڤیکۆر فرێنکله، که له به‌رهه‌می “سینشرۆنیزاتسیۆن له بیرکنڤاڵد”ا، ده‌قێکی ئه‌ده‌بی شانۆیی و فه‌لسه‌فیی ده‌نووسێت، که هه‌تا ئێستا هیچ ئه‌ده‌ب نووسێک په‌ی پێنه‌بردووه. لێره‌دا ئێره‌ییم به‌وه ده‌هات، که بۆچیی من ده‌قێکی وه‌هام نه‌نووسیوه. له‌م ده‌قه‌دا سوکرات و ئێمانوێل کانت و سپینۆزا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تیی له تووندوتیژیی و کووشتن و زۆرداریی ڕزگاربکه‌ن. سوکرات ئه‌ده‌ب و شانۆ به ڕزگارکه‌ری مرۆڤایه‌تیی ده‌زانێت. سپینۆزا ڕه‌شبینه به‌رانبه‌ر به ئه‌ده‌ب، چونکه ئه‌ده‌ب خاوه‌نی فه‌نتازیا و میتۆسه یاخوود شیعر. ئه‌و هه‌موو ئه‌مانه به مه‌ترسیی ده‌زانێت، چونکه ڕیال نین. وه‌ڵامه بڵنده‌که‌ی کانت بۆ سپینۆزا بریتییه له، ” ناڕاستیی که هانده‌ری مرۆڤه، زیاتر له ڕاستییه‌وه نزیکه وه‌ک له ڕاستیی مرۆڤایه‌تیی.”.

له‌م ده‌قه شانۆییه‌دا هه‌ر سێ فیلۆسۆف وه‌ک ئه‌نجوومه‌نی ئێتیک ته‌نها ته‌ماشا‌که‌ری ژیانی مرۆڤن له جه‌نگی جیهانیی دووهه‌مدا، له کۆنتسێنتراتسیۆن لاگه‌ره‌کانی نازییه‌تدا. لێره‌دا ڤیکتۆر فرێنکل پیشانمان ده‌دات، که جه‌للاد و قوربانیی هه‌ردووکیان فونکسیۆنن، ئه‌رکیان له ژیاندا ئه‌وه‌یه، که ده‌بێت بیکه‌ن، که ده‌ببێت ببن به‌وه‌ی که هه‌ن، وه‌ک جه‌للادا، قوربانیی، دیکتاتۆر، ئاشق، هه‌ڵهاتوو، برسیی …هتد.

ڤیکتۆر پێمانده‌ڵێ، که له کاره‌ساتێکی وه‌ها گه‌وره‌دا مرۆڤه‌کان چاو و گوێیان له‌کیسده‌ده‌ن، ئه‌وان نه ده‌بیستن، نه ده‌بینن، به‌ڵام له به‌رهه‌مێکی شانۆییدا ئه‌وان خودیان له‌کیسده‌ده‌ن و ده‌بن به قوربانییه‌کان، ده‌بن به جه‌للاده‌کان و هه‌ست به خه‌تا ده‌که‌ن و خێرا ده‌بنه‌وه به خۆیان. هه‌موو ده‌ستده‌که‌ن به گریان و له کۆتایی شانۆکه‌دا چه‌پڵه‌بارانی ئه‌کته‌ره‌کان ده‌که‌ن. ڤیکتۆر پێمانده‌ڵێت، که ژیان خاوه‌نی “زین،Sinn”ه. که ئازاره‌کانیش زینی خۆیان هه‌یه.

لێره‌وه له زۆرینه‌‌ی کولتووره‌کانی جیهاندا، پرسیار له‌سه‌ر زینی ژیان ده‌کرێت و هه‌ر کولتووره و به کولتوور و بیرکردنه‌وه‌ی خۆی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره فه‌لسه‌‌فییه ده‌داته‌وه و له زۆرینه‌ی کولتووره‌کاندا ئێتیک و مۆڕاڵ ده‌کرێت به بناغه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره. به‌ڵام بۆ منێکی فرۆیدیانه ژیان هیچ زینێکی نییه. هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان وه‌ک به‌رهه‌می سروشت، کاره‌کانی سروشت ڕاده‌په‌ڕێنن، سروشت فونکسیۆنێکی به‌رده‌وامییه، هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان بۆ ئه‌وه لێره‌ن، که بجوڵێن، بوونه‌وه‌رێکی بێ جوڵه بوونی نییه و ئامانجی هه‌موو جوڵه‌یه‌کیش به‌رده‌وامبوون و گۆڕانه. له سروشتدا باش و خراپ بوونی نییه، به‌ڵکوو باشه و خراپه به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه. له سروشتدا هیچ شتێک له خۆڕا ڕوونادات، به‌ڵکوو هه‌موو شتێک خاوه‌نی زینێکه له ڕووداندا.

 

خۆشه‌ویستیی:

زۆرینه‌ی جار له کولتووری کوردییدا، قسه‌کردن له‌سه‌ر خۆشه‌ویستیی ده‌به‌سترێته‌وه به په‌یوه‌ندیی نێوان شه‌م و په‌روانه‌وه. ده‌شێت ئه‌م په‌یوه‌ندییه له هه‌ستی شاعیرێکدا بریتیی بێت له خۆشه‌ویستییه‌کی بێ کۆتای په‌روانه بۆ شه‌م و دواجاریش نه‌گه‌یشتن پێی، به‌ڵام بۆ من ئه‌‌م په‌یوه‌ندییه بریتییه له هه‌ڵه تێگه‌یشتنی په‌روانه بۆ ڕووناکیی شه‌م. پێرسپێکتیڤێک که په‌روانه تێیدا درک به مه‌ترسیی له‌ناوچوونی خۆی تێدا ناکات. په‌روانه ئاشقی تیشکی خۆره، ئه‌و تیشکه‌ی که باڵه‌کانی هه‌ڵناپرووکێنێت، به‌ڵام شه‌م خۆر نییه، ڕووناکیی گڵۆپێک، ڕووناکیی تیشکی خۆر نییه. جیاوازیی ئه‌م ڕووناکییانه په‌روانه له هه‌ڵپرووکانی باڵه‌کانیدا درکی پێده‌کات. هه‌ربۆیه خۆشه‌ویستییکردن له‌سه‌ر بنه‌مای په‌روانه و شه‌م، خۆشه‌ویستییه‌کی هه‌ڵه‌یه. هه‌مان هه‌ڵه‌ی په‌روانه‌یه بۆ شه‌م. به‌ڵام خۆشه‌ویستیی په‌روانه بۆ تیشکی خۆر، خۆشه‌ویستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه، چونکه خۆر باڵه‌کانی په‌روانه هه‌ڵناپرووسکێنێت، به‌ڵکوو وزه‌ی پێده‌به‌خشێت، هه‌رکاتێکیش تیشکی خۆر بۆ باڵه‌کانی په‌روانه گه‌رمبوون ئه‌وا توانای فڕیینی بۆ به‌ر سێبه‌رێک هه‌یه. خۆر له ڕێگای گه‌رمیی خۆیه‌وه‌ په‌روانه له مه‌ترسیی سووتان ئاگادار ده‌کاته‌وه، به‌ڵام شه‌م ده‌یسووتێنێت و هیچ شانسێکی فڕیینی پێنادات. په‌روانه بۆ ئه‌وه ناگریی چونکه به گه‌رمیی شه‌م نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵکوو ده‌گریی چونکه به هه‌ڵه له ڕووناکیی شه‌م تێگه‌یشتووه.

زۆرجار مرۆڤ له ڕێگای پێرسپێکتیڤێکی هه‌ڵه‌وه، له ڕێگای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی “زین، Sinn”ه‌وه، پێیوایه ئه‌وه ده‌بینێت، که هه‌یه وه‌ک ڕیالیتێت، به‌ڵام ئه‌م بینینه بێجگه له هه‌ڵه‌یه‌ک هیچی تر نییه، چونکه ڕیالیتێتی ئه‌م بوونه باس له‌وه ناکات، که مرۆڤ بیری لێده‌کاته‌وه، که مرۆڤ پێیوایه ئه‌مه ئه‌وه‌یه، که ئه‌و به‌وه‌ی ده‌زانێت. پیاوێک له‌پێناوی گه‌یشتن به ژنێکدا و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئاماده‌ی کردنی هه‌‌‌موو شته، چونکه پێیوایه، که که‌سی به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌‌یه، که ئه‌م ده‌یه‌وێت، ئه‌وه‌یه که هێز و توانای پێده‌به‌خشێت. به‌ڵام دواجار له شکستکردنی زیاتر هیچی تری پێنابه‌خشێت، وه‌ک په‌روانه‌که باڵه‌کانی هه‌ڵده‌پرووسێکت و ئیدی چیدی ئه‌و ژیانه ناژێته‌وه که هه‌یبووه.

خودئێکسپلۆراسیۆن Selbstexploration:

لێره‌دا هه‌ستێک هه‌ڵسوڕێنه‌ری ماتۆڕی فونکسیۆنێکه، که کاریگه‌رێتییه‌کی به‌هێزی له‌سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤێک هه‌یه. کێشه‌که‌ش لێره‌دا بریتییه له نه‌ناسینه‌وه‌ی “خود”ی ڕاسته‌قینه. مرۆڤی ئاشق پێیوایه، که ئه‌و ڕۆمیۆی یولیایه‌که یان به پێچه‌وانه‌وه. جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوانی بوون و پێوابووندا هه‌یه، هه‌ربۆیه من ده‌ڵێم مرۆڤی ئاشق پێیوایه، که ئه‌و ڕۆمیۆی یولیایه، نه‌ک مرۆڤی ئاشق ڕۆمیۆی یولیایه. واته مرۆڤ لێره‌دا خاوه‌نی وێنه‌یه‌که بۆ خود، که پێیوایه ئه‌و ئه‌وه‌یه. به گشتیی له جیهاندا و له کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کاندا به‌تایبه‌ت به به‌رده‌وامیی خۆشه‌ویستیی و ئاشقبوون به‌م ڕێگایه‌دا تێده‌په‌ڕێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که له‌دوای خۆشه‌ویستییه‌کی گه‌وره و گران، ئاشقبوونێکی به‌هێز، ڕقهه‌ڵگرتنێکی گه‌وره دروستببێت و پراکتیزه‌ بکرێت، به زیان گه‌یاندن به یه‌کتریی و شانازیی و شکۆی یه‌کتریی. هه‌ردوولا له کۆتاییدا ده‌ڵێن، من هه‌ڵه بووم تۆم خۆشویستووه. لێره‌دا مرۆڤ  ڕیالیزیره‌ی خۆی ده‌کات، واته وێنه‌ی خودی ده‌ناسێته‌وه، ئێستا ده‌زانێت ئه‌و کێیه. ئه‌وه‌شی که ئه‌وه، ئه‌وه‌یه، که ئه‌‌و ئاشقی یولیا نییه یان به‌ پێچه‌وانه‌وه. به‌مه‌ش ده‌گووترێت خود ئێسکپلۆراسیۆن.

 

26.11.2013

Previous
Next