
ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن له سیسته‌می دیموکراسیدا..!
دارا مه‌حمود……..
چه‌مکی ئۆپۆزیسیۆن، یان به‌رهه‌ڵستکار (به‌رهه‌ڵستکاریی) له فه‌رهه‌نگی سیاسی و به‌واتای تایبه‌تی سیاسی خۆی، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه ده‌گوترێت که له‌گه‌ڵ یه‌کداو به‌شێوازێکی ڕێکخراوه‌یی کارده‌که‌ن و ده‌توانن پێکه‌وه خۆیان وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤی حکومه‌ت، یان ئه‌لته‌رناتیڤی سیاسی به‌هاوڵاتیان یان به‌ده‌نگده‌ران بناسێنن.1
هه‌روا ده‌توانین بڵێین ئۆپۆزیسیۆن به‌واتای فراوانی خۆی بریتییه له خه‌بات و کۆششی ساندیکا، پارت، گروپ، ده‌سته‌و تاکه‌کان بۆ بۆبهدهستخستنی ئامانجگه‌لێک له‌به‌رانبه‌ر ئامانجی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ش چ به‌شێوازی په‌رله‌مانی و یانیش به‌هه‌ر شێوازێکی تر.2
ئۆپۆزیسیۆن له‌هه‌ر وڵات و کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌توانێ هه‌بێت. به‌ڵام جیاوازی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆنێکی په‌رله‌مانی و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا هه‌یه.
ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی، ئه‌و هێزه بهرههڵستکارهیه که‌له‌گه‌ڵ هێزی ده‌سه‌ڵاتداردا له‌ناو یه‌ک سیسته‌می سیاسی‌دا و له‌سه‌ر بنه‌ماکانی یه‌ک ده‌ستوور کارده‌کات. په‌یوه‌ندی ئه‌م دووانه ئه‌گه‌ر دۆستانه‌ش نه‌بێت ئه‌وه دوژمنکارانه نییه‌و هه‌وڵی هه‌ریه‌ک له‌م دووانه بۆ سڕینه‌وه‌و له‌ناوبردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تووندوتیژانه نییه. و به‌پێچه‌وانه‌وه زۆرجار ده‌کرێ دوو هێزی سیاسی یان پتر له‌سه‌رده‌مێکدا ڕکه‌به‌ری یاسایی یه‌کترو له‌سه‌رده‌مێکی تریشدا هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات بن.
به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی پتر له‌سیسته‌مه دیکتاتۆرو تۆتالیتار‌و تاک حزبییه‌کاندا دێته کایه‌وه. که‌به‌شێوازێکی یاسایی ڕێگای کار‌و چالاکی سیاسی پێ نادرێت و له ئاکامدا ئه‌وهێزه ناچاره له‌ده‌ره‌وی سیسته‌م خۆی ڕێک بخات. یاخی بێت و جار هه‌یه کار ده‌گاته ڕاپه‌ڕینی به‌ربڵاوی جه‌ماوه‌ریی. یانیش په‌نابردن بۆ توند‌و تیژی و شۆڕشی چه‌کداریی. دیاره که ده‌شکرێ له‌داهاتوودا ئه‌م دوو لایه‌نه ڕێککه‌ون له‌سه‌ر قبوڵکردنی یه‌کترو مامه‌ڵه‌کردنێکی هێمنانه له‌گه‌ڵ یه‌کتر که‌ئه‌ویش له‌ئاکامدا پێشمه‌رجێک ده‌خوازێت که دیسان دیموکراسییه.
به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌ر هێزێکی به‌رهه‌ڵستکاری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، هه‌میشه دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری وڵات بێت. به‌ڵکو هه‌ندێک جار هێزێکی سیاسی یان پتر له ئه‌نجامی دهربازنهکردنی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن، یان هه‌ر شێوازێکی تری به‌ربه‌ست، له‌ده‌ره‌وی په‌رله‌ماندا ده‌مێننه‌وه.
یه‌که‌مین ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا له وڵاتی ئینگلستان به دوو گروپی (ویگه‌کان3 و تورییهکان4) هاته کایه‌وه، که جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوانیاندا نه‌بوو، و به‌ڵکو له‌زۆر ڕووه‌وه هاوبیروڕا بوون. و کێشه‌و ململانێێ نێوان ئه‌م دوو گروپه پتر لایه‌نی شه‌خسی هه‌بوو، تا واتای گشتی سیاسی.
ئه‌مڕۆ، له‌وڵاتی ئینگلستان، به ئۆپۆزیسیۆن ده‌گوترێت: ئۆپۆزیسیۆنی خاوه‌ن شکۆ مه‌لیکه. و له‌خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت مووچه‌ی مانگانه به سه‌رۆکی ئۆپۆزیسیۆن ده‌درێت و ئه‌و خاوه‌نی پله‌ی وه‌زیره. واتای ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که ئۆپۆزیسیۆن، به‌شێکی دانه‌بڕاوی سیسته‌می سیاسییه‌و، ئه‌رکی ئۆپۆزیسیۆن ته‌نیا هه‌وڵدان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نییه. به‌ڵکو پاراستنی ته‌واوی به‌رژه‌وه‌ندییه دوور‌و نزیکه‌کانی وڵات. و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه پاراستنی خودی سیسته‌می دیموکراسییه‌وه.
یه‌کێک له‌سیما هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی هه‌ر سیسته‌مێکی دیموکرات ئه‌وه‌یه که هێزی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌و بواره بهێنێته کایه‌وه که هێزه‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، شانس و ده‌رفه‌تێکی وایان هه‌بێت که بتوانن له‌داهاتوودا ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. یانیش به‌واتایه‌کی ڕاستر، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، هێزو توانای ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی بۆ ڕێگاگرتن له په‌ره‌سه‌ندنی هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان، و یانیش ڕێگاخۆشکردن بۆ مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی له‌ده‌سه‌ڵاتدا، به‌کارنه‌هێنێت. و ئه‌مه‌ش به‌واتایه‌یه که هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارو به‌رهه‌ڵستکار له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌ل و ده‌رفه‌تی یه‌کسانیان له‌به‌رده‌مدا بێت و جیاوازییه‌کان به‌به‌رنامه‌ی سیاسی و ئاستی کاریگه‌رییان له‌سه‌ر خه‌ڵک له‌ڕێگای سیاسه‌تی ڕاست یان هه‌ڵه‌وه به‌سترابێته‌وه.
(دیموکراسی حکومه‌تی زۆرینه (ده‌سه‌ڵات) نییه. به‌ڵکو حکومه‌تی له‌به‌رچاوگرتنی مافه‌کانی که‌مینه (ئۆپۆزیسیۆن)، له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌یه.)5
ئۆپۆزیسیۆن له وڵاتێک‌دا ده‌توانرێ هه‌بێت که لانی که‌م دوو حزب له‌گۆره‌پانی سیاسی‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کییان هه‌بێت. و هیچ سیسته‌مێکی سیاسی له جیهاندا نهههبووهو نه‌ده‌توانی هه‌بێت که ته‌نیا یه‌ک حزب له‌گۆره‌پانی سیاسی‌دا کاربکات و ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدابێت، و توانیبێتی دیموکراسی په‌یره‌و بکات. ته‌نانه‌ت هیچ سیسته‌مێکی دیموکراسی نابینینه‌وه که بێ هێزی به‌رهه‌ڵستکار، له‌ئارادا بووبێت. مه‌گه‌ر به‌چه‌ند مه‌رجه‌وه. له‌وانه هه‌بوونی بارودۆخێکی نائاسایی وه‌ک جه‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی، یان کێشه‌و قه‌یرانی قوڵی ناوخۆیی.. که‌ئه‌مه ته‌نیا به‌شێوازێکی کاتی ده‌بێت و له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته پێشتر به ئه‌زموونی دیموکراسیدا ڕه‌تبووبێت و بنه‌ماکانی چهسپابن.
هێزو کاریگه‌ریی و شێوازی کاری ئۆپۆزیسیۆن هه‌ر به په‌رله‌مان یان ده‌ره‌وی په‌رله‌مان نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه. به‌ڵکو له‌ناو هه‌موو سیسته‌مه دیموکراته‌کانیشدا وه‌ک یه‌ک نییه.
له‌سیسته‌می دوو حزبیدا که‌نموونه‌ی ئینگلستان دیارترینه، ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن کاریگه‌رتره‌و ده‌گاته لوتکه. و هه‌میشه حکومه‌تێکی ئیحتیا‌ت و ئه‌لته‌رناتیڤێک که ئۆپۆزیسیۆنه له ئارادایه. به‌ڵام له‌سیسته‌می فره‌حزبیدا گه‌لێک جار ئۆپۆزیسیۆن له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌چه‌ند پارت و ڕه‌وت پێکهاتووه، له‌حاڵێکدا که به‌رهه‌ڵستکاری ده‌سه‌ڵاتن، به‌رهه‌ڵستکارو دژی یه‌کتریشن و ئه‌مه‌ش به‌واتای لاوازبوونی هێزو کاریگه‌ریی ئۆپۆزیسیۆن.
هه‌روا له‌ناو دوو سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی و په‌رله‌مانیشدا ئه‌م جیاوازییه به شێواز‌و له‌سه‌ر ئاستی جۆربه‌جۆر له ئارادایه.
بۆچی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سیسته‌مێکی دیموکراسی پێویسته:
کاتێک ده‌گوترێت ئۆپۆزیسیۆن بۆ سیسته‌می دیموکراسی پێویسته، به‌و واتایه‌یه، که مرۆڤ به‌سروشتی خۆی خاوه‌ن توانای هه‌ڵبژاردنه و ته‌نیا له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندایه که توانای جوێکردنه‌وه‌ی باش و خراپ له ئارادا ده‌بێت. ئیتر هه‌ڵبژاردن ده‌توانێ بۆ هه‌ر شتێک دروست بێت: شیوازی ژیان، کارهپیشه، جلوبه‌رگ، خواردن، هاوسه‌ر، دۆست و براده‌ر، که‌لوپه‌ل، خانوو… هتد که هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و شێوازی حوکمیش هه‌رله‌و سروشته‌ی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت گه‌رچی له‌شته‌کانی دیکه ئاڵۆزتریش بێت.
هه‌روا له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه هه‌رگیزله چوارچیوه‌ی یه‌ک نه‌ته‌وه‌و یه‌ک ده‌وڵه‌تدا نه‌بووه که هه‌مووان وه‌ک یه‌ک بیر بکه‌نه‌وه‌و یه‌ک خواست و به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌بێت. و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیش نه‌بووه‌و نابێت که نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان بکات. و هه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێک له‌ژێر ناوی یه‌کییه‌تی و ده‌سه‌ڵات و پارت و سیسته‌می ئایدیالدا وه‌ها بانگاشه‌یه‌کی کرد جگه له‌وه‌ی ناوی دیکتاتۆرو تاکڕه‌و و سته‌مکارو فهرمانپهرستی لێ بنێێن ناوێکی باشتری به‌سه‌ردا ته‌تبیق نابێت.
یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته هه‌ره باشه‌کانی سیسته‌می دیموکراسی، ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رج بۆ گونجاندنی پارت و ڕه‌وت و ئایدیۆلۆژیا‌و به‌رژه‌وه‌ندی جۆربه‌جۆر له ناو یه‌ک سیسته‌مدایه. ئه‌مه‌ش به‌واتای خڕکردنه‌وه‌یان له‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتدا نییه. به‌ڵکو دابه‌شکردنیان به دوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن. که لازیمهو پێویستی حاشاهه‌ڵنه‌گری هه‌ر سیسته‌مێکی دیموکراسییه.
له‌سیسته‌مێکدا که هه‌مووان له‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتدا خڕبووبنهوهو ئۆپۆزیسیۆنێک له‌ئارادا نه‌بێت. کۆمه‌ڵه ئاکامێکی زیانبه‌خشی لێده‌که‌وێته‌وه‌و بارودۆخێک دروست ده‌بێت که له‌وێدا:
1- هیوا به‌گۆڕانکاریی گه‌لێک لاواز ده‌بێت و ئه‌گه‌ریی گۆڕانکاریی ده‌که‌وێته به‌ر ڕه‌حمه‌تی باوه‌ڕو قه‌ناعه‌تی خودی ده‌سه‌ڵات. که زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری جاره‌کان ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر له‌خۆڕازیبوونی، له‌سه‌ر سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئاره‌زوویه‌کی گۆڕانکاریی هه‌شبێت، له‌چوار چێوه‌ی دروشم ده‌ربازنابێت. چونکه میکانیزمی گۆڕانکاریی که هه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنه له ئارادا نییه.
2- ئۆپۆزیسیۆن بریتییه له‌و چاوه‌ی به‌رده‌وام به‌دوای ڕه‌فتاره‌کانی دهسهڵاتهوهیهو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی له‌ناو سیسته‌مه‌که‌دایه، ده‌زانێ که‌موکوڕییه‌کان له‌کوێوه سه‌رچاوه‌ده‌گرن. و پێشێلکارییه‌کان چین و چۆن و له‌سه‌رده‌ستی کێ دێنه‌ئاراوه. ئیتر کاتێک ئۆپۆزیسیۆنێک نه‌بێت. که‌سێک نییه ئه‌و ڕۆڵه ببینێت. و ئه‌وه‌ی له‌توانادا ده‌بێت، ته‌نیا به هه‌ندێک ڕه‌خنه و ئاشکراکردنی به‌شێک له پێشێلکارییه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی ڕۆشنبیران سنووردارده‌بێت. و زۆربه‌ی جاره‌کانیش ئه‌مانه پشت به زانیاری ڕاست و به‌ڵگه‌ی گرده‌بڕ نابه‌ستن. چونکه ده‌سه‌ڵات ڕێگا نادات بکه‌وێته به‌رده‌ستان. به‌مجۆره: دزی، یاساشکێنی، گه‌نده‌ڵی، سیاسه‌تی دزی و فزی… بێ به‌ربه‌ست په‌یڕه‌و ده‌کرێت.
3- به‌نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن، ڕه‌نگی دیموکراسیش به‌ره‌به‌ره کاڵده‌بێته‌وه. چونکه ئیتر بواری هه‌ڵبژاردن له‌ئارادا نامێنێت. و له‌هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکدا ده‌نگده‌ران ناچارده‌بن ته‌نیا ده‌نگ به‌یه‌ک لایه‌ن، یان یه‌ک به‌ره، بده‌ن و له‌باشترین حاڵه‌تی خۆیدا ته‌نیا ده‌رفه‌تێکی تریان ده‌بێت کهدهنگنهدانه. و به‌مجۆره ئیتر واتایه‌ک له‌هه‌ڵبژاردندا نامێنێته‌وه‌و بوون و نه‌بوونی وه‌ک یه‌ک وایه. و هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشوه‌خت دڵنیایه له‌سه‌رکه‌وتن، ناچارنییه به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و، و هه‌وڵ بۆ گۆڕینی لایه‌نه خراپ و که‌موکوڕییه‌کان بدات.
زۆر جاریش له ناو ئه‌و سیسته‌مانه‌دا که به‌له‌رزۆکی له‌سه‌ر هێڵی نێوان دیموکراسی و نادیموکراسیبووندان، په‌نا بۆ فێڵ و فریودان ده‌به‌ن، که بریتیه له درووست‌کردنی به‌رهه‌ڵستکارێکی وه‌همی، یان ده‌ستکردی خودی ده‌سه‌ڵات، یانیش ڕێگه‌دان به ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز به‌مه‌به‌ستی ته‌واوکردنی گه‌مه‌کانی دیموکراسی. تائه‌و کاته‌ی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه بههێزنهبووهو هه‌رکاتیش به‌ره‌و به‌هێزبوون چوو، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به هه‌ر به‌هانه‌یه‌ک بێت سه‌رکوت ده‌کرێت و ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه خاڵی ده‌ستپێک و لاوازی خۆی.
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه‌ش بزانین که ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی، کاتێک له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا، و له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌گریته ده‌ست، مافی هه‌ر گۆڕانکارییه‌کی نییه که دڵی بیخوازێت. یان له‌دیدی ئایدیۆلۆژیکییه‌وه په‌یڕه‌وی بکات.
دیموکراسی گه‌مه‌یه‌که له‌وێدا دوو تیم، دوو لایه‌ن… به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن. و ئه‌و گه‌مه‌یه خاوه‌ن بنه‌ماو پرێنسیپ و ڕێگاو شوێنی خۆیه‌تی. هه‌رکه‌س که دێته ناو گۆڕه‌پانی ئه‌و گه‌مه‌یه ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌و بنه‌ماو ڕێگاو شوێنانه بکات. ئه‌گه‌ر نا مافی به‌شداربوونی له‌و گه‌مه‌یه‌دا لێ ده‌سه‌نرێته‌وه. به‌واتایه‌کی تر، لایه‌نێک که له ڕێگای دیموکراسییه‌وه، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست ئه‌و مافه‌ی نییه به‌ناوی زۆرینه، (ئه‌و زۆرینه‌یه له‌هه‌ر ئاستێک‌دا بێت)، بنه‌ماکانی دیموکراسی تێک و پێک بدات. و هه‌ر گۆڕانکارییه‌کی ده‌ستووریی، یان گۆرانکارییه‌ک که په‌یوندی به یاریکردن به گه‌مه‌ی دیموکراسییه‌وه هه‌بێت، نابێ بگاته ئه‌و ئاسته‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر خودی دیموکراسی دروست بکات.
له‌سیسته‌مه دیموکراسییه چه‌سپاوه‌کاندا. هه‌ر لایه‌نێک بیباته‌وه، لایه‌نی دۆڕاو یان زۆرینه‌ی خه‌ڵک ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کانیاندا به هه‌ڵه‌شدا چووبن، هیچکه‌س ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نابێت که کاره‌ساتێک ڕووده‌دات. یان وڵات تووشی زیانێک ببێت که قه‌ره‌بوو نه‌بێته‌وه..
ئۆپۆزیسیۆن له کوردستاندا:
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، گه‌رچی هه‌ندێک هه‌نگاوی باش له‌ڕێگای په‌یڕه‌وکردنی دیموکراسیدا نراون. به‌ڵام یه‌کێک له ئاسته‌نگ و که‌لێنه گه‌وره‌کان له‌م ڕێگایه‌دا نه‌بوون، یان ڕاستر بڵێین ڕێگه‌گرتن له ئۆپۆزیسیۆنێکی په‌رله‌مانی چالاک بووه.
هه‌بوونی چه‌ند لایه‌ن به‌تایبه‌تی دوو پارتی به‌هێز له کوردستاندا، ده‌رفه‌تێکی باشه بۆ هێنانه‌کایه‌ی سیسته‌مێکی دیموکراسی که‌له‌وێدا یه‌ک یان پتر، له‌و پارتانه ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن. به‌ڵام له‌م ڕووه‌وه دوو ئاسته‌نگی سه‌ره‌کی له‌ئارادان.
یه‌که‌م: زهنیه‌تی نه‌ریتیی پارتایه‌تی. که بریتییه له قبوڵنه‌کردن، یان ترسان له شکه‌ستی هه‌ڵبژاردن و به‌که‌مزانینی وه‌رگرتنی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن. و بۆ نموونه هیچکات چاوه‌ڕوان ناکرێت له که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی ڕازی بێت له لوتکه‌ی پیرامیدی ده‌سه‌ڵاته‌وه بێته خوارێ بۆ سه‌رۆکی پارتێک که نه پاره‌ی له‌به‌رده‌ستدابێ و نه‌ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس و موخابه‌رات. و به‌ڕێز مام جه‌لالیش هه‌روا به‌که‌مێک جیاوازییه‌وه. هه‌ردوو لاشیان ده‌زانن پاشان چیان لێدێت چونکه پارتی و یه‌کییه‌تی یه‌کتر باش ده‌ناسن و ئه‌مڕۆ خۆیان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارته‌کانی تردا ده‌که‌ن، ئاواش پێشبینی ده‌که‌ن که خۆشیان ههرئاوایان به‌سه‌ربێت.
هه‌روا زهنییه‌تی نه‌ریتیی ڕێگا له وزه‌و توانای نوێ و درووسبوون و هاتنه‌کایه‌ی پارت و گروپی تر ده‌گرێت. و قبوڵکردنی یه‌کتری پارتی و یه‌کییه‌تی له ڕووی ناچاری و به‌یه‌کتر نه‌وێرانه. نه‌ک له‌ڕووی باوه‌ڕهێنان به‌بنه‌ماکانی دیموکراسی. و هه‌ر بوار‌و ده‌رفه‌تێک که به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن سنوورداره‌و تا ئه‌و جێگایه ده‌ڕوات و به‌رده‌وام ده‌بێت که مه‌ترسییه‌کی جدی دروست نه‌کات.
به‌م حاڵ و وه‌زعه‌وه هیچ کاتێک له‌کوردستاندا بوار‌و ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد له‌ئارادا نابێت. چونکه خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئازاد، به‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردن و ته‌نانه‌ت به ده‌ستپێکردنی مێژووی پروپاگه‌نده‌کردن بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه سنووردار نابێت. به‌ڵکو به‌درێژای ماوه‌ی نێوان دوو هه‌ڵبژاردن ده‌بێت و به‌واتایه‌کی تریش ده‌بێ به‌رده‌وام هه‌بێت. چونکه هێزێک که به‌درێژایی چوارساڵ ڕێگای گه‌شه‌کردنی لێ گیرابێت ئیتر تازه به‌چه‌ند هه‌فته له‌توانایدا نابێت خۆی به‌ده‌نگده‌رانی بناسێنێت. و له‌مه گرنگتریش ئه‌وه‌ی که هێزی ده‌سه‌ڵاتدار به په‌راوێزکردنی هێزکانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئه‌و په‌یامه به‌ده‌نگده‌ران ده‌دات که فڵانه حزبه، بچوک و بێ توانا‌و هیچ له‌ده‌ست نه‌هاتوو، و نا شایسته. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێکی خۆسه‌پێنه‌ر به‌مه خه‌ڵکی هه‌ڵده‌خڵه‌تێنێت، که ده‌نگه‌کانی به‌شداربوو له هه‌ڵبژاردندا به جوانی و ڕاستگۆیانه بژمێرێت و ئاکامه ڕاسته‌قینه‌کانی هه‌ڵبژاردن ئاشکرا بکات که له‌مه‌شیاندا و به پشبه‌ستن به ئه‌زموونی ڕابردوو، گومانێکی زۆر له‌ئارادایه که‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ییه‌کی وای تێدا بێت.
با لێمان تێکه‌ڵ نه‌بێت که هه‌ر پارت و لایه‌نێکی ناو سیسته‌می دیموکراسی، به‌درێژایی ساڵ ده‌توانێت به‌خۆیدا هه‌ڵبڵێت و ڕکه‌به‌ره‌کانی بچوک بکاته‌وه‌و لایه‌نگرو ده‌نگده‌رانی که‌مکاته‌وه. به‌ڵام نه‌ک له‌که‌ناڵی ده‌سه‌ڵات و به سوودوه‌رگرتن له تواناکانی ده‌سه‌ڵات.
له کوردستاندا دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به شێوازێکی نامه‌شروع و نایاسایی سوود له پاره‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرن و وه‌زیفه‌و پله‌وپایه به‌سه‌ر لایه‌نگره‌کانی خۆیاندا دهبهخشننهوهو ده‌یانکه‌نه خاوه‌ن ئیمتیاز. و له‌حاڵیکدا پارته‌کانی تر ڕووبه‌ڕووی چه‌وساندنه‌وه‌و گرتن و ته‌نانه‌ت کوشتنیش ده‌بنه‌وه. یانیش ده‌بێ ملکهچکهن و ببنه پاشکۆی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار. که ئه‌مه به دیموکراسی نامۆیه‌و له‌ناو هیچ مۆدێلێکیدا جێگای نابێته‌وه.
دووه‌م: مه‌ترسی ده‌ره‌کی. له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌دا. ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام مه‌ترسی ده‌ره‌کی به‌گوێی خه‌ڵکیدا ده‌دات و به‌هانه‌ی ئه‌م ڕه‌وشه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات، به‌ئه‌ستۆی هه‌لومه‌رج و مه‌ترسییه ده‌ره‌کییه‌کاندا ده‌دات.
ڕاسته نکوڵی له‌هه‌بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌کی ناکرێت و له‌هه‌ر بوار‌و ئاستێک‌دا هه‌ن. و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م مه ترسییانهش پێویست به یه‌کییه‌تی و یه‌کڕیزیی. و وه‌لانانی ناکۆکییه نێوخۆییه‌کان ده‌کات. به‌ڵام لێره‌دا تووشی گرفتی لێکدانه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی (یه‌کییه‌تی، یه‌کڕیزی، و ناکۆکی ناوخۆیی) ده‌بینه‌وه.
پارتی و یه‌کییه‌تی یه‌کڕیزی له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه که‌ده‌سه‌ڵات دابه‌شکه‌ن و ئۆپۆزیسیۆنێک له‌ئارادا نه‌هێڵن، و پارته بچوکه‌کانی تر ملکه‌چی خۆیان بکه‌ن. له حاڵێکدا دوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدارو به‌رهه‌ڵستکار هه‌میشه له‌پاڵ ئه‌وه‌دا که ڕکهبهرو نه‌یاری یاسایی یه‌کترن، له‌هه‌مان کاتدا شتێک ڕێگا له‌وه ناگرێت که له‌به‌رانبه‌ر پرس و مه‌ترسییه ده‌ره‌کی و ته‌نانه‌ت ناوخۆییه‌کانیشدا هاو بیر‌و ڕاو دژ به‌یه‌ک نه‌بن.
هه‌روا پارته‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی له کوردستاندا ، به تایبه‌تی پارتی و یه‌کییه‌تی، به شێوازێکی تایبه‌ت به خۆیان دوو چه‌مکی دۆستایه‌تی و به‌رهه‌ڵستکاریی په‌یڕه‌و ده‌که‌ن. ئه‌وه‌تا ده‌بینین ئێستا له حاڵه‌تی دۆستایه‌تی دان، که بێ گومان کارێکی باشه، به‌ڵام به‌ئاشکرا دیاره که ئه‌وان دۆستایه‌تی تائه‌و جێگایهدهبهن که ته‌نیا ستایشی یه‌کتر بکه‌ن و هه‌ڵه‌و پێشێلکاریی و گه‌نده‌ڵییه‌کانی یه‌کتر بشارنه‌وه. و ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکیشیان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌بێت ئه‌وه له ژووری داخراودا و به‌دوور لهئاگاداریی خه‌ڵک ئه‌مه‌ده‌که‌ن. که ئه‌م جۆره دزی وفزی و شاردنهوانهش دیسان به‌دیموکراسی نامۆیه. ئیتر ئه‌وه‌ی ئێمه له‌په‌یوه‌ندی دوو ده‌هه‌ی ڕابردووی نێوان پارتی و یه‌کییه‌تی تاقی ده‌که‌ینه‌وه. ده‌بینین یان شه‌ڕو یانیش پێههڵێنانێکی وا لهدۆستایهتیدا که به‌مه‌رگی ئۆپۆزیسیۆن و له ئاکامیشدا به مه‌رگی دیموکراسی ته‌واو ببێت.
darachimen@ hotmail.com
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌کان
1- جولیوس گولد- ویلیا‌م ل.کولب. ویراستار: محمد جواد زاهدی مازندرانی. انتشارات مازیار. تهران-1378 ل22
2- داریوش آشوری، دانشنامهو سیاسی (فرهنگ اێگلاحات و مکتبهای سیاسی). انتشارات مروارید. چاپ پنجم 1378- تهران ل8-9
3- ویگ- Whig پارتی به‌رهه‌ڵستکاری توری له ئینگلستان که لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیدابوو. و ئه‌م پارته له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا بوو به پارتی لیبرال. له‌ئه‌مه‌ریکاش له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌و وڵاته‌دا، به‌رهه‌ڵستکاری حکومه‌تی ئینگلستان بوو. و له‌ساڵی 1832دا له‌به‌رانبه‌ر پارتی دیموکراتخوازدا پێکهات و پاشان بوو ساڵی 1855 بوو به پارتی کۆمارگهر.
بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانه: دکتر مهدی نوروزی خیابانی- فرهنگ لغات و اێگلاحات سیاسی انگلیسی-فارسی. نشر نی تهران-1376 ل329
4- تۆری Tory . له ئینگلستان و که‌نه‌دا به ئه‌ندامی پارتی موحافه‌زه‌کار ده‌گوترێت. به‌ڵام له ئه‌مه‌ریکا به‌که‌سێک ده‌گوترا که لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئینگلستان له‌سه‌ر وڵاته کۆلۆنییه‌کان بوو.
بڕوانه: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوول302
5- دفاع أز عقلانیت. تقدم عقل بر دین، سیاست و فرهنگ. سید مرتچامردیها. انتشارات نقش و نگار. تهران-1379 ێ182