قاره‌مانانی خێڵ و قانوونی لهپێکراو
چل ڕۆژێک پێش ئه‌مڕۆ، له ماڵی خۆیدا و له باوه‌شی دایکیدا، کاوه گه‌رمیانی، گه‌نجێکی خوێنگه‌رم، ڕه‌خنه‌گر، شۆڕشگێڕ، ڕاستگۆ، هه‌ژاری بێچووه هه‌ژاری ئه‌و گه‌رمێنه، به ده‌ستی جه‌للادێک یا جهللادگهلێک، شه‌هید کرا. جه‌رگی دایکێکی هه‌ژاری گه‌رمێنی، سووتێنرا. هێلانه‌ی ژنێکی گه‌نجی هه‌ژاری بێچووه هه‌ژاری هه‌مووکه‌س ئه‌نفالکراوی مێرددار، تێکدرا و به تۆبزیی و بێ خواستی خۆی، کرایه بێوه‌ژن. منداڵێکی ساوا، له نازی باوکایه‌تی دابڕێنرا و باوکی لێ سه‌نرایه‌وه و هه‌تیو خرا.
تاکه تاوانێکی کاوه گه‌رمیانی، که له سه‌ری کوژرا، هه‌ڵماڵین و ئاشکراکردنی، کۆمه‌ڵێک فایلی گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری و دزی و فڕوفێڵی، چه‌ند به‌رپرسێکی حیزبی و ناحیزبی، ئه‌و گه‌رمیانه بوو و هیچی تر.
کورد له‌مێژه گوتوویه‌تی:”باوکم دیار نییه و پیاوێک گورگ خواردوویه‌تی”، که ده‌کاته ئه‌وه‌ی : مادام پیاوێک گورگ خواردوویه‌تی و باوکیشم دیار نییه، که‌واته ئه‌و پیاوه باوکمه. کاوه گه‌رمیانی له که‌لار کوژرا و که‌لار هه‌ر له 1966ه‌وه، مه‌کۆیه‌کی مه‌زن و پێگه‌یه‌ی گرنگی جه‌لالی ئه‌وسا و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئێستا بووه. ئه‌وه‌ی کاوه گه‌رمیانی کوشت و ئه‌وه‌ی هانی کوشتنی کاوه گه‌رمیانی داوه، که‌سانێکن له‌نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا له‌و گه‌رمێنه و ده‌سه‌ڵاتیش له‌وێ به ده‌ست یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌یه، ئه‌مه هیچ شیکردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه و شاره‌زایی و سه‌رچاوه و سه‌لماندنێکی نه‌گه‌ره‌که، چونکه، کوشتنی که‌سانی وه‌ک کاوه گه‌رمیانی، هه‌میشه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه کراوه و ده‌کرێ. کاوه گه‌رمیانی و خه‌ڵکی وه‌ک وی، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته، که ڕقی لێیان ده‌بێته‌وه و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته، که به بیر و بۆچوونه‌کانیان تێکده‌چێ و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته، که لێیان ده‌ترسێ. کاوه گه‌رمیانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و، له‌گه‌ڵ هیچ مرۆڤێکی ئاسایی وڵات‌دا، هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بووه و نییه. ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته، که کاوه گه‌رمیانی و هاوڕێیانی به کێشه ده‌زانی.
هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌می شه‌هیدبوونی کاوه گه‌رمیانییه‌وه، ناوی دوو که‌س، زۆر به زه‌قی وه‌ک گومان‌لێکراو به کوشتن یا هاندانی کوشتنی کاوه گه‌رمیانی، له میدیاکانی کوردستاندا، ده‌برا و باس ده‌کرا. مه‌حموود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، که هه‌رتکیان له سه‌رانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و هێزی چه‌کداری ئه‌و حیزبه‌ن. که‌س تا ئێستا ناتوانێ سه‌دله‌سه‌د بڵێ، که ئه‌و دووانه یا یه‌کێک له‌و دووانه، کوژه‌ر یا هانده‌ری کوژتنی کاوه گه‌رمیانین، لێ ئه‌وان گومانلێکراون.
دادگه‌ی گه‌رمیان، پاش ماوه‌یه‌ک له شه‌هیدبوونی کاوه گه‌رمیانی، بانگی هه‌ردوو سه‌نگاوی و مینای کرد بۆ ئاماده‌بوون و پرسیار و لێکۆڵینه‌وه و گێڕانه‌وه و دواتریش فه‌رمانی گرتنیانی دا. ئه‌و فه‌رمانه‌ی دادگه، هه‌را و ژاوه‌ژاوێکی زۆری لێکه‌وته‌وه و تائێستاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه. سه‌نگاوی دوای ماوه‌یه‌کی زۆر و به کۆمه‌ڵێک چه‌کدار و هه‌واداری حیزب و خه‌ڵکی خێڵ و ههیتوهووتهوه، چووه به‌رده‌م دادگه و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ مینایش بچێت.
چه‌ندین حه‌فته‌ی چاوه‌ڕوانی، بۆ چوونی سه‌نگاوی بۆ به‌رده‌م دادگه و گوێگرتن له گێڕانه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و باسه‌وه، بووه گه‌وره‌ترین و گرنگترین هه‌واڵه‌کانی میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان. ده‌یان شیکردنه‌وه‌ی بۆ کرا. ده‌یان که‌س هێنرانه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و باسی ئه‌وه‌یان کرد. ده‌یان گوتار له لایه‌ن خه‌ڵکانێکی پایه‌به‌رز و ده‌مڕاست و ده‌ستڕۆیشتووی نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانییه‌وه، له‌مه‌ڕ سه‌نگاوییه نووسرا و یه‌کیه‌تیی وه‌ک پێشه‌نگ و ده‌ستپێشخه‌ر و سه‌نگاوی وه‌ک قاره‌مان و شۆڕشگێڕ و مێژووگۆڕ و ڕچه‌شکێن و ده‌یان شتی دیکه پێناسه کران. هه‌رتک جێگری سکرتێری یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی به ته‌مان سه‌ردانی سه‌نگاوی له سه‌نگاو بکه‌ن. خه‌ڵکی سه‌نگاو، وه‌ک گه‌له‌کۆمه‌کێیه‌کی شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌ک و تیره و خێڵگه‌رایی، هێنرانه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن، بۆ په‌سندانی ڕۆڵه قاره‌مانه‌که‌یان “سه‌نگاوی”. ئه‌گه‌ر میدیاکار و نووسه‌ر و بیرمه‌ند و فیلۆسۆف و ڕووناکبیر و بژارده‌ی مانه‌ندی وان، بوون به شایه‌ر و زوڕناژه‌ن و بڵندگۆ، ئه‌وده‌می هزر پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێ و له‌گه‌ڵ تاکه که‌وشێکدا هیچ جیاوازییه‌کی نامێنێت !
به‌و په‌سن و پێداهه‌ڵدانه‌ی سه‌نگاوی له لایه‌ن ده‌سگاکانی حیزب و هۆز و چه‌کدار و میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه، سه‌نگاوی خرایه ڕیزی، گیڤارا، ماوزهدۆنگ، کاسترۆ، ماندێلا، ژه‌نراڵ جیاپ و هۆ شی مینه‌وه.
له وڵاتێک‌دا، ئه‌گه‌ر قانوون سه‌روه‌ر بێت و هه‌مووان له‌به‌رده‌م قانوون‌دا چوونیه‌ک و یه‌کسان بن، ئیدی هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوان سه‌نگاوی و مینا و تاڵه‌بانی و بارزانی و ده‌سفرۆشێکی شێخه‌ڵڵا و کارگه‌رێکی بانمیل و شوانێکی بنارگلدا، نامێنێ. ساڵانه ده‌یان سه‌رۆککۆمار و سهرۆکحوکوومهت و وه‌زیر و گزیر، له‌م ئه‌وروپایه، به پێی خۆیان و سه‌ڵته‌زه‌لام، ده‌چنه به‌رده‌م دادگه و دادوه‌ر ده‌یانداته به‌ر ڕێژنه‌ی پرسیار و تۆمه‌تباریان ده‌کات، به ده‌یان تاوانی وه‌ک دزی و گه‌نده‌ڵی و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات، بۆ کاروباری تایبه‌تی و ساخته‌کاری و کوشتن و هاندانی کوشتن و… دواتریش سزایان ده‌دا به‌و جۆره‌ی، که قانوون ڕێگه‌ی پێ ده‌دا و به گوێره‌ی تاوانه‌که‌یان و که‌سیش نایکاته هه‌را و که‌سیش باسیان ناکات و ناشکرێنه قاره‌مان و ڕچه‌شکێن و پێشه‌نگ و په‌سنی نه خۆیان و نه حیزبه‌کانیان نادرێ….نموونه‌ش ژاک شیراک(فرانسه)، به‌رلیسکۆنی(ئیتالیا) و ده‌یانی دیکه. له سوێد چه‌ندین له‌و حاڵه‌تانه ڕوویانداوه، بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستا که‌س کرابێته قاره‌مان، وه‌ک که مه‌حموود سه‌نگاوی،کراوه.
عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، هێشتا به‌و پرۆسێسه‌ی سه‌نگاویدا تێنه‌په‌ڕیوه و که نۆره‌ی ئه‌ویش هات، ئه‌وده‌می میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئه‌ویش وه‌ک سه‌نگاوی ده‌به‌نه ڕیزی قاره‌مانه شۆڕشگێڕه‌کانی جیهانه‌وه و ئه‌وده‌می که‌لار و که‌لارییان دهجمن و بۆ داکۆکی له کوڕهخاسه و ئازاکهیان، گه‌رمیان ده‌هه‌ژێنن و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامان به گوتاری گه‌رم و ته‌له‌ڤزیۆنان به وشه‌ی ئاگرین، پڕ ده‌که‌نه‌وه!
له کوردسنان با سهرۆکهکهیشی بڵێ”قانوون سه‌روه‌ره”، ئه‌وه ته‌نێ قسه‌یه، قانوون نه سه‌روه‌ره و نه بنوهره و نه هیچ! ئه‌وه‌ی له کوردستان سه‌روه‌ره، حیزب و خێڵ و عه‌شیره‌ت و تیره و تایه‌فه و پاره و چه‌ک و ملهوڕییه و قانوونی سه‌روه‌ر، قانوونی ئه‌وانه. تۆی ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌م هه‌موو پهسنهی سه‌نگاوی و مینایه بده‌یت و به‌و جۆره باسیان بکه‌یت و هێنده گرنگییان پێ بده‌یت، کێ ده‌توانێت و ده‌وێرێت بڵێ ئه‌وانه گومانلێکراون! کام دادوه‌ر له کوردستان، ده‌توانێ دژ به بڕیار و دید و نه‌خشه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵات و هیزهچهکدارهکانیان و سه‌رانیان، بێته ده‌نگ و بڕیارێک ده‌رکات، با له‌سه‌ر حه‌قیش بێت و ئه‌وانیش تاوانبار بن، به زیانی ئه‌وان!
له کوردستان ئه‌گه‌ر قانوون پێڕۆ کرابا، زۆر ده‌مێک بوو، سه‌دان به‌رپرسی دز و گه‌نده‌ڵ و چه‌ته‌ی حیزب و حوکوومه‌ت و هێزی چه‌کدار، درابوونه دادگه و به سزای خۆیان گهیێنرابوون! ئه‌گه‌ر قانوون هه‌با، له‌مێژ بوو، کۆژهرانی شه‌هیدانی وشه و بیری ئازادی وه‌ک، ئه‌بوبه‌کر عه‌لی و سۆرانی مامه‌حه‌مه و سه‌رده‌شت عوسمان و کاوه گه‌رمیانی، ئاشکرا کرابوون و به سزای خۆیان گه‌یشتبوون. ئه‌گه‌ر قانوون له کوردستان هه‌با، هه‌زاران ژن له کوردستان به بیانووی پڕوپووچی نه‌ریته‌وه نه‌ده‌کوژران. ئه‌گه‌ر قانوون له کوردستان هه‌با، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه به ده‌رمانی هه‌ڵه و دوکتۆری نه‌زان، کوێر و شه‌ل و که‌ڕ و سه‌قه‌ت نه‌ده‌کران. ئه‌گه‌ر قانوون له کوردستان هه‌با، ئه‌و هه‌موو میلیاردێر و میلیۆنێرهی تێدا په‌یدا نه‌ده‌بوون، که له ئه‌نجامی ڕووتانه‌وه‌ی خه‌ڵک و تاڵان‌کردنی هه‌ژاران و سامانی وڵاته‌وه به‌وه گه‌یشتوون. ده‌کرێ ده‌یان ئه‌گه‌ری دیکه‌یش ڕیز بکرێن و درێژه به‌و باسه بدرێ، لێ چی سه‌وز ده‌کات؟ ده‌سه‌ڵات له کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی مافیایه و له مافیاستانێکی وه‌ک کوردستان، زۆر له‌مێژه قانوون له‌پێ کراوه.
11 – 1 – 2014