پۆرتره‌یتی موعته‌سه‌م ساڵه‌یی
نووسه‌ر، ڕۆماننووس، لێكۆڵه‌ر، وه‌رگێڕ.
به‌ر له‌وه‌ی بیناسم! به‌ڕێگه‌ی نووسینه‌كانییه‌وه، ئاشنای بووم و، دواتر بووینه هاوڕێ. ئه‌و بنووسێكی فره نووسه، گوتاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، چیرۆك، توێژینه‌وه، ڕۆمان، ته‌رجه‌مه و گه‌له‌ك مژاری دی ده‌نووسێ و دهیانوهشێنێ. برای هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریستی محه‌مه‌د ساڵه‌یییه. دهسۆنگهی ئه‌وه‌ی كوڕی مه‌لا جه‌باری چێكهری مزگه‌وتی یادگاره، به‌چكه‌ی سۆنه‌ش پێویسته مه‌له‌وان بێت! بۆیه به‌رایی موعته‌سه‌می چكۆڵهش بۆ خوێندن ده‌نێدرێته لای مه‌لاو، پاشان ده‌چێته قوتابخانه. ئه‌م نووسیاره نێوداره‌ی ساڵه‌یی! ناوی ته‌واوی: موعته‌سه‌م مه‌لا جه‌بار ڕه‌مه‌زانه و، به موعته‌سه‌م ساڵه‌یی له كۆوار و رۆژنامه‌كاندا بابه‌ت و به‌رهه‌مه‌كانی بڵاودهكاتهوهو، ده‌نێو خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك و كووچه‌و كۆڵانیشدا، هه‌ر وه موعته‌سه‌م ساڵه‌یی ناسراوه. ساڵی (1953) له گه‌ڕه‌كی خانووه قوڕه‌كانی زێوییه‌دا هاتووه‌ته دونیاوه و، مه‌گا له سه‌ره‌تادا دیاردمان پێكرد لای مه‌لای خۆندووه و، هه‌نگێ له قوتابخانه‌ی ئازادی نێونووسكراوه، ئه‌و كوتی: (یه‌كی به‌راییم به زمانی كوردی خوێندووه‌و، هه‌ینێ هه‌موو وانه‌كانمان له قوتابخانه‌ی ئازادی كوردی بوو، لێ ساڵی پاشتر نێوی قوتابخانه‌كه گۆڕاوه‌و، وانه‌كانی بوون به عه‌ره‌بی). ئیكه له‌و مێژووه‌وه، تا قۆناغه‌كانی خوێندن به‌كۆتا دێنێ! هه‌ر وه عه‌ره‌وی ده‌خوێنێ . ڤێجا بۆ خوێندن بۆ شاری به‌غدا ده‌چێت و، له‌وێنده‌ر به‌شی په‌یكه‌رتاشی ئه‌كادیمی ههنهرهجوانهكانی به‌غدا ته‌واو ده‌كات. پێمگوت:
_ تا ئێسته‌كانێ له چه‌ند پیشهنگهدا پشكداریت كردووه؟ كوتی:
_له چه‌ند پیشهنگهیهك به‌شداری بووم، وه‌لێ نووكه هیچ كارێكی هونه‌ریی ناكه‌م و، كاته‌كانم زێتر بۆ نووسین و خوێندنه‌وه ته‌رخان كردوون.
ئه‌وی هه‌ر چه‌نده ده‌رچووی ئه‌و پاره هونهرییهشه، كه‌چی هه‌ر مینا نووسه‌ر ناسراوه. گوتم:
_ كه‌نگێ كه‌ڵه‌كه و خولیا‌و ئاشنای خوێندنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه بوویت؟ واتش:
_گڵهتێ هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تایی بووم، مه‌یل و هه‌وام چووه سه‌ر خوێندنه‌وه و، ئه‌میر ئه‌رسه‌لان و رۆسته‌م و زۆراب و شیرین و فهرهادو، زۆرتر ئه‌و كتێبانه‌ی كه له چاپخانه‌كه‌ی محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سری به‌چاپ ده‌گه‌یشتن ده‌مخوێندنه‌وه. پاشتر كتێبه عه‌ره‌بییه‌كانی وه‌كو سوپه‌رمان و هتد.. م…. به‌زوبانی عه‌ره‌بی خوێنده‌وه. دوای چه‌ند ساڵێك ده‌ست به نووسین ده‌كات و یه‌كه‌م بابه‌تی ساڵی (1977) له ڕۆژنامه‌ی هاوكاری بڵاو ده‌كاته‌وه. ئیكه له‌و دیرۆكهوه به به‌رده‌وامی و، بێ بڕانه‌وه‌و پسانه‌وه، نووسینه هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كانی ده‌وه‌شێنێ. تا نهۆ (10) كتێبی به‌چاپ گه‌یاندووه: دوانیان ڕۆمانن و یه‌كێكیان ڕۆمانێكی ته‌رجه‌مه‌كراوه. له‌چه‌ند كۆوارو ڕۆژنامه‌یه‌ك كاری كردووه له‌وانه: كه‌ركووكی ئه‌مڕۆ و بانهڕۆژو، هه‌وكه‌ش جێگری سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری گزنگه، كه لقی كه‌ركووكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد ده‌ری ده‌كات. ئه‌و پێی گوتم: پێش ئه‌وه‌ی زه‌واج بكات په‌یوه‌ندییه‌كی زۆری خۆشه‌ویستی و سۆزداری بووه! لێ له هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كاندا شكستخواردوو بووه و نه‌گه‌یشتووه به كه‌پڵ و گراوی و دڵخوازه‌كه‌ی. ئه‌نگێزه‌ی باس نه‌كرد! منیش نه‌چوومه نێو ورده‌كارییه‌كانه‌وه.
ساڵی (1986) ده‌گه‌ڵ مامۆستایه‌كی ماتماتیك به‌نێوی (موئهیهده) به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستی و سۆزداری ده‌نێویاندا ئاماده‌یی هه‌بێت! هاوسه‌رگیری ده‌كات. به‌رهه‌می ئه‌و زه‌واجه دوو كوڕن به نێوهیلی: ڕوودان ئێسته‌كانێ له دوا قۆناغی به‌شی كشتوكاڵه له زانكۆی كه‌ركووك و، ڕه‌وه‌ندیش دووه‌م ساڵیه‌تی له پولهتێك له زانكۆی كوردستان. له پرسیارێكدا، ئایه بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ده‌می، مامۆستا موئهیهدهی ناسی، هه‌مان كچ ده‌كاته‌وه به هاوسه‌ری؟! وات:
_ به‌ڵێ! گوتم:
_ ئه‌گه‌ر بمرێ؟ ئاهێكی هه‌ڵكێشاو وات:
_خوا به‌و رۆژه نه‌كات! لێ ناكارم ئێسته‌كانێ هیچ بڕیارێك بده‌م. گوتم:
_ پشتی زه‌واج هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستیت بووه؟ واتی:
_نا! گوتم:
_ئه‌گه‌ره‌كو كیژێك داوای خۆشه‌ویستیت لێ بكات؟ واتی:
_ڕه‌فزی ده‌ده‌مێ . كوتم:
_ كوو؟ واتی:
_ته‌مه‌نم سه‌ری كردووه و ئه‌و تخووب و كه‌وشه‌ن و سنووره‌مان تێپه‌ڕاندووه. گوتم:
_ عیشق ته‌مه‌ن و توخب نازانێ ؟! واتی:
_ئه‌وه‌یان دروسته.
له ماڵه‌وه باخچه و گوڵشه‌نی هه‌ن و به‌رده‌وام خه‌ریكێتی، لێ وازی بهفڕنده و په‌له‌وه‌ر مهلیچك نییه و، هه‌واو ئاره‌زووی به‌خێوكردنیان ده نێوماڵهوهدا ناكات. تا هه‌وكه نازانێ بورجه‌كه‌ی چییه و، بڕوای به‌و جۆره شتانه نییه. پێمگوت:
_ چ جۆره ڕهنگێكت پێ جوانه؟ گۆت:
_بێ جیاوازی گش ڕه‌نگه‌كانم لا قه‌شه‌نگن. گوتم:
_سه‌یری دراما توركی و كۆرییه‌كان ده‌كه‌یت؟ وت:
_چاویان لێ ناكه‌م لێ شاره‌زاییه‌كی زۆرم له فیلمهیلی هۆلیوود هه‌یه و، به به‌رده‌وام به‌سه‌ریان ده‌كه‌مه‌وه.
له تافی لاوی‌دا وه‌رزشی كردووه و، هه‌نووكه بهئالیدا ناچێت! هانده‌ر و دنه‌ده‌ری هیچ تیپ و یانه‌یه‌ك و، به هیچ یاریچییه‌ك كاریگه‌ر نییه. ده‌نگی خۆشه و گۆرانی ده‌چڕێ و حه‌زی به ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌ك و عه‌لی مه‌ردانه. پۆشاكی كوردی له‌به‌ر ناكاو، جلكی ئه‌وروپی ده‌پۆشێ و ڕێكپۆشه، له ماڵه‌وه یارمه‌تی وهاوكاریی هاوسه‌ری ده‌دات و، خواردن چێ ده‌كات و، قاپه‌كان پاكژو خاوێن ده‌كاته‌وه. پڕ چێژترین خواردن به‌لایه‌وه شێخ مه‌حشییه. سیگار و نێرگه‌له ناكێشێت و مه‌ی ناخواته‌وه، حه‌زی به گهشتوگوزارهو، لێ تا وێستاكانێ شانسی چوونه ده‌ره‌وه‌ی نه‌بووه، جگه له كه‌ڕه‌تێك! ئه‌ویش بۆ ئێران چووه. زمانه‌یلی: كوردی عه‌ره‌بی ئینگلیزی به نووسین و خوێندنه‌وه به‌له‌ده و، پیچهكیش فارسی و توركمانی ده‌زانێت. فه‌یسبووكی نییه‌و، ناچێته سهرئینتهرنێتیش، شۆفێری ده‌زانێ.
ڕه‌وشی ئابووری نۆرماڵه. به‌ژنێكی ئاسایی، نه زۆر قه‌ڵه‌و، نه زۆر ڕژیی و لاواز و رووخسارێكی كپ و ئاخاوتنێكی نه‌رمی هه‌یه. پیاوێكی فرناخ و لوتبه‌رز نییه‌و، سه‌نگین و ئارام و له‌سه‌رخۆیه، كوردێكی بێ گه‌ردو، پاك و بێ ڕه‌نگ و بۆیه. 2013
ئا: حه‌مه‌سه‌عید زه‌نگنه-كه‌ركووك