
گه‌مارۆدان وه‌ك دۆزه‌خی مرۆڤ
به‌رده‌وامێتی كێشه‌كانی مرۆڤ ئه‌شێ له‌به‌ر ڕووناكایی بیری فه‌یله‌سوفی هیندی كریشنامورتی دا ببینین و تێیبگه‌ین به‌تایبه‌ت لێكدانه‌بڕاوی كێشه و مرۆڤ. ئه‌م بیریاره پێیوایه : ئێمه په‌ره‌مان به هۆشمه‌ندییه‌ك داوه كه له‌توانای بڕیاردان و چارهسهرسازیكردنه بۆ نزیكه‌ی هه‌موو كێشه ته‌كنیكیه‌كان . به‌ڵام كێشه‌كانی مرۆڤ وادێنهپێشچاو هیچ ساته‌وه‌ختێ نایهنهچارهسهركردن. خه‌ڵك لكاون به كێشه‌كانیانه‌وه: كێشه‌كانی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆ , زانین , په‌یوه‌ندییه‌كان و كێشه‌كانی به‌هه‌شت و دۆزه‌خ ؛ هه‌موو بوونی مرۆڤایه‌تی چووه‌ته‌وه ناو كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز و فراوانه‌وه. كریشنامۆرتی پێیوایه ڕه‌وشی مرۆڤ له‌هه‌موو چه‌رخه مێژووییه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا به‌وشێوه‌یه بووه. سه‌رباری ئه‌و هه‌مووه زانین و سه‌رده‌می په‌ره‌سه‌ندنه , مرۆڤ هیچ كاتێك له‌كێشه‌كان قوتارنهبووه . ڕه‌نگه له‌ئاستێكی به‌رچاودا پێكه‌وه بوونی مرۆڤ و كێشه بریتی بێت له په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆنتۆلۆژیانه‌ی قوڵی نێوان ئه‌و دوانه , چونكه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مرۆڤ به‌جیاواز له‌كێشه بنچینه‌ییه‌كانی ببینین و بدۆزینه‌وه , ئه‌وه چیدی ئێمه به‌دوای بینین و دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه نین. له ره‌وشێكی ئه‌وهادا هه‌م گه‌ڕان و پشكنینمان ڕووله هه‌ڵه‌یه , هه‌م بابه‌تی بهدواداگهڕاومان ناڕه‌سه‌ن و نه‌كرده‌یه. ئه‌مه‌یه وامان لێده‌كات مرۆڤ وه‌ك بوونێكی تێكچڕژاو له كێشه بهێنینهزمان.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌زانی ، ده‌غه‌ڵی ، نابه‌رپرسیارێتی ، خۆپه‌رستی ، چاوچنۆكی ، پاره‌په‌رستی ، سێكسپهرستی ، هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازی ، نادڵسۆزی و خیانه‌ت ، توندوتیژیخوازی و مهرگئهفرێنی به‌شێكن له‌خه‌سڵه‌ته رۆژانه‌یی و لهئاستگهلێكیشدا به‌شێكن له خه‌سڵه‌ته ئۆنتۆلۆژییه‌كانی بوونی مرۆڤ. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وشه هیچ پاساوێكمان له‌باره‌ی چاكێتی بنچینه‌یی مرۆڤ پێنادات. هه‌رچه‌نده مانای خراپبوونی زگماكیانهی ئه‌ویش ناگه‌یه‌نێ . به‌ڵام هه‌ر ئه‌م وێنه جیهانییه‌ی مرۆڤ فاكته‌ری لاوازی و كه‌مده‌ستی جوڵانه‌وه‌ی هیواخوازانهی مرۆڤه له‌ئاست مرۆڤ خۆیدا.
قوتارنهبوون له‌كێشه‌كان هه‌رئه‌وه‌ی كریشنامورتی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه بنچینه‌ی ئه‌و راستیه بوونهوییهی مرۆڤ دهستنیشاندهكا كه ئومێده‌كان و گهشبینیهكان به مرۆڤ و چاره‌نوسی مرۆڤ له‌ق و شێواو و داڕزاو دێنێته پێشچاو . چه‌مكی ته‌قه‌لا , هه‌وڵ و كۆشش له‌پێناوی چاكه و به‌دوای چاكه‌دا له روویه‌كه‌وه به‌پێویست ئه‌بێت ههمیشهییبن و له‌خۆشیاندا ههمیشهگین , هه‌رچه‌نده جیاوازی تێگه‌یشتن له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و چاكه‌یه گه‌لێك زۆر و فراوانه . به‌ڵام چاكه وه‌ك چه‌مكێكی گشتی لێره‌دا هاتۆته به‌رباس , نه‌ك له‌دۆخه وردكراوه و فرهواتاكراوهكهیدا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م ته‌قه‌لا و هه‌وڵه ئه‌گه‌رچی هێمایه‌كی بنچینه‌یین به‌گه‌وره‌یی مرۆڤ له‌ئاست گشت بوون و بونه‌وه‌رانی دیكه‌دا ، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتا نیشانه‌ی بێهوده‌یی و بێبه‌رهه‌مییه. بێهوده‌یی لهتهقهلاكانی مرۆڤدا هه‌رگیز ماف و پاساوی بێباكی و ده‌سته‌وسانی ناداته ئه‌و . به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی تاهه‌نوكه ئه‌م بوونه‌ی له‌ژێر شوناسی مرۆڤا راگرتووه ئه‌م هه‌وڵه بێهودانهیهتی. دواجار ئه‌شێ له‌وه تێبگه‌ین كه خودی ئه‌م بێهوده‌ییه مرۆڤ مه‌حكوم ده‌كا به‌هه‌موو جۆره ته‌قه‌لا و به‌رخودانێك هه‌رچه‌نده ده‌رئه‌نجامی هه‌موو شتێك هه‌ر بێهوده‌ییه. سه‌خترین قبوڵكردن و له‌خۆگرتن ، قبوڵكردن و له‌خۆگرتنی راستێتی بێهوده‌ییه ، چونكه بێهوده‌یی ئه‌شێ مرۆڤ به‌ئاقاری خۆكوشتنی سایكۆلۆژی و ئێكزیستێنسیالیانهیا ببات. ئه‌م خۆكوشتنه بڕواهێنانه به‌وه‌ی كه ته‌قه‌لا و كۆشش له‌خودی خۆیاندا بێهوده‌ن و بێواتان. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی مانا و بێهودهنهبوونی ته‌قه‌لا و كۆشش ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌وه‌دا بێ كه ده‌مانگه‌یه‌نێته بێهوده‌یی ئه‌وا ناكرێ وه‌ك بێمانایی و بێهوده‌یی باسی بكه‌ین.
كریشنامورتی له‌باره‌ی نهكردهیی چارهسهرسازیكردنی كێشه‌كانه‌وه بڕوای وایه كه نه سیاسه‌توانه‌كان ، نه زاناكان و نهفهیلهسوفهكان ناكارن بڕیار له‌و كێشانه بده‌ن. ئه‌و ده‌پرسێ : بۆچی مرۆڤ له‌هه‌موو جیهاندا ناتوانان له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه به‌رده‌وامه‌كانی ژیاندا ؟ چی بووه‌ته ئاسته‌نگی به‌رده‌م چاره‌سه‌رێكی ته‌واوی ئه‌و كێشانه؟ ئایا به‌هۆكاری ئه‌وه نییه كه مرۆڤ هێشتا به‌ته‌واوی ده‌رباره‌یان بیری نه‌كردۆته‌وه ؟ ئایا گرێدراوی ئه‌وه نییه ئێمه هه‌موو ڕۆژه‌كانی خۆمان و ته‌نانه‌ت نیوه‌ی شهوهكانیشمان به‌بیركردنه‌وه له‌كێشه ته‌كنیكییه‌كانه‌وه به‌سه‌ر ده‌به‌ین و هیچ كاتێكمان بۆ كێشه‌گه‌لی دیكه نامێنێته‌وه ؟ ره‌نگه بهههڵهیانهچین ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشانه و به‌رده‌وامییان به‌كێشه‌ی بیركردنه‌وه‌وه ببه‌ستینه‌وه. بۆچی كێشه‌كان بهبڕیارلێنهدراوی و چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه؟ ئه‌مه ته‌نها پێم وانییه په‌یوه‌ندیدار بێت به‌نه‌بوونی بیركردنه‌وه‌یه‌كی پڕاوپڕ و پڕبه‌پێستی ئه‌و كێشانه ، به‌ڵكه له‌ئاستێكی گه‌وره‌دا بێ‌بنی كێشه‌كان خۆیان له به‌رده‌وامی و چارهسهرنهكراوییان به‌رپرسیارن. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هۆكاره‌ی هایدیگه‌ر تێبینی كردووه ده‌رباره‌ی ئاستی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ به‌درێژایی مێژوو ، كه ده‌ڵێت : مرۆڤ به هه‌موو ره‌وتی مێژووی خۆی ئه‌وه‌نده‌ی جێبه‌جێیكردووه ئه‌وه‌نده بیرینهكردۆتهوه . بێگومان به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و خوێندنه‌وه دروسته‌ی هایدیگه‌ر ئه‌شێ به‌و پرسه وه‌ڵامبده‌ینه‌وه كه بیرنهكردنهوهی به‌رده‌وام و جدی هۆكاری پڕبوونی ژیانه به‌و كێشانه. به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كێشه‌كان بنه‌ڕه‌تین ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌ی قوڵ و جدیش ناتوانێ بهچارهسهرییان بگه‌یه‌نێ ، به‌پێچه‌وانه‌وه بیركردنه‌وه‌ی راسته‌قینه و قوڵ كێشه‌كان نمایش ده‌كا و ره‌گوڕیشه‌یان ده‌رده‌خات به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ریشانه له‌زه‌مینی خۆیان هه‌ڵبكه‌نێ . كه‌واته لێره‌وه شیاوه هێما به‌شتێكی دیكه بكه‌ین : كاتێك بیركردنه‌وه‌ی قوڵ و جدی ناتوانایه بۆ لهڕهگوڕیشهدهرهێنانی كێشه‌كان و ته‌نها نمایشكهریانه و سه‌لمێنه‌ری ئاماده‌یی و بوونیانه ، واتای بوونی كێماسی و كه‌موكورتییه‌كی گه‌وره‌نییه ، چونكه كێشه‌كان ته‌نها ده‌رخستنیان و سه‌لماندنی راستێتی بوونیان كارێكی بنچینه‌یی و چاره‌نوسسازه له‌په‌یوه‌ند به مرۆڤه‌وه. هه‌رئه‌وه‌ی په‌رده‌له‌سه‌ر گرفته‌كانی بوونی مرۆڤ هه‌ڵبده‌ینه‌وه ، دڕبدهین به‌و تارماییه‌ی كه باڵ به‌سه‌ر ڕووی كێشه‌كاندا بڵاوده‌كاته‌وه. ره‌نگه هیچ گومانێك پێویست نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆقوتاركردن و هه‌ڵهاتن له‌دانپێدانانی بوونی كێشه‌كان لهنائاگامهندی و ناهوشیاری مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
كریشنامورتی له‌په‌رتوكی “ده‌رباره‌ی گرنگترین” دا نوسیویه‌تی :”ئێمه سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانی په‌یوه‌ندی ، كێشه‌كانی نائاماده‌یی ئازادی ، ده‌رباره‌ی هه‌ستكردن به‌نادیاری و ترس ، ده‌رباره‌ی سه‌ختی وه‌ده‌ستهێنانی رێگایه‌ك بۆ بوون و وه‌چنگهێنانی پێداویستیه ژیانیه‌كانی دیكه قسه‌ده‌كه‌ین”. قسه‌كردن له‌باره‌ی هه‌رشتێكه‌وه هه‌وڵه بۆ گه‌یشتن پێی و بهپهنهانییهكانی ، بهنادیارییهكانی و خۆخزاندنه بۆ ناوه‌وه‌ی.
ئێمه به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان قسه‌ده‌كه‌ین ، قسه‌كردن هه‌میشه هه‌وڵه بۆ نمایشكردنی جیهان ، شته‌كان و مرۆڤ له‌سه‌ر شانۆی وشه. هه‌ر بۆیه كێشه‌كانیش له‌م شانۆیه‌دا ئه‌بێت به‌رده‌وام پیشانبدرێن.
ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی نائاماده‌یی ئازادییه‌وه قسه‌بكه‌ین پێویستدهكا هه‌موو وشه‌كان بخوازین بۆ ئه‌وه‌ی غه‌می نه‌بوونی ئازادی وه‌ك بنچینه‌ییترین نیگه‌رانی بنوسینه‌وه. مرۆڤ تادورتربێت ئازادتره ، تاكهنارتر و تهنهاتربێت ئازادتره. ئازادی و “دوری-له‌هه‌موو شتێكه‌وه” ئه‌توانن پێكڕا له‌خانویه‌كدا كۆببنه‌وه. نێزیكبونهوه له‌شته‌كان ، له‌كه‌سه‌كان و لهبونهوهرهكان نێزیكبونهوه یه له‌كۆتایی خۆت-تۆی مه‌عنه‌وی. ته‌نانه‌ت گه‌ر هاتوو ئه‌وان نه‌یانتوانی به‌سه‌ر تۆوه كاریگه‌ربن و له‌ڕێی كاریگهرییهكانیانهوه جیهانی تۆ و بیری تۆ و كه‌سێتی تۆ و دواجار ئازادی تۆ زه‌وتبكه‌ن ، ئه‌وا هیچ گومانێكی تیادا نییه ، تۆ له‌رێگه‌ی كاریگهرییهكانتهوه به‌چه‌شنێ له‌چه‌شنه‌كان به‌وانه‌وه ده‌به‌سترێیته‌وه ، تۆ ئه‌بیت به‌دیلێكی ڕاسته‌قینه ، ئه‌م دیلێتیه دهیانناوی هه‌یه. ناهه‌موارترین غه‌می دونیا ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ خۆی سوربزانێ خودی خۆی نییه و ناشتوانێ خۆی بێت. ئه‌مه له‌دۆخێكدایه كه مرۆڤ به‌ته‌واوی هه‌ست به‌وه‌ده‌كات جیهانی ده‌وروبه‌ری گه‌مارۆیانداوه.
ئومێد حه‌مه عه‌لی