Skip to Content

Sunday, March 3rd, 2024
ئێمە گێلتر دەبین: بۆچی تەکنەلۆجیای نوێ زیان بە یادگەمان دەگەێنێت؟

ئێمە گێلتر دەبین: بۆچی تەکنەلۆجیای نوێ زیان بە یادگەمان دەگەێنێت؟

Closed

 

 

 

 

کەی بۆ دوا جار لە دەفتەری تەلەفۆنەکەت ورد بوویتەتەوە؟ بەر لە دە ساڵ یان زیاتر؟ ئەی کەی بۆ دواجار لە میانی وتووێژێکدا مۆبایلەکەت بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی لە ماڵپەڕی گوگلدا بەدوای زانیارییەکدا بگەڕێیت؟ لەوانەیە هەفتەی پێشوو بووبێت.

تەکنەلۆجیای نوێ ئەوە دەستنیشان بکات، ئێمە شێوازی ژیانی ڕۆژانەمان چۆن دیاری دەکەین و هەروەها ئێمە چۆن فێر دەبین و وردبینییمان ئاراستەی چی دەکەین. بە بەردەوامی بابەتی زانستیی بڵاو دەکرێتەوە و ئەوەش دەسەلمێنێت، کە تەکنەلۆجیای نوێ کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر توانای یادگەمان (ذاکرة) هەیە. ئەم کاریگەرییەش بە تایبەتی لەسەر یادگە کورتەکانمان دەبێت، کە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەبێ گومان بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕوو لە لاوازبوون دەکات. کێشەش تەنها لەوەدا نییە، کە توانای یادگە کورتەکان بەرەو خراپی دەڕۆن، بەڵکوو گەلێک کاریگەریی درێژخایەنیشی هەیە.  

چەندێتی ژیریی ئێمە بەستراوە بەوەی، ئایا چەند زانیاریی لە یادگەی کورتخایەنەوە (کە وەک دەفتەری تێبینییەکانی هزر کار دەکات) دەچێتە ناو یادگەی درێژخایەنەوە، کە بریتییە لە ژێرخانی زانیارییەکانی ناخمان. هەرکاتێک ئەزموونەکان و زانیارییەکان لە یادگەی درێژخایەنماندا هەڵبگیرێت و بپارێزرێت، ئەوکاتە دەتوانین کار لەسەر ئەو زانیارییانە بکەین، بیرۆکە و پلانی ئاڵۆز دابڕێژین و توانا هزرییەکانمان بەرفراوانتر بکەین. 

لە کاتێکدا کە توانای یادگەی درێژخایەنمان بێسنوورە، کەچی یادگەی کورتخایەنمان توانای تۆمارکردن و پاراستنی تێدا کەمە. بۆ نمونە کاتێک سەرنج لە شتێک دەدەین و لێی ورد دەبینەوە، لە پڕێکدا کە ڕووداوێکی لاوەکی ئەو بیرکردنەوەیەمان دەبڕێت، ئەوا سەرتاپا یان بەشێکی ناوەڕۆکە هەڵگیراوەکەی ئەو بیرکردنەوە و سەرنجدانەمان لەناو یادگەی کورتخایەندا لەناو دەچێت. 

لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا ئەوە دۆزراوەتەوە، کە وێنەگرتنی بەردەوام بە مۆبایلەکانمان – کە بووە بە دیاردەیەکی زۆر بەرفراوان لە کۆمەڵگای نوێدا – کاریگەرییەکی خراپی هەیە لەسەر یادگەی کورتخایەنی ئەو ساتەی، کە وێنەکەمان  تیادا گرتووە.  

ئایا ترستان لەوە هەیە، کە یادگەتان لە دەست بدەن؟ ئەم پێنج خاڵە زانستییانەی خوارەوە کاریگەرێتیی تەکنەلۆجیای نوێ لەسەر یادگەمان دەردەخەن: 

لە کاتی زۆربوونی تێڕژانی زانیاریدا، هەڵگرتنی ئەو زانیارییانە قورس دەبێت. 

ئێریک فرانزن زانای کۆمپیوتەر لە زانکۆی تەکنەلۆجیای شاهانە لە ستۆکهۆڵم دووپاتی ئەوە دەکاتەوە: تەنها یەک دانیشتنیش لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت هەڵگرتنی ئەو زانیارییانە لە یادگەماندا قورس دەکات و کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر ئاستی چالاکییەکانی ناو مێشکمان. هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی، کە زاناکان جەخت لە دوورکەوتنەوەی منداڵان بکەن لە کۆمپیوتەر و یارییە ئەلەکترۆنییەکان و یارییەکانی ناو مۆبایل. لە لایەکی دیکەشەوە پسپۆر و نووسەر تۆنی شفارتز ئەوە دەسەلمێنێت، کە زۆرینەمان لە بارێکی وادا نین، کە بتوانین چالاکانە کار لەگەڵ هەموو ئەو زانیارییە کۆکراوەکاندا بکەین، کە دەڕژێنمە ناو مێشکمانەوە بەهۆی زۆریی زانیارییەکانی ناو ژینگەمان. 

زۆربوونی فشاری دیگیتالەکان لەسەر یادگە کورتەکان لەگەڵ پەرداخێکی ئاودا بەراورد دەکرێت، کە هەمیشە ئاوی زیاتری دەکرێتە سەر. 

“وێنای ئەوە بکەن کە بە بەردەوامیی ئاو دەکەنە ناو پەرداخێکەوە، ئەو بەشە ئاوەی لە سەروو ئاستی پەرداخەکەوەیە، دەڕژێتەوە دەرەوە.” بەو شێوەیەش ئێمە بە بەردەوامی ئەو زانیارییە لە دەست دەدەین، کە هەنوکە چووەتە ناخمانەوە و زانیاری نوێ جێگەی دەگرێتەوە. هیچ پێگەیەکمان نییە، کە بتوانین ئەو زانیارییە نوێیانەی، کە هەنوکە بە دەستمان هێناوە، جێگیری بکەین. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، ئەزموونەکانمان زۆر کورت و ڕووکەشانە بن. مرۆڤ دەبێت بە خاوەنی تەنها ئەو زانیارییەی، کە ئێستا سنووری مێشکمان دەبڕێت و دەچێتە ناخی مێشکمانەوە. بەڵام لەم دۆخەدا، کە توانای هەڵگرتنی زانیارییەکان لەناو یادگەی درێژخایەندا لاوازە، مرۆڤ ڕووبەڕووی ئاستەنگییەک دەبێتەوە، کە کار لەسەر ئەو زانیارییانە بکات و بیرۆکەیەکی لێوە بەرهەم بهێنێت. ئەم کێشەیەش دووبارە دەبێتەوە هەتا مرۆڤ وای لێ دێت، کە هەست دەکات هیچ توانایەکی بەرەنگاربوونەوەی بەرامبەر ئەو زانیارییانە نییە، کە بۆی دێن. لە کۆتاییشدا سەرسوڕماو و بێهەڵوێست و بێدەسەڵات دەمێنێتەوە، چونکە سەرباری ئەو هەموو زانیاریی و ڕاستییانەی کە بۆی دەستەبەر دەکرێن، بەڵام ئەو هیچ توانایەکی نییە، بیانگۆڕیت بە وێنەیەکی گشتیی هوشیارانە. 

ئینتەرنێت بەردەوام وەک “هارد دیسکی دەرەکیی” مێشکی مرۆڤ کاردەکات

توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە ئێمە زۆر بە کەمیی بایەخ بەو زانیارییانە دەدەین، کە بەهۆی ئامێرێک یان کەرەستەیەکی دیجیتاڵ بۆمان دەگوێزرێتەوە. لە بابەتێکی نوێدا کە لە ڕۆژنامەی “زانستی ئەمریکی”  Scientific American”دا بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات، کە ئینتەرنێت وەک “هارد دیسک”ێکی دەرەکی مێشک کار دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامێرە دیجیتاڵە نوێکان جێی مێشکمان دەگرنەوە.

وەبیرهێنانەوە و یادگە لە ڕابردوودا و هەتا ئێستاش جگەلەوەی پرۆسەیەکی کەسایەتیی بووە، بەڵام هەمیشە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیش بووە. ئێمە شتی تایبەتمان وەبیر دێتەوە و لە لایەکی دیکەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین، ئەو زانیارییانەی لە یادگەماندا هەن بیانگوێزینەوە. واتە هەڵگرتنی زانیاری ئەرکێکی ڕۆحانیشی هەیە لەکاتی وەبیرهێنانەوەی شتێکی دیاریکراو یاخود گواستنەوەی ئەو شتە، ڕووداوە یان زانیارییە بۆ ئەندامانی کۆمەڵێکی دیاریکراوی دەوربەرمان، بەڵام ئەم ئەرکە ڕۆحانییە لە سایەی ئینتەرنێتەوە لێمان سەنراوەتەوە. 

بەڵام ئینتەرنێت هەموو شتێک دەگۆڕێت. کاتێک کەسێک بۆ گەڕان بەدوای زانیارییەکدا بەر لەوەی پەیوەندی بە هاوڕێیەکییەوە یا کەسێکی دیکەوە بکات، پێش هەموو شتێک ڕوودەکاتە ئامێرێک و لە گوگلدا بەداوی ئەو زانیارییەدا دەگەڕێت. واتە ئێمە وەک بەشێک لە کۆمەڵگا سەبارەت بە زانیارییە کۆکراوەکانمان پشت بە یەکتر نابەستین، بەڵکو زیاتر پشت بە کەرەستەکانی وەک گوگل و ئێڤەرنۆت و . . . هتد دەبەستین.

ئێمە لەگەڵ ئەو کەرەستانەدا وەک هاوڕێیەکی زۆر بیر تیژ مامەڵە دەکەین، کە هەموو کاتێک لەبەر دەستماندایە دەتوانێت خزمەتمان بکات. بەم شێوەیەش ئێمە زۆر بە توندی دەبەسترێینەوە بە مێشکێک، کە لە پارچەیەکی مایکرۆچیپێک پێکهاتووە.

یارییەکان گەشەی یادگە قورس دەکات. 

وردبینیی و سەرنجدان کلیلن بۆ ئەوەی یادگاریی و بیرۆکە جێگیرەکان بنیات بنێین. ئایا دەتوانن بچوکترین وردەکارییەکانی فلیمێکی تەلەفزیۆنتان بەبیر بێتەوە لە کاتێکدا لەگەڵ سەیرکردنیدا سەرتان قاڵ بووە بە فەیسبوکەکەتانەوە؟ نەخێر. 

شت لەبیرچوونەوە نیشانەی ئەوەیە، ئایا ئێمە چەند سەرمان قاڵە. کاتێک ئێمە سەرنجەکانی خۆمان ئاراستەی شتێکی دیاریکراو نەکەین و بایەخی پێنەدەین، پاشتر یادگەمان ئەو توانایەی نابێت، کە ئەو زانیارییانە سەرلەنوێ بهێنێتەوە.

توێژەرەوەکانی پەیمانگەی تەکنەلۆجی ماساشوت ساڵی پار بازنەیەکی دەمارییان دۆزیوەتەوە، کە بەرپرسە لە بنیاتنانی یادگە بەردەوامییەکانی مێشک. ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە، کە ئەم بازنەیە زۆر چالاکانە کار دەکات، کاتێک مێشک زۆر چالاکانە سەرنج لەو شتە یان ڕووداوە بدات. 

لەکاتی زیادەڕۆیی و ڕژاندنی زانیارییەکان، تێڕوانینمان بۆ “سەرتاپا گەورەکە” لە دەست دەدەین، بەڵام لە پاشدا “سەرتاپا بچوک”ەکەش لە دەست دەدەین. 

ئینتەرنێت کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر هزرمان، زۆرتریش لەوەی، کە هەتا ئێستا بیرمان لێ دەکردەوە. لەبەر ئەوەی کە ئێمە زۆر پشت بە تەکنەلۆجیا دەبەستین، زیاتر هەوڵ دەدەین، تاکە زانیارییەکان لەیەک جیا بکەینەوە، لەبری ئەوەی هەوڵ بدەین بۆ پێکەوەنانی وێنەیەکی گشتیی گەورەی هزریی سەبارەت بە زانیارییەکان. 

“بە داخەوە ئێمە هەڵدەستین بە دابەشکردنی زانیارییەکان بۆ یەکەی یەکجار بچوک، کە هیچ شوێنێک لە چوارچێوەیەکی جێگیردا نادۆزێتەوە.” هەر کاتێکیش ئەمە ڕووبدات، ئەوا مانای شتەکان و پاراستنی زانیارییەکان لێک جیا دەکەینەوە، بەمەش گرنگێتیی ئەو زانیارییە لە ناخماندا بەها تایبەتییەکی خۆی لەدەست دەدات.  

بەڵام ئێمە پێویستمان بە وێنەیەکی گشتییە سەبارەت بەو زانیارییانە بۆ ئەوەی لە پاشدا بتوانین بەشەکان و وردەکارییەکانیان بە بیرمان بهێنینەوە. زۆرجار بە یارمەتی پێکهاتە گشتییەکە دەتوانین پارچەکانی ئەو وردەکارییەمان بەبیر بێتەوە. ئەمەش لە ناو زمانی ئینگلیزیدا بە (نانەوا – نانەوا – دژبەیەک) (Baker-Baker-Paradox) پێشان دەدرێت. ئەم ناوەش بە تاقیکردنەوەیەکەوە بەستراوە، کە تیایدا وێنەی کەسێک پێشانی دوو گروپ دەدرێت. بە گروپی یەکەمیان دەوترێت، کە نازناوی ئەم پیاوە (Baker – بەیکەر) و بە گروپەکەی دیکە دەوترێت، کە پیشەی ئەم پیاوە بریتییە لە (Baker – نانەوا). پاش ماوەیەک هەمان وێنە پێشانی هەمان دوو گروپ دەدرێتەوە. ئەو گروپەی کە پێیان وترابوو، کە پیشەی ئەو کابرایە نانەوایە، زیاتر وێنەکەیان ناسییەوە لەو گروپەی کە پێیان وترابوو، کە نازناوی ئەو پیاوە بریتییە لە (Baker)، چونکە کاتێک بیر لە پیشەی نانەوا دەکەینەوە بیر لە (نان، تەنور، هەویر، ئاگر، مەقاش . . . . هتد) دەکەینەوە و بەوەش گەلێک وشە و وێنە بە وێنە گشتییەکەی ئەو کەسەوە دەبەستینەوە، لە کاتێکدا کە نازناوی (Baker) هیچ شتێکمان پێ نابەخشێت تەنها نازناوی کەسێک نەبێت. 

بە کورتی، ئەوەی تێڕوانین لە سەرتاپای وێنەکە لەدەست بدات، ئەوا یادگەی سەبارەت بە بچوکەکانیش لە دەست دەدات.

توانای یادگەی نەوە تازەکە زۆر بە خێرایی لە کەمبووندایە.

بەپێی توێژینەوە نوێکان ئەوە دەرکەوتووە، کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون توانای وەبیرهاتنەوە و یادگەیان ڕووی لە کەمبوونە، کە بە لایەنی کەمەوە هۆکاری بەشێک لەو کەمبوونە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئالوودەبوونیان بە تەکنەلۆجیا نوێکەوە. لە یەکێک لە توێژینەوەکان کە لە ساڵی 2013 لە لایەن (Trending Machine)ەوە ئەنجام دراوە و تیایدا ئەو ئەنجامەیان دەست کەوتووە، کە لە زۆر باردا کەسانی تەمەن (18-34) هەندێک ئەرکی ڕۆژانەیان زۆرتر لە بیر دەچێتەوە گەر بەراورد بکەین بە کەسانی تەمەن سەروو ٥٥ ساڵ. هۆکارێکی ئەم دیاردەیە ئەو فشارە دەرونییەیە، کە ئێمە بەهۆی مۆبایلەکانمانەوە یان لاپتۆپەکانمانەوە بە بەردەوامی بەستراوەین بە جیهانەوە. ئەمەش کەشێکی نەگونجاو و نالەباری لە ناخماندا دروست کردووە.  

“فشاری دەروونی هۆکارێکە بۆ لەبیرچوونەوە، خەمۆکی و هەڵسەنگاندنی هەڵە.” لاوەکان زیاتر ڕووبەڕووی کەمیی توانای وردبینیی و کێشەی فرە جوڵەیی و بزێویی و هێورنەبوون دەبنەوە کاتێک گەورە دەبن. ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە لەگەڵ تەکنەلۆجیا نوێکەدا گەورە دەبن زۆر جار ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی خەو. خودی تەکنەلۆجیاکە و کەمیی خەوەکە هەردووکیان پێکەوە هۆکارێکی بەهێزن بۆ لەبیرچوونەوە. 

 

 

 

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: کامەران چروستانی 

chrostani@hotmail.com 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.