ڕێگه‌ی قوتابخانه …
دایه هه‌مو به‌یانییه‌ك یاسه‌مین و ئارۆی له خه‌و هه‌ڵده‌ساندتا بچن بۆ قوتابخانه..یاسه‌مین دووساڵ له ئارۆی برای گه‌وره‌تر بو، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بوایه ئاگاداری بوایه و له‌گه‌ڵ خۆی بیبردایه بۆ قوتابخانه‌كه‌ی كه نزیك قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌م بو.له ڕێگه یاسه‌مین باسی هاوڕێكانی خۆی بۆ ئارۆ ده‌كرد و هه‌رشتێكیشی ببینیایه بۆی باسده‌كرد.یاسه‌مین ڕۆژانه ئارۆی له‌به‌ر ده‌رگه‌ی قوتابخانه‌كه‌ی جێده‌هێشت و خواحافیزی لێده‌كرد ،ئینجا ده‌ڕۆیشت بۆ قوتابخانه‌كه‌ی خۆی.دوای ته‌واو بوونی قوتابخانه‌ش ئارۆ له‌به‌ر ده‌رگه چاوه‌ڕوانی یاسه‌مینی خوشكی ده‌كرد ، تا بگه‌ڕێته‌وه و له‌گه‌ڵیدا بڕواته‌وه بۆ ماڵه‌وه..ئه‌مڕۆ ئارۆ بڕیاریدا كه به ته‌نیا بڕوات بۆ قوتابخانه ، چونكه گه‌وره‌یه و ڕێگه‌كه‌ش به‌باشی شاره‌زایه.ده‌چێته ده‌ره‌وه و به‌لای ڕاستدا ده‌ڕوات ، ئه‌وسا به‌لای چه‌پی شه‌قامه‌كه‌دا پێچ ده‌كاته‌وه و تابلۆیه‌كی هه‌اَواسراو ده‌بینێت ، دوای چه‌ند خوله‌كێك قوتابخانه‌كه ده‌بینێت كه به‌رامبه‌رێتی.. ئه‌م بڕیاره‌ی به دایكی وت و سور بوو له‌سه‌ری. چونكه هاوڕێكانی قوتابخانه‌ی پێیانده‌وت كه تۆ پێویستیت به كه‌س نییه و پێویست ناكات هه‌موو ڕۆژێك خوشكه‌كه‌ت بتهێنێت بۆ قوتابخانه..دایكی كه زانی زۆر سوره له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی زۆری له‌گه‌ڵدا نه‌وت و قایل بو كه به‌ته‌نها بڕوات ،به‌ڵام به یاسه‌مینی وت كه دوایكه‌وێت و له دوره‌وه چاودێری بكات .ئارۆ جانتاكه‌ی كرده شانی و ده‌رچو..پاش كه‌مێك یاسه‌مینیش ده‌رچوو..ئارۆ به ته‌نیشت دیواره‌كه‌وه ده‌ڕۆیشت ،كاتێك سه‌گێكی بینی له دووره‌وه ده‌وه‌ڕی ترسا و وه‌ستا تا سه‌گه‌كه له چاو ونبو، ئارۆ هه‌ستیكرد كه ئه‌مڕۆ ڕێگه‌ی قوتابخانه له ڕۆژانی تر درێژتره .هه‌ستیكرد كه ڕێگه‌كه له‌گه‌ڵ یاسه‌مینی خوشكیدا نزیكتربو.ئارۆ گه‌یشته قوتابخانه ، به‌ڵام زۆر ماندوو بێهێزبو ،چێژی له‌یاریكردن وه‌رنه‌ده‌گرت و باشیش له وانه‌كان تێنه‌ده‌گه‌یشت..دوای ته‌واو بوونی قوتابخانه ،ئارۆ بینی یاسه‌مین له‌به‌ر ده‌رگه‌ی قوتابخانه‌كه چاوه‌ڕوانیه‌تی ، یاسه‌مین پێی وت: ئارۆ گیان چۆنی؟ حه‌زده‌كه‌یت پێكه‌وه بڕۆینه‌وه یان به‌ته‌نیا بڕۆیته‌وه ؟!ئارۆ ده‌ستی یاسه‌مینی گرت و وتی: هه‌رچه‌نده رۆیشتن و هاتنمان پێكه‌وه خۆشتره چونكه ڕێگه‌كه له‌گه‌ڵ تۆدا جوانتر و كورتتریشه، به‌ڵام من له‌مه‌و دوا هه‌وڵده‌ده‌م جار جاریش به‌ته‌نیا بێم بۆ قوتابخانه…
وه‌رگێڕانی به ده‌ستكارییه‌وه: عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی