کاوە گەرمیانی لەگەڵ سێ هاوپیشەکەی بە فیشەکی وێڵ کوژران!!!!
بەڕێزان و خوێنەرانی هێژا، ئایا ئەزانن ئێمە بە گێلی و بە بێ خوێندنەوەیەکی تەندروستانە خۆمان خستۆتە نێو داوی گومان و یەقینی خۆمانەوە! ئاخۆ پرسیارێکمان لە خۆمان کردوە کە، کەسانی وەک سۆرانی مامە حەمەو عەبدولستارو سەردەشت و کاوە گەرمیانی ، ئەم چوار تاوانبارە،کوشتنیان دەخینە ئەستۆی ئەو فریشتانەی کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە!!!، ئەو فریشتانەی ماوەی زیاد لە نیو سەدەیە خەبات و چالاکیە سیاسیەکانیان تەنها بۆ بەختەوەری کۆمەڵگایە و هیچ باکیان نیە لەوەی خۆیان لەسەر سفرەی خاڵی، شێوی خۆیان بکەنەوە! هۆ بەڕێزانێک کە خەمخۆرن بۆ گیان بەختکردنی ئەو چوار ڕۆژنامەنووسە بێفەڕانە، بزانن کە ئێوە چ تاوانێک ئەنجام دەدەن لەو هەڵوێستەتان، گوایە ئێوە عەدالەت خوازن و بکوژانی فریشتەش دەکەن بە تاوانبار، بڕوا بکەن، ئێوە زۆر بە سەهوا ڕۆشتوون لەو کردارەتاندا، چونکە ئێوە، هێشتا زۆرتان ماوە، لە بێگوناهی ئەو فریشتانە تێبگەن، کە دەستیان برد بۆ کوشتنی ئەو تاوانبارانە، ببورن، جارێکی تر من بەهەڵەدا چووم، چونکە ئەو چوار مەردەمە، هیچ کەس دەستی نەچوەتە کوشتنیان، بەڵکو ئەوان لە ناکاوێک و لە ڕێکەوتێکی نەخوازراودا بەر فیشەکی وێڵ کەوتون و، بەو کارە نەخوازراوە گیانیان لەدەست داوە. ئەوە ئێوەی تیمساح ئاسا چ فرمێسکێک هەڵدەڕێژن بۆ ئەوەی فریشتەکان تۆمەتبار بکەن بە کوشتنی ئەو مرۆڤە نالەبارانە!!!! ئاخۆ ئێوە نازانن، کە ئەم بەڕێزە فریشتە ئاسایانە ماوەی زیاد لە نیو سەدەیە هەموو تەمەنی خۆیان خستۆتە بەر مەترسی تەنها لە پێناو ئەم ڕۆژەدا؟ ئێوەی ڕۆژنامەنووس، کێ دەزانێ لە کوێوە هاتوون و مەبەستان چیە لەم ژیانەدا؟ ئاخۆ ئێوە نازانن، کە ئەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستانە چ مرۆڤێکی ئەفسوناویی بوون لە مێژوی خۆیاندا؟ ئیتیر چۆن غیرەت دەکەن، کەسانی وا بکەن بە بکوژی ئەو تاوانبارانە!!!!؟
کاوە گەرمیانی تا عەبدولستار و سۆران و سەردەشت، ئەمانە، دەیانویست ئارامی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە باشوری کوردستاندا بشێوێنن، ئاخر ئەمان ئەو مرۆڤانە بوون، خوداش لەگەڵ لە ناوچونیاندا بوو! چونکە ئەمانە، گیرەشێوێن بوون، چۆن گێرە شێوێنێک، کەم وێنە لەم ژیانەدا! ئەوانە بۆیە بەر فیشەکی وێڵ کەوتن، چونکە خودا ئەم دەسەڵاتە عادیلانەیەی باشوری کوردستانی خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی زۆر یەکسانیخوازە و تەواوی کۆمەڵگای بێ بەش نەکردوە لەو داهات و سامانەی هەیەتی، ئەوەتا سەرۆکی هەرێم شێوە ژێیانێکی هەیە کە هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی لێی بەهرەمەندە، سەیرکەن ببینن، بزانن خودی بەرپرسە فریشتەکان، چۆن جۆرە ژیانێکی مۆدێرنە و یەکسانیخواز بنیات دەنێن لە نێو کۆمەڵگادا، ئەوە نیە بەیانیان زوو پێش مەلا بانگدان، بەرپرس و کوڕەکانیان لەبەردەم مەیدانبی کاردا وەستاون و ئەوانیش لە چاوەڕوانی ساحێب کارێکدان بانگیان بکات بۆ کار کردن! خۆ ئەوانی بەرپرس تا دوێنێ شیڕە شیڕیان بوو بۆ ڕزگاری چینی چەوساوە لە دەستی زاڵمانی چەوسێنەر، ئەمێستا حاڵەتێکی نامۆ نیە، ئەوانیش لەبەردەم مەیدانی کاردا ببینرێن و تا ئێوارنێک تاسە چیمەنتۆ ڕابکێشن!!!! ئەگەر وابزانن، ئێوەی ڕۆژنامەنوس و ئازادیخواز لەسەر هەقن، دڵنیا بن کە زۆر سەهوون و بەهەڵەدا چوون لە تێگەیشتنتان بۆ شیکردنەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری کوردستان!!!!!
ئێمەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری کوردستان، ئەو دەسەڵاتەین، بۆ کەسانی تاوانباری وەک کاوە گەرمیانی و هاوەڵانی، هەمیشە، بە ئاگایە و بۆ ساتێکیش خەو لە چاوانیدا بونی نابێت، ئاخر چۆن دەبێت ئەو کەسە ناڕێکانە لە کۆمەڵگادا بوونیان هەبێت!!!! ئا ببورن، خۆ ئێمە خەریکە بە بەلاش خۆمان توشی گۆبەندی یاسا و دادگا کان دەکەین، بەبێ ئاگا خەریکە خۆمان دەخەینە نێو کەیسێکی بەناو سیاسیەوە، بەبێ ئەوەی بزانین ئەو چوار بەناو ڕۆژنامە نووسە بەر فیشەکی وێڵ کوتوون! ئێمەی دەسەڵاتدار، هەمیشە، لە ڕیزی ئەو دەسەڵاتە دیموکراتیەیەن کە لە ئێران و تورکیا و وڵاتی سعودیەدا هەیە، ئێمە، هاوشانی ئەو سەروەریە بەرزەین لە دیموکراسیەت، دیموکراسیەتێک، کە ئەوەی باس لە ئازادی بکات ملی بە دارەوە دەکەین!؟ پێکەنیتان نەیە کاتێک وا دەڵێین، چونکە دیموکراسیەت، مانای ئەوە نیە کە خەڵکی یان ئەوی ناوی کۆمەڵگایە ئازاد بێت، بە پێچەوانەوە، دیموکراسیەت، یانی ئیختیساب کردنی کۆمەڵگا!!!! ئەزانن بۆ، ئەمەش وایە، چونکە خودی سەرانی دەسەڵاتدار، بۆخۆیان، جێبەجێ کەری ئەو پیلانەن کە لە نێو وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاواوە بۆیان دێتە جێبەجێ کردنەوە، خۆ ئەمەش مانای ئەوە نیە، کە ئەم دەسەڵاتە و ئەو بەرپرسانەی لە نێو دەسەڵاتدان، تەنها وەک ڕۆبۆت کار بکەن، نانا، بەپێچەوانەوە، ئەم دەسەڵاتدارە فریشتانە، هەردەم، بچوکترینن لە نێو کۆی ئەو مرۆڤە خاوەن دەسدەڵاتانەدا، کە ژێر دەستەی وڵاتانی سەرمایەداری گەورەن، ئەزانن بۆ، تەنها لەبەر ئەوەی ئەمانی باشوری کوردستان، هیمەتیان، لای خڕ کردنی ملیاردە دۆلارە، ئیتر باکیان نیە بەوەی، ئاخۆ ئایندەی ئەو کۆمەڵگایە چی بەسەر دێت!!!!!
دەتوانن چی بڵێن بە ئامەدی کۆرپە و نەنکی و دایکی ئامەد، ئاخۆ دادگا، ئەو توانایەی هەیە، بڵێت، کاوە گەرمیانی بە فیشەکی وێڵ نەکوژراوە و بەڵێ بە فیشەکی بەرپرس کوژراوە!؟ ئاخۆ دادگا، ئەو توانایەی هەیە، بڵێ، کە سۆران و عەبدولستار و سەردەشت، بە فیشەکی وێڵ نەکوژراون و، بەڵێ، بە فیشەکی دەسەڵاتی ناعەدالەتی باشوری کوردستان کوژراون!!!! ئاخۆ تاکەی لە چاوەڕوانی گۆدۆ ئاسادا بمێنینەوە!!!!! ئاخۆ ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان لە کوێدایە، کاتێک ئەو مرۆڤە بەڕەوشتانە دەکوژرێن و بەڵام، ئەندام پەرلەمانتارەکانی بەناو نوێنەری خەڵکی، مانگانە زیاد لە ٨ ملیۆن دینار وەردەگرن، بەبێ ئەوەی هیچ ڕاوەستەیەکی ئەخلاقیان لێ ببینرێت لەوەی یەخەی دەسەڵات بگرن و هۆڵی پەرلەمان چۆڵ بکەن و بکەونە وێزەی ئەو یاسا گەلەی کەدەسەڵاتداری مرۆڤ کوژ دەکات بە فریشتەو بکوژیش دەکات بە تیرۆریست!!؟ ئاخۆ ئەو چوار مرۆڤە بەڕێزە لە پێناو کام ئامانج و کام بەرپرسیارێتی ئەخلاقیدا، کەوتنە بەر دەستڕێژی فیشەکی دەسەڵاتدارانەوە؟ ئاخۆ بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هێشتا پێکنەهاتوی هەشتەمدا، دەتوانێت گۆڕانکاری بەدی بهێنێت یان، ئەویش بۆخۆی دەبێتە کۆیلەی پارتی دیموکرات و بە چەند ملیۆن دۆلارێک تەسلیم دەبێت!؟
ئاخۆ تیرۆر کردنی ئەو چوار مرۆڤە بەڕێزە بەس نیە، بۆ ئەوەی بەهیچ جۆرێک بڕوا بەو دەسەڵاتە نەکرێت و قبوڵی هاوبەشی سیاسی نەکرێت لە گەڵیدا؟ ئاخۆ بۆ سبەی بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت ببێتە ئەو بزوێنەرەی کە دادگا ناچار بکات، بکوژانی سەرەکی ئەو چوار کەسە وبکوژانی کۆمۆنیستەکان و کەسانی سەردەمی ١٧ ی شوبات ڕاپێچی بەردەم دادگا بکات!؟ ئاخۆ گەر ئەم کارانە بە بزوتنەوەی گۆڕان نەکرێت، ئەو کات خودی ئەو بزوتنەوەیە نابێت بەبەشێک لە بکەرانی نێو ئەو دەستی تیرۆرە سیاسیە؟ ئاخۆ کۆمەڵگای کوردستان کەی دەگات بەو ئاستە لە ئیرادەی سیاسی و خۆ ناسینەوە، کە بڵێت نەخێر، کاوە گەرمیانی و سێ هاوپیشەکەی، فیشەکی وێڵ نەیکوشتن، بەڵکو فیشەکی دەستی ناعەدالەتی بۆرژوازی کورد کوشتنی!!!!
٢/٢/٢٠١٤