Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
یەكێتى نیشتمانى كوردستان بەرەو كوىَ؟

یەكێتى نیشتمانى كوردستان بەرەو كوىَ؟

Closed

  عەزیز ڕەئووف……..

  دواى سی وسێ ساڵ تێپەڕین بەسەر دامەزراندنى یەكێتى نیشتیمانى كوردستاندا، تادێت ئەم ڕێكخراوە دەبێتە سەرەكیترین ڕێكخراوى كۆمەڵگەى كوردى بۆ قسەلەسەركردن و مشتومڕو تەقینەوەى جیاوازیەكان لە شانەو ڕێكخستنەكانیدا. زیادەڕۆیى نیە گەر بڵێم لە مێژووى دروستبوونى حزب و ڕێكخراوى سیاسى لە كۆمەڵگەى كوردیدا ڕێكخراوێك شكنابەین بارتەقاى یەكێتى قسە و مشتومڕى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت. هەرچەندە هیچ ڕێكخراوێكیش شكنابەین بارتەقاى یەكێتى لەسەر بنەماى جیاوازى دروستبووبێت.
 لەسەرەتاى دروستبوونى یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە جیاوازى گەورە لەنێوان سەركردایەتى و پارتە جیاوازەكانى نێو ئەم ڕێكخراوە لەئارادابووە. بێ ئەوەى بیر بكەینەوە دەزانین لەنێوان عەلى عەسكەرى و شەهید ئارامدا جیاوازى ڕیشەیى هەبووە، بڵاوكراوەكانى شۆڕشى نوێش نەخوێنینەوە حاڵى دەبین كە مام جەلال و خاڵەشەهاب جیاوازى فكرى كۆى كردونەتەوە، بەڵام سەربارى ئەوەش یەكێتى نیشتمانى كوردستان بە سەرجەم جیاوازیەكانەوە بوونى خۆى ڕادەگەیەنێت و لەماوەیەكى یەكجار كەمدا دەبێتە یەكێك لە ڕێخراوە گەرورەكانى كوردستان و دەتوانێت ببێت بە شۆڕشى میللەتێك.
 سەربارى ئەوەى ئەم شۆڕشە دنیایەك كەم و كەمو كوڕى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو سەبارەت بە شەڕى لایەنەكانى تر و هەوڵى تەسفیەكردنى سەرجەم پارت و گروپەكانى ساحەى سیاسى كوردستان، سەربارى ئەوەى سەركردەكانى ئەم شۆڕشە لەنێوان ناسیۆناڵ و ئینەترناسیۆنالدا، لەنێوان ماركسیزم و ماویزمدا، لەنێوان عیراقچێتى و كوردستانچێتیدا نەیتوانى خۆى یەكلایى بكاتەوە، وە هەر بەم جیاوازیانەشەوە خۆى فڕێدایە كۆمەڵگەوە و بوو بە یەكێك لە دوو هێزە سەرەكیەكەى دواى ڕاپەڕین و چەندین دامەزراوەى گرنگى دامەزراند. بەڵام سەربارى ئەم جیاوازیانەش یەكێتى هەر لەسەر پاى خۆى وەستا و بە درێژایى مێژووى دروستبوونى پارت و ڕێكخراوى كوردى پارتێك شكنابەین وەك یەكێتى لەسەر چەمكى جیاوازى دامەزرابێت.
 بەڵام بەرپرسانى ناو یەكێتى لە شاخ دان بەخۆیاندا دەگرن و لە جیاوازیەكانى یەكترى دەبوورن، هەرچەندە هەندێكیان هەوڵ دەدەن لە یەكێتى جیاببنەوە و ڕێكخراو و پارتى تر دروستبكەن ، بەڵام هەوڵەكە بێسود دەبێت بەوەى كە تازە یەكێتى بووەتە هێزێكى گەورە و ڕكەبەرایەتیكردن لەگەڵیدا زۆر زەحمەت دەبێت، ناچار زۆرێك لە دەنگە نەیارەكان لەدواى ڕاپەڕینەوە دەگەڕێنەوە ژێر چەترى یەكێتى.
 بە هەموو پێودانگەكان دواى ڕاپەڕین سەردەمى زێڕینى كوشتنى جیاوازیەكانى ناو یەكێتییە. هەر ماوەیەكى یەكجار كەمى دواى ڕاپەڕین، یەكێتى نیشتمانى لە كۆنگرەى یەكەمى خۆیدا  كۆمەڵەى ڕەنجدەرانى كوردستان وەكو سەركێشترین و چالاكترین ڕێكخراو لەناو خۆیدا حەل دەكات و مۆمى ئەو پارتە لەناو شانەو ڕێكخستنەكانى خۆیدا دەتوێنێتەوە.
 لەدواى ڕاپەڕینەوە ئەركەكانى یەكێتى قورستر دەبێت، ئەمەش لەبەرئەوەى كە  یەكێتى دەكەوێتە بەردەم هەڵبژاردن و ڕكەبەرایەتیكردن لەگەڵ پارت و گروپەكانى تر تاكو بتوانێت زۆرترین جەماوەر لەخۆى كۆ بكاتەوە. بەریەككەوتن لەگەڵ جەماور و دامەزراوە و ئۆفیس و وەزارەت و پەرلەمان و كابینە جیاوازەكانى حكومەت، یەكێتى دەباتە قۆناغێكى تەواو نوێوە كە لەگەڵ سەردەمى شاخدا دنیایەك جیاوازى دەدۆزینەوە.
 لەدواى سی و سێ ساڵ تێپەڕین بەسەر عومرى پڕ كەوتن و هەستانەوەى یەكێتیدا، بەر لە هەر گروپ و ڕێكخراوێكى تر دەبێت یەكێتى لەنێوان دیوەخان و دامەزراوەى مۆدێرنى حكومەتدا یەكێكیان هەڵبژێرێت، دەبێت یەكێتى قسەكردنى لەسەر گەندەڵى بخاتە عەمەلى، دەبێت یەكێتى لەنێوان هەنگاوەكانى شاخ و كاركردن لە ئۆفیسەكاندا جیاكاریەك بكات،  گەر نەیتوانى ئەمە بكات، بێشك ئەم ڕێكخراوە بەرەو پیربوون هەنگاو دەنێت، هەر پارت و گروپێكیش پیر بوو، ئەوا ئایندە دەدۆڕێنێت.
 لەدواى سی و سێ ساڵ تێپەڕین بەسەر عومرى یەكێتیدا، دەبێت یەكێتى چیتر لەسەر خوانى ڕابردووى نەژێت و هەڵگرى پرۆژەى جدى بێت بۆ ئیستا و ئایندەى كۆمەڵگە. هەڵوێستەكردن لەسەر ڕابردوو و گێڕانەوەى حیكایەتەكان، هەرگیز خەڵك تێر ناكات، تەنها بەس نیە بۆ یەكێتى ڕابردووى خۆى بلاوێنێتەوە.
 یەكێتى سەربارى ئەوەى كە لەسەر بنەماى جیاوازى دروست بووە، بەڵام دەبێت وەك فیكرو بەرنامە خۆى یەكلایى بكاتەوە. ناكرێ یەكێتى پێیەكى لەنێو خێلە كوردیەكاندابێت و پێیەكەى تریشى لەناو سۆسیال دیموكراتى ئەوروپیدابێت، ناكرىَ یەكێتى لەیەككاتدا كارەكتەرى ئاینى و نەریتپارێز و پیاوانى عەشیرەت لەبەرامبەر خەڵكانى سیكولار و توڕە و یاخى و سەركێش كۆبكاتەوەوە و بشیەوێت هەموو بەبىَ مەرج و بەبىَ دەنگى یەكێتى قبوڵ بكەن.
 مادام یەكێتى بە جیاوازى دروست بوو، ئەوا گەر بیەوێت لەسەر پاى خۆى بوەستێت، دەبێت دەنگە جیاوازەكانى ناوخۆى قبوڵ بكات، هەركاتێك سەرجەم ئەندام مەكتەب سیاسیەكانى یەكێتى كۆك و تەبا بوون، ئەوا یەكێتى لە ڕێگە ڕأستەقینەكەى خۆى لایداوە. هەر هەوڵێك بۆ یەكدەنگكردن و یەكڕەنگكردنى یەكێتى بە شێوەیەك لە شێوەكان لاوازكردن و كوشتنى توانا جیاوازەكانى ناو یەكێتیە.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.