خه‌تای هه‌ره‌گه‌وره و هه‌ره‌بچووک ده‌رحه‌ق به‌زمان
موحسین جوامێر……
هێژا عارف قوربانی، سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئاسۆـ یه، بیرێکی وردی له نووسیندا لێ به‌دی ده‌کرێت، جگه له دڵسۆزی و خه‌مخۆریی بۆ کوردستان به‌گشتی و که‌رکووک به‌تایبه‌تی.. به‌م دواییه له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی زماندا که ئه‌گه‌ر زوو به بڕیارێکی سیاسی چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، ئه‌وه هه‌ر به تێز و ته‌رح و وشکه‌فه‌لسه‌فه‌ی نیمچه‌زانا و حوکه‌مای ئاخیر زه‌مانی کورد، هه‌پڕوون به‌هه‌پڕوون ده‌بێ و هه‌ر هێنده‌ت زانی ده‌یان قه‌ومییه‌ت، که‌مینه و خێڵی نوێ له ڕه‌حمی کوردا به‌وه‌له‌د بوون.. ئه‌رێ، نێوبراو بابه‌تێکی به‌نێوی ( زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتووی کوردی ) له ڕۆژنامه‌که‌یدا نووسیوه، تێیدا به‌خێرایی، وه‌لێ به‌چڕی، ئاماژه بۆ ئه‌و کاره‌ساته ده‌کا و ده‌ڵێت : ( گه‌رچی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی بارزانیی نه‌مردا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه و له‌هجه‌ی سۆرانی کراوه‌ته زمانی نووسین و ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ماوه‌یه‌که لێره‌وله‌وێ به‌بیانووی دروستکردنی زمانی ستانداردی کوردییه‌وه، خه‌ریکه گرفتێکی ترسناک دروست ده‌کرێت که هه‌ردوو له‌هجه‌ی بادینی و سۆرانی وه‌ک زمانی ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان كاریان پێ بکرێت ).
ئه‌وانه‌ی له دوو کۆنفڕانسه‌که‌ی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان که له شه‌قڵاوه له ساڵی 1959 و له سه‌ره‌تای ساڵانی 1970 دا به‌ژدارییان کردبوو، له‌بیریانه که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی زمان ورووژێنرابوو و باسی لێوه کرابوو، وه‌لێ به‌بڕیاری سیاسی حه‌سم کرا، به‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌ی تا ئێسته کاری پێ کراوه، به‌فه‌رمانی بارزانیی یه‌که‌م، ده‌بێته زمانی نیشتمانیی کورد.. ئه‌مه‌یش، زیره‌کی، دوربینی و واقیعبینیی ئه‌و سه‌رکرده‌یه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه و گرفتان، ده‌رده‌خات، که زمان هه‌ره‌ناسکتریانه و ئه‌گه‌ر بۆ بێنه‌وبه‌رده‌ی ئه‌موئه‌وی لێ بگه‌ڕێیت، هه‌م میلله‌ت و هه‌میش زمان له‌نێو ده‌چن.. زاته‌ن ئه‌گه‌ر مێژووی زمانانی ستانداردی گه‌لان بخوێنیته‌وه، یان به ڕێکه‌وتنێکی هاکه‌زاییی خه‌ڵکی وڵاته‌که یاخود به‌بڕیاری سه‌رۆک یان شایه‌که‌ی ئه‌وێ جێگه‌ی خۆی گرتووه. هه‌ر له‌سۆنگه‌ی ئه‌م ڕاستینه‌یه‌ی نکووڵیی لێ ناکرێت، به‌نده له‌و بڕوایه‌دام، ده‌بێ سه‌رۆکی کوردستان بارزانیی دووه‌م ـ وه‌ک جه‌نابی باوکی ـ خۆی هه‌وساری بڕیاردانێکی زوو ـ ئه‌مڕۆ نه‌ک سبه‌ی ـ بگرێته ده‌ست و به‌دوایی کۆتایی به جووتستانداردی بهێنێت، ده‌نا مقۆمقۆ، کاری ژێربه‌ژێر و پیلان، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ، کێشه‌که زامدارتر و دووبه‌ره‌کی فره‌وانتر ده‌که‌ن و په‌یتاپه‌یتا ئه‌م کورده یه‌کنه‌ته‌وه‌یه، به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌یی ده‌به‌ن، ئه‌وسا دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر هه‌مان په‌ژیوانیی جاران و ده‌ڵێین : هه‌ڵه‌مان کرد له کاتی خۆیدا زوو حه‌لمان نه‌کرد. چه‌ند شه‌رم و نه‌فامییه، بابایه‌ک بێ و بڵێت بلا هه‌ر که‌س به دیالێکتی خۆی بخوێنێت، هاوکات ده‌رسێکی دیالێکته‌که‌ی دییشی له‌پاڵدا بخوێندرێت، تا ئه‌گه‌ر به‌یانی بادینییه‌ک یان سۆرانییه‌ک، نه‌قڵی شاره‌که‌ی دیکه بوو، ماته‌ڵ و ده‌سته‌وسان نه‌بێت.. ئه‌گه‌ر ئه‌م داوایه نه‌زۆک، ناواقیعی و هه‌ر له ئێسته‌وه سه‌رنه‌که‌وتوو، وه‌ک ده‌ستپێک، نیشانه‌ی لێکترازان و دوومیلله‌تی نه‌بێت، ئه‌ی چییه؟! بۆچی سۆرانی و بادینی، کورد و عه‌ره‌بن، یان کورد و فارسن ئانژی کورد و تورکن، هه‌تا زمانی یه‌کدی بخوێنن؟!
هه‌ر بۆیه کاک قوربانی ده‌ڵیت : ( کاره‌ساته، ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌رکه‌س له‌ناوچه‌ی خۆی به له‌هجه‌ی خۆی بخوێنێ..ئه‌مه درزی گه‌وره له‌نێوان یه‌کێتیی کوردان‌دا دروست ده‌کات و ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا دوژمنمان نه‌یتوانیوه ئه‌نجامی بده‌ن، به‌ده‌ستی خومان ده‌یکه‌ین )..ئه‌سڵه‌ن ئه‌م ڕه‌وشه ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌رکێکی پڕ له مه‌سئوولییه‌ت و پرس له‌خۆکردن، گه‌لۆ که حاڵ ئاوا بوو، ئێمه خه‌باتمان بۆ چی کرد، بۆ ئه‌وه‌ی ببین به ئه‌قوام و میلله‌ل که حه‌تمه‌ن به‌ڕێگه‌وه‌ین و خودی کوردیش کاری بۆ ده‌که‌ن، هه‌تا درۆیشی بۆ ده‌که‌ن.؟! که‌واته، چ فه‌ڕقیکی ئه‌وتۆی هه‌بوو، ئه‌گه‌ر بهاتایه له‌بری گاڵته‌ی دیالێکتان، تورکی، فارسی و عه‌ره‌بیمان بکردایه‌ته زمانی ستانداردمان، له‌باتی ئه‌وه‌ی میلله‌تمان بۆ سۆرانی، بادینی، کرمانجی، زازاکی، هه‌ورامی، لوڕی و هتد پۆلێن بکردایه. له‌کاتێکدا ئاقڵانی جووله‌که پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی جوو که هه‌ر یه‌کێ له ئاوازێ ده‌یخوێند، بگه‌ڕێنه‌وه، بڕیاری زمانی ستانداردی خۆیان دابوو. ئیمه‌ی کورد، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زمانیشمان حازر بوو، هاتین دامانه به‌ر سه‌رسمکان، گوایه زمانێکی نه‌فامراوه، بگره یه‌کێکمان لێ په‌یدابووه، ده‌فه‌رمێ : ( ئه‌گه‌ر زمانی ستاندارد، یاخود زمانی یه‌کگرتوو دروست بکه‌ین، یان یه‌ک ( له‌هجه ) بکه‌ینه بنه‌مای ئه‌و دروستکردنه، ئه‌وه ئێمه به‌ده‌ستی خۆمان جینۆسایدی کوردیمان کرد ) هه‌روه‌ک له چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ له‌گه‌ڵ له‌هجه‌خوازێکه‌وه هاتووه.
هێندێ جار پیاو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌وێته به‌ر تانه‌وته‌شه‌ر، حه‌لێکی مامناوه‌ندی ده‌دۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م هه‌رایه‌که مه‌زنتر نه‌بێ و هه‌میش دڵی خه‌ڵکی ڕاگرێت، وه‌ک ئه‌و قسه‌یه‌ی کاک عارف ده‌یڵێت : ( ئاساییه، لوڕی و فه‌یلی و خانه‌قینی و هه‌ورامی و کاکه‌یی و بادینی، هه‌رچی له‌هجه‌ی ترمان هه‌یه له ناوچه‌کانی خۆیاندا قسه‌ی پێ بکرێت، له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا، شانبه‌شانی زمانی ئێسته‌ی نووسینی کوردی بخوێنێت ) که ئه‌مه به مه‌نتیقی سیسته‌م و گه‌لانی پیشکه‌وتوو و پاشکه‌وتوو، کفر و بڤه‌یه، چونکه سه‌ره‌تای توانه‌وه‌ی گه‌لێکه و حه‌وجه‌یش ناکات، ماده‌م زمانی دایه‌گه‌وره له ئارادایه.. به‌ڵام ده‌کرێ، بۆ کاتێکی دیاریکراو، له‌و ناوچانه‌ی حه‌وجه‌ن و له زمانی دایه‌گه‌وره دابڕاون؛ په‌نا بۆ دیالێکت ببردرێت، ئه‌ویش له سنوورێک و تا ماوه‌یه‌ک.. وه‌لێ، وه‌ک مامۆستا حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریمی هه‌ورامی ده‌فه‌رمێت، ته‌وێڵه و بیاره، بۆ نموونه، هیچ پێویستییه‌کیان به دیالێکت نییه تا پاڵپشتیان بێت له وانه‌خوێندندا، چونکه خۆیان له زمانی ستانداردا بلبلن و هه‌رگیز بۆیان نامۆ نییه، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ولێرییه‌کدا به‌راورد ناکرێن.
ئه‌گه‌ر له فیقهدا بۆ کێشان و پێوانی هه‌ڵه و گوناحان، شیرکی هه‌ره‌مه‌زن ( الشرک الأکبر ) که ( هاوتاپه‌رستی ) یه، هه‌بێت، ئه‌وه له تۆماری خه‌باتی کوردا، نه‌ک پیاده‌کردن؛ ته‌نانه‌ت بڕواهێنان به هه‌بوونی دوو له‌هجه‌ی ڕه‌سمیی کوردی، گه‌وره‌ترین و زاڵمترین بڕوایه که ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڵکه‌ندنی بێخ و بناغه‌ی کورد و کوردستان و به‌تاڵانچوونی هه‌موو ئه‌و خوێن و خه‌باته‌ی سه‌ده‌یه‌که دراوه و کراوه.. ئه‌گه‌ریش له فیقهدا بۆ کێشان و پێوانی هه‌ڵه و گوناحان، شیرکی هه‌ره‌بچکۆلانه ( الشرک الأێغر ) یش که ( ڕیاکاری ) یه، هه‌بێت، ئه‌وه له تۆماری خه‌باتی کوردا، نه‌ک پیاده کردن؛ ته‌نانه‌ت بڕواهێنان به‌ڕه‌وایه‌تیی خوێندنی له‌هجه وه‌ک وانه‌یه‌ک و له‌پاڵ زمانی یه‌کگرتووی بێشه‌ریکی کوردی‌دا ، ئه‌وه‌یش هه‌ڵه‌یه، چونکه ورده‌ورده شیرازه‌ی کوردایه‌تی لێک ده‌ترازینێ، لێکدالێکدا نه‌ته‌وه‌گه‌لان دروست ده‌کا و هه‌ره‌س به زمانی دایکدا ده‌هێنێت، ئه‌وسا بڕوا ناکه‌م م. عارف قوربانی، ته‌نانه‌ت ئه‌م خه‌تایه‌یش وه‌ئه‌ستۆ بگرێت، چونکه هه‌م کوردویسته، هه‌میش وێده‌چێ کوردستانی زۆر خۆش بوێ و پێیشی وابێ ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکیش ئه‌و مانایه‌ی نامێنێت.
سه‌رنج : ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی ( ستانده‌رد )ی کوردستان به ناونیشانێکی دیکه بڵاو کرایه‌وه.
2008/05/09
mohsinjwamir@hotmail.com