دەرپێى بەفر پڕە لە ریشۆڵە ..!! قوبادى جەلى زادە
كاگوزار
بەر لە كارگوزار ،
بەفر گەیشتە باخچەى منداڵان و
بە زوقم ،
لەسەر دەرگاكەى نووسیى :
ئەمرۆكە دەوام نیە !
پــــرچ
مانگ ،
بەدەست و پەنجەى تریفە ..
سەرو پرچ و
شان و ملى
لە بەفر دادەتەكێنێت !
كانـى
ئەستێرەیەك ،
لەسەر شەختەى كانیلەیەكدا
هەڵخلیسكاو
دەستى شكا !!
تیـشك
هەموو گەردى بەیانییەك ،
خۆر
لە بەفرى سەركەلەوە ، گلۆردەبێتەوە
بەر پەنجەرەى ،
ماڵە سەرمابردوەكانى شار !
زریــكە
لەسەر سوچى كۆڵانەكەماندا ،
گوێم لە زریكەى ژنێك بوو .
كە لە پەنجەرەوە سەیرم كرد ،
رەشەبا بوو ،
بە قژ بەفرى رادەكێشا !
میــوە
كە كڵۆیەك بەفرت خوارد ،
دەبىَ ناوكە پشكۆكەى
فرێدەیتە ئاگردانەوە !
ردێـن سپى
كزەبایەك ،
دەم و چاوى بارانى تەزاند و
سەروو ریشیى سپى كرد !
ئــاوێنە
كاتىَ بەفر ،
لەبەر دەم ئاوێنەیەكدا
خۆى رووت كردەوە :
ژنێك بو لە هەڵم !!
خــەون
پشكۆ ،
خەو بە كوولووى بەفرو
بەفریش ،
خەو بە پشكۆوە دەبینىَ !
ئاگـردان
بەم نیوەى شەوە ،
_ با _
لەپەنجەرەو دەرگاى ماڵەكانمان دەدات .
گەرەكییەتى :
دەست و پەنجەى تەزیوى ،
لەبەر پشكۆى مەمكى ژنێكدا ،
گەرم بكاتەوە !
چــــــرا
ژنێك ویستى ،
پەنجەرەیەك لە –با- ى قەسرى و بكاتەوە .
كەچى چرا ،
چرا دەستەو دامانى بوو !
ســـوور
بەفر هەمیشە سپى سپى …
ئەو بەفرە نەبێت ،
كەبەسەر قەندیلا دەبارێت !!!
بــازگە
پێش ئەوەى بگاتە ناو شار ..
پێشمەرگەیەك ،
فریشتەى بەفرى پشكنیى :
مەمك بەندى پڕ لە گوڵ و
دەرپێى پڕ لە ریشۆڵە !!