
گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ هیوا قادر دا له باخچه‌ی گشتی سلێمانی
سازدانى: ئاسۆ سه‌راوى………
ئاسۆ سه‌راوی: گه‌ر باس له یادوه‌ری منداڵیت بکه‌ی ده‌ڵێی چی؟
هیوا قادر: له "سه‌فه‌رنامه" و به‌رهه‌مه‌کانی ترمدا که‌م تازۆرێک باسی قۆناغی منداڵی خۆمم کردووه. منداڵی یه‌که‌م یادوه‌ری ئینسانه، بۆیه وه‌ک کانگایه‌ک له خه‌یاڵ و فه‌نتازیا نووسه‌ران و شاعیران هه‌میشه بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه. وه‌ک یادوه‌رییه‌ک که هه‌ڵگری پاکێتییهکه سه‌باره‌ت به تێڕوانین بۆ ژیان و شته‌کانی ده‌وروبه‌رمان.
بۆ نمونه هه‌ندێکجار ئه‌و یادوه‌ریانه یارمه‌تی شاعیران ده‌ده‌ن شیعر وه‌ک ناته‌باییه‌ک دژ به ژیان بخه‌نه ڕوو.
ئاسۆ سه‌راوی: هه‌ست ناکه‌یت له منداڵی‌دا جوانییه‌ک هه‌یه، هه‌تا نه‌گوزه‌رێ که‌سمان هه‌ستی پێناکه‌ین؟
هیوا قادر: بێگومان، چونکه هه‌میشه منداڵی وه‌ک کانگایه‌ک له پاکێتی ئینسان سه‌یرده‌کرێت، ئاخر تا ئێمه منداڵی وه‌ک یادوه‌ری یه‌که‌م به‌جێی نه‌هێڵین هه‌ست به تێپه‌ڕبوونی ناکه‌ین. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه له گه‌وره‌یدا بۆ یادوه‌ری منداڵی گه‌ڕانه‌وه‌مانه بۆ ئه‌و سه‌رچاوه پاکه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی زه‌بری گه‌وره‌یی و دڵڕه‌قییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه، یاخود شوێنێکه ده‌توانرێت ببێته مه‌مله‌که‌تی ئه‌و فهنتازیایانهی که لۆژیک تێیدا ناتوانێت بژی. هه‌ربۆیه هه‌میشه گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و ساتانه‌ی که له یادوهریماندا هێشتا دنیا و ژیان ناشیرین نه‌بوون.
ئاسۆ سه‌راوی: له نووسینه‌کانتدا ئه‌وه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه که تائێستاش به ڕۆحێکی منداڵانه ده‌ژی، ئه‌مه مانای فه‌رامۆشکردنی عه‌قڵ و گه‌وره‌بوون و بیرکردنه‌وه نییه؟
هیوا قادر: من گه‌وره‌بوون وه‌ک عه‌قڵ و بیرکردنه‌وه فه‌رامۆش ناکه‌م، من منداڵیم ته‌نها له ڕووی سه‌رسامییه‌وه ده‌وێت تا کۆمه‌کم بکات له دۆزینه‌وه‌ی جوانییه‌کاندا، له بینینی ئه‌و شته ووردانه‌ی که هه‌میشه نزیکمدهکهنهوه له ژیان.
من ئێستا چه‌ند هه‌فته‌یه‌که له کوردستانم، هه‌موو به‌یانییه‌ک زۆر زوو دێمه باخچه‌ی گشتی، ئه‌م به‌یانییه به‌دیار جوانی گوڵه‌باخه‌کانه‌وه سه‌وداسه‌رو حه‌یران بووبووم، سنگم پڕ ده‌کرد له‌و بۆنانه‌ی که وه‌ک سیحرێک پچوکیان ده‌کردمه‌وه و ده‌بوومه‌وه به هه‌مان منداڵه‌که‌ی پێش سی ساڵ له‌وه‌و به‌ری ناو ئه‌م باخچه‌یه، له‌خۆم ده‌پرسی من بۆچی زیاتر ده‌چمه لای گوڵه‌باخه زه‌رده‌کان، وه‌ک بریسکه‌یه‌ک هاته‌وه‌بیرم کاتێک که بۆ یه‌که‌مجار له قوتابخانه توانیم بنووسم "دارا" مامۆستای کوردیم مامۆستا "موحه‌مه‌د" ڕێگه‌ی پێدام بۆنی ئه‌و گوڵه‌باخه زه‌رده بکه‌م که به‌ده‌ستییه‌وه بوو.
بۆنی گوڵه‌کان هاوڕێکانی منداڵیم و چهتوونیهکانی خۆمی له‌م باخچه‌یه‌دا بیرخستمه‌وه. تا ئێستاش له‌لای من باخچه‌ی گشتی جوانترین شوێنه له شاری سلێمانیدا، ئه‌گه‌رچی به‌م په‌یکه‌ره ناهونه‌ری و ناشیرینانه‌ش ناشیرینیان کردووه.
ئاسۆ سه‌راوی: زۆر جار ووتراوه قوتابخانه و ده‌زگاکانی تری خوێندن له‌م وڵاته‌دا، حه‌زی خوێندنی له که‌سه‌کاندا کوشتووه تۆ ده‌ڵێی چی؟
هیوا قادر: من وه‌ک خۆم جگه له چه‌ند مامۆستایه‌کی ده‌گمه‌ن و که‌م نه‌بێت، له هه‌موو ته‌مه‌نی قوتابخانه‌مدا ڕێکه‌وتی مامۆستای باشم نه‌کردووه، هه‌موویان کۆمه‌ڵێک پیاوی گرگن و نه‌زان و بێ خه‌یاڵ بوون، ئه‌وان سه‌دام حوسێنه بچوکه‌کانی ناو قوتابخانهبوون، ئه‌وان وایان له ئینسانی ئه‌م وڵاته‌کرد ڕقیان له کتێب بێت، ئه‌وه‌شی ڕقی له کتێب بوو ده‌توانێت ڕقی له هه‌موو دنیا بێت.
ئاسۆ سه‌راوی: به‌ڵام له قوتابخانه‌کانی ئێمه‌دا کۆمه‌ڵێک له‌حزه‌ی جوانیش هه‌یه، که زۆرجار قوتابیان بۆ ڕزگاربوون له‌و ترس و دله ڕاوکێیه په‌نای بۆ ده‌به‌ن وایه؟
هیوا قادر: ڕاسته، به‌ڵام ئه‌و ساته جوانانه مامۆستاکانمان و سیسته‌می خوێندن بۆیان دروستنهدهکردین، به‌ڵکه ئه‌وه خه‌یاڵی منداڵانه‌ی خۆمان دروستی ده‌کرد وه‌ک به‌رگریکردنێک دژ به‌و هه‌موو دسیپلینه پۆلیسیانه‌ی ناو قوتابخانه.
خۆشی ئێمه له قوتابخانه‌دا له‌و کاتانه‌وه ده‌ستیپێده‌کرد که جه‌ره‌سی پاوسه‌کان لێده‌درا، یاخود ته‌واوبوونی وانه‌کان و چوونه ده‌ره‌وه‌مان بۆ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه.
ئاسۆ سه‌راوی: زۆبه‌ی نووسینه‌کانت زیاتر باسی خۆت ده‌که‌یت، ئه‌وه حه‌زێکی دیکتاتۆریانه نییه له تۆدا؟
هیوا قادر: پێموانییه وابێت، چونکه کاتێک که من باسی منداڵی خۆم ده‌که‌م تۆش وه‌ک خوێنه‌رێک به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی ئه‌و منداڵییه ونبووه‌ی خۆتی تێدا ده‌دۆزیته‌وه. ده‌کرێت به‌شێکی ڕه‌نگه نهرجسیهتبێت، به‌ڵام دواجار ده‌سه‌ڵاتی من ده‌سه‌ڵاتی شاعیرێکه نه‌ک دیکتاتۆرێک، تۆ ده‌کرێت ویڵم که‌یت و نهمخوێنیتهوه، گه‌ر واش بکه‌یت من هیچ داوا و مه‌رجێکم له‌سه‌ر تۆی خوێنه‌ر نییه. به‌ڵام تۆ نا‌توانیت ئه‌و ئازادیی هه‌ڵبژاردنه‌ت له‌به‌رده‌م دیکتاتۆرێکدا هه‌بێت. ڕه‌نگه ڕاستربێت بڵێی، نووسینه‌کانم تا ڕاده‌یه‌ک ئهنارشستیانهیه نه‌ک دیکتاتۆریانه.
ئاسۆ سه‌راوی: چه‌ند جۆر کاسپیت کردووه؟
هیوا قادر: له‌به‌رده‌م دوکهناکهی باوکمدا چه‌نده‌ها کاسپی زۆره‌ملێیانه و ئارهزوومهندانهم کردووه، وه‌ک "پهشمهک فرۆشتن، ئه‌زبه‌رید، شه‌مامه، جگه‌ره، فه‌ریکه‌نۆک، ترۆزی ناو سوور، کاڵه‌ک و شووتی"، به‌ڵام له هیچیاندا دهفلسم قازانج نه‌کردووه. به قه‌ولی ئه‌م کۆمه‌ڵگا دڵڕه‌قه من پاوێکی زۆر ده‌ست سپی بووم. باوکم هه‌میشه ده‌یووت: هه‌تیوو تۆ له برسا ده‌مریت. زۆرجاران سه‌عات سێ و چواری شه‌و باوکم گڵۆپی لێکوژاندوومهتهوه بۆ ئه‌وه‌ی چیتر نه‌خوێنمه‌وه، چونکه ده‌یووت کوێر ده‌بیت. به‌ڵام ئێستا هه‌ستده‌که‌م هه‌مووشتێکم به‌س کوێر نیم، بۆیه پێموایه جدیترین کاری من کاری ئه‌ده‌بییه، وه من بۆ هیچ کارێکی تر دهستنادهم نووسین نه‌بێت.
ئاسۆ سه‌راوی: ئه‌و یاریانه‌ی که به منداڵی کردووتن چیبوون، له‌کامیاندا ده‌ست ڕه‌نگین بوویت؟
هیوا قادر: فوتبۆڵین، چاوشارکێ، ڕاکردن، هه‌ڵماتێن، مزراحێن و زۆر یاری تر که ئێستا منداڵان نایکه‌ن، ئێمه‌ی منداڵ ئه‌و کات خاوه‌نی فهنتازیابووین بۆ دۆزینه‌وه‌ی یارییه‌کانمان، به‌ڵام ئێستا ئاماده‌یی که‌ره‌سته‌ی یارییه‌کان فه‌نتازیای لای منداڵان کوشتووه.
دیاره من چوارباخیم و گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆشمم خۆشده‌وێت، ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی ئێمه پڕبوو له گه‌نجی سه‌رکێش و چه‌قۆوه‌شێن و سهگباز و هه‌تیوباز و شه‌ڕانی، هه‌روه‌ها کوڕانی ئازا و دانسقه و تایبه‌تیش. زۆرینه‌ی کات ئێمه تێکه‌ڵ به‌و گه‌نجانه ده‌بووین، ده‌چووین کۆڵانه‌و کۆڵان شه‌ڕه سه‌گمان ده‌کرد، هه‌میشه گرفانهکانمان پڕ بوو له خڕه به‌رد و مازوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میش له ئاماده‌باشیدا بین بۆ شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌که‌کانی تر، به‌تایبه‌تی گه‌ڕه‌کی عه‌قاری. چونکه ئه‌و منداڵانه و ژیانی ڕۆژانه‌یان له ژیانی کۆڵانه میللییه‌کانی ئێمه جیاوازتربوو، ئێمه هه‌میشه ده‌مانووت چۆن ده‌بێت منداڵانی عه‌قاری بیجامه له‌پێبکه‌ن و جله‌کانیان وه‌ک ئێمه دڕا‌و پیس نه‌بن، خودایه ئێمه‌ی منداڵ له‌و سه‌رده‌مه‌وه ئامادهدهکراین بۆ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی که ئێستا کۆمه‌ڵگای کوردی پیوه‌ی ده‌ناڵێنێت، ئێستا هیچ کام له‌و گه‌نجه سه‌رکێشانه نه‌ماوون، زۆرینه‌یان چوونه شاخ و له‌شه‌ره‌کانی نێوان حکومه‌تی عێڕاقی و نێوان حیزبه کوردییه‌کاندا کوژران، هه‌ندێکیان بوونه پیاوی حکومه‌ت و کوژران، هه‌ندێکیان له شهڕهچهقۆکاندا کوژران، ئه‌وانی تریش به مه‌رگی زۆر تراژیدیانه و زۆر ساده مردن. دواهه‌مینیان "سیروان" بوو "شبر" که چه‌ند ساڵێک به‌ر له ئێستا دژ به گرتنی "عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان" خۆی سووتاند. من هه‌ندێکجار هه‌ستده‌که‌م ته‌نها شاهیدی ژیانی ئه‌و که‌سانه منم که ده‌توانم چیرۆکه‌کانیان بگێڕمه‌وه. ئێستا کار له ڕۆمانێکی نوێمدا ده‌که‌م به ناوی "مداڵانی گه‌ره‌ك" که به جۆرێک له جۆره‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی به واقیعیکردنهوهی ئه‌وانه‌وه چیرۆکه‌کانیان سه‌رله‌نوێ به شێوازی خۆم ده‌گێڕمه‌وه.
ئاسۆ سه‌راوی: هه‌ستناکه‌یت ئه‌م حه‌زی شه‌ڕه هه‌ر له منداڵیمانه‌وه تیاماندا چێنراوه، له یارییه توندوتیژهکانماندا، تا داره‌کانی ده‌ستی مامۆستاکان، ته‌نانه‌ت هاندانی ئێمه له‌لایه‌ن ئه‌و شیعرانهشهوه که له قوتابخانه پێیان لهبهردهکردین، هانده‌ربوون بۆ دروستکردنی توندوتیژی؟
هیوا قادر: بێگومان، ئێمه هه‌ر زوو منداڵیان کوشتین بۆ ئه‌وه‌ی زوو ئاماده‌بین بۆ شه‌ڕه‌کان، ئێستاشی له‌سه‌ربێت هه‌روایه، ده‌بێت شه‌ڕه‌کانی تری ئه‌م منداڵانه‌ی که ئێستا به‌م شێوه‌یه به‌خێوده‌کرێن له گه‌وره‌بووندا چه‌ند خوێناویتربن له‌وانه‌ی ئێمه. من شه‌ره‌کانی حیزبه کوردییه‌کان هه‌روه‌ک شه‌ڕه گه‌ڕه‌که‌کانی سه‌روه‌ختی منداڵی ده‌بینم، دیاره به فێڵی گه‌وره‌یی و تهماحهکانییهوه، چونکه هه‌ر هه‌مان ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ن که جاران شه‌ڕه گه‌ڕه‌کیان ده‌کرد، ئه‌و کات منداڵانی چوارباخ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ منداڵانی عه‌قاریدا ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان بگات به‌و داری هه‌نگی دنیایانهی که له کۆڵانه‌کانی ئه‌واندا هه‌بوون. شه‌ڕی نێوان حیزبه کوردییه‌کان شه‌ڕی خێر‌و شه‌ڕ نییه، شه‌ره له‌سه‌ر غه‌نیمه، شه‌ڕه له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وتنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و حیزبه‌شی شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتکرد، جگه له گه‌نده‌ڵی هیچ شتێکی تر ناتوانێت بیبه‌خشێ به کۆمه‌ڵگا.
ئێمه‌ی منداڵ ئه‌و کاتانه له‌سه‌ر ئه‌و مانایانه په‌روه‌رده ده‌کراین، که مانای ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی و بزێوی بوو، من له‌م باخچه‌یه‌دا ملی ده‌یان ڕیشۆڵه و چۆله‌که‌م هه‌ڵکێشاوه، پشتی ده‌یان کیسه‌ڵم له جۆگه‌کانی نزیک شاردا شکاندووه، ئێستا که من به‌م یادوهریانهدا ده‌چمه‌وه ده‌مه‌وێت بگه‌م به ڕه‌گی ئه‌و توندوتیژییه‌ی که هه‌ر له منداڵییه‌وه له ئێمه‌دا ده‌چێنرا، ئه‌م سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که سیسته‌مێکی ئیسلامییه، سیسته‌مێکی یه‌ک ڕه‌نگ و درۆزنه، ئازادی تێیدا نییه، ئینسانه‌کان دوو فاق و دژهگۆن، سیسته‌می خوێندن ناشیرین و ناتهربهوییه، بازاڕ پڕه له ڕیا، ده‌می سه‌رکرده‌کان پره له واده‌ی درۆ، سیاسه‌تمه‌دارێک نییه یه‌ک زه‌ڕه له سومعه‌ی سیاسی خۆی بترسێت، هه‌موو شتێک لای حیزبه ئیسلامییه‌کان هه‌یه خودا نه‌بێت، موراڵ وونه و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌دوای مه‌رگی خۆیدا ڕاده‌کات، که‌س ئینتمای بۆ خۆی و خودا و نیشتیمان نه‌ماوه.
ئاسۆ سه‌راوی: یه‌که‌مین شه‌ڕت له‌گه‌ڵ کێ بوو؟
هیوا قادر: من شه‌ڕکه‌ر نه‌بووم، گه‌ر تووشی شه‌ڕیش بووبێتم پێموانییه لهخهڵکم دابێت.
ئاسۆ سه‌راوی: شه‌ڕ هه‌یه جوانبێت؟
هیوا قادر: شه‌ڕی جوان ته‌نها ئه‌و شه‌ڕه‌یه که مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یکات، ئه‌ویش بۆ گه‌ڕانه به‌دوای جوانیدا.
ئاسۆ سه‌راوی: که چوویته قوتابخانه تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک حه‌زی خوێندنت تێدابوو؟
هیوا قادر: من پێش ئه‌وه‌ی بچمه قوتابخانه خۆم فێرکردبوو بنووسم "دارا"، به‌ڵام قوتابخانه حه‌زی خوێندنی کوشتم، بۆیه له خۆمدا دژه بهرگریهکم دروستکرد ئه‌ویش خۆشه‌ویستیم بوو بۆ کتێب، دیاره جگه له کتێبه‌کانی قوتابخانه. چه‌ند جارێک هه‌لی ئه‌وه‌م بۆ ڕه‌خساوه ببمه مامۆستا نه‌مکردووه، له‌به‌ر ناشیرینی وێنه‌ی مامۆستا له بیرکدنهوهمدا، ده‌زانی من تا ئێستاش جه‌دوه‌لی زهڕبم له‌به‌ر نییه و هه‌ر به په‌نجه ژماره‌کان ده‌ژمێرم، که بیر له لێکدان و لێکده‌رکردن ده‌که‌مه‌وه، هه‌ست به ئازاری په‌نجه‌کانم ده‌که‌م که کاتی خۆی مامۆستای ماتماتیک په‌نجه‌کانمی ده‌خسته نێوان دوو قه‌ڵه‌می رهساسهوه و ده‌یگوشی و ده‌یووت چۆن نازانیت حه‌وت که‌ڕه‌ت نۆ ده‌کاته چه‌ند، منیش ده‌مووت نازانم، نا، نا.
ئاسۆ سه‌راوی: عه‌سکه‌ریت کردووه؟
هیوا قادر: ئه‌م پرسیاره موچڕکه‌م پێدا ده‌هێنێت. چه‌ند مانگێکی ته‌ڵخ و ناشیرین عه‌سکه‌ریم کردووه. ئه‌و چه‌ند مانگه‌ش یه‌کێک له‌هه‌ره قۆناغه ناشیرینه‌کانی ژیانی منه. دوای کۆتایی شه‌ڕی عێراق و ئێران و ته‌واوبوونی قۆناغه‌کانی ئه‌نفال و نه‌بوونی هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ ڕاکردن له شاره‌کانه‌وه، منیش وه‌ک ئه‌و هه‌زاران هه‌زار که‌سه ڕاکردووهی تر له سه‌ربازی به‌ر ئه‌و لێبووردنه گشتییه که‌وتم و دواتر کردینیان به سه‌رباز. من یه‌که‌مجار له سه‌ربازگه‌ی "سه‌لام" له سلێمانی بووم به‌سه‌رباز. هه‌موو به‌یانییه‌ک ده‌بوایه نزیکه‌ی دوو کیلۆمه‌ترێک له ده‌رگای سهبازگهکهوه بڕۆین بۆ ئه‌و گۆڕه‌پانانه‌ی که تێیدا کۆدهکراینهوه. من هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌گه‌ڵ چوونه ژووره‌وه له ده‌روازه‌ی سهربازخانهکهوه زه‌ختی خوێنم داده‌به‌زی، هه‌موو گیانم ده‌که‌وته له‌رزین و له‌ناوه‌وه تووڕه‌و بێ ده‌سته‌ڵات رۆحی خۆمم ده‌کرۆشت، من ئه‌و دیمه‌نانه‌ی به‌یانیان داگیریاندهکردم، تۆ بیهێنه به‌رچاوی خۆت پانزه بیست هه‌زار که‌س به‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا گڵییهدا ده‌ڕۆیشتین و قاچه‌کانمان له‌ناو قوڕی ڕێگاکه‌دا جڵقه جڵقی ده‌هات، هه‌مووان بێده‌نگ و خه‌مبار، جگه‌ره‌کانمان ده‌خسته له‌پی ده‌ستمانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بارانی ڕێگا نه‌یکوژێنێته‌وه. من له‌ناو ئه‌و عه‌شامه‌ته خه‌مباره‌دا پهڕپوترین سه‌ربازبووم، تاکێک له پۆستاڵه‌کانم ژماره ده و ئهویتریانم دوانزه بوو، بێرییهکی گه‌وره و ناشیرین و دێزم له‌سه‌ردابوو که زوو زوو چاومی داده‌پۆشی، هه‌ندێک جار له داخا ده‌مدا به عه‌رزا و دواتر به‌ناچاری له قوڕهکهم ده‌رده‌هێنایه‌وه و به‌دڵی پڕه‌وه له سه‌رم ده‌کرده‌وه، چمکی جله‌کانم له دواوه هه‌میشه هاتبوونه ده‌رێ.
من له‌و کاتانه‌دا بێده‌نگییه‌کی قوڵ قوڵ ده‌ژیام، به هه‌فته قسه‌م نه‌ده‌کرد، ته‌نها قسه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و لادێنشینانهدا ده‌کرد که نه‌یانده‌زانی چه‌پ و ڕاست به عه‌ره‌بی یه‌عنی چی، ئێستاش له‌بیرمه یه‌کێک له‌و لادێ نشینه سادهدڵانه ڕۆژێکیان بۆی گێڕامه‌وه، که کاتی خۆی عاشقی کچێکی دێکه‌یان بووه و دواتر ئه‌و شووی کردووه، به‌ڵام کچه‌که کراسێکی خۆی داوه‌تێ و ئه‌ویش له‌وکاته‌وه کراسی کچه‌که‌ی کردووه به پشتوێن و له پشی کردووه.
له‌پاش مانگێک منیان نارد بۆ شاری "کوت" له‌وێ چه‌ند مانگێک وه‌ک ئه‌مین مه‌خزه‌ن مامه‌وه و دواتر بۆ ئه‌به‌د ڕامکرد و سه‌ربازیم نه‌بینییه‌وه. دوای ئه‌وه‌ش ڕاپه‌ڕین ڕوویدا و ڕزگارمان بوو.
ئاسۆ سه‌راوی: جا ڕزگارمان بوو؟
هیوا قادر: ڕزگارمان بوو له دزێوترین و ناشیرین‌ترین دیکتاتۆره‌کانی دنیا، به‌ڵام دواتر دووچاری ئه‌و پیاوه شاخاوییانهبووین که مانای سیاسه‌تیان به‌و ئاڕاسته‌یه نه‌ده‌زانی که بۆ خزمه‌تکردن و دڵخۆشکردنی ئینسانه، ئه‌وان شه‌ڕی ده‌سڵاتیان کرد و پشتیان کرده ئه‌و مۆراڵه‌ی که ئینسانی کوردی له‌سه‌ر ڕاهاتبوو بۆ خزمه‌تکردنی خۆی و به‌رگریکردن له خۆی.
دواتر به‌ده‌ست کۆمه‌لێک سیاسی چاوچنۆکه‌وه گیرۆدهبووین که هه‌رگیز له سومعه‌ی سیاسی خۆی ناترسێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ترسی سومعه‌ی سیاسی بخه‌ینه دڵی ئه‌وانه‌وه، ده‌بێت بیانخه‌ینه‌وه ناو سندوقی ده‌نگدان و پێیان بڵێین تۆ ته‌نها کارگێڕێکیت گه‌ر خزمه‌تت نه‌کردین ده‌نگت بۆ ناده‌ین. ئه‌مه‌ش هه‌روا ڕۆمانسیانه نابێت، ده‌بێت ئه‌م تێگه‌یشتنه له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا بچه‌سپێنرێت و وایلێبکرێت ده‌ستبه‌رداربێت له هه‌موو ئینتیمای خوێن و حیزب و بنه‌ماڵه، ئه‌مه‌ش کارێکی شێلگیرانه‌ی زۆر و بێ بڕانه‌وه‌ی ده‌وێت.
ئاسۆ سه‌راوی: یه‌که‌مین دڵه خورپێی مه‌ستانه‌ت بۆ کێ بوو؟
هیوا قادر: له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاریمدا موبالهغهنهبێت ده‌یان کچم خۆشویستووه (له دوای که‌مێک پێکه‌نین)، ئێساتا که‌سیان ناناسمه‌وه، به‌ڵام ئه‌و له‌پڕ عاشقبوونانه زۆر ساده‌دڵ و خێراڕهوتبوون، (پێده‌که‌نێ) دیاره من ئێستا باوه‌ڕم به‌و جۆره عاشقبوونانه نییه.
ئاسۆ سه‌راوی: له دراما کۆنه کوردییه‌کاندا حه‌ز له کامیان ده‌که‌یت؟
هیوا قادر: ئه‌گه‌ر ڕاستبێت ناویان بنرێت دراما، من ئه‌و کاتانه سه‌رسامبووم به ته‌مسیلی "خوله‌چه‌خماخه" که تاڕه‌ده‌یه‌ک جوانییه‌کی عه‌فه‌ویی پیوه دیاربوو. هه‌روه‌ها "پیسکه‌ی ته‌ڕپیر و به‌ڕێوبه‌ری گشتی و هه‌ندێکی تر". به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ کوردستان و هه‌ندێک جار به ڕێکه‌وت ئه‌و به‌ناو دراما و تهمسیلیانه ده‌بینم، زۆر تورهدهبم، به‌وه‌ی که چۆن ئاستی تێگه‌یشتن بۆ هونه‌ر و دراما ساده و نا هونه‌رییانه‌یه. به‌س نییه من له کوردستان ناژیم، ده‌نا ده‌بوو هه‌موو ڕۆژێک تهلهفوێنێکم له‌داخی ئه‌م دراما خراپ و ناهونه‌ری و ناشیرینانه بشکاندایه. ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌کی گشتی ئاستی میدیای کوردی ده‌رده‌خات، که چه‌نده حیزبی و کۆڵه‌وار و هه‌ژاره.
ئاسۆ سه‌راوی: به مناڵی ده‌چوویت بۆ سینه‌ما؟
هیوا قادر: ئه‌وه‌ی له منداڵی‌دا کۆمه‌کی خه‌یاڵی ده‌کردم و چێژی ئازادی ده‌دامێ، چوونه سینه‌مابوو، که زۆرینه‌ی جار به دزییه‌وه ده‌چووم، یاخود له قوتابخانه خۆم ده‌دزییه‌وه و ده‌چوومه سینه‌ما، ئه‌و چه‌ند سه‌عاته بۆ من فڕینێک بوو جیاواز له ڕۆیشتنی لارهملانه و خه‌مبارانه‌ی من به قه‌راخ دیواره‌کاندا. کاتێک که هه‌واڵی ڕووخاندنی سینه‌ما "ڕه‌شید"م بیست له سلێمانی، زۆر خه‌مبار بووم، هه‌ستمکرد به‌شێک له منداڵی منیان ڕووخاندووه.
له‌ویادا فیلمی ‘سینه‌ما پارادیس"م بیرکه‌وته‌وه و تووڕه‌بووم له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری که چۆن سینه‌مای شارێک له‌به‌رچاویدا تێکده‌ده‌ن و ئه‌و هیچ ناکات، چۆن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ڕیگه با کارێکی وا ده‌دات، یان بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری یاریده‌ی ئابووری ئه‌و خاوه‌ن سینه‌مایانه نادات تا ئه‌وانیش بیر له فرۆشتن و به‌بازرگانی کردنی شوێنه‌کانیان نه‌که‌نه‌وه.
سینه‌ما بۆ من ئێستاش یه‌کێکه له‌و ئاسۆیانه‌ی که هه‌میشه پڕمدهکات له خه‌یاڵ و جوانی و پرسیاری ئه‌به‌دی.
ئاسۆ سه‌راوی: ڕۆیشتنه ده‌ره‌وه‌ت به به‌رنامه بوو یاخود وه‌ک زۆربه‌ی گه‌نجان ئه‌م وڵاته‌ی خۆت به قه‌ده‌ر سپارد؟
هیوا قادر: پێش هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌می په‌ڕله‌مان، له ڕێگه‌ی سوریاوه به توڕه‌بوون و بێ به‌رنامه وڵاتم به جێهێشت، له ڕێگا له شارۆچکه‌یه‌کی پچووک له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش له تورکیا، بارانی کچم له دایکبوو، له دوای ئه‌وه چوومه ڕوسیا و پاشان گه‌یشتمه سوید.
من پێش ئه‌وه‌ی بڕۆم له زۆر شتی وڵات توڕه‌بووم، سه‌ره‌تاکانی ڕاپه‌ڕین و دواتر ناشاریبوونی حیزبی کوردی و چاوسوورکردنه‌وه له‌یه‌کتری هه‌ر زوو ترساندمیان و به باوکم ووت: ئه‌م وڵاته کۆمه‌ڵێک جه‌نگی خوێناوی چاوه‌ڕوانیه‌تی، من به‌شی خۆم له جه‌نگه‌کانی ترم بینیوه و هیلاکم، ئیتر نامه‌وێت بینه‌ر و به‌شداری شه‌ڕه‌کانی تربم، من ده‌ڕۆم. من ده‌ڕۆم بۆ وڵاتی خۆشبه‌ختی، به‌ڵام به‌داخه‌وه دواتر تێگه‌یشتم خۆشبه‌ختی له‌ناو خۆمدا بوو نه‌ک له شوێنه دووره‌کان، من له‌و ڕۆژانه‌وه تا ئێستا ڕقم له هه‌موو ماڵئاوایکردن و خوداحافیزییهکه.
ئاسۆ سه‌راوی: که چوویته ده‌ره‌وه به چی سه‌رسام بوویت؟
هیوا قادر: بێده‌نگی و هێمنی سوید سه‌رسامی کردم، له‌هه‌مان کاتدا ترساندیشمی. تا پێنج ساڵی یه‌که‌م من هه‌موو شه‌وێک خه‌ونی ناخۆشم ده‌بینی، وه‌ک بورکانێک وورده وورده سارد ده‌بوومه‌وه، هه‌موو شه‌وێک سه‌رباز ڕاویان ده‌نام و من به کۆڵانه‌کاندا ڕامده‌کرد، من هه‌ر ته‌قه‌م ده‌کرد و فیشه‌که‌کان لهبهرپێمدا ده‌که‌وتن، من هه‌ر ده‌کوژرام و زیندوو ده‌بوومه‌وه.
ئاسۆ سه‌راوی: که‌شی تایبه‌تت هه‌یه بۆ شیعر نووسین؟
هیوا قادر: من هه‌ندێک خووی ناخۆشم هه‌یه بۆ نووسین، که ده‌ست ده‌که‌م به نووسین نامه‌وێت هیچ که‌سێک له ماڵه‌که‌دا بێت، به‌س ته‌نها هه‌ستبکه‌م که‌سێک له ژوورێکی تره ئیدی من تهوازنم تێکده‌چێت. بۆیه زۆرینه‌ی کات گه‌ر بۆم بلوێ حه‌ز ده‌که‌م له ماڵه‌وه ته‌نها بم که ده‌نووسم. ده‌رگا له‌خۆم داده‌خه‌م و گوی له مۆسیقا ده‌گرم و نامه‌ویت نه که‌س بمبینێ نه که‌س ببینم، چونکه هه‌ندێکجار له‌و کاتانه‌دا خۆشم له خۆم ده‌ترسم.
ئاسۆ سه‌راوی: پرسیارێکی شه‌خسیم هه‌یه ده‌مه‌وێت بزانم هۆکاری چی‌بوو له خێزانی یه‌که‌مت جیابوویته‌وه؟
هیوا قادر: ئه‌مه ته‌نها تایبه‌ته به ژیانی خۆمه‌وه، ده‌بێت ئه‌وه بزانین چه‌نده زه‌واج ڕه‌وایه‌تی هه‌یه، جیابوونه‌وه‌ش هێنده خاوه‌نی ڕه‌وایه‌تییه.
ئاسۆ سه‌راوی: ئه‌گه‌ر به حه‌زی خۆت بێت حه‌ز ده‌که‌یت چه‌ند ساڵ بژیت؟
هیوا قادر: حه‌زده‌که‌م تا ئه‌به‌د بژیم، من زۆر ڕقم له مردنه. ده‌نا حه‌زده‌که‌م 90 ساڵ بژیم، به‌ڵام به ڕۆحیه‌تێکی گه‌نجانه‌وه که هه‌میشه هه‌ستبکه‌م هه‌ر 17 ساڵم و گه‌وره نه‌بووم.
ئاسۆ سه‌راوی: ئه‌و نامانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌حه‌ر ره‌سایی هاوسه‌رتدا بڵاوتکردۆته‌وه به واقیعی بوونیان هه‌یه؟
هیوا قادر: بێگومان، ئێمه ئه‌و نامانه‌مان هه‌مووی بۆ یه‌کتری ناردووه. به‌ڵام من وه‌ک عاده‌تی هه‌میشه‌ییم هه‌موو نووسینێکم تا ساتی بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌ستکاری ده‌که‌م، من هه‌ندێک ده‌ستکاریم له نامه‌کانی خۆمدا کردووه، به‌ڵام سه‌حه‌ر نا، ئه‌و وه‌ک خۆی چۆن نوسیویه‌تی و بۆی ناردووم ئاوا بڵاوی کردونه‌ته‌وه.
ئاسۆ سه‌راوی: هه‌ستناکه‌یت په‌له‌تان کردووه له بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌کان؟
هیوا قادر: ئه‌وه بۆچوونی که‌سانێکه که له‌ئازادی و کرانه‌وه ده‌ترسن، ده‌نا بۆ ده‌بێت ته‌نها دوای مردن نامه‌کان و یاداشته‌کانی نووسه‌ران بڵاوبکرێنه‌وه. من لێت ده‌پرسم بۆ ده‌بێت بڵاوکردنه‌وه‌ی جوانی دوابخرێت.
ئه‌و نامانه‌ی من و سه‌حه‌ر نامه‌ی قۆناغێکی یه‌کتر ناسینی دوو که‌سه، دوو نووسه‌ر که باس له عه‌شق و ژن‌بوون و دنیا ده‌که‌ن. وه په‌یوه‌ندی ته‌نها به‌و قۆناغه‌ی ژیانی من و ئه‌وه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بی نامه‌ش له دنیادا ئه‌ده‌بێکی کراوه و ئازاده، به‌ڵام به داخه‌وه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا خاوه‌نی کایه‌یه‌کی ئازاد نییه، هه‌ره هۆی ئاشکراشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ئیندڤید و ئازادی و کرانه‌وه.
ئاسۆ سه‌راوی: به شاعیرانی کلاسیکی به کامیان سه‌رسامی؟
هیوا قادر: مه‌حوی و نالی
ئاسۆ سه‌راوی: ئه‌ی به شاعیره گه‌نجه‌کان؟
هیوا قادر: ماردین ئیبراهیم، هێمن حه‌مه‌جه‌زا.
ئاسۆ سه‌راوی: حه‌زده‌که‌یت چ هونه‌رمه‌ندێک شیعره‌کانت بکاته گۆرانی؟
هیوا قادر: عه‌دنان که‌ریم و دیاری قه‌ره‌داغی.
ئاسۆ سه‌راوی: ئه‌و حاڵه‌تانه کامانه‌ن که ده‌بێته هۆی ڕشتنی فرمێسک له‌لای تۆ؟
هیوا قادر: ئه‌و حاڵه‌تانه زۆرن، ڕه‌نگه له له‌حزه‌ی زۆر پچوکدا ده‌ست بکه‌م به گریان و ژیرنهبمهوه.
ئاسۆ سه‌راوی: ئه‌گه‌ر وه‌سێت بکه‌یت بۆ نه‌وه‌ی دوای خۆت ده‌ڵێی چی؟
هیوا قادر: من له‌و پیاوانه نیم که وه‌سێت ده‌که‌ن، هێنده نه‌بێت ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌م دنیایه ڕزگارده‌کات، جوانییه.
ئاسۆ سه‌راوی: به‌ڵام جوانیش له دیدی هه‌ریه‌کێکمانه‌وه کۆمه‌ڵێک شتی جیاوازه، وایه؟
هیوا قادر: ئاخر کاره‌ساتی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه که جوانی یه‌ک مانای هه‌بێت، که جوانی بوو به موتڵه‌ق ده‌بێت به دیین.