که گه‌نده‌ڵی رۆشنبیریش ده‌گرێته‌وه*
بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید
ئه‌مڕۆ له کوردستاندا، گه‌نده‌ڵی هه‌موو کون و قوژبنێکی گرتووه‌ته‌وه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک ئه‌م دیارده‌یه ره‌گ داکوتاوو به‌رین بووه‌ته‌وه، که زۆرجار ئه‌وانه( خۆیان) له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و له‌شکره گه‌نده‌ڵه‌ی کوردستاندان، که ره‌خنه له گه‌نده‌ڵی ده‌گرن. له‌کوردستاندا چه‌مک و به‌هاکان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک تێهه‌ڵکێش و ئاڵۆزکاون که ده‌ستنیشانکردنی گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵی زه‌حمه‌ت بووه.
گه‌نده‌ڵی رۆشنبیری، واته ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی بواری رۆشنبیری و زۆرێک له رۆشنبیرانی وڵاتی ئێمه‌ی گرتووه‌ته‌وه، باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ قوڵی ئه‌و قه‌یرانه قورسه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی تێکه‌وتووه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م گهندهڵییهشیان زۆر زیانبارتر ومهترسیدارتره له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی بواره‌کانی تر، به‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌گه‌نێت. چونکه هه‌میشه رۆشنبیر ده‌توانێت به‌دیوێکدا رۆڵێکی گه‌وره له‌به‌ره‌و پێشبردنی کۆمه‌ڵگادا ببینێ، به‌ڵام به‌دیوێکی دیکه‌شدا ده‌توانێت رۆڵێکی ترسناک له‌به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵیدا ببینێت. چونکه وه‌ک سارته‌ر ده‌ڵێت "کاری رۆشنبیر به‌ته‌نها هه‌ر قسه‌ی زل نییه، به‌ڵکو سلوکیشه".
ئه‌زمونی گه‌لانی ئه‌کتیڤ و زیندووی دونیا، به‌رده‌وام ئه‌و راستییه‌یان سه‌لماندووه، که هونه‌رو ئه‌ده‌ب رۆڵێکی کارایان له‌گۆڕانکاری و له‌پێشخستنی کۆمه‌ڵگادا بینیوه، به‌تایبه‌تی ئه‌و هونه‌رو ئه‌ده‌به‌ی ره‌سه‌ن و ئاست به‌رزو راسته‌قینه بوون. له هه‌موو کات و له هه‌موو شوێنێکی دونیاشدا، پێوه‌رو سنوورێک هه‌بووه که هونه‌رو ئه‌ده‌بی راسته‌قینه‌ی له‌و به‌ناو ئه‌ده‌ب و هونه‌ره جیاکردووه‌ته‌وه، که به‌مه‌به‌ستی خۆژیاندن و پاره په‌یدا کردن یان وه‌ک هه‌ندێک به‌ناو نوسه‌رو ئه‌دیبی لای خۆمان بۆ به‌رات و بۆ پاره و زه‌وی وه‌رگرتن بووه.
وه‌ک ئاشکراشه زه‌مه‌ن هه‌رگیز به‌و هونه‌رو ئه‌ده‌به ناوێرێت که ره‌سه‌نه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی که موزه‌یه‌ف و زوڕناژهنینه بۆ ده‌سه‌ڵات، زه‌ره‌ر هه‌ر زوو تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن به‌ده‌ستی فه‌رامۆشیان ده‌سپێرێ و له‌بیر ده‌چنه‌وه.
به‌بڕوای من ئه‌و رۆشنبیر و نوسه‌ره‌ی که ئه‌مڕۆ له‌کوردستاندا قه‌ڵه‌م و نوسینه‌کانی ده‌خاته خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌وه، راستییه‌کان بۆ خه‌ڵک نادرکێنیت و هه‌میشه کار بۆ جوانکردن و رتوشکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌کات و کار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و وه‌رگرتنی ئیمتیاز ده‌کات، هێنده‌ی ئه‌و به‌رپرسه گه‌نده‌ڵانه تاوانباره که سه‌روه‌ت و سامانی وڵات ده‌دزن. چونکه په‌نابردنه به‌ر بازرگانی کردن به رۆشنبیرییه‌وه و دادۆشینی ده‌سه‌ڵات به‌رێگه‌یه‌کی نامه‌شروع و بوونه زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵات به‌هه‌ر پاساوێکه‌وه بێت، هیچی له‌تاوان و گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌کانی تر که‌متر نییه، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت.
مایه‌ی دڵگرانییه له‌کاتێکدا که نوسه‌رانی گه‌وره‌ی جیهان، کافکا به‌نمونه پێش ئه‌وه‌ی بمرێت، چه‌ند جارێک له به‌ر بێده‌رامه‌تی له خانوه‌که‌ی ده‌رکرا، جونکه پاره‌ی کرێ پێ نه‌ده‌درا. خۆی و خۆشه‌وسته‌که‌ی لهههژارییدا به مۆم خواردنیان گه‌رم ده‌کرده‌وه. که‌چی لای ئێمه ده‌یان نوسه‌ر و شاعیر و چیرۆکنووسمان هه‌ن که ئاماده‌ن بۆ وه‌رگرتنی مشتێک پاره و پارچه‌زه‌وییه‌ک و ئافه‌رینێکی فڵانه به‌رپرس و فیساره مه‌سئول، سووک و باریک خۆی و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی هه‌رزان فرۆش بکات.
له‌لای ئێمه گه‌نده‌ڵی رۆشنبیری به‌ئه‌ندازه‌یه‌که که زۆرێک له (قه‌ڵه‌م لهشانهکانمان) ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی ده‌رکه‌وتن و وه‌رگرتنی ئیمتیاز‌و پله و پایه‌ن، نیو ئه‌وه‌نده په‌رۆشی داهێنانی ئه‌ده‌ب و هونه‌رێکی ئاست به‌رز نین. جا سه‌یرو خۆش ئه‌وه‌یه زۆرێک له‌م نوسه‌رو وه‌رگێڕو شاعیرانه‌ی که له‌به‌رامبه‌ر به‌دنیایه‌ک ناعه‌داله‌تی، نقه‌یان لێوه نایه‌ت و به‌شێکیشیان له کوردستان یان له ئه‌وروپا بوون بهتهلارنشین و مووچه و پاداشتی خۆڕایی وه‌رده‌گرن، جاروبار له یادکرنه‌وه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه یان له‌ڕۆژی ژناندا ده‌یانبینین وتار‌و په‌خشانێک ده‌خوێندنه‌وه، یان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان لای خه‌ڵک به(نوسه‌ری ئازاد) بناسێنن، سوکه ڕه‌خنه‌یه‌ک له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن.
ئای خۆزگه له‌نێو ئه‌م گه‌نده‌ڵییه به‌ربڵاوه‌ی که ژیانی رۆشنبیری ئێمه‌ی داگیر کردووه، رۆژێک نووسه‌رێک، شاعیرێک یان هونه‌رمه‌ندو رۆژنامهنووسێکمان ده‌دی که له‌به‌رده‌م وه‌رگرتنی ئیمتیاز‌و پارچه زه‌وییه‌کدا، ئه‌وه‌نده بچووک نهبوونایهو وه‌ک (مارلن براندۆ) بوێرانه که‌خه‌ڵاتی ئۆسکاری پێدرا، ئاماده نه‌بوو وه‌ریبگرێ، مادام هی ئه‌و وڵاته‌یه که شارستانیه‌که‌ی له‌سه‌ر قه‌تڵوعام کردنی ئه‌مریکی ڕه‌سه‌ن (سوورپێسته‌کان) بنیادنراوه. یان وه‌ک چۆن سارته‌ر خه‌ڵاتی نۆبڵیان پێبه‌خشی ره‌تیکرده‌وه، ئه‌مانه‌ی خۆشمان که زۆربه‌یان هه‌موو رۆژێک له هه‌موو گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌یه‌کدا ده‌رده‌که‌ون، بۆ جارێک ئه‌و پۆست و پارچه زه‌وی و ئیمتیاز‌و خه‌ڵات و بهراتانهیان وه‌ک ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێک ره‌تده‌کرده‌وه، که ده‌سه‌ڵات ده‌یانداتێ. به‌ڵام دیاره کاری گه‌وره به‌نوسه‌رو به‌مرۆڤی بچووک ناکرێت.
• ئه‌م بابه‌ته له ئاوێنه له 17-6-2008 بلاوکرایه‌وه
• Over het existentialisme, Jean Paul Sartre
• Het leven van Franz Kafka
٭ د. محه‌مه‌د كه‌مال ( فه‌لسه‌فه‌ی سارته‌ر و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ)