بیرەوەریەكانم …. بەشی دوانزەهەم
پارێزەر : فایق جەمیل
لە زستانی 948/949 بەفرێكی ئەستور لە كۆیە باری لەكۆڵانان بەفر بە بڵندی زیاتر لە مەترێ كەڵەكەی كرد ، خەڵك پێنەدەوستان بەفر لە بانوی خانوەكانیان راماڵ كەن ، هەندێ لە مان لەبەر پاڵە پەستوی بەفر خۆی رانەگرت وتەپین ، ماڵێ ئێمە – كرێچی بوین – یەك لەم خانوانە بو . لەم وەرزە ناخۆش وسەختە ئێمەی قوتابیانی پۆڵی سێیەم خۆمان ئامادە دەكرد بۆ تاقی كردنەوەی گشتی (بكلۆریا ) . لەم تاقیكردنەوەیە لەبەر نالەباری وەزعم لە وانەی ( بایلۆجی ) كەتم بۆ دەوری دوەم وابو سەنتەری دەوری دوەمی گشت قوتابیانی لیوای هەولێر لەم سالأ – قوتابخانەی ( قەلعەی سەرەتایی كوران ) لە هەولێر بۆ تەرخان كرابو ، گەرچی بەیانی رۆژی تاقیكردنەوە ماوەیەكی تەواو دوا كەتم چونكە شارەزای كۆڵانە تەسكەكانی قەڵا نەبوم – بەڵام لە گەڵ وەش بەرێوەبەری سەنتەر قبولی كردم تاقیكردنەوەكەم كرد لە ئەنجامدا نمرەكەم لەم وانەیە لە 90 – نەوەت رەت بوبو .وابو هەر لەم ماوەیە گواستمانەوە خانۆێكی دی لە گەرەكی بایزاغا نێزیك مزگەوتی – مەلای گەورەی جەلیزادە – مامۆستای سەرەتایی ئافرەت لە خەڵكانی هەولیًر – بەناو نڤیرە ( نەزیرە ) لە گەڵ دایكی ودو خوشكی عازەب و برای زۆر لە خۆ بچوك تر بەناو ( شفیق )- شەفیق – نشتەجێی قاتی سەرەوەی هەمان خانو بون . { لە هەڵبژاردنەكەی ئەندامانی پەرلەمانی عیراق ساڵی 953 /954 سەبارەت بە جموجۆڵی وپرۆپاگەندەی ئەم مامۆستا ئافرەتە- بۆ ( مسعود محمد ) – كە بە پاڵپشتی پارتی وحەمەزیاد كاندید كرابو بۆ ئەم هەڵبژاردنە – بەرامبەر حەوێزاغا لە كۆیە – لە هەمان كات دۆستایەتی وهاموشۆكردنی لە گەڵ خوشكانی –مسعود – زۆر خۆش بو . لە ناو شار تەقەی لێكرا بێ وەی زامدار بێت . هەڵبەتە ئەم تەقەیە خرا پاڵ حەوێزاغا ، بە هەرحاڵ نزیرە بە یەكەم كەس لە قەڵەم دەدرێت كە لە بارەی سیاسی یەوە تیرۆربكرێت لە سەرتا پای عیراق گەر لە هەمو وڵاتانی رۆژهەڵات ودونیا نەبێت .} مسعود محمد سەركەوت ، بو بە ئەندام لە پەرلەمانی عیراق بۆ ماوەیی كورت ، نوری سەعید – ( سەرۆك وەزیران ) لەم سەردەمە – لە بەر بەرەی ئۆپسیون كە لە 15 ئەندام زیاتر نەبو- لە نێو بەرلەمان – مسعود یەكی بەرچاو بولە مان –توانی لە ماوەیەكی كەم بە ئیرادەی مەلەكی – الارادە الملكیە – ئەم بەرلمانە تازەیە پوچەڵ وهەڵوەشێنیتەوە.
پێش گەرانەوەم بۆئوسترالیا بە یەك دومانگ ئەم ساڵ – 2007- لە هەولێر بە رێكەوت چاوم بە كوری ( شەفیق) كەت –واتە برازای مامۆستا نەزیرە – لەم باسەدا بوین وتی ئیستاش نامەكەی ( مام جەلال ) ماوە كە لە وەختی خۆی واتە – پێش نیو سەدەیەك – لەم بارە و بەم مانایە بۆ مامۆستا نەزیرەی ناردووە هەروها وتی نامەكە زۆر كۆن بووە بەڵێنی دا كە لە دەرفەتێ ئامادەی كات بۆ بڵاو كردنەوەی لەم پەرانەی بەردەست .وابو هەر لەم ماوەیەشدا نزیرە كۆچی دوایی كرد } .
دارتوێكی گەورەو بە پەروپۆ كەوتوبووە ناوەراستی حەوشی خانوەكە ، ژێر ئەم دارتووە بە دریّژای دو پشوی وەرزی هاوین لە قۆناخی خوێندنی ئامادەییم شوێنی حەسانەوەوخوێندنەوەو نوستنم بو ، شەوان لەسەر قەرێولەكەم رادەكشام زۆر جار تا بەرەبەیان بێ وەی هەست بە ماندوبون وبێزاری بكەم لەبەر فانۆسی نەوتی قەد دارەكە بە دەیان كتێبم خوێندەوە . ئیدی وابو هەر لەم ماوەیە خوشكی گەورەم گواسترایەوە بۆ كوری خاڵم –جواد رسول – لە هەولیُر منیش بە دوای ئەم بە چەند مانگێ هەر لە ماڵێ خاڵم بۆ خوێندن لە پۆڵی چوارەمی ئامادەیی زانستی دامەزرام ، سامی برام لە تەمەنی چوارپێنج ساڵان بو لای باوەژن – هەڵبەتە لای باوكم –تاكۆچی دوایی لە پایزی ساڵی 952 مایەوە .
رێگای كۆیەو هەولێرو كۆیەو كەركوك لەدوا ساڵانی سی یەكان لە سەدەی رابوردو كرانەوە ، لەم سەردەمە لۆری گەورەو پاسی دار بە تایبەتی لە هاوین هاتوچویان دەكرد لەكاتێ بە دەگمەن ئوتومبێلە بچوكەكان ناسراو بە – قەمەرە – بە دی دەكرا ، هەردو رێگا بە وردە بەردو زیخ و خۆل تەخت دەكران لە وەرزی زستان بە بەفرو باران هەڵدەوەشانەوە ، بۆیە لە زۆربەی هاوینەكان دایرەی ئەشغال لە كەركوك كرێكاری بە كرێ دەگرت بۆ چاك وتەخت كردنی رێگاكان ، لە یادمە – سالح – ناوێ زۆر لای باوكم دادەنیشت چاودێری ئەشغاڵ بو لە كۆیە ئەم پەنجا تا سەد كرێكاری لە قوتابی وخەڵكانی دی كۆیە بۆ ئەم مەبەستە بە كار دەخست ، گەرچی وا باو بو كە لە گەڵ هەندێ كرێكار نیوبەنیو رێك دەكەوت یا ناوی درۆی دەخستە ناو لیستەكان رۆژانەكەی بۆ خۆ وەردەگرت ، بە هەرحال بەم پرۆژەی هاوینانی ئەشغال هەندێ خەڵكانی كۆیە ئەبوژانەوە . لە كۆیەوە بە نێزیكەی دە كیلۆمەتر رێگاكە دەبوە دو بەش ، رێگای ( تەقتەق تاكە ناحیەی سەر بە قەزای كۆیە ) – كەوتوتە سەر زێی بچوك)-كە چەندین ساڵ خەڵك وكاروان ومەروماڵات وكەل وپەڵ لەم زێ یە بە كەڵەك دەپەرینەوە تاساڵانی شێستەكان لە سەدەی رابوردو پردێكی ئاسنی بۆ دامەزرا ، ئەویدی بۆ گوندی (دێگەڵە ) كەوتوبووە دۆڵێ قول، بۆیە سەركەوتن و دابەزینی ئۆتۆمبیل زۆر زەحمەت و ترسناك بو بەتایبەتی لە وەرزی زستان تا پردێ ئاسنی بچوك و نارێكی بۆ دروست كرا لەم كێشەیە تا رادەیەك رزگاری بو، دێگەڵە چەند ساڵە مەڵبەندی ناحیەیە بە ناوی ( شۆرش) هەڵبەتە لە وێوە بۆ هەولێر . لەم بەرو ئەوبەری رێگاكان گەڵێ گوندو دێی بچوك بەدی دەكران ، گوندی ( تۆبزاوە ) لە لای راستەوە و( هەرمۆتە) لە لای چەپ نێزكترین گوند بون بۆ كۆیە ، تۆبزاوە كەوتوتە دۆڵێ رەنگین پڕ دار گوێزو هەرمی وترێ وهەنارو میوەكانی دی ، لە تەمەنی هەشت نۆ ساڵیم دا شەوێ لەم گوندە لەماڵێ ( نەخشین ) مامەوەتەوە ،شەوێ مانگەشەو لە گشت ژیانم بە قەد جوانی ئەم مانگە لە م دۆلە نەدیوە، نەخشین نمونەی چەوساوەی ئافرەتی كوردی دەشتەكی ئەنواند، وا ئەبو حەفتەی چەند جارێ ئەم ئافرەتە بە پێیان بەخۆی وبەمەشكە شیری گەرمی سەخت بە سەر شانی یەوە خۆی ئەگەیاندە كۆێی لە بن دیوارەكی گەرەكی جاسم ئاغا نیزیك ماڵمان دادەنیشت ئەیفرۆشت یا بە ساوارو شەكروئازۆقە ئەیگۆریەوە بادەی بە چوار فلس ، گەر شەوی بەسەر دانەهاتبا ئەگەرایەوە گوندی دەنا لامان دەمایەوە .( جواد ) جەوادی كوری (شفیق ئاغای حەوێزی) ئاغای تۆبزاوە هاوقوتابیمان بو لە ناوەندی كۆیە بە سواری هاتوچوی دەكرد ، لە یادمە لە كاتی تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵی بەفرە ئەستورەكە جەوادو قوتابی یە برادەرەكەی –عەبدەی سۆفی كەریم – كە لە گەڵ جەواد گۆیا بۆ دەرس دەوركردنەوە چوبو بۆ گوند بەیانی زووی رۆژی دوایی لە كاتی هاتنەوەیان بۆ قوتابخانە لەسەر وڵاخ بە جوتە رەق بوبونەوە لە ناو حەوشی قوتابخانە كەتن قوتابیەكان بەهانایان گەیین لە مردن رزگاریان بو ، عەبدە زۆر سوحبەتچی و قسە خۆش بو ئەیگۆت … هەندەی نەمابو خۆم شەهیدی پاروێك قبولی بكەم ..!! سندانم بێ لە شلە ساوار زیاتر نەبو .. وابزانم نە جەواد نە عەبدە قۆناخی ئامادەیی یان تەواو نەكرد .هەرمۆتە تاكە گوندی مسیحیەكان بو لە دەشتی كۆیە گوندێ بە دارو باخچەو رەزو میوجات بە تایبەتی زەیتون ودار مێو ، دەمێك بو قوتابخانەی سەرەتایی لێ دامەزرابو گەڵێ لە خەڵكانی بوون بە مامۆستاو فەرمانبەرو پیاوی روشنبیروخەباتگێر وماقول هەمیشە خۆیان بە كورد ناسیوە لە روی سیاسی وبیروبروا زۆربەیان بەرەو چەپ دادەشكان بۆیە ماوەیەكی زۆر حزبی شیوعی خۆی لە م گوندە گەورەیە چەسپاند .لەمانەی لەیادم ماون لە قوتابخانە – عەممان حەننا و ئەندراوس هورمز لە مامۆستایان حەننا بترس وجەبار عەبدولكەریم هەروها مەقامبێژی ناودار سێوە .پێش گوندی تۆبزاوە بە یەك دو كیلۆمەتر گردێ بەناو ( سەلكی كافران ) هەڵكەوتووە بە وتەی مەلاكان ئەبوا هەر رێبوارێك بەلای رەت بێ نەعلەت لە شەیتان بكات بە بەردان رجم و وشتی پیسی بەسەر دادات گۆیە گۆری ئەم هاووڵاتی یە كافرانەن بەرگری هێزی عەرەبەكانیان كردووە لە كاتی غەزای ئیسلامەكان بۆ ئەم ناوچەیە ، شایانی وتنە بەرامبەر گردی ( سەلكی كافران ) بینایەكی بچوك بە بەردو گەچ بەسێ تاق دروستكراو پانایی لە 2-3 مەتر زیاتر نیە ناسراوە بە ( سێ تاقان ) لە كورنەیەكی بیناكە كۆپەیەكی گەورە لە سەر سێ پایەكی دار دامەزرابو لە كاتی خۆی دەسەڵاتدارانی كۆیە و خێرخوازو حاجی دەوڵەمندانی كۆیە رۆژانە كۆپەكەیان پڕ ئاودەكرد بۆ كاروان ورێبوار وسەفەر كەران ، هەروها شوێنی ئامێرێكی روناك كردنەوە بە قەد دیوار بە دی دەكرا گەر لالە یا فانۆس یا شەپلتەبێت ، زۆر جار لە قۆناخی خۆێندمان دا لەگەڵ برادەرە و هاوقوتابی سەردانی سێتاقانمان دەكرد لە م كات هێشتا كوپە شكاوەكە لە شوێنی خۆی مابۆوە ، هەڵبەتە ئەم بینایە بەڵگەیە كە ئەم رێگایە هاتو چوی زۆر بەسەرەوە بووە بۆ شاری كۆیە لە دورەوە لە شاری كەركوك و هەولێر لە نیزیك دا لە گشت گوندو دێهاتەكان .
ئەوەی تێبین دەكرێ لە بارەی غەزاكانی عەرەبە ئیسلامەكان بۆ سەر كوردستان گەڵی قەبر دەستنیشان دەكرێ كە گۆیا گۆری شەهیدانی عەرەبی ئیسلامن بویتە شوێنی مەزارگەو خێرو خێرات لە مان دۆڵی ( سەحابان ) دەكەوێتە پشت چیای باواجی بەرەو گوندەكانی خۆشناوەتی كۆیە وەك گوندی – سماقوڵی وسوسێ وكێشكێ كە گەڵێ گۆر لەم دۆڵە راكشاون گۆیا گۆری لەشكری عەرەبە شەهید كراون .دەبوا لە هەر سەردانێك ورەت بونێك – بە پێچەوانەی سەلكی كافران – فاتحەو رەحمەتی خوای بۆ پێشكەش بكرێت ، هەڵبەتە ئەم ئاوە مەلاكان رشتویانە و بڵاویان كردۆتەوە ، ساڵانە لە وەرزی هاوین گەلێك لە خێزانانی كۆیە بۆ سەردان و سەیران لە ئەم دۆڵە شەو دەمانەوە .
غەفوری میرزا كەریم لە پەراوێزیك لە كتێبەكەی بە ناو ( كێوماڵی بە ناو بیرەوەریەكانمدا نەورۆزی 2000 ) لاپەرە 74 و 75 دەڵێ : لە كتێبی كوردستان و ئاینی ئیسلام كە لە ساڵی 970 لە لایەن مەلا رئوف سەلیم حەوێزیەوە دەرچووە باسی چۆنیەتی هاتنی لەشكری ئیسلام لە ناوچەی پشدەر ومەنگورو مەرگەو …هتد دەكات هەرچەندە مامۆستا رەنجێكی بە پرشتی داوە لەم مەیدانەدا ، بەڵام خۆزگە باسی ئەم سەرچاوانەی دەكرد كە ئەم باسەی لێهەڵێنجاوە .هەروها مەلیك هەژدەری بە مەلیكی كورد داناوە كە من وای بۆ دەچم هەژدەر لە – أشتر – ی عەرەبەوە كە ناودارێكی ئیسلام بووە هاتووە كە ئێستاكە مەزاری لە شارباژێرەو خەڵكی بۆ نەخۆشی باداری وچاوئێشە زیارەتی دەكەن ، تەنانەت خاووخێزان زۆر جار كە ئەچن بۆ زیارەتی شەو لە پەنای مەزارەكەیدا دەمینێنەوە هەروها نیزیك ئەم مەزارە مەزاری – پیری شەكێل-یش هەیە كە كەوتوتە بەردەم كانیاوێكی خۆش دو بارە خەڵكی لە بەهاردا بە خاو خێزانەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی شەو دەمینێنەوە هەروها لەناوچەی شارباژیّریشدا گردە – زبێر-یش كە گردەكە بەناوی زبێر -( یەكێكە لە ناودارانی ئیسڵام )- ناونراوە دوایش گوندی گردەزوبێریان بەو ناوەوە لە پاڵیدا ئاوەدان كردوَەتەوە . خەڵكی ئەم دێیە لە دەمی باب و باپیرانەوە دەگێرنەوە كە لە ناو ئەم گوندەدا تیروكەوان وشمشێروشتی كۆنیان دۆزیتەوە .
—————————–
سدنی / استرالیا
اپرل /2008 نیسان
Alifaieq08@yahoo.com