 
	هایكۆكانى قوباد
  
                 
  
    (( بەشى یەكەم ))
  
  
            1 
           مەمك ،
          لانەیەكە پڕە لە كۆتر !
  
   2 
  مەمك ،
  گەورەو بچووك 
  بەیەكەوە ژیر دەكاتەوە !
  
  3
   مەمك ،
   داستانێكە
  پاڵەوانەكانى كۆرپەن !
  
  4
  مەمك نەبوایە ،
  دەمیش نەدەبوو !
  
  5
  لە هەر ماڵێكدا مەمك نەبوو ،
  نارنجۆك هەیە !
  
  6
  مەمك ،
  یەكەم كێڵگەو 
  دووا كێڵگەى
   گوڵە گەنمە !
  
  7
  مەمك ،
  دایكى لێوە !
  
  8
  مەمك ،
  هێشووە ترێ یەكە
  لە ئارامى !
  
  9
  گۆ ، قفلى مەمكە  ..
  كلیلەكەى  لێوە !
  
  10
  مەمك ،
  خوشكى لۆكەو
  كچەزاى هەناروو
  ئامۆزاى ئاگردانە !
  
  11
  بۆ سەر سینگى ژن
  دوو مەمك 
  بەس نی یە !!!
  
  12
  ساواكان،
  لەبن گومبەتى مەمكدا ،
  نوێژ دەكەن !
  
  13
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  موژدەى دوو مەمكى ئازاد !
  
  14
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  دلۆپ
  دلۆپ
  بۆ مەمك دەگرى !
  
  15
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  كۆرپەیەكى لە قەنارە دراوە !
  
  16
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  چاوەرێى پەنجەى كچێكە ،
  گەردنى بكاتەوە لە پەت !
  
  17
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  شنە دەیلاوێنێ …
  هەتاو ، جىَ دەنووكى مەمك ،
  پڕ دەكاتەوە لە رووناكى !
  
  18
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  _ با _ بمبات ،
  سوێم دەبێتەوە بۆ مەمك !!
  
  19
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  كۆترێكى باڵشكاوە ،
  بە لقە درەختى پایزەوە !
  
  
  20
  ستیانێك بە تەنافەوە :
  قەسیدەكانى مەمك ،
  بۆ – با –
  دەخوێنێتەوە !
  
  
  
 
 

 
			 
			 
			