سەرابتر لەژیان …!
*" هیچ شتآ جێگەمى تێدانابێتەوە .. هەمووى بۆمن تەنگەبەرن .. دەمەوێت ئازادبم " نیكۆس كازانزاكى
ئەم شەو من ئاسمانى سیا ،
بەدیار تەلى پساوى گیتارەكەمەوە
هەناسەى قوڵى نائومێدى هەڵدەكێشین و ،
پەنجەرەكانى ڕوانین كڵۆم دراون و ،
هیچ ئاوازێك نایەتە بوون .
قەدەرى ئەم نەبوونە بگۆڕىَ و ،
ژیان هارمۆنیاى خەون بژەنىَ .
ئاى ماتەمى دەریاى بێدەنگى !
بەشوێن كام پێناسەى كەناردا هەنگاو بنێین ؟
ماتماتیكى خەونمان نیشان بدات و ،
باڵەكانى فڕینى نەوڕەسمان بداتآ ..
تائێوارە پەمەییەكانى عەشق ببینین .
جەخار لەسیاپۆشى ئەم زەمەنەدا ،
یادەوەریمان لێوان .. لێوە ،
لەحزورى تەنهایى و سەراب و ،
شەوانە پێكى مەراق دەنۆشین و ،
هیچ خودایەك مانگى نیشان نەداین ..
زاهیدێك فێرى زیكرى عەشقى نەكردین ..
تاگۆرانییە ڕەشپۆشەكانى ڕابووردوو ،
لەئاوێنە تەڵخەكانى زەمەن دا نغرۆبن .
ئەمێستا ژیان لەساتى محاڵ دا وەستاوە ..
عەشق و خەون و دەریا ،
گەیشتن بەئاستانەى حزورى مانگ و ،
وادەى ڕاموسانى گوڵ و ئاونگى بەیان ..
چڕینى سەمفۆنیاكانى ژیان بەسەرچوو .
بمبەخشە ژیآ گیتارەكەم ،
لەم مەملەكەتى ئاوابوونى وەفایەدا ..
پەنجەكانم ناتوانن هیچ نۆتەیەك بژەنن و،
ئاوازێك ببەخشنە مەستەكانى مەیكەدەو ،
دڵى سخناخ بوویان بەئاوازى عەشق ..
لەپێكى بادەدا بتوێننەوە و،
چەند ساتێك بآ ئاگایانە ڕابووردوو لەبیربكەن .
ئەفسوس .. ئەفسوس
تەلسمى ژیان هەورێكى نمناكە و ،
لەهەر ساتێكى تەنهایى دا خۆى نمایش دەكات و ،
تاریك تر لەئەندێشەى ئێمە و ،
خێراتر لەهەناسەكانى (( با )) و ،
دوربین تر لەڕوانینى ئێمە ..
دەمانباتەوە سەر ڕشتنى ئەسرینى نائومێدى .
ئاى قەدەرى سەراب و مەئویستى !
بمبەرەوە ساتى ئازارەكانى مەرگ و،
لەم بوونە بێمانایەم قوتاركە ..
بەرگەى ئەم هەموو سیا پۆشیە ناگرم ..
ئیدى ژیان وێنایەكمان ناداتآ ،
نەخشەى خەونەكان ڕەنگ ڕێژ بكات و ،
هەناسەكانى ئومێد بەبەرماندا بكات .
زەمەنى وون بوون
18/7/2008
ماناى هەندێك ووشە :
سیا : ڕەش
مەراق : خەفەت
زاهید : بەكەسە دەڵێن كەدەست لەژیانى دنیایى بەردەدات
ژیآ گیتار : تەلى گیتار
سخناخ : لێوان لێو
مەیكەدە : مەیخانە
ئەسرین : فرمێسك
ئاستانە : لێوار
بادە : مەیى
* ئەو دێڕەى ناو كەوانەكە : نوسینى ڕۆمان نوسى یۆنانى نیكۆس كازانزاكیە ، لەكتێبى سۆفیگەرێتى وەرگیراوە
Sarwar_kareem@yahoo.com