راوچى یان رۆژنامەنووس؟!
"ئەخلاق و ئازادى ئەوەیە، كە ئەو شتەى حەزناكەى بەسەرتدا رووبدات، لەگەڵ خەڵكى و بەرامبەرەكانتدا مەیكە – كۆنفۆشیۆس"
(1)
پاش نزیك بە چواردە سەدە و لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەهەم، واتە دواى هەریەكە لە تیۆرەكانى (دەسەڵات) و (ئازادى)، ئینجا تیۆرى بەرپرسیارێتى رۆژنامەنووسى هاتە بەر باس و خواس، ئەو تیۆرەى دواجار رۆژنامەنووس لە میانى پیشەكەیدا ناچار بە پابەندبوونێكى مۆرالى و پەیوەستبوونێكى ویژدانیانە دەكات بەرامبەر ئەرك و بەرپرسیارێتى كۆمەڵایەتى سەرشانى، لە راستبێژى و گەیاندنى زانیارى دروست بە وەرگر. لەبەر رۆشنایى ئەو تیۆرەى رۆژنامەنووسى و دواى مێژوویێكى دوورى ململانىَ، بەهۆى ئەو شتەى لە هەشتاكانى سەدەى رابوردوو ناونرا (كەلێنى راستگۆیى)، ئیدى خودى چەمكى بێلایەنیش كەوتە بەر نەشتەرى رەخنە و لە بەرامبەردا مەسەلەى ویژدان شوێنى ئەو بەها و پێوەرەى گرتەوە، بەو پێیەى ئەستەمە مرۆڤ بتوانىَ لە ئاست رووداوێكدا بێلایەن بێت، بەڵام دەكرىَ وێڕاى لایەندارییەكەیشى راستگۆیانە و بە ویژدانەوە زانیارى نێو رووداوەكان بەهەردوو دیوەوە بگوازێتەوە.
(2)
لە كاتێكدا لە پشتى هەر دانیشتنێكى راوكەر لەناو (میل) و پشتى (دێوجامە) و نانەوەى داو و تەپكە، نیازێكى خراپ و ئامانجێكى دوور لە خزمەتكردنى مانا و بەهاكانى جوانى سروشت و ژیاندۆستى هەیە، بە دیوەكەى دیكەش پیشەى رۆژنامەنووسى بەرپرسیاریێتیەكى كۆمەڵایەتى و مۆرالى و پەیامێكى ژیاندۆستانەى لە ئەستۆ دایە لە بەرامبەر كۆمەڵگە و پرۆسەكانى گۆڕان و ریفۆرم و گەشەپێدان، كەچى زۆرێك لە بەناو رۆژنامەنووسانى كورد ئەوەندەى رۆڵى ئەو راوكەرە دەبینن، نیو ئەوەندە رۆڵى راستەقینە و خوازراوى دونیاى خۆیان و پیشەكەیان نابینن، لەبەر ئەوە ئاساییە و سەیر نییە، كە ئەم حاڵەتە لەبرى رۆژنامەنووسى پڕۆفیشناڵ، لە زۆرترین حاڵەتدا راوكەرێكى پارێزبەر و سیخوڕ بەرهەم بێنىَ.
(3)
زۆربەى ئەو كائینانەى نێو رۆژنامەگەرى كوردى، لەبەر ئەوەى كەمترین ئاگایى و هوشیاریان بە دونیاى مێژوو و فیكر نییە و سەرەتاییترین تێگەیشتن و ئاشنایەتیان بە كایە مەعریفییەكان نییە، بۆیە بەردەوام چەمكەكان تێكەڵ بەیەكترى دەكەن و بە ویستى خۆیان تەوزیفیان دەكەنەوە، ئەوان كە جیاوازى لە نێوان ئازادى باوەڕ (كە پێشینەیەكى قوڵى مێژوویى و فیكرى) هەیە، لەگەڵ ئازادى رۆژنامەنووسى (كە بەرهەمى دواى دۆزینەوەى پرۆسەى نووسینە) ناكەن ، ئیدى لەنێو ئەو لێڵاییەدا مافى ئەوە بە خۆیان دەدەن بە هەموو شێوەیەك بەرامبەرەكانیان بكەنە نێچیرێكى چەور، بەڵام زۆربەیان بوێرى ئەوەیان نییە بۆ رۆژێك خۆیان ببەنە شوێنى ئەو بەرامبەرەى چاوى سێرەى خۆیانى لىَ ناپارێزن.
(4)
جۆن میریل دەڵىَ "رۆژنامەنووس ئەو كاتانە دەتوانىَ ئازادانە بنوسىَ و رەفتار بكا و هەڵوێستى دروست وەربگرىَ، كە راستگۆ و بەرپرسانە پیشەكەى خۆى جێبەجىَ بكات"، ئەگەر بە پێوانەى ئەو قسەیەى میریل بێت، ئەوا رۆژنامەنووسى كورد لەم لایەنەوە گرفتگەل و بۆشایى و خەوشى زۆرى لە سەرجەمى بوارەكانى مێژوو و فیكر و مەعریفە و زمانى دەربڕین و ئاگایى یاسایى و كایە كۆمەڵایەتى و سیاسییەكانى دیكەدا هەیە.. سەیركەن ئەوانێك كە زۆرینەیان باكگراوندى رۆشنبیریان هەر هێندەى فێرخوازێكى خولى نەهێشتنى نەخوێندەوارییە و ئەلفوبێیەكیان لەسەر میساقى رۆژنامەنووسى دونیاى پێشكەوتوو نەخوێندۆتەوە و لە هەڵدانەوەى دۆسێیەكى دادگادا (كوشتن) و (كەتن) و ریزبەندەكانى دامەزراوەى دادوەرى لەیەكتر جیا ناكەنەوە، كەچى لەناو خەڵكى سادە و شەقامدا خۆیان پىَ سوپەرمانە!!
(5)
لەم گۆشەنیگایە و ئەگەر بە پێوانەى ئێستاى بەهاو پرەنسیپە مۆدێرنەكانى رۆژنامەنووسى و سیستەمى دیموكراسى دونیا، واقیعى ئەمڕۆى رۆژنامەگەرى كوردى بە گشتى و لە نێویشیدا رۆژنامەنووسانى كورد هەڵبسەنگێنین، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەى، هێشتا لەو بوارەدا ئێمە لە دواوەین، بەڕاى من ئەمەش پێشوەختە پەیوەستە بە خودى كاراكتەرەكە خۆى و ئاستى هوشیارى و راددەى ئاگایى ئەو بە چییەتى پیشەكە، وەكو تریش ئەو گەرەلاوژەیەى سەندیكا لە تەجنیدكردنى ئینشانووسەكان بەرهەمى هێنا، بەو پێیەى ئەوەندەى لە كوردستان بەناو رۆژنامەنووس هەیە، بە چارەگى چارەگى ئەوە و دەگمەن نەبێت، بڵاوكراوەیەكى شایانى باسمان نییە، دواى ئەوانە فاكتەر و زەمینە كۆمەڵایەتى و سیاسییەكان دێنە ناو هاوكێشەكە.
(6)
بەردەوام یەكىَ لە گرفتەكانى رۆژنامەنووسى، راددەى راستگۆیى و گەیاندنى دروستى داتا و زانیارییەكانە، كە دونیاى راگەیاندنى كوردى هێشتا لەو بوارەدا جێى متمانەى تەواو نییە، لەبەر ئەوەى بەبەڵگە ئەوە دەبینین، كە لە گەیاندنى راستى و زانیارییەكان كورتى دێنن، كە رەنگە هۆكارى ئەو كورتى هێنانە ئەوە بێت، ئەو كائینانە حەقیقەتەكان تەنها لە چاوى خۆیاندا دەبینن، لە كاتێكدا وەك یەكىَ لە بیرمەندەكان دەڵىَ "حەقیقەت هیچ بەهایەكى ماددى و ئاكارى نییە، ئەگەر لە زەمینەى واقیعدا بەرجەستە نەبىَ و تەرجەمە نەبێتەوە".
دواجار دەڵێن لە وەڵامى پرسیارێكدا كە "ئەگەر هاتە سەر حوكم یەكەم شت چییە ئەنجامى دەدات؟"، كۆنفۆشیۆس دەڵىَ "بە دڵنیاییەوە زمانم راست دەكەمەوە". لەو نێوەدا ئەگەر تەنها بوارى زمانى نووسین و ریتمى گوزارشتەكانى زۆرێك لە رۆژنامەنووس و نێوەندەكانى راگەیاندنى كوردى وەربگرین و بە دیقەتەوە سەرنجیان بدەین ، ئەو راستییەمان بۆ زەڵاڵ دەبىَ، كە بەداخەوە بەقەد قەبارەى ئەو گەندەڵى و بێدادى و نایەكسانییەى دەسەڵاتى كوردى بەرهەمى هێناوە، زمانى راگەیاندن و رۆژنامەنووسى كوردیش پڕیەتى لە ناوزڕاندن و سوكایەتیكردن بە بەرامبەر.