زمانى ستاندارد …….
زمانى ستاندارد به زۆرى و که‌مى خه‌ڵکه‌که نییه، که قسه‌ى پێده‌که‌ن
ڕۆژنامه : زۆرجار باس له زمانى یه‌کگرتووى کوردى و دروستکردنى زمانى ستانداردى کوردى ده‌کرێت ، تۆ چ ڕێگه‌یه‌کت پێباشه بۆ دروستکردنى زمانى ستاندارد بیگرینه به‌ر ؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : من پێموایه ئێستا زمانى ستانداردى کوردى بۆخۆى هه‌یه ، ئه‌م زمانه‌ى من و تۆ ئێستا پێى ده‌نووسین و ده‌خوێنینه‌وه ئه‌مه بووه‌ته زمانى ستاندارد، ئه‌م ستاندارده به پێوه‌رێک وه‌رگرین بۆ زمان ، ئه‌م زمانه (شێوه‌زاره) ى، که به‌هه‌ڵه ناویان ناوه سۆرانى و بۆ خۆی کرمانجى خوارووه، زمانێکه له سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه، له ده‌وروبه‌رى 1920 ه کانه‌وه خوێندنى ئه‌م وڵاته‌ى پێ کراوه و زمانى ڕۆژنامه‌وانى و کارى ڕه‌سمى حوکوومه‌ت بووه ، ئه‌گه‌ر حیسابى حوکوومهتهکهى شێخ مه‌حموود بکه‌یت.
ڕۆژنامه : زۆر که‌س هه‌ن ئه‌وه ده‌که‌نه پێوه‌ر، که کام شێوه‌زار زۆرینه‌ى ئاخیوهرانى هه‌یه ئه‌وه بکرێته زمانى ستاندارد تۆ لهمباروه ڕات چییه ؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : ئه‌گه‌ر حیسابى زۆرینه بکه‌ین ڕه‌نگه کرمانجى سه‌روو بێت ئه‌مه که‌سمان لاریمان لێی نییه ، به‌ڵام زمانى ستاندارد به زۆرى و که‌مى خه‌ڵکه‌که نییه، که قسه‌ى پێده‌که‌ن ، ئه‌مه پێوه‌ر نییه ، زمانى ستاندارد ئه‌و زمانه‌یه توانیبێتى جێى خۆى له بوارى میدیا و خوێندندا کردبێته‌وه ، زمانى ڕه‌سمى ده‌وڵه‌ت بێت (هه‌رچه‌ند ئێمه تائێستا ده‌وڵه‌تمان نییه) ، زمانى ڕه‌سمی حوکوومه‌ت بێت. ئه‌م زمانه‌ى، که ئێستا عه‌ره‌ب پێى ده‌خوێنێت و پێى ده‌نووسێت و هه‌موو ڕێزمان و ڕێنووسى له‌سه‌ر دانراوه، زمانى که‌مینه‌یه‌کى عه‌ره‌به له ناوچه‌ى نیوه دوڕگه‌ى عه‌ره‌بیدا کاتى خۆى قوره‌یش به‌کاریان هێناوه و دواتریش بووه‌ته زمانی قورئان، ئێستا هه‌ر ئه‌و زمانه بووه‌ته بنه‌ماى زمانى عه‌ره‌بى و هێشتا به‌کار ده‌برێت .
ڕۆژنامه : ئێستا هه‌وڵێک له ئارادا هه‌یه بۆ زاڵکردنى شێوه‌زارێک به سه‌ر ئه‌م زمانه ستانداردهى، که تۆ ده‌ڵێیت چه‌ند ساڵه دروست بووه ، جێى خۆى گرتووه ئه‌مه چۆن ده‌بینى ؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : ئه‌مه کارێکى باش نییه ئه‌و شێوهزارهى، که له‌سه‌رده‌مى شێخ مه‌حمووددا کارى پێکراوه جێى خۆى گرتووه و خه‌ڵک به‌کارى ده‌هێنێت ، ئه‌گه‌ر له هه‌ندێک شوێن ئه‌م زمانه‌ش نه‌بووه‌ته زمانێکى ستاندارد له‌به‌ر ئه‌وه بووه، که زمانى نووسین و خوێندن نه‌بووه و بوارى به‌کارهێنانى میدیاى کوردى زمانى ڕه‌سمى کورد نه‌بووه.
ڕۆژنامه : هه‌ندێک له‌وانه‌ى له بوارى زماندا قسه ده‌که‌ن پێیانوایه زمانى ستاندارد به پاڵپشتى بڕیارى سیاسى دروست ده‌بێت ، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایکردووه هه‌ندێک که‌س هه‌وڵى ئه‌وه ده‌ده‌ن، که زمانێکى ستاندارد له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستاماندا دروست بکه‌ن ، ئه‌و پاڵنه‌ره سیاسییانه چه‌ند سه‌رکه‌توو ده‌بن له دروستکردنى ئه‌و زمانه‌دا ؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : پاڵنه‌ر و فاکته‌ر و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌توانێت ئه‌و زمانه‌ى بیه‌وێت دروستى بکات ، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌ندێک شوێن وه‌رگرین ، من ناڵێم وه‌ک زمان، به‌ڵام وه‌ک گۆڕینى ئه‌لفبێ باسى بکه‌ین ، ئه‌لفبێى لاتینى، کاتێک زیاد بهڕڕى سۆمال هاته سه‌رحوکم زمانى نووسینیان نه‌بوو ، له‌برى ئه‌وه‌ى ده‌ست به شێوه‌نووسینێک بکات یان ڕێنووسێک دا‌نێت یان تیپێک به‌کار بهێنێت بۆ نووسینى زمانه‌که‌یان نزیک بێت له عه‌ره‌بییه‌وه ، چونکه زمانى سۆمالى به‌شێکه له زمانه سامییه‌کان ، ئه‌و ئه‌لفبێى لاتینى هه‌ڵبژارد و ئه‌لفبێى عه‌ره‌بى هه‌ڵنه‌بژارد .
ڕۆژنامه : له‌وه‌ته‌ى ئه‌م کیانه کوردییه له هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر زماندا هاتووه ، تۆ ئه‌و گۆڕانکارییه به سلبى ده‌بینى یان ئیجابى ؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : ئه‌و گۆڕانکارییانه به ئاشکرا دیارن . ئه‌گه‌ر له‌ڕووى ڕێنووس و خاڵبه‌ندى و هه‌ندێک ڕێزمانه‌وه ته‌ماشا بکه‌ین، تاڕاده‌یه‌ک هه‌ست به لاوازییه‌کى زۆر ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر ڕه‌وشى ئێستاى زمانى کوردى له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مێکدا، که کۆڕى زانیارى کورد له به‌غدا هه‌بوو و ئه‌و ده‌مه‌ى مه‌سعوود موحه‌ممه‌د و چه‌ندانى تر له‌وێ کاریان ده‌کرد، به‌راورد بکه‌ین ، له‌و ڕووه‌وه ئه‌وان پێشکه‌وتوتر بوون و حاڵى زمانى کوردى باشتر بوو. نه‌مانى کۆڕى زانیارى کورد زیانێکى زۆرى به زمان و ئه‌ده‌بى کوردى گه‌یاند، ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ى له زمانى کوردی‌دا دروست بووه ده‌رئه‌نجامى ئه‌وه‌یه ، که دهسگایهکى نێوه‌ندى نییه بتوانێت کۆنترۆڵى پرسه‌کانى زمان بکات و ڕه‌ئى هه‌بێت له‌و مه‌سه‌لانه‌دا ، ئێستاش ئه‌و دهسگایهى به ناوى کۆڕى زانیارى کوردستانه‌وه هه‌یه ، دهسگایهکى ئیفلیج و بێکه‌ڵک و بێکاره و هیچى نه‌کردووه و هیچى پێناکرێت .
ڕۆژنامه : هه‌ندێک ڕا هه‌یه له سه‌ر هێنانه‌وه‌ى پیتى لاتینى بۆ ڕێنووسى زمانى کوردى ئایا ئه‌مه چه‌ند سوود و زیان به زمانى کوردى ده‌گه‌یه‌نێت ؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : به‌کارهێنانى تیپى لاتینى بۆ زمانى کوردى به هیچ شێوه‌یه‌ک به قازانجى زمانى کوردى نییه، چونکه کورد ئێستا کۆمه‌ڵێک حه‌رفى هه‌یه پێى ده‌نووسێت و ئێستا موڵکى کوردن و به هیچ شێوه‌یه‌ک نه عه‌ره‌بین و نه فارسین و نه هیچى تر. هه‌ندێک تیپمان خستۆته سه‌ر ئه‌و تیپانه هه‌رگیز عه‌ره‌ب نایناسنه‌وه وه‌ک (ژ ، چ ، گ) یا ئه‌و تیپانه‌ى حهوتهکانیان له سه‌ره یا له ژێره، ئه‌مه له‌لایه‌ک ، له لایه‌کى تره‌وه ئه‌م تیپانه‌ى ئێستا به‌کارى ده‌هێنین چ ناته‌واوییه‌کیان هه‌یه بۆ زمان؟ بۆچى ناته‌واون؟ کوێ‌یان ناته‌واوه؟ دواتر به‌کارهێنانى تیپى لاتینى زیانى ئه‌وه‌مان لێده‌دات، که ئه‌وه‌ى ئێمه چه‌ندین ساڵه له باوباپیرانى خۆمانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، وه‌ک که‌له‌پوورێکى فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه‌یى له‌ناو ده‌چێت ، چونکه ئه‌مه دهسگاى گه‌وره گه‌وره‌ى پێویسته تا ئه‌وه‌ى، که چه‌ندان ساڵه نووسراونه‌ته‌وه دووباره بخرێنه‌وه سه‌ر تیپى لاتینى، ئه‌م په‌تایه‌ش ( تیپى لاتینى ) ئێمه له ده‌وڵه‌تى تورکیاوه گرتوومانه و بۆمان هاتووه ، ئه‌وه‌ش که‌مال ئه‌تاتورک هێناى بۆ ئه‌وه‌ى تورکه‌کان له ئیسلام و له عه‌ره‌ب دابڕێت، ئه‌مه‌ش زیانێکى زۆرى له فه‌رهه‌نگى تورکیا و زمانى تورکى داوه ، بۆ نموونه ئێستاش، که شته‌کانى خۆیان ده‌نووسن پێویستیان به وشه‌ى عه‌ره‌بى هه‌یه ، زمانه‌که‌یان چه‌ند وشه‌ى خۆیانى تێدایه ئه‌وه‌نده‌ش وشه‌ى عه‌ره‌بى تێدایه و هه‌مووى به‌هه‌ڵه ده‌خوێننه‌وه ، ئه‌مه‌ش زیانێکى گه‌وره‌یه بۆ ئه‌وان، ده‌یان هه‌زار کتێب و دهکیۆمینتیان هه‌یه تا ئێستا نه‌کراونه‌ته‌وه به تورکى نوێ وتیپى لاتینى .
ڕۆژنامه : ئه‌مڕۆ فه‌وزایه‌ک له بوارى ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ریدا هه‌یه ، ئه‌و فه‌وزایه‌ش بۆته مایه‌ى زیاتر بێسهروبهرکردنى زمانى کوردى، که هه‌ر حیزب و کۆمپانیایه‌ک دهسگایهکى ڕاگه‌یاندنى هه‌یه ئه‌مه مه‌ترسى چه‌نده؟
ئه‌مجه‌د شاکهلى : وه‌ک پیشتریش وتم نه‌بوونى دهسگایهکى باڵا، که هه‌مووکات بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌کانى زمان بگه‌ڕێیته‌وه بۆی، ئه‌و فه‌وزا و پاشاگه‌ردانییه دروست ده‌کات ، ئه‌وه‌ى ئێمه له میدیاى کوردی‌دا ده‌یبینین فه‌وزایه‌که ئه‌و په‌ڕى دیار نییه، هه‌ر ده‌سگایه‌ک شێوه‌نووسین و شێوهزمانێک به‌کارده‌هێنێت، دواتر له ده‌سگا بینراو و بیستراوه‌کاندا به تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان، ده‌بینى به دوو دیالێکتى کرمانجى خواروو و کرمانجى سه‌روو، هه‌موو بابه‌ته‌کان په‌خش ده‌کرێنه‌وه ، هه‌واڵێکى سۆرانى یه‌کێکى تر‌ى کرمانجى ، گۆرانییه‌کى سۆرانى و یه‌کێکى کرمانجى، هه‌مووشته‌کان له سه‌ر نیوه‌یه، وه‌ک په‌نجا به پهنجاکهى سیاسه‌تى پێشووى ئه‌م دوو حیزبه دابه‌شکراوه. له ڕووى نووسینیشه‌وه ده‌بینى هه‌ر بڵاوکراوه‌یه‌ک شێوه داڕشتن و ڕێنووسێکى تایبه‌تى خۆى هه‌یه .
# له ژماره(212)ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی 4-5-2008ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.