Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
پرسیار ده‌رباره‌ی بوون!

پرسیار ده‌رباره‌ی بوون!

Closed
by July 30, 2008 گشتی

 بوون، بۆخۆی به‌رهه‌می سروشته‌و هه‌ر له‌ سروشتیشه‌وه‌ ده‌توانرێت درێژه‌ به‌ بوون بدرێت، واته‌ مادام بوونێک هه‌یه‌ ده‌کرێت هه‌ر له‌و بۆشایه‌دا ئه‌و بونه‌ جێگایه‌ک داگیر بکاتو مافی ئه‌وه‌شی هه‌بێت بونایه‌تی خۆی تێدا به‌رده‌وام بکات، تا ئه‌و کاته‌ی وه‌ک پێویستیه‌ک بونه‌که‌ی مانه‌وه‌ی نامێنێت. ئه‌م جه‌ده‌له‌ هه‌موو بونه‌وه‌رێک ده‌گرێته‌وه‌ که‌ زاده‌ی به‌رهه‌می سروشت و ئه‌و پانتایه‌یه‌ که‌ سه‌رجه‌م زینده‌وه‌ر و ڕوه‌که‌کانیشی له‌ خۆ گرتوه‌،. مرۆڤیش به‌ ئه‌ندازه‌ی بوونی ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌ک بونه‌وه‌رێکی سروشتی چێژو له‌زه‌ت له‌و بونه‌ی خۆی وه‌رگرێت. به‌ڵام ئاخۆ مرۆڤ وه‌ک کاراترین و زرنگ ترین گیان له‌به‌ر توانیویه‌تی ئه‌ومافه‌ به‌خۆیو سه‌رجه‌م گیناله‌به‌رانێک به‌ ڕه‌وا ببینێت که‌ له‌ ئه‌م بێده‌سه‌ڵاترن؟ ئه‌مه‌ بۆخۆی جه‌دلێکی درێژخایه‌نی نێو چه‌مکه‌ ئایدیال و دیالیکته‌کان بوه‌ له‌به‌رده‌وام بونێتی درێژه‌دان به‌ ژیان و هه‌وڵدان بۆ باشتر کردنی ئه‌و پێداویستیانه‌ی  مرۆڤ پێویستی بووه‌،  له‌به‌رده‌وامی نه‌وه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کان.
  به‌ڵام بونێک که‌ ئێمه‌ی مرۆڤ خوازیاری بوین جیاواز له‌و بوونه‌ سروشتی و خۆبه‌خۆیه‌یه‌ که‌ سه‌رجه‌م گیان له‌به‌رانی دیکه‌ وه‌ک خۆگونجاندن له‌ گه‌ڵ سروشتدا هه‌یبوه‌. ده‌کرێت لێره‌دا بپرسین هۆکار چیه‌ کۆمه‌ڵگا ڕۆژئاوایه‌کان و خودی بارودۆخێک تێیدا ئاڵوگۆڕه‌کانیان تیا به‌رجه‌سته‌ کردوه‌ جیاوازتر له‌ و ئاڵو گۆڕه‌یه‌ که‌ له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقادا هه‌یه‌؟ ئاخۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جۆری سروشتێک که‌ تێیدا په‌روه‌رده‌ بوون  یان بۆ جۆری تایبه‌ت مه‌ندێتی ئاوهه‌وایه‌کی سازگار و بزوێنه‌ر که‌ هه‌رده‌م خانه‌کانی له‌ش  کاراترکاری خۆیان ده‌که‌ن وله‌چالاک بووندا ده‌یهێڵێته‌وه‌ یان خودی سروشتی مرۆڤه‌کان و سیستمه‌کانیان جیاوازتره‌، له‌ سه‌رجه‌م بونێکی ئه‌و کیشوه‌رانه‌ی دی ناوم هێناون له‌سه‌ره‌وه‌. ئاخۆ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت بۆ زۆرترین و داهێنه‌رترین جۆری داهێنانه‌ زانستیه‌کان ولێکدانه‌وه‌ی ماناکانی ژیان به‌ بابه‌ته‌ فه‌لسه‌فیه‌کان، یان یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ئامانج گه‌لێک که‌سه‌رجه‌م پرسیارێک ده‌رباره‌ی بوون ده‌خاته‌ مه‌حه‌کی لێکدانه‌وه‌ وه‌ و بێترس خۆی ده‌خاته‌ ژێر مه‌نگه‌نه‌یه‌که‌وه‌  هیچ گومانێک ناهێڵێته‌وه‌ بۆ پرسیار گه‌لێک که‌ تائێستا له‌ زۆر به‌ی کۆمه‌ڵگا ته‌قلیدیه‌کاندا به‌ بڤه‌ و حه‌رام ماونه‌ته‌وه‌؟ ئاخۆ ده‌بێت هۆکار چیبێت وا به‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهه‌ڵات و زۆرێکی تری کۆمه‌ڵگاکانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگا داهێنه‌رانه‌ واخۆیان له‌ نێو ئه‌و ڕابردوه‌ بێپێشکه‌وتنه‌دا ده‌بیننه‌وه‌؟ ئایا ته‌نها هۆکار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بارودۆخی سروشتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ له‌ ڕوی سروشتێکی ته‌واو گه‌رم یان ته‌واو سارد، یان ئه‌وه‌ هۆکاری سه‌رجه‌م سونه‌تێکه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتوه‌کانی ڕۆژئاوا خوازیاری ئه‌و گۆڕانه‌ نین له‌ نێو سروشتی کۆمه‌ڵگا له‌ خوار بوه‌کانی ئه‌ماندا؟
  ده‌کرێت زۆر پرسیاری جه‌ده‌لیانه‌ بکرێت ده‌رباره‌ی ئه‌و بونه‌ی که‌ زه‌مه‌نێکی زۆره‌ و له‌ سه‌رجه‌م ئاڵو گۆڕه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵاته‌کان و سه‌رکرده‌کاندا هه‌روه‌ک ڕابردوو خۆیان دوباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ ته‌نها به‌ جیاوازیه‌که‌وه‌ ئه‌ویش چۆنیه‌تی گۆڕانه‌ له‌ ده‌موچاوه‌کاندا، ئه‌گه‌ر نا به‌ کولی ناوه‌ڕۆکه‌کانیه‌وه‌ هه‌ر دوێنێیه‌؟ به‌ڵام سه‌رجه‌م ئاڵو گۆڕێک له‌ نێو ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ڕۆژئاوادا بێ ئه‌ملاولا، یه‌ک بار گۆڕانی به‌خۆوه‌ دیوه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مو جۆره‌ پێداویستیه‌کاندا گۆڕان هاتوه‌ به‌سه‌رجه‌م پرسیارێکدا که‌ دوێنێ نه‌ ئه‌بوا بکرایه‌؟
  به‌ڵام له سروشتی کۆمه‌ڵگا ته‌قلیدیه‌کاندا له‌‌ نێو ئاڵوگۆڕه‌کانی ناو ئه‌و بزوتنه‌وانه‌ی تا ئه‌و کاته‌ی به‌رهه‌ڵستکاری ڕژێمی حاکم بوون ده‌یان و سه‌دان پلان و به‌رنامه‌یان هه‌بووه‌ بۆ داهێنان و ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌ی له‌ نێو ئه‌و ڕژێمه‌ی که‌ ده‌بێت له‌ناو بچێت و دابین کردنی گوزه‌رانێکی ئارام بۆ هه‌مو لایه‌ک! ئه‌م شیعار و وتنانه‌ تا ئه‌و کاته‌ بڕی کردوه‌ که‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ ناسیۆنال و دینیانه‌ ده‌ستیان به‌ده‌سه‌ڵات گه‌شتوه‌، له‌گه‌ڵ دانیشتنیان له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات سه‌رجه‌م ئه‌و لێدوانانه‌ی بۆ ژیانێکی باشتر فڕێداوه‌ته‌ نێو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌ و هه‌موشتێکیان ته‌نها بۆ خۆ ویستوه‌ نه‌ک بۆ هه‌موو؟ ئه‌مه‌ جیاوزیه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ بوه‌ له‌ نێو ئاڵوگۆڕه‌ هه‌میشه‌یه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاته‌کاندا له‌ زۆرترین ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که‌ تا ئێستا خۆیان توند به‌ستوه‌ به‌ چه‌مکی مه‌ردایه‌تی و شه‌ره‌ف پارێزیه‌وه‌.
  ئاخۆ ده‌بێت بڵێین ته‌نها خودی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی دنیایی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی ئاسیا یان ئه‌فریقای  خۆیان تاوان بارن یان به‌ شێکی تاوانه‌که‌ش ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی وڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کان و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌لتور و بنه‌مایانه‌ی که‌ به‌ ڕوکه‌شیش بێت وته‌یه‌کیان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی به‌های بوون؟ بێگومان ده‌بێت له‌وه‌ دڵنیا بین ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ سونه‌تێکی پێویست بوون به‌ درێژه‌دان به‌ژیان و داهێنان له‌ یه‌کاتدا وه‌ک سه‌ره‌کیترین ئایدیای خۆی له‌ به‌رنامه‌یدا کاری پێده‌کات هه‌رده‌م پرسیارێکیش له‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ده‌کات که‌ چۆن بیهێڵێته‌وه‌ و درێژه‌ی پێبدات! له‌م کاته‌دا خودی سیستمێک که‌ بوونی هه‌یه‌ سیستمێک نیه‌ بیه‌وێت سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاکانی جیهان به‌ره‌و کرانه‌وه‌ و داهێنان ببات. هێنده‌ی ئه‌وه‌ی خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ که‌ تواناییه‌ک و ئاستی بیر کردنه‌وه‌یه‌ک ئه‌و سیستمه‌ هه‌یه‌تی نه‌یدات به‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک و سیستمێک که‌ هێشتا سه‌رقاڵی خولیایه‌که‌ زۆر کورت بینانه‌ و بێئاینده‌! ئه‌مه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ خاوه‌نی پرسیاره‌ و به‌ناچاریش ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م داهێنانه‌کان له‌ نێو چنگی خۆیدا بهێڵته‌وه‌، ناکرێت بڵێین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئاماده‌یه‌ ئێمه‌ش وه‌ک خۆی لێبکات؟ ئه‌وه‌ی بۆ کۆمه‌ڵگا نابه‌رهه‌م هێنه‌ره‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان که‌ به‌رپرسی یه‌که‌من له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ریاندا دێت، ده‌بێت گۆڕانه‌کان له‌ نێو خۆیانه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنن و پرسیارێکیش که‌ یاساغه‌ بۆ وتن ده‌کرێت بوترێت! ئه‌گه‌ر نا بونێک به‌و مانایه‌ی هه‌یه‌ و جیاوزاتر له‌ سه‌رجه‌م ئاژه‌ڵه‌کان، نابێت هیچ قودره‌تێک بتوانێت ببێت به‌ ڕێگر له‌به‌رده‌میدا! تۆ ئه‌گه‌ر به‌وردی ئاوڕێک له‌ کۆی کۆمه‌ڵگاکانی دنیا بده‌یته‌وه‌، هه‌رهه‌موو واته‌ کۆی کۆمه‌ڵگاکان بونی دینێک تێیدا بوونی هه‌بوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زه‌مه‌نێکی زۆر ده‌ور و توانای خۆی سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ژیاندا، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک ئه‌به‌دیه‌تێکیش درێژه‌ به‌ داهاتوی خۆی بدات. چونکی بوونی پرسیاری داهێنه‌رانه‌ خۆی سه‌پاندووه‌  له‌سه‌رجه‌م کایه‌کانی ژیاندا. هه‌ر بوونی ئه‌و پرسیار وگه‌ڕان به‌ شوێن ئه‌و گرێکوێره‌یه‌دا بووه‌ توانیویه‌تی به‌خشینێکی زیاتر بدات به‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی ڕۆژئاوا و تا ئێستاش وه‌ک له‌ پێشترین کۆمه‌ڵگا سه‌یری خۆیان بکه‌ن؟ بۆ ئه‌مان ڕابردوو به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ پیرۆز ڕانه‌گیراوه‌ تا ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت هیج هه‌نگاوێکی دی بنرێت بۆ پێشه‌وه‌. بۆیه‌ پێداویستی داهێنان که‌ خودی ئه‌قڵی پێداویستی به‌ شوێنیه‌وه‌ بوه‌، هه‌رده‌م ته‌واوی ئه‌و دیوارانه‌ی له‌به‌رده‌م خۆیدا به‌تێک و پێک شکاندن داوه‌. به‌ڵام له‌ کۆمه‌ڵگا ته‌قلیدیه‌کاندا ته‌نها خوان بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌یر کردنی کۆمه‌ڵگا وه‌ک کۆیله‌یه‌کی بێژیان درێژه‌ی هه‌بووه‌، قودره‌تی ئیلاهی و جیهان بینی قه‌زاو قه‌ده‌ر وه‌ک پیرۆزترین چه‌مک ده‌ستی پێوه‌ گیراوه‌ و تادێت ئه‌م چه‌مکه‌ش درێژه‌ی پێده‌درێت. دیاره‌ له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵات خوازانێک که‌ ته‌نها به‌رهه‌می فه‌ره‌زیات و سه‌پاندن بوون سودمه‌ندترین بوون و ئه‌و ئایدیا ئایدیالیستانه‌ی ئیسلامیش وه‌ک ڕاگرێکی نێو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌کاربه‌رانه‌دا جێگه‌ی قایمی خۆی هه‌بووه‌. بۆیه‌ تا خودی ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ نێو سیستمی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا بوونی هه‌بێت سه‌رجه‌م بونێکی مرۆڤه‌کانی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ ده‌خاته‌ نێو ژیانێکی بێبیر کردنه‌وه‌ و ته‌مه‌نای نه‌بوون جێگای ماهیه‌تی بوون ده‌گرێته‌وه‌.
 
 تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
 هۆڵه‌ندا
 28/07/2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.