دۆزەخى هەژارى لە بەهەشتى دیموكراسیدا
"گوژاڵكم خوارد، تامى تاڵى دڕكى بیابانیشم چەشت، نەمدى لە هەژارى تاڵتر هەبێت..كوڕم ئەگەر هەژار كەوتیت لاى خەڵك باسى مەكە، با بە كەم سەیرت نەكەن – ئامۆژگارى لوقمانى حەكیم بۆ كوڕەكەى"
لە سادەترین پێناسە و مانایدا، هەژارى بریتییە لە نەبوونى و پێویستى، واتە كەسى هەژار ئەو كەسەیە، كە پارە و خەرجى پێویستى نییە، بۆ ئەوەى پێداویستییە سەرەكى و سەرەتاییەكانى ژیانى خۆى لە خواردن و خواردنەوە و پۆشاك دابین بكات. بێگومان هەژارى مرۆڤ لە هەر وڵاتێك و لە ساى هەر سیستەمێكى سیاسى و بەڕێوەبردندا هۆكارى جیاوازى ناوخۆیى و دەرەكى هەیە، لە ئاستى ناوخۆییدا سروشتى سیستەمى سیاسى و ئابوورى هۆكارەكەیەتى، بەو پێیەى هاووڵاتى لە ساى بىَ پلانى و نەبوونى سیاسەتێكى ئابوورى تەندروست و بەرزبوونەوەى كێرڤى گەندەڵى و بێدادى، لە ژیان و ئاییندەى خۆى دڵنیا نییە و نابىَ، لەوەش وێرانتر ئەوەیە كە ئەو سیستەمە بە رێگاى ناڕەوا دەست بەسەر سەرچاوەى داهات و سامانەكانى سەر و ژێر زەوى وڵاتەكەى دادەگرێت و بازاڕەكانى كۆنتڕل دەكات، بەمەش لەتەك ستەمى سیاسى، ستەمى ئابوورى و نابەرابەرى و بێدادى كۆمەڵایەتى دەبنە هۆكارى هەرچى زۆرتر هەژاربوونى خەڵك و كۆمەڵگە و دەركەوتنى ژمارەیەكى بچووك و دەستەبژێرێكى كەمى سوودمەند و دەوڵەمەندە، ئەمەو جگە لە ناجێگیرى بارى ئارامى و ئاسایش و ناسەقامگیرى سیاسى ناوخۆیى، كە هۆكارى ترى ناوەكین. لە ئاستى دەرەكیشدا سیاسەتەكانى داگیركارى و ئابڵووقەى ئابوورى و كەمى و نەبوونى، یان نایەكسانى لە دابەشكردنى هاوكارى و یارمەتى مرۆیى نێودەوڵەتى بەسەر ئەو وڵاتانەى تیایاندا گەندەڵى و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت بۆتە سیماى سیستەمە سیاسى و حوكمڕانییەكەى، دیوێكى دیكەى پەرەسەندنى دیاردەى هەژارى و برسێتییە لە دونیادا.
بە گوێرەى پێناسەى بانكى نێو دەوڵەتى، ئەو وڵاتانە لە ریزى وڵاتە هەژار و نەدارەكان دەژمێردرێن، كە داهاتى ساڵانەى تاكەكەس تیایاندا ناگاتە (600) دۆلارى ئەمریكى، ئەو وڵاتانەش كە لەو ریزبەندییەى هەژارى دان (45) وڵاتن، كە زۆرینەیان لە كیشوەرى ئەفریقان، لە نێویاندا (15) وڵات داهاتى ساڵانەى تاكەكەسێكیان ناگاتە (300) دۆلارى ئەمریكى.. هەر بەگوێرەى راپۆرتى بانكى نێودەوڵەتى لەمڕۆى جیهاندا، جگە لەوەى بلیۆن و نیوێك مرۆڤ لە سەرچاوەى پاكى ئاوى خواردنەوە بێبەشن، هاوكات زیاتر لە یەك بلیۆن كەس بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن و لەناو هەر سىَ مناڵى دونیادا، مناڵێك گیرۆدەى بەدخۆراكییە، بەمەش ساڵانە لە جیهاند (13)ملیۆن مناڵ بەهۆى خراپى چادوێرى تەندروستى، یان بەدخۆراكى و برسێتى، بەر لە رۆژى پێنجەمى لەدایكبوونیان دەمرن. جێى ئاماژەیشە كە رێژەى هەرە زۆرى هەژارى لە وڵاتە پیشكەوتوو دەوڵەمەندەكان دایە، واتە تا چەند ئەو وڵاتە لە بارى ئابوورى و بازاڕ و داهات و ساماندا دەوڵەمەندتر بێت، رێژەى هەژارى تێدا ئەەندە زیاتر گەشە دەكات، هەر بۆ نموونە لەو ئەمریكایەى كە موژدەى بەهەشتى مافەكانى مرۆڤ و نەهێشتنى بێدادى بە گوێى ئێمەى ساویلكە و خۆشباوەڕدا دەدات، زیاتر لە سى ملیۆن مرۆڤى خۆى، كە دەكاتە (15%) رێژەى دانیشتوانەكەى، لە پلەى خوار سفرى هەژارى و برسێتدا دەژین، تەنانەت دەبێژن لە ئەمریكا و زۆرێك لە وڵاتە سەرمایەدارە پیشەسازى و پێشكەوتووەكاندا، ئەو كاتە مرۆڤ كەرامەت و سەروەرى و بوون و بەهاى مرۆیى خۆى لە دەست دەدات، كە ئیدى دوا دۆلار لە گیرفانى ماوە و ئەویش خەرج دەكات و چیتر سەنتێكى دى شك نابات.
ئەوەى جێى سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە لەو رۆژگارەدا دروشمەكانى جیهانگیرى تا ئەوپەڕى دەبەنگى زۆربەى كۆمەڵگا خۆشباوەڕەكانى كاس كردووە، روخسارى ژیان و پێشكەوتنى تەكنەلۆژى، تا ئەوپەڕى گەمژەیى ئەو كۆمەڵگا ساویلكانەى لە بیر خۆیانى بردۆتەوە (كە كوردستانى خۆمان یەكێكیانە)، ئەو خۆشباوەڕییە بە جۆرێكە، كە پێمان وایە ئەوانەى بانگەشەى ئازادى و دیموكراسى و مافەكانى مرۆڤمان بۆ دەكەن، لەگەڵ خۆیاندا بەهەشتى ژیان و بەختەوەریان بە دیارى بۆ هێناوین و دێنن، كەچى نازانین لە سایەیەى ئەوان و ئەوانەشدا، كە لە سێبەرى ئەواندا خیوەتى حوكمڕانیان هەڵدەدەن و بە پشتیوانى ئەوان كۆڵەگەكانى دەسەڵاتیان پتەوتر دەكەن، تا دێت هەژار و هەژارتر.. برسى و برسى تر دەبین.
كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە میانى بانگەوازى هەزارە و دەیەى نێونەتەوەیى خۆیدا (1997 – 2006)، نەهێشتن و زاڵ بوون بەسەر هەژارى بە ئەركێكى ئەخلاقى و كۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى وڵاتان و سیستەمە سیاسییەكان دایە قەڵەم و لە ساڵى (2004) و لە مونتەداى جیهانى (دافۆس) و مونتەداى كۆمەڵایەتى (هۆمباى) كێشەى هەژارى لە پێشینەى كار و بەرنامە و گرنگى پێدانەكانى خۆى دانابوو، كەچى ئەوە خەریكە پىَ دەنێینە (2009)، نەك هەر لە وڵاتە دواكەوتووەكانى رۆژهەڵات و ئەفریقا و لە ساى سیستەمە سیاسى و ئابوورییە ستەمكارەكانیان، بگرە لەو وڵاتانەش كە پێشكەوتوو و دەوڵەمەندن و ئەندامى كاراى ئەو كۆنگرە و كۆنفرانس و مونتەدا سیساى و ئابوورییانەن، رۆژانە و تا دێت مرۆڤ سوكایەتى پێدەكرىَ و لە بوون و بەها و كەرامەتى مرۆیى خۆى بەتاڵ دەكرێتەوە و گیانێك یەكسان دەبىَ بە پاروىَ نان و دڵێك بەرامبەر چۆڕىَ ئاوى پاك مافى لێدانى هەیە و بەهاى مرۆڤ لە تاى تەرازووى كاغەزێكى دۆلار و ئاسنێكى یۆرۆ و دینارێكى چاپى بریمەرى هاوسەنگ دەكرىَ… خوایە چ كارەساتێكە لە هاوكات لەلایەك گەندەڵى و بێدادى و نابەرابەرى و هەژارى، هەر یەكە و لە گۆشەیەكەوە سەر بنێنە لاشەكەت و لە لایكى دى موژدەى بەهەشتت بدەنىَ!!