Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
نه‌زه‌ند به‌گیخانی…..

نه‌زه‌ند به‌گیخانی…..

Closed
by August 1, 2008 ئەدەب

 
 ئاماده‌کردنی:
 Kurdishmedia.Com

 
 شاعیری کورد نه‌زه‌ند به‌گیخانی له‌ ماوه‌ی نێوان 19-25 ی ئه‌م مانگه‌دا به‌شداری له‌ فێستیڤالی شیعریی فه‌ڕه‌نسی "شاعیران له‌ لووتکه‌"دا کرد که‌ له‌ چیاکانی ئه‌لپ، له فه‌ڕه‌نسا و ‌سه‌ر سنوری ئیتالیا و سویسرا به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م فێستیڤاله‌ به‌ ده‌ستپێشکه‌ریی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌كی یۆنیسکۆ رێکخرابوو، وه‌کو ماری رۆبێرت و فرێدریکۆ مایۆر و تیایدا کۆمه‌ڵێ شاعیری فه‌ڕه‌نسی و بیانی ناودار به‌شداریان کردبوو. فێستیڤاله‌كه‌ ستایشێک بوو بۆ رۆلی شیعر و شاعیران له‌ راگرتنی هارمۆنی نێوان مرۆڤ و سروشت و بنیاتنانی ئاشتی و ئارامی له‌ جیهانێکی پیسبوو و پڕ له‌ ژاوه‌ژاو.
 
 نه‌زه‌ند به‌گیخانی وه‌کو شاعیرێکی کوردستان و "ده‌نگێک که‌ هارمۆنی و ئارامی له‌ شیعره‌کانیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌کات" به‌شداری له‌ فێستیڤاله‌كه‌ کرد و به‌ زمانی کوردی و ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی شیعره‌کانی پێشکه‌ش کرد. وشه‌ و ده‌نگی خاتوو نه‌زه‌ند به‌درێژایی‌ ماوه‌ی فێستیڤاله‌که‌ له‌ چه‌نده‌ها کۆڕ و ئێواره‌ی شیعریدا له‌ چیاکانی ئه‌لپ، له‌سه‌ر سه‌کۆی هه‌وره‌کان، به‌رامبه‌ر به‌ لووتکه‌کانی مۆنت بلۆن و دروز له‌ به‌رزایی 4،000 مه‌تر له‌ ئاستی ده‌ریا ده‌فڕین.
 
 له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، خاتوو نه‌زه‌ند له‌باره‌ی فێستیڤاله‌که‌وه‌ وتی: "گه‌شتی من به‌ناو چیاکانی ئه‌لپ و ته‌ماشای لووتکه‌كانی مۆنت بلۆن و دروز سه‌فه‌رێکی نوێ بوو به‌ناو سروشتێکی بێگه‌رد، دوانی توخمه‌کانی گه‌ردوون و خوێندنه‌وه‌ی رێنوسی کۆسمۆس بوو. ئه‌م دوان و خوێندنه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندی و نزیکبوونه‌وه‌یه‌كی دیکه‌‌ی خولقاند له‌ نێوان من و گه‌ردوون، هه‌ستم  به‌ تێکه‌ڵبوون ده‌کرد له‌گه‌ڵ جیهانێکی رۆحانی له‌ودیوی هه‌ور و ئه‌ستێره‌کان. من به‌ناو هه‌وره‌کاندا تێده‌په‌ڕیم و مۆسیقای وشه‌ی کوردی و ریتمی رۆحێکم ده‌چرپانده‌ ئه‌و گه‌ردوونه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ رۆحی ته‌نهای دایکم بێ، یا رۆحه‌ گه‌چراوه‌کانی وڵاته‌که‌م؛ رۆحێک که‌ دوای جینۆسایدی ئه‌نفال و بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌ڕی براکوژی و ئازاره‌کانی مه‌رگی خۆشه‌ویستان به‌ رێگایه‌كی درێژ و پڕ کۆسپدا رۆیشتووه‌ و به‌دوای‌ هارمۆنیا و به‌خشنده‌ییدا ده‌گه‌ڕێ. من له‌م گه‌شته‌ شیعرییه‌ پڕتر و جوانتر و ئارامتر هاتمه‌وه‌ لای خۆم ، گه‌ڕامه‌وه‌ ناو کۆڵانه‌ چۆڵه‌کانی واقیع. من به‌خته‌وه‌رم به به‌شداریکردنم له‌م گه‌شته‌ شیعری و له‌ هه‌مان کات رۆحانیه‌دا، به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی که‌ له‌ رێگای وتنه‌وه‌، له‌ رێگای شیعر و مۆسیقای وشه‌وه‌ من مه‌سافه‌کان ده‌بڕم و لێوانلێو ده‌بم له‌ جوانی و عه‌شق."
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.