دیمانه‌ی گۆڤاری چاو له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د شاکه‌لیدا
پرسیار: منداڵی ئه‌مجه‌د له دێیه‌کی بچووکی گه‌رمیانه‌وه ده‌ستیپێکرد به‌ره‌و ئه‌وروپا، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له ئه‌وروپا ئینتیمات بۆ گونده‌که‌ت چۆنه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من له که‌لار له‌دایک بووم و دواتر هاتینه دێی شاکه‌ل، ئه‌و ئینتیمایه‌ی تۆ باسی ده‌که‌ی من وای ده‌بینم: دوای ئه‌و دوورکه‌وتنه‌وه دوورودرێژه‌ی، که نزیکه‌ی سی ساڵه له ده‌ره‌وه‌م، ئه‌و هێز و تۆکمه‌یی و گه‌وره‌یی و مانا فراوانه‌ی جارانی نه‌ماوه لام، کاتی خۆی ئێمه که بیرمان له ئینتیما ده‌کرده‌وه، جۆرێکی تر بوو به لامانه‌وه، ئینتیما بۆ عه‌شیره‌ت بۆ گوند بۆ حیزب بۆ شار بۆ ده‌ڤه‌ر بۆ نیشتمان، تاڕاده‌یه‌ک ئێستا لای من شته‌کان کاڵ بوونه‌ته‌وه. پێموایه هۆیه‌کی سه‌ره‌کی، که له‌وه‌دا رۆڵی هه‌یه مه‌سه‌له‌ی دوورکه‌وتنه‌وه‌یه، تۆ یه‌که‌م ڕۆژ جانتاکه‌ت هه‌ڵده‌گریت و به‌ره‌و شوێنێکی نادیار کۆچ ده‌که‌یت ، دیاره من بۆ خۆم ئاوا ڕۆیشتم و ئامانجێکم نه‌بوو، که بزانم به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆم، واته هه‌ڵاتم لێره، ده‌ڕۆیت و له شوێنێکی تر ده‌گیرسێیته‌وه، چه‌مکی ئینتیما له لات ده‌گۆڕێت و ده‌بێته شتێکی تر، ده‌بێته ئه‌وه‌ی تۆ جیهان به شێوه‌یه‌کی فراوانتر ببینیت، هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و ڕه‌گه و ڕواندنه‌وه‌ی له شوێنێکی تر وات لێ ده‌کات، که نه ئێره و نه ئه‌وێ به وڵاتی خۆت بزانیت و ڕه‌نگه له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌موو شوێنێکیش به هی خۆت بزانیت، من ناڵێم بێڕهگوڕیشهیی، به‌ڵام شتێکی وات لا دروست ده‌بێت، که چه‌مکی نیشتیمان، چه‌مکی وڵات، چه‌مکی دێ و ئه‌مانه‌ت له لا کاڵ ده‌بنه‌وه. ئێستا جوگرافیای ئینتیمای من فراوانتر و به‌رینتره. من بۆ خۆم هه‌ر بڕوام به سنوور نییه و دژی سنوور و له‌گه‌ڵ ڕووخاندن و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو مه‌رزه‌کانی نێوان هه‌موو وڵاتانی جیهاندام و جیهان وه‌ک یه‌که‌یه‌ک و وه‌ک وڵاتیک و نیشتمانێک بۆ هه‌موو مرۆڤ ده‌بینم.
پرسیار: به به‌راورد به سه‌رده‌می لاویی تۆ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت گرووپی کفری، ئاستی ڕۆشنبیری گه‌رمیان چۆن ده‌بینی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ئه‌و ده‌مه‌ی من له قۆناغی دواناوه‌ندی بووم له شاری کفری ، ئه‌و گرووپه‌ی تۆ باست کرد و زۆر جاریش له میدیای کوردی‌دا باسی لێوه ده‌کرێت، ناوی گرووپی لێ نهنرابوو و شتێک نه‌بوو ناوی ڕێکخراوێکی لێنرابێت، به‌ڵام له واقیعدا وه‌ک گرووپ و ده‌سته‌یه‌کی زۆر چالاک بوو و که‌سانێک بوون په‌رۆشیان گۆڕانکاری و نوێکردنه‌وه بوو. ئه‌وان خه‌ڵکانێک بوون له بواری فه‌رهه‌نگ و شیعر و ئه‌ده‌بدا کاریان ده‌کرد وسه‌رقاڵی خوێندنه‌وه بوون و وه‌دووی شتی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕان. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ئه‌حمه‌د شاکه‌لی، فه‌رهاد شاکه‌لی(جاران ئه‌نوه‌ر)، سه‌رقاڵی شیعر و چیرۆکنووسین بوون. له‌تیف حامید به‌رزنجیش، که له که‌رکووک بوو، پێوه‌ندی هه‌بوو له‌گه‌ڵیان. ئه‌مان شتیان ده‌نووسی و بڵاویان ده‌کرده‌وه و ئه‌وانه‌یشی، که لێیانه‌وه نزیک بوون، که‌سانێکی وه‌ک: فه‌ریق ئه‌مین، موحه‌ممه‌د داماو(موحه‌ممه‌د بێکراس)، عه‌لی عه‌بدوڵڵا، موحه‌ممه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق، که‌نعان مه‌دحه‌ت و ئه‌نوه‌ر شاکه‌لی(ساڵی 1974 شه‌هید بوو)، ئاگاداری ئه‌و مه‌سه‌لانه بوون و هه‌ن. منیش یه‌کێک بووم له‌و که‌سانه‌ی، که له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌ڵسوکه‌وتم ده‌کرد. ئه‌مان شتی تازه‌یان پێ بوو و بابه‌ته‌کانیان زۆرجاران ڕه‌فزی شته باوه‌کانی کۆمه‌ڵگه بوو، به‌ره‌نگارییه‌ک بوو بۆ ئه‌و ڕه‌وشه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و سیاسییه چه‌قبه‌ستووه‌ی که هه‌بوو. ئه‌وان نوێخواز بوون و گه‌ره‌کیانبوو گۆڕانیکی ڕادیکاڵانه له شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بکه‌ن و کردیشیان. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ئه‌نوه‌ر شاکه‌لی(فه‌رهادی ئێستا) زۆر ده‌مێک پێش ڕوانگه به‌یانێکیان بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی ده‌رکرد و جاڕی گۆڕانیان دا. ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئه‌و دۆخه بکه‌ین به جووڵانه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی ئێستا دیاره گۆڕانێکی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه و ئێستا خه‌ڵکێکی زۆر په‌یدا بوون، که خه‌ریکی نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ن و له بواری میدیادا ده‌نووسن و بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ئیتر به هه‌موو جۆره‌کانی میدیاوه، به‌ڵام ئێستا تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک ئه‌وه وایه، که کورد پێی ده‌ڵێ زۆر و بۆر. خه‌ڵکێکی زۆر له‌و بواره‌دا کار ده‌که‌ن به‌ڵام له‌ناو ئه‌وانه‌دا چه‌ندیان چاکن؟ من ماوه‌یه‌کی که‌مه لێره‌م و زۆر شاره‌زاییم له‌و شتانه‌ی ئێره و به‌تایبه‌ت گه‌رمیان نییه، بۆیه ناتوانم ئه‌و حوکمه بده‌م، به گشتی جووڵانه‌وه‌یه‌کی باش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگه زوڵاڵه بوێره نه‌ترسه سه‌ربڵنده‌ی ساڵانی 1960 و 1970کانی ئه‌وده‌م نایه‌ته به‌رگوێ ئێستا ئه‌وانه‌یشی سه‌روسه‌ودایه‌کیان له‌ته‌ک فه‌رهه‌نگدا هه‌یه تاڕاده‌یه‌ک ده‌ست به کڵاوی خۆیانه‌وه ده‌گرن و هاتوهاوار ناکه‌ن.
پرسیار: ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا عیسا چیایی باسی له‌وه کرد که کاتی خۆی بڵاوکراوه‌یه‌کیان ده‌رکردووه به‌ناوی سێبه‌ر، تۆ به‌و پێیه‌ی لێیانه‌وه نزیک بووی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کت به‌و بڵاوکراوه‌یه‌وه هه‌بوو؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: نا ئاگام له‌وه نییه، به‌ڵام وه‌ک بیرم بیت ئه‌حمه‌د شاکه‌لی شتێکی ده‌رده‌کرد ناوی (ههللیللوویا) بوو ئه‌و کات عیسا چیایی ڕه‌نگه زۆر منداڵ بووبێت، ئێمه‌یش بابه‌تمان له‌و بڵاوکراوه‌یه‌دا ده‌نووسی، منیش شتم تێدا ده‌نووسی، جار به‌جار ده‌رده‌کرا، به ڕێکی نازانم چه‌ندی جارێک، به‌ڵام به چوار پێنج لاپه‌ڕه ده‌رده‌کرا و له‌نێوان گونده‌کانی شاکه‌ل(دێبنه و سه‌یده و شاکه‌ل و سه‌عداوا)ی گه‌رمیاندا بڵاوکراوه‌که هاتوچۆی ده‌کرد. شتیکی تر، که ئه‌نوه‌ر شاکه‌لی (فه‌رهادی ئێستا) ده‌ریده‌کرد، ئه‌و کات گه‌لێ منداڵیش بوو به‌ناوی (لادی) بوو. بۆ خۆی ئه‌ویش شتێک بوو، به‌ڵام به ئه‌قڵی ئێستا لێکیبده‌یته‌وه ڕه‌نگه حیسابی منداڵانه‌یان بۆ بکرێت، ئیتر نازانم ئێستا لێیان ماون یان نا. منیش بڵاکراوهیهکم به ناوی ئهلوهعی(الوعی) به عه‌ره‌بی ده‌رده‌کرد، ئه‌ویش هه‌ر شتێکی کرچ‌وکاڵ بوو.
پرسیار: ئێوه وه‌کو شاکهلییهکان هه‌ر له دوای شێخ ئه‌حمه‌دی شاکه‌لی شاعیری گه‌وره‌ی گه‌رمیان و به‌تایبه‌ت ئه‌م جیله‌ی ئێوه زۆرتر خه‌ریکی نووسین و شیعر و ئهدهبییاتن، هۆکاری ئه‌وه چییه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: لایه‌نێکی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بنه‌ماڵه‌ی ئێمه هه‌ر له کۆنه‌وه خوێنده‌وار بوونه و لایه‌نێکی تری ئه‌وه‌یه سه‌ر به ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندین، که بۆ خۆی ژینگه‌یه‌کی به پیتی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌به. کتێب و خوێندنه‌وه و پێوه‌ند له‌گه‌ڵ شیعر و ئه‌ده‌بدا هه‌ر هه‌بووه له نێوماندا، ئه‌مه وای کردووه، که سهروسهودایهکمان له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌دا هه‌بێت. مامی من شێخ مه‌حموودی شاکه‌لی، که له باوکم گه‌وره‌تر بووه و له 1945دا کۆچی‌دوایی کردووه، که‌شکۆڵێکی ده‌ستنووسی ئێستا ماوه، کۆمه‌ڵێ شیعری شاعیرانی کۆ کردووه‌ته‌وه و هه‌ر به ده‌ستنووسی ماوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌ناو ئه‌و ده‌فته‌ری که‌شکۆڵه‌دا کۆمه‌ڵێک دروشمی له وێنه‌ی بژی کوردستانی گه‌وره و ده‌ربڕینی زۆر جوانی نووسیون و هه‌ن، که هێمایه‌کن بۆ هه‌ستی کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆزی. خۆیشم به بیرم بێ، باوکم به‌شداریی له ڕۆژنامه‌ی خه‌بات و گۆڤاره‌کانی هه‌تاو و هیوا و ڕۆژی نوێ و ده‌یان بڵاوکراوه‌ی تردا هه‌بووه، که به‌رده‌وام بۆی ده‌هاتن. هه‌موو ژماره‌کانی گۆڤاری گه‌لاوێژمان له ماڵدا هه‌بوون و به‌رده‌وام کتێبخانه‌یه‌کی باشیشمان هه‌بووه، دیاره شێخ ئه‌حمه‌دی شاکه‌لی مامیشم سه‌رمه‌شقێک بووه بۆ ئێمه، ئه‌وانه هه‌موو ڕه‌نگه کاریگه‌رییه‌کیان هه‌بووبێ.
پرسیار: وه‌کو نووسین که‌ی و له کوێوه ده‌ستت پێ‌کرد؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من له‌و کاته‌ی له قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیدا بووم، له گرووپی کفرییه‌وه نزیک بووم و جاروباریش ورده بابه‌تم ده‌نووسی،به‌ڵام که‌مجار بڵاوم ده‌کردنه‌وه، له‌و بڵاوکراوه‌ی ئه‌حمه‌د شاکه‌لیدا نووسینم هه‌بوو، لێ نازانم چیم نووسیوه و چۆنم نوسیووه و گه‌لێ جاریش شتم ده‌نووسی، به‌ڵام بڵاوم نه‌ده‌کرده‌وه، ئیتر ڕه‌نگه جورئه‌تم نه‌کردبێ یان به‌لامه‌وه لاواز بووه و بڵاوم نه‌کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دواتر که چوومه به‌غدا هه‌ندێ شتم بڵاو کرده‌وه و یه‌که‌م شتیشم به‌ناوی خوازراوه‌وه و به عه‌ره‌بی بوو به ناونیشانی (من أجل پقافە إشتراکیە)، وتارێکی کورت بوو، دواتر هه‌ر به عه‌ره‌بی شتێکی ترم به ناوی (حول حقیقە الوچع فی سیلان) به ناوێکی خوازراوه‌وه له گۆڤاری (الهدف)دا، که به‌ره‌ی میللی ڕزگاری فلستین له به‌یرووت ده‌ری ده‌کرد، بڵاو کرده‌وه، ئه‌و گوتاره‌م له ڕێگه‌ی هاوڕێیه‌کی فلستینیمهوه بۆ ناردن. ئه‌و گوتاره وه‌ڵامێک بوو بۆ نووسه‌رێکی سۆڤیێتی، که ڕه‌خنه‌ی له جووڵانه‌وه‌ی ماویسته‌کانی وڵاتی سیلان گرتبوو، منیش وه‌ڵامی ئه‌وم دابووه‌وه. دواتریش دوو چیرۆکم له حه‌فته‌نامه‌ی هاوکاریدا بڵاوکرده‌وه، یه‌که‌میان به ناوی(ڕۆکفلهریش ئه‌گیرێت) بوو، به ناوێکی خوازراوه‌وه بڵاو بووه‌وه و ئه‌وی دیکه‌یشیان به‌ناوی(باران، پاروویه‌ک نان، گۆرانییه‌کیش) بوو، که بۆ یه‌که‌مجار به‌ناوی خۆمه‌وه بڵاوم کرده‌وه، ئیدی له‌وێوه ده‌ستمپێکرد.
پرسیار: زۆر نووسینت هه‌یه ده‌رباره‌ی چه‌پ و سۆسیالیزم به‌تایبه‌ت زنجیره وتاری مێژووی نوێی چه‌پ له کوردستان، بهقسهکانیشتدا دیاره ده‌مێکه له‌گه‌ڵ بیری سۆسیالیزمدا نێوانتان هه‌یه، ئه‌وه بۆ که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: لام وابێ بۆ سه‌رده‌می منداڵی بگه‌ڕێته‌وه (به‌پێکه‌نینه‌وه)، زۆر جاریش براده‌رکانم ئه‌و پرسیاره‌م لێ ده‌که‌ن، من ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه بۆ منداڵیی ئه‌م گهرمیانهم، چونکه دێیه‌که‌ی ئێمه (شاکه‌ل) له سێ نه‌ته‌وه‌ی جیاواز پێکهاتبوو، کورد، عه‌ره‌ب و تورکمان، هه‌رسێکی تێدا بوون. ئێمه به منداڵی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا پێکه‌وه بووین و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا گه‌وره بووین و هه‌ستی جیاوازی له نێوانماندا نه‌بوو و وه‌ک منداڵی ئه‌و نه‌ته‌وه جیاوازانه‌یش پێکه‌وه وازیمان ده‌کرد. ئه‌و جۆره پێکه‌وه ژیانه وای لێکردم، که فێری قه‌بووڵکردنی جیاوازییه‌کان و قه‌بووڵکردنی ئه‌وی دیکه ببم. ئه‌و کاتیش من هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییم له‌لا هێنده به‌هێز نه‌بوو. من خه‌ڵکه‌که‌م وه‌کو مرۆڤ ده‌بینی و ئیتر کورد بوو عه‌ره‌ب بوو تورکمان بوو شتێک نه‌بوو به‌لامه‌وه. ئێمه تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆرمان پێکه‌وه هه‌بوو و یه‌کماڵ و یهکخێزان بووین، ڕه‌نگه ئه‌وه سه‌ره‌تای شته‌که بێت. پاشان چوومه کفری بۆ خوێندن له‌وێیش تێکه‌ڵاویم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکی تردا هه‌بوو، که تورکمان و عه‌ره‌بیان تێدا بوو و کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکی چه‌پم ناسی، که تێیاندا هه‌یه تا ئێستاش وه‌ک براده‌ری پێوه‌ندمان ماوه، که چوومه به‌غدایش زیاتر مه‌سه‌له‌که‌م له‌لا تۆخ بووه‌وه و له‌وێ تێکه‌ڵاویم له‌گه‌ڵ کورد و عه‌ره‌ب و شیعه و سوننه و ئێزدی و مه‌سیحیدا په‌یداکرد و ئیتر خۆم له خانه‌یه‌کی چه‌پدا دۆزییه‌وه. دوای به‌غدایش، که له که‌رکووک ژیام تێکه‌ڵاویم له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره خه‌ڵکێکدا په‌یدا کرد.
پرسیار: ئێستاش به‌رده‌وام له‌و خانهدای؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ئێستایش هه‌ر له‌و خانهیهدام، ته‌نێ وه‌ک بیروباوه‌ڕ و جیهانبینی، به‌ڵام ئه‌و کاته وه‌ک ئینتیمایش سه‌ر به گرووپیکی چه‌پ بووم، که حیزبی شیووعی عیراقی (قیاده‌ی مه‌رکه‌زی) بوو.
پرسیار: له‌نووسینێکدا ده‌ڵێی بیروباوه‌ڕ ِو هزر به‌بێ ڕه‌وشت هیچ نییه و ئه‌وانه‌ی بیری سۆسیالیستی هه‌ڵده‌گرن ئه‌گه‌ر به ڕه‌وشت سۆسیالیست نه‌بن ئه‌وا خائینن، پاشان باس له ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌که‌یت که به‌ناوی چه‌په‌وه دژایه‌تی چه‌پی کردووه، چۆن ئه‌و خه‌ڵکه‌ت به‌و ئاسانییه به خائین ده‌رکردووه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من ناڵێم خائین و خیانه‌تکار، به‌ڵام پێموایه ڕه‌وشتی سۆسیالیستانه خۆی ئه‌وه‌یه، که بڕوات به یه‌کسانی خه‌ڵکه‌که و عه‌داله‌تی جڤاکی بوو ده‌بێ خۆت له سه‌رووی خه‌ڵکه‌وه نه‌بینێت و تۆیش وه‌ک هه‌ر تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه ڕه‌وتار بکه‌یت. کرێکارێکی چه‌پی سۆسیالیست، که ده‌بێته ئه‌ندامی سه‌ندیکای کرێکاران و پاش ماوه‌یه‌ک ده‌بێته به‌رپرسی سه‌ندیکا و له‌پڕ به سه‌ر سه‌ندیکاوه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت و ده‌بێته خاوه‌ن خانوو و ئۆتۆمبیل و شتی تر، ئه‌مه لهچینهکهی خۆی ده‌رده‌چێت، که چینه‌که‌ی خۆی گۆڕی و چووه چینێکی تره‌وه، ئه‌وا ڕه‌وشته سۆسیالیستانهکهی نامێنێ و له‌و بیر و جیهانبینییه لا ده‌دات. سه‌باره‌ت به ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕه‌نگه ئه‌و خۆی به چه‌پ زانیبێت و پێڕهوانیشی ئه‌ویان به چه‌پ زانیبێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز چه‌پ نه‌بووه، به‌ڵکه ئه‌و دژایه‌تی چه‌په‌کانیشی کردووه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌و هێڵه‌ی پێڕۆی ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش بوو و وه‌ک چه‌پ خۆی ده‌ناساند وا نه‌بوو، واته چه‌پ نه‌بوو.
پرسیار: ئه‌و حیزبانه‌ی، که ئێستا له گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان وه‌کو چه‌پ و سۆسیالیست خۆیان پێناسه ده‌که‌ن ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و پێناسه‌یه‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پێموایه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا له کوردستان بانگه‌شه‌ی سۆسیالیزم ده‌که‌ن وه‌ک ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌و بیره‌یان هه‌ڵنه‌گرتووه. سۆسیالیزم و هه‌ر بیرێکی تر که تۆ بڕوات پێی هه‌بێت ئه‌گه‌ر ڕه‌وشتی له‌گه‌ڵ نه‌بێ وه‌ک کابرایه‌کی موسوڵمانه، که ئیدیعا ده‌کات ده‌ڵێ من موسوڵمانم که‌چی پێڕه‌وی هیچ شتێکی ئیسلام ناکات، ئیتر چۆن پێی بڵێی موسوڵمان. ئه‌وانه‌ی ئێستا باس له سۆسیالیزم ده‌که‌ن، ڕه‌نگه له دڵه‌وه پاک بن، دیاره ئێستا هه‌ندێکیان له ده‌سه‌ڵاتن و هه‌ندێکی تریان شه‌ریکی ده‌سه‌ڵاتن به‌ڵام ئه‌وه‌ی سۆسیالیستی بێت من له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی خۆماندا نایبینم و شتی وا نییه، به‌ڵکو پیچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته. ئه‌و حیزبانه‌ی کوردستان، که باسی سۆسیالیزم ده‌که‌ن، پێیه‌کیان له خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدایه و داکۆکی له گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و پینه‌ی هه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و له سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات و به پاره‌وپوولی ده‌سه‌ڵات ده‌ژین و پێیه‌که‌ی تریشیان له ده‌رێی ده‌سه‌ڵاته و باسی سۆسیالیزم ده‌که‌ن.
پرسیار: باسی چیرۆکت کرد ئێستا چیرۆک نانووسی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: نه‌خێر، وازم لێی هێنا، وا بزانم ساڵی 1972 بوو یه‌که‌م چیرۆکم نووسی، به‌ڵام ئێستاش چیرۆک ده‌خوێنمه‌وه.
پرسیار: چیرۆکی کوردی له ئێستادا چۆن ده‌بینی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: چیرۆکی کوردی له ڕووی زمان و ناوه‌ڕۆک و ته‌کنیکی نووسین و شتی تره‌وه، ئێستا پێشکه‌وتووه و گۆڕانێکی باشی به سه‌ردا هاتووه، ئه‌مه‌ش دیاره هه‌مووی نا. له‌تیف حامید به‌رزنجی، ئه‌حمه‌د شاکه‌لی و موحه‌ممه‌د مه‌ولوود(مهم)، چیرۆک‌نووسی باش و داهێنه‌ر بوون. ئێستا حوسه‌ین عارف، ئه‌حمه‌د محمد ئیسماعیل، عه‌تای نه‌هایی، عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، موحه‌ممه‌د موکری، حه‌کیم کاکه‌وه‌یس، شێرزاد حه‌سه‌ن و… چیرۆک‌نووسی باش و داهێنه‌ر و لێهاتوون. ئێستا چیرۆک به گشتی پێشکه‌وتنی باشی به‌خۆیه‌وه بینیووه و نووسه‌ره‌کان ڕاشکاوانه‌تر ده‌نووسن. جاران به پێچوپه‌نا بۆ شته‌کان ده‌ڕۆیشتن، له ڕووی زمانه‌وه گۆڕانی به سه‌ردا هاتووه دیاره نه‌ک هه‌مووی، خه‌ڵکانێکیش هه‌ن چیرۆک ده‌نووسن وا نین.
پرسیار: حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن به‌م دواییانه له‌نووسینێکیدا ده‌ڵێ شیعر له چیرۆک و ڕۆمان واقیعیتره و له خوێنه‌ره‌وه نزیکتره و ڕاستگۆیانهتریشه، ئه‌مه چۆنه به‌لای تۆوه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من دیاره شاعیر نیم و زۆریش سه‌رم له شیعر ده‌رناچێت، به‌ڵام پێموانییه و له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دا نیم. چیرۆک زیاتر شتێکه پێوه‌ندی به ژیانی ڕاسته‌وخۆ و ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه، تۆ شتێک هه‌ڵده‌بژێری له‌ناو واقیعی ژیانی خه‌ڵکه‌وه که باسی شتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان ڕووداوێک ده‌کات و وینهیهکت ده‌داتێ، که خوێنه‌ر دهیخوینێتهوه خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام شیعر پتر هه‌سته و مۆسیقایه و جوانییه، شتێکه ئه‌گه‌ر زۆر به‌قووڵی نه‌یخوێنیته‌وه، هه‌موو که‌س ناتوانێ تێیبگات.
پرسیار: وادیاره تۆ کارت بۆ منداڵانیش کردووه، ئه‌و کارانه چین و بۆ که‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: له‌باره‌ی منداڵه‌وه کتێبێکم هه‌یه، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که له‌سه‌ر منداڵی کورد و خوێندنی کوردی له هه‌نده‌ران، که زیاتر پێوه‌ندی به ژیان و خوێندنی منداڵی کورده‌وه هه‌یه له هه‌نده‌ران، ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌وه به‌کارکردن بۆ منداڵ بێته ژماردن من نازانم، به‌ڵام هه‌ندێ چیرۆکی منداڵیشم له زمانی سوێدییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و بڵاو کراونه‌ته‌وه، پاشان له گۆڤاری کۆچه‌ر، که گۆڤارێکی زارۆکان بوو و له سوێد ده‌رده‌چوو کارم ده‌کرد و شتم تێدا بڵاو ده‌کرده‌وه. له گۆڤاری مامۆستای کوردیش‌دا هه‌ندێ چیرۆکی وه‌رگێڕدراوی منداڵانم بڵاو کرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا له سوێد وه‌ک مامۆستا وانه‌م وتووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ زارۆکاندا کارم کردووه.
پرسیار: له‌کتێبه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌تدا (ئه‌وه‌ی نابێ بگوترێ ده‌بێ بگوترێ ) چی ماوه بیڵێی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: وه‌ڵڵا زۆر شت ماوه (به‌پێکه‌نینه‌وه)، جا چی گوتراوه، ئێستا ناتوانم بڵێم فڵان شت ماوه، به‌ڵام زۆر شت ماوه، پێموایه شته‌کان ئه‌گه‌ر وترابێتیشن به ناته‌واوی وتراون و هێشتا ماون و قسه‌کان ته‌واو نه‌بوونه و درێژه‌یان هه‌یه.
پرسیار: بچینه‌وه سه‌ر باسی ئۆردووگای ێموودی جاران و ناحیه‌ی ڕزگاری ئێستا له گه‌رمیان، تۆ کاتی خۆی له نووسینێکدا داوات کردبوو، ێموود و ئۆردووگاکانی تری دروستکراوی به‌عس ته‌خت بکرێن و نه‌مێنن، ئه‌وه‌ت له چ ڕوانگه‌یه‌که‌وه وت؟ ئێستاش له‌سه‌ری سووری؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پێموایه ده‌بوو ئه‌و کاره هه‌ر زۆر زوو بکرایه و ئێستاش پێموایه ده‌بێ بکرێ، کاتێ که من ئه‌وه‌م وت ساڵی 1992 بوو، که یه‌که‌م جار گه‌ڕامه‌وه کوردستان، ئه‌م سموودهم بینی نێوه‌ندی ئه‌نفالستان بوو، هه‌رچی خه‌ڵکی پاشماوه‌ی ئه‌نفال و ده‌ربه‌ده‌رکراو و به‌دبه‌خت و نه‌گبه‌ت و بێوه‌ژن و سیاپۆش هه‌بوون، هه‌موو له‌وێ کۆ کرابوونه‌وه، دیاره ئێستایش هه‌ر وایه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌وه‌م وت. پێموابوو سموود په‌یکه‌ری به‌عسه، وه‌ک ئه‌وه‌ی په‌یکه‌رێکی سه‌ددام حوسه‌ین له شوێنێک دروست کرابێ و تۆ بیهێڵیته‌وه، پاراستنی به‌لامه‌وه تاوان بوو، من ئێستاش ئه‌و بۆچوونه‌م هه‌یه، به‌ڵام من ناتوانم بڵێم تۆ بچۆ ماڵه‌کان بڕووخێنه و خه‌ڵکه‌کانی ده‌ربه‌ده‌ر بکه، خه‌ڵکی زۆرینه‌ی دێیه‌کانی گه‌رمیان و که‌رکووکی لێیه، تۆ بچۆ دێیه‌کانیان ئاوه‌دان بکه‌وه و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بکه و پاشان سموود تێک بده و بیڕووخێنه، ئه‌مه نه‌ک نه‌کراوه، به‌ڵکه ده‌بینم جۆره‌ها پرۆژه‌ی تێدا کراوه و ده‌کرێ، ڕازێنراوه‌ته‌وه و کراوه‌ته شار، پێموایه ئه‌مه درێژه‌پێدانی سیاسه‌تی به‌عسه و مانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ئۆردوگهیانه، درێژه‌پێدانی سیاسه‌ت و یادکردنه‌وه‌ی به‌عسه، چونکه ئه‌مه له‌سه‌ر حیسابی گونده‌کان کراوه، گونده‌کان ڕووخێنران و ئاوه‌دان نه‌کرانه‌وه و خه‌ڵکه‌که‌یش لێره مانه‌وه و هانیش ده‌درێن بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه ئه‌مه یانی چی؟ گۆڕینی ناوی سموود بۆ ڕزگاری ناکاته کورداندنی سموود و سڕینه‌وه‌ی به‌عس، ئێستاش هه‌ر دهبهعسێنرێ، به‌ڵام له لایه‌ن کورد و ده‌سه‌ڵاتێکی کوردییه‌وه.
پرسیار: شێوازی ڕه‌خنه‌گرتن له کوردستان له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی زۆر که‌س پێیانوایه که توند و زبره و زیاتر کار له سه‌ر زمانی ته‌شهیر و ورووژاندن ده‌کرێت، پێتوایه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت ڕۆژنامه‌ی زه‌رد له کوردستان په‌یدا بووبێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م، که ڕه‌خنه‌ی توند بگیرێت و به‌لامه‌وه ئاساییه و ئه‌وه مافێکی سروشتیی هه‌موو مرۆڤیکه، ڕه‌نگه وای لی بێت ئه‌و جۆره ڕۆژنامه‌یه په‌یدا ببێت، ئه‌و دیارده‌یه له هه‌موو جیهان هه‌یه لێره‌ش ڕه‌نگه زیاتر قسه له سه‌ر ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و ئاوێنه و ڕۆژنامه ئه‌هلی و ناحیزبییه‌کان بێت، به‌ڵام من پێموانییه هاوڵاتی یا ئه‌وانی وه‌ک ئه‌و چووبێتنه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه، من ئێستاش ده‌یانخوێنمه‌وه و تاموچێژیان لێ وه‌رده‌گرم ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ به ناو، ناوی که‌سێک بێنیت و تۆمه‌تێکی خراپی بده‌یته پاڵ ئه‌وه خراپه، بۆ نموونه هاوڵاتی وابزانم ساڵی ڕابردوو بوو، هه‌واڵێکی له‌سه‌ر که‌سێکی دانیشتووی ئینگلستان و گه‌ڕاوه بۆ کوردستان، بڵاو کرده‌وه گوایه سیخوڕی به‌عس بووه، ئه‌و پیاوه بۆ شه‌وێ خۆی کوشت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه له ئه‌وروپا بووایه ڕۆژنامه‌که به‌رپرسیار ده‌بوو له مه‌رگی ئه‌و که‌سه، ئه‌وه شتێکی خۆش نییه بۆ تاکێک، مرۆڤێک که به‌و شێوه‌یه باس بکرێت و ناوی بزڕێنرێ، له ئه‌وروپا که‌سێک تاوانێکیشی کردبێت، تا دادگا نه‌یسه‌لمێنێت، له هه‌واڵ و شتی وادا ناوی ناهینرێت، شتی وا له ئه‌وروپا ڕووبدات ڕۆژنامه‌که لێی به‌رپرسیار ده‌بێت و که‌سانی ئه‌و که‌سه‌ی خۆی کوشتووه، بۆیان هه‌یه داوای مافی خۆیان له ڕۆژنامه‌که بکه‌ن. به بڕوای من میدیای ئازاد و ئازادی ڕاده‌ربڕین، که له‌م کوردستانه زۆر باس ده‌کرێت و بانگاشه‌ی زۆری بۆ ده‌کرێت به‌و جۆره نییه، که ده‌گوترێ، به‌ڵکه سنوورداره و زۆرجاران تووشی چاولێسوورکردنه‌وه ده‌بێت. ئازادی ڕاده‌ربڕین ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که تۆ بتوانیت بێ ترس و بێ سانسۆر هه‌موو شتێک بڵێیت و ته‌واوی هه‌ڵه و ناڕه‌واییه‌کانی ده‌سه‌ڵات بخه‌یته پێش چاوی خه‌ڵک، ئه‌وه پێی ناگوترێ ته‌شهیر و ورووژاندن. ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه له ته‌واوی ورد و درشتێکی خه‌ڵک و وڵات، که هه‌ڵه بکات و به‌رانبه‌ر خه‌ڵک ناعادیل بێت، تۆیش نابێ لێی بێده‌نگ بیت و گه‌ره‌که په‌نجه به چاویدا بکه‌یت. ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌لێر و دیموکرات بێت، پێویسته ئاماده‌ی گوێگرتن بێت و له به‌رانبه‌ر گه‌ل به‌رپرس بێت و هه‌موو ڕِهخنهیهک قه‌بووڵ بکات و ددان به هه‌ڵه و ناته‌واوییه‌کانی خۆیدا بنێ.
پرسیار: ئێستا باس له‌دروستکردنی زمانی ستاندارد ده‌کرێت، تۆ ڕات چییه له‌و باره‌یه‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ئه‌وه شتێکی زۆر هه‌ستیار و گه‌وره‌یه، که خه‌ڵک پێویستی به‌وه‌یه باسی بکات و لێی بکۆڵێته‌وه، پێموایه هه‌ر له زه‌مانی شێخ مه‌حمووده‌وه زمانێک به‌کار هێنراوه بۆ نووسین و خوێندنه‌وه، ئه‌و زمانه‌ی، که تۆ و من پێی ده‌نووسین و ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌مه بۆ خۆی بووه‌ته زمانێکی ستاندارد له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا، نه‌ک هه‌موو کوردستان، گرفتی ئێمه له‌وه‌دایه کوردستان یه‌ک به‌ش نییه و به‌شبه‌ش کراوه، هه‌ر یه‌که‌و له ئاوازێک ده‌خوێنێت، کوردی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات به حه‌رفی عه‌ره‌بی، که ئێستا بووه‌ته کوردی و له لای ڕاسته‌وه ده‌نووسن، کوردی تورکیا و سووریا به لاتینی ده‌نووسن، ئه‌و لاتینییه من پێموایه بووه‌ته به‌ڵا بۆ ئه‌و خه‌ڵکه، که لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی سیسته‌می ئه‌تاتورک و تورکیا بووه، گرفته‌که له‌وێوه ده‌ستپێده‌کات، به‌ڵام ئه‌م زمانه‌ی من پێی ده‌ڵێم بۆ ئه‌م به‌شه بکرێته ستاندارد ئایا بۆ به‌شه‌کانی تر له‌باره و ده‌بێته زمانێکی ستاندارد بۆ هه‌موو کوردستان، ئه‌گه‌ر کوردستانی گه‌وره دروست ببێت؟ ئه‌مه بۆ خۆی مه‌سه‌له‌یه‌کی سه‌خته، لێ پێموایه ده‌بێ بکرێ و ئه‌وه‌ش به بڕیارێکی سیاسی یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه.
پرسیار: زۆر که‌س پێیانوایه تۆ ڕه‌شبینی له ده‌سه‌ڵاتی کوردی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من له چاوی ژنه گه‌رمیانییه‌کی هه‌ژاری مێردئهنفالکراو و ده‌رۆزه‌که‌رێک و په‌ککه‌وته‌یه‌کی بێکه‌س و وه‌رزێرێکی ماندوو و کارگه‌رێکی بێیانه و برسی و خه‌ڵکانی ناحیزبی و دوورهدهسهڵات و خه‌ڵکانی په‌راوێزێنراو و خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی جڤاکه‌وه ده‌نۆڕمه ده‌سه‌ڵات. من شته بنه‌ڕتی و بنگهییهکان و ژیانی خه‌ڵکه هه‌ژار و ئاساییه‌که له‌به‌رچاو ده‌گرم، چی بۆ ئه‌وان کراوه؟ من هوتیلی 28 نهۆم و زۆریی زانستگه و ڕۆژنامه و بڵاوکراوه و ته‌له‌ڤزیۆن و سووپهرمارکت و ڕیستۆرانت و مۆبایل و ئه‌وانه به پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن دانانێم، ده‌سه‌ڵات تا ژێرخانی ئابووری وڵات و باری ژیانی خه‌ڵک چاک نه‌کات، من ناتوانم به ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتمانیی دابنێم. وڵاتێک بێ ئه‌له‌کتریک، بێ ئاو، پڕ له نه‌خۆشی و ده‌رد، پڕ له ڕێگه‌وبانی خراپ، ده‌سه‌ڵاتێکی وابه‌سته و گرێدراوی دوژمنان، کشتوکاڵێکی داته‌پیو و هیچ و سفر، ژینگه‌یه‌کی پیس و گه‌مار و ژاراوی، دزی و گه‌نده‌ڵی و ده‌یان ده‌ردی دیکه، چۆن ده‌توانم به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتیکی وه‌ها ڕِهشبین نه‌بم؟ ده‌سه‌ڵاتێک ئێستایش قانوونه‌کانی به‌عس پێڕۆ بکات و ده‌ست له سه‌ر سینگ له خزمه‌ت نه‌یارانی گه‌ل و وڵات و خاکه‌که‌یدا بێت چۆن ده‌توانم به‌رانبه‌ری ڕه‌شبین نه‌بم؟ پاشان فرۆشتنی که‌رکووک، که پێوه‌ندی به هه‌موو کوردی ته‌واوی کوردستانه‌وه هه‌یه، چۆن ڕه‌شبینم ناکات؟
پرسیار: له نووسینێکدا هه‌موو مێژووی کورد به هه‌ره‌س پێناسه ده‌که‌ی، ئه‌وه چۆن وایه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به ڕاستی من پێموایه مێژووی کورد مێژووی هه‌ره‌سه و کورد گه‌لێکی ههرهساوی و ههرهسێنراوه. ته‌واوی ئه‌و یاخیبوون و ڕابوونانهی ئێمه ناوی شۆڕ‌شیان لێده‌نێین هه‌موو ههرهسینراون. سه‌رانی ئه‌و ڕابوونانه و ئه‌وانه‌ی ئێمه به نیشانه و سه‌رکرده ناویان ده‌به‌ین، هه‌ر له شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران و سمکۆی شکاک و شێخ مه‌حموودی مه‌لیک و قازی موحه‌ممه‌د و مه‌لا مسته‌فای بارزانی و عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملووه‌وه تا ده‌گاته ئه‌مانه‌ی ئێستا، هه‌موو به جۆرێک له جۆره‌کان ههرهسێنراون. ده‌ستدانه چه‌ک و یاخیبوونی 1961 و دووباره‌کردنه‌وه‌ی له 1975دا له باشووری کوردستان و 1979ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و 1984ی باکووری کوردستان و لێکترازان و که‌رتبوونی 1964ی پارتیی دیموکراتی کوردستان و ده‌یان شتی دیکه‌یش هه‌موو هه‌ر هه‌ره‌سن، ئه‌دی دۆڕانی که‌رکووک و کاره‌ساتی ژینگه‌ی ئه‌م وڵاته و گه‌نده‌ڵی و خۆسووککردن و ملکه‌چی بۆ تورکیا و نه‌یارانی دیکه‌ی کوردستان و ئه‌و هه‌موو سازشکارییهی سه‌رانی کورد، هه‌موو هه‌ر هه‌ره‌س نین؟ ئه‌گه‌ر نا ده‌بێ چی هه‌ره‌س بێ؟
پرسیار: به‌ڵام ئه‌وه به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینی نهوهدویهکیشدا ده‌سه‌پێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به‌ڵێ من پێموایه ئه‌وه‌ی که کورد پێی ده‌ڵێ ڕاپه‌ڕین، کاتێک خه‌ڵکی کوردستان ڕه‌ویان کرد و وڵاتیان به‌جێهێشت و دواتریش هه‌رێمی نه‌فڕین دروست بوو ، سه‌ددام حوسه‌ین ئیداره‌که‌ی خۆی کێشابووه‌وه لێره، من پێموانییه پێشمه‌رگه هاتبێت کوردستانی ئازاد کردبێت، واته: به شه‌ڕ ئه‌م وڵاته ڕزگار نه‌بووه، به‌ڵکو که‌رایه‌تی سه‌ددام حوسه‌ین و داگیرکردنی کووه‌یت و خۆکیشانهوهی له‌م ده‌ڤه‌ره و ڕۆڵی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌ویش بۆ به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی خۆی، ڕه‌وشه‌که‌ی به‌ره‌و ئه‌مه‌ی ئێستا برد، ده‌نا کورد و سه‌رانی کورد ده‌بوو هه‌ر بیانگوتبا: ئه‌م نانه به‌و ڕِۆنه.
پرسیار: زۆر جار گوێمان له ڕه‌وه‌ندی کوردی ده‌بێت که گله‌یی له ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ن و باس له گه‌نده‌ڵی و شتی وا ده‌که‌ن، ناکرێ ئه‌وانه بێنه‌وه له کوردستان ئه‌و قسانه بکه‌ن؟ چۆن ده‌کرێ له ئه‌وروپاوه ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتێک بگری تۆ خۆت له وڵاته‌که‌یدا ناژیی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ده‌ڵێن هیچ په‌یامبه‌رێک له وڵاتی خۆیدا نابێته په‌یامبه‌ر، من پێموایه ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له ده‌ره‌وه‌ن له تاراوگه، وڵات به شێوه‌یه‌کی ڕوونتر ده‌بینن، ئه‌وه‌ی لێره خه‌ریکی نووسینه ڕه‌نگه زیاتر ئاگای له ناوچه‌که‌ی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام که‌سێک له ده‌ره‌وه ڕِهنگه زیاتر هه‌موو کوردستان ببینێ و ڕوونتر له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه و ده‌سه‌ڵاتی دیکه‌دا به‌راوردی بکات، واته ئاسۆی بینینی فراوانتره. ئه‌وه‌ی بێته‌وه لێره کار بکات ئه‌و ئازادییه‌ی له ده‌ره‌وه هه‌یه‌تی لێره نایبێ، پێموایه لێره ئازادییه‌کان سنووردارن و ناتوانرێ هه‌موو شتێک بگوترێ به‌ڵام له ده‌ره‌وه ده‌توانرێ وه‌ها کارێک بکرێت.
پرسیار: شاکه‌ل بۆ تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێ؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: شاکه‌ل ناو و نازناو و مێژوویه‌که و به‌شێکه له ناسنامه‌یه‌ک، له هه‌رکوێ ئه‌مجه‌د هه‌بێ شاکه‌لیش له‌وێیه.
پرسیار: فه‌رهاد شاکه‌لی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: شاعیرێکی تازه‌گه‌ر و ده‌نگێکی جیاواز و زمانه‌وانێکی شاره‌زا و فهرههنگکارێکی چالاکه و لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆری کردووه و یه‌کێکیشه له کورده دیاره‌کانی ئه‌وروپا.
پرسیار: مه‌هاباد قه‌ره‌داغی وه‌کو شاعیر؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من مه‌هاباد زیاتر وه‌ک فێمینیستێک ده‌بینم، ژنێکی بوێره.
پرسیار: شێرکۆ بێکه‌س؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: شاعیرێکی گه‌وره‌یه و وێنه‌ی شیعریی جوانی هه‌یه و وهستایانهیش یاری به وشه‌کان ده‌کات.
پرسیار: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: شاعیرێکی بوێر و ڕچه‌شکێنه، هه‌ر به گه‌نجی ته‌حه‌ددای دنیای ده‌وروبه‌ری ده‌کرد، خه‌یاڵێکی به‌رین و فراوان و زمانێکی پاراوی هه‌یه و هه‌میشه عاشقه و هه‌ر به لاوێتی ده‌مێنێته‌وه.
پرسیار: هه‌ژاری موکریانی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: یه‌کێکه له کۆڵه‌که و پایه مه‌زنه‌کانی زمانی کوردی، تا خوا حه‌ز بکات حه‌زم له زمانه‌که‌یه‌تی، زمانێکی زۆر خۆش و پاراوی هه‌یه، سه‌رسامم به زمانه‌که‌ی، کاره نایاب و هێژاکانی ، ڕۆحی ئه‌و هه‌میشه زیندوو ده‌هێڵنه‌وه.
# ئه‌م دیداره له: گۆڤاری "چاو"ی ژماره 3ی مانگی حوزه‌یرانی 2008 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌و ڕستانه‌ی له دیداره‌که‌دا، پێوه‌ندیان به که‌رکووکه‌وه هه‌بوون، له گۆڤاره‌که‌دا بڵاو نه‌کراونه‌وه.