سێ شیعر…
(1)
ژنێك، (با) پرچى تا تا دەكاتەوە
لەناو ئاپۆرەیەكى گەورەدا
كە پڕە لە ژاوەژاو
ژنێكى دڵنشین
هێدى هێدى دەڕواو
كزەبایەكى خەمگین
پرچى تا تا دەكاتەوە..
كاتىَ بە تەنیشتى مندا تێدەپەڕێت
وەك ئەوەى ئاگاى لە دڵم بێت
كەچۆن لە خۆشى ئەو
خەریكە دەبێتە ئاو
چەند جارێك لادەكاتەوە!
لەناو خەیاڵى مندا:
(2)
دڵى ئەو دەبێتە كیژۆڵەیەكى نەشمیلانە
دڵى خۆشم
كوڕیژگەیەكى قژخاو
هێشتا دڵى من
بە تەواوى لەدەرگاى نەداوە
دڵى بێئۆقرەى ئەو،
دەرگا دەكاتەوە!
دڵى من داواى ماچ دەكاتو
دڵى ئەو گوێى خۆى لێدەخەوێنێت
دڵى من وەكو شێت
خێرا خێرا، داوا دەكاتەوە
دڵى ئەو زۆر زۆر مندڵانە
تا ئەوسەرى بەرائەت هەڵدێت
لەوىَ دەترسێت ون بێت
زۆر بەپەلەو پڕتاو
بەرەو لاى دڵى من رادەكاتەوە.
باوەش دەكەن بەیەكتردا
ئەمجارەیان
دڵى ئەو دەبێتە ژنێكى دڵنشین
دڵى منیش پیاوێكى داگیرساو
ئەوەتانىَ ئێستاش
دڵى ئەو لە باوەشى دڵى مندایەو
كزەباكەش بەردەوام
پرچى تا تا دەكاتەوە!!
ژنێك، كەدەمزانى ئێوارانێك دێت
ئێستا،
شەو سەرى هەموو دەنگەكانى
لە خەنەى خامۆشیى گرتووە
كەچى لەقوڵایى مندا
دەنگى خۆش-ى نەى دىَ!
ئێستا،
هەرچى باخى گەورەى شار هەیە،
خەویان لێكەوتووە
كەچى لەناوەوەى مندا
چپە چپى دڵنشینى
قۆخو
بەهىَو
بەى دىَ!
ئێستا،
دیكتاتۆریەتى تاریكیى
هەموو شوێنەكانى ترساندووە
كەچى دیوە نادیارەكەى من
بووە بە حەشاماتێك،
تیایدا:
روناكى دەچریسكێتەوە
روناكى دەبریسكێتەوە
روناكى جمەى دىَ!
راستیەكەى،
من دەمێك بوو پێموابوو
ئێوارانىَ، ژنێك
دێتو لەژێر ترپەى پێیدا
زەمین دەچێتە نێو خەونەوە
زەمین لەخۆشى هاتنى ئەو
بۆنى بەختەوەریى
لەخۆىو لە هەناسەى دىَ!
زۆر دەمێك بوو پێموابوو
ئەو ژنە دێتو
هەموو گەمەكانى ناوەوەى من قڵپدەكاتەوە
بەڵام قەت قەت
نەمدەزانى ناوى چییەو
نەمدەزانى خەڵكى كوێیەو
هەرگیزیش دڵنیا نەبووم، كەى دىَ؟!
(3)
ژنێك كە نەمدەزانى كىَ بوو؟
رۆژێكیان چاوم لێبوو
شاژنێكى نازەنین
كە نە ناویم دەزانى..و
نە ئاینیم دەناسى..و
نە دەمزانى كىَ بوو؟
چووە دوكانى ئاوێنەفرۆشێكەوە
من لەخۆشى ئەو ژنە
زۆر لە خودا پاڕامەوە
تاكردمى بە ئاوێنەیەكى گەورە
لەو جۆرە ئاوێنانەى كەهەستمكرد ژنەكە حەزى لێبوو
منى كڕىو
لەگەڵ خۆیدا بردمیەوە بۆ ماڵىَ
لە دواى تاوێك بینیم
بەدەم گۆرانى وتنەوە
سەرگەرمى هەڵپەڕكىَ بوو
پاشان هات لەبەردەمى مندا
خۆى رووتو قووت كردەوە
كە جەستەیم بینى هەستمكرد
بەشى تەمەنێك نازو
جوانىو ژنێتى پێبوو
وەختىَ چراى مەمكەكانى
لەپڕ چریسكانەوە
من لە خۆشیدا
درزێكى بچكۆلانەم تێبوو
ئاى خودایە چەند سەیرە!
ئەم هەموو ماجەرایە
لەسەر دەستى ژنێك روویدا
كە من هێشتا
نە ناویم دەزانى..و
نە ئاینیم دەناسى..و
نەدەمزانى كىَ بوو؟!
*ئەم شیعرانە لە گۆڤارى (رامان)دا بڵاوكراونەتەوە.