گفتووگۆ له‌گه‌ڵ کامیار سابیر….
كامیار سابیر:
بە ستاندەردایزەكردنى زمانی کوردی سته‌م و جه‌ور له‌هیچ دایهلێكتێکی کوردی ناکات
سازدانى: سۆران عەزیز
نووسەرو وەرگێڕ (كامیار سابیر) لە ماوەى رابردوودا پرۆژەى بە ستاندەركردنى زمانى كوردى لەگەڵ هەندىَ نووسەرو رووناكبیرى دیكەدا هێنایە گۆڕىَ، لە دواى ئەم پرۆژەیەش تا ئێستا چەندین مشومڕى گەرم لەسەر بە ستاندەركردنى زمانى كوردى كراوەو بەردەوامە، بۆ گفتوگۆكردن و زانیاریدان بە خوێنەر، ئەم دیدارەمان لەگەڵ نووسەر (كامیار سابیر) سازدا.
ده‌بێ جه‌خت له چوارچێوه‌یه‌کی جیۆگرافیی و سیاسیی که کوردستانی باشووره، بکه‌ینه‌وه. ئه‌گینا زمانی ستانده‌ردی کوردیی سه‌رتاسه‌ریی بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، جگه له وڕێنه‌یه‌کی پاسۆکیی، کوردایه‌تیی و پانکوردیسته‌کان زیاتر، یه‌ک تۆزقاڵ به‌های زمانناسیی نییه.
كوردستان راپۆرت: ئایا زمانی ستاندەر چییە، ئایا مەبەست لەم بە ستاندەركردنەی زمانی كوردی چییە؟
كامیار سابیر: له‌راستییدا ته‌واوی گرفته‌کانی ستانده‌ردایزی زمانی کوردیش له‌م پرسیاره‌وه ده‌ست پێده‌کا. ئێمه ئه‌گه‌ر وه‌ک کورد له گرنگیی زمانی ستاندهرد بگه‌یشتینایه، هه‌رگیزاو هه‌رگیز ئه‌م پرسیاره که ده‌بووایه له‌خوێندکارێکی سه‌ره‌تایی بکرایه، لێره‌دا باس نه‌ده‌کرا. زمانی ستاندهرد، کۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندیی و کاتهگۆڕیی رێژه‌یی هه‌یه، ده‌کرێ به‌مشێوه‌یه پۆلێنیان بکه‌ین:
1. فۆڕمێکی گشتگیر و رێزمانێکی که‌م تا زۆر جێگیری هه‌بێت. هه‌رچه‌نده که‌س ناتوانێ بڵێ شێوازی نووسینی ئه‌م تێكسته له‌گه‌ڵ تێكستێکی تردا ته‌واو ناستاندهرده یان به‌پێچه‌وانه‌وه. هۆکاره‌که‌یشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئینستیتوتێكی دانپێنراو(recognised)ی زمانه‌وانیی نییه، که خه‌مخۆرو دهستپێداهێنهری زمانی کوردیی بێت. له‌مێژووی ئه‌ده‌بی کوردییدا، ته‌نیا ئه‌و کۆڕی زانیارییه‌ی له‌سه‌رده‌می (مه‌سعود محه‌مه‌د)دا هه‌بوو، کرێدتی زمانناسیی هه‌بووه، ئه‌گینا هیچ نێوه‌ندو ئۆرگانێکی زمانه‌وانیی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌کادیمیی له هه‌نووکه‌دا په‌ی پێنابه‌م. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه، تۆ لهپرسیارهکهتدا وشه‌ی "ستانده‌ر" به‌کار ده‌هێنیت، زۆرکه‌س ستاندارد به‌کار ده‌هێنن و هه‌ندێکیش هه‌یه "ستاندهرد" به‌کار ده‌هێنن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ زمانزانی کوردپه‌روه‌ر، ئه‌وانه‌ی له کوردایه‌تییه‌کی تۆخه‌وه فێری زمانزانیی بوونه به " سته‌ندارد" ده‌ینووسن. که‌واته شێوازی رێنووسه‌که، که لهرهچهڵهکدا وشه‌یه‌کی بیانییه، هه‌نووکه سێ تا چوار جۆر رێنووسی جیاواز بۆ وشه‌ی (Standard) به‌کار ده‌هێنرێن! ئه‌مه‌ش ئارێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له فۆرمی رێنووسهکاندا، رێزمان و ورده‌کارییه‌کانی تریش له‌ولاوه بوه‌ستێ. ئه‌م خاڵه‌م له‌به‌رئه‌وه درێژ کرده‌وه، چونکه زۆر فشهسازی وتارنووس هه‌ن، به‌س ئه‌وه‌نده لهزمانناسیی! ده‌زانن.
2. فه‌رهه‌نگی دانپێنراوی! هه‌بێ، هه‌رچه‌نده ئه‌مکاره تا ئه‌م ساته‌ش، له‌داهێنانی تاکه‌کانی کورده و ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا فه‌رمییه‌کان گرنگییه‌کی ئه‌وتۆیان پێنه‌داوه.
3. سیسته‌مێکی ستانده‌ردی خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێ.
4. له قوتابخانه‌و زانکۆکان‌دا بخوێنرێ.
5. ئینستیتیوتێک یان چه‌ند دەزگایه‌کی ئه‌کادیمیی خاوه‌ن کرێدت، به‌رده‌وام ده‌وڵه‌مه‌ندی بکه‌ن.
6. له یه‌کێ لهدایهلێکتهکانی ئه‌و زمانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ ( ئه‌مه‌یان زۆر رێژه‌ییه).
7. کاری وه‌رگێڕانی زۆر پێ بکرێ، واته له‌زمانه بیانییه‌کانه‌وه بۆ کوردیی و له کوردییشه‌وه بۆ زمانه بیانییه‌کان وه‌رگێڕانی دووسه‌ره‌ی پێ‌بکرێ.
8. زمانی یاسا، دادگا ، حکومه‌ت و زۆرجاریش زمانی پایته‌ختی (سیاسیی و کلتووریی و ئابووریی) بێ.
9. خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی کلتووریی گه‌وره بێ و تێكستێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌پشت سه‌ری خۆیه‌وه دانابێ.
مه‌به‌ستیش لهستاندهردکردنی زمانی کوردیی، که‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که خاوه‌نی چ بیروباوه‌ڕو ئایدیۆلۆژیایه‌که له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من پێی بزانم له زمانناسیدا ستاندهردکردنی هه‌ر زمانێک به واتای رێکخستنه‌وه‌و به‌فه‌رمییناسینی زمانێک که به شێوه‌ی دیفاکتۆ بوونی هه‌یه، وه‌ک ئه‌وه‌ی (کرمانجیی ناوه‌ڕاست) هه‌یه‌تی. لێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێم کرمانجیی ناوه‌ڕاست تێرمێکه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زۆرتر به‌کاردێت. له‌ڕاستیشدا زۆر تێکهه‌ڵکێشه له‌گه‌ڵ کرمانجیی خواروودا. یاخود هه‌ندێجار زمانێک دروست ده‌کرێ و داده‌تاشرێ له‌کۆمه‌ڵی دایه‌لێکت، ده‌وڵه‌ت و دامودەزگا ئیدارییه‌کانی وڵات پەیڕەوی ده‌که‌ن. له هه‌لومه‌رجی ستانده‌ردایزی زمانی کوردییدا، ده‌بێ جه‌خت له چوارچێوه‌یه‌کی جیۆگرافیی و سیاسیی که کوردستانی باشووره، بکه‌ینه‌وه. ئه‌گینا زمانی ستانده‌ردی کوردیی سه‌رتاسه‌ریی بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، جگه له وڕێنه‌یه‌کی پاسۆکیی، کوردایه‌تیی و پانکوردیسته‌کان زیاتر یه‌ک تۆزقاڵ به‌های زمانناسیی نییه. له کورستانی عێراقدا، له کۆی چوار شاری گه‌وره‌ی کوردستان، سێ شار به‌ته‌واویی به‌م زمانه ده‌نووسن و ده‌خوێننه‌وه. زمانێکی ته‌واو خه‌مڵیوه به زۆربه‌ی کرایتێریاکانی زمانناسیی، له‌باری سروشتیی و زمانه‌وانییه‌وه بووه‌ته زمانی فه‌رمیی و گشتگیر و ستاندهرد، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ڕووی یاساییه‌وه جێکه‌وتی بکه‌ن. که‌ناکرێ و ئه‌م ستاندهردایزه ساڵ به‌ساڵ به‌پشتدا ده‌خه‌ن، هه‌موومان هۆکاره ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی و ناوچهگهرییهکانی ده‌زانین.
كوردستان راپۆرت: ئایا زمانی ستاندەر پێویستی بە زەمینەیەكی لەبار نییە تاو ئەو رادەیەی كۆمەڵگە ئامادەگی هەبێت بە بێ گوێدانە جوگرافیا و كلتوور‌و دیالیكتێكی جیاواز، ئایا ئەم زەمینەیە لە ئێستادا لەرووی خودی و بابەتییەوە ئامادەیی هەیە؟
كامیار سابیر: ئه‌م ستاندهردایزهی زمانی کوردیی سته‌م و جه‌ور له‌هیچ دایهلێكتێکی کوردیی ناکات، به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌هه‌موویان زمانی کوردیی به‌هێز ده‌که‌ن، خۆیشیان ( دایه‌لێکته‌کان) له‌زۆر بواردا ده‌کرێ گه‌شه‌یان پێ بدرێ، تا ئه‌و ساته‌ی عه‌قڵی تاکی ئازادی کورد به‌ئاستێک ده‌گات، که زاراوه‌کان شتێکی پیرۆز نین، ئه‌گه‌ر وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌کوردستانی عێراقدا خاوه‌نی زمانێکی ستاندهرد بین. باسی زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌که‌یت! به‌ڕاستیی ئه‌م زهمینەیەی له‌باره له‌لای من وه‌ک نوکته‌یه‌کی پڕ له‌جادوو وایه. جا کورد که‌ی زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌بێ؟ مه‌گه‌ر که خه‌ونی ئازادبوونی کوردستانی پانوبه‌رین هاته‌دی!. ئه‌وه حه‌ڤده ساڵه ده‌سه‌ڵاتی کوردیی خۆماڵیمان هه‌یه، چیی بۆ زمانی کوردیی کردووه! تا ئه‌م ساته‌ش به دوو دۆکترینی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و حیزبییه‌وه له که‌رکوکدا چالاکیی سیاسیی و جڤاکیی ده‌که‌ین. حاڵی وه‌زاره‌ته‌کانی داد و دارایی و پێشمه‌رگه…… خۆشن. دوو حکومه‌تی حیزبیمان له‌ناو حکومه‌تێکی به‌ناو یه‌کگرتوودا هه‌یه.
من بڕوام به‌ئه‌فسانه‌ی کوردستانی گه‌وره نییه، بۆیه جه‌خت له‌کورستانی باشوور ده‌که‌مه‌وه‌و پێشـموایه، ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد ( که تێرمێکه زیاتر له گۆتره‌کاریی ده‌چێ) ، ئیراده‌ی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی بکات و زیره‌کانه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که‌و جیهان هه‌ڵسوڕێ، زۆر نابات کوردستانی باشوور ( به‌که‌رکوک شه‌نگار و خانهقینشهوه) به‌ره‌و هه‌رێمێکی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ ده‌چێ. به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوه سیاسییانه پێویست‌تر، زمانی کوردیی فه‌رمییه بۆ ئه‌م هه‌رێمه، له‌ڕووه سیاسیی و ئیداریی و یاساییه‌که‌یه‌وه.
به‌ڵێ هه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت، له هه‌موو روویه‌که‌وه ئاماده‌یه، گوێدان به جیۆگرافیی، کلتوور و دایه‌لێکته‌کان، جگه له خۆدزینه‌وه‌و به‌پشتدا خستنی بابه‌ته‌که نه‌بێ هیچ ئه‌جێندایه‌کی تری نییه. مه‌گه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و زاخۆ، ئاکرێ و ده‌ربه‌ندیخان، هه‌ولێرو دهۆک، سمێڵ و شوان هه‌موویان له جیۆگرافیای هه‌رێمی کوردستاندا نین. مه‌گه‌ر ئه‌م گه‌له کلتوورێکی هاوبه‌ش و به‌خوێن تێکه‌ڵبووی نییه ، خوێنی چه‌مچه‌ماڵییه‌ک و ئامێدییهک هه‌ر خوێنی کورد نییه. ته‌نها جیاوازییه‌ک هه‌بێ، جیاوازیی دایهلێکتهکانه. به‌ڵام یه‌ک کورد نییه له‌شاره‌کانی که‌رکوک و هه‌ولێر و سلێمانیی له بنزاراوه‌ی بادینانیی نه‌گات که سه‌ر به‌زاراوه‌ی کرمانجیی ژوورووه. یه‌ک کوردیش نییه له بادینان له زمانی ئه‌و سێ شاره‌و گه‌رمیانییه‌کان نه‌گات، که تێکه‌ڵه‌یه‌که له‌هه‌ردوو کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو. راسته تێگه‌یشتنه‌کان تاڕاده‌ی سه‌دله‌سه‌د نییه، به‌ڵام جیاوازییه‌کانیش ئه‌وه‌نده زۆر نین که ئه‌وه‌نده‌ی جیاوازییه‌کانی ئاسمان و رێسمان بن.
كوردستان راپۆرت: رایەك هەیە پێیوایە كە ئێستا رەوشێك دروست بووە بۆ زمانی كوردی كە خراپ كەوتووەتەوە، هەم بۆ ئاخافتن و هەمیش بۆ نووسین تا ئەو رادەیەی كە لە بری دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگ، تاكی نووسەری دەوڵەمەند كردووە، واتا زمانی كوردی نانی پێوە دەخورێت؟
كامیار سابیر: ئه‌م رایه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت، که‌م و زۆر لێره‌و له‌وێ هه‌ستی پێده‌کرێ. به‌ڵام له‌ڕاستییدا هه‌ر سهراب نییه، به‌ڵکو دیفاکتۆیه. ئه‌وه‌ی تاکی کوردی والێکردووه له‌هه‌موو شتێ به‌گومان بێ، خودی کارێکته‌ری لاوازی تاکه‌کان خۆمانین. من بۆیه هه‌میشه خۆمان به‌کارده‌هێنم ، چونکه ئه‌گه‌ر بڵێی خۆیان، یه‌کسه‌ر خوێنه‌ر ده‌ڵێ ئه‌ی خۆت!، راستیشه ئه‌ی خۆم، که‌واته هیچمان بێ که‌موکوڕیی نین. به‌ڵام ئایا به‌ڕاستیی ئه‌مه‌ش رێژه‌یی نییه. تۆ سه‌یری ئه‌و هه‌موو ساخته‌کاریی و فڕوفێڵه بکه هه‌ندێ نووسه‌ر ده‌یکه‌ن، له‌بن هه‌نگڵی ده‌سه‌ڵاتدایه، له‌ئه‌وروپاوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و هونه‌رو كلتووری کوردیی نا، به‌ڵکو گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به‌رامبه‌ر به‌چیی؟ به‌دڵنیاییه‌وه هه‌موو که‌سێک ده‌زانێ بۆچیی ئه‌مانه به‌و دوالیزمه کار ده‌که‌ن؟ به‌ڵام له‌هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه، هێشتا موزایهدهشت به‌سه‌ردا ده‌که‌ن و باسی ئۆپۆزیسیۆنبوون و ره‌خنه‌گرتن له‌ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن.
دیاره من رێزم هه‌یه بۆ سه‌دان نووسه‌ر و خه‌ڵکی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستی بیرئازاد له کوردستاندا، که نه‌ک هه‌ر پێویسته یارمه‌تیی ماددیی بدرێن، به‌ڵکو نووسین و قه‌ڵه‌م بووه‌ته ژیانیان و هیچ کارێکی تریان پێناکرێ و ئه‌رکی حکومه‌تیشه ئه‌مه له‌ئه‌ستۆ بگرێ، له‌وه گه‌ڕێ چیی ده‌نووسن و چیی نانووسن. به‌ڵام هه‌رچیی پێوه‌ندیی به‌زمانی کوردییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه شتێکی تره. منیش له‌ڕێی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌وه ئه‌گه‌ر سانسۆری سه‌ر ئازادیی رێگه‌ی ئه‌وه بدات بڵاوبکرێته‌وه، ده‌نگم دهخەمه پاڵ ده‌نگی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ بزانن، بۆچیی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، به‌و رێژه زۆره یارمه‌تیی ئینستیوته کوردییه فاشیله‌که‌ی پاریس ده‌دات؟
ئاخر ته‌واوی ئه‌و گۆڵمه‌زه‌ی بهستاندهردایزی زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا ده‌کرێ، له‌وێوه ماستهرنهخشهکانیان ده‌رده‌چن. موڵك و ماڵی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق، چ ره‌واییه‌کی تێدایه به‌وشێوه‌یه ته‌خشان و په‌خشان بکرێ. هه‌موومان ده‌زانین گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی داهێزراندووه، ته‌واوی حیزبه‌کانی کوردستان و هه‌ردوو زلحیزبه‌که له‌پێش هه‌موویانه‌وه به‌رپرسیارن له‌و گه‌نده‌ڵییه بێئهندازهیه. به‌ڵام کاتێ گه‌نده‌ڵیی ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وروپا، ئینستیتیوتێک پێوه‌ندییه ناوچه‌یی و دایه‌لێکت- نزیکیی و ئایدیۆلۆژیا سیاسیی و زمانییه‌کانی به‌کار بهێنێ بۆ ئه‌جێنداکانی خۆی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر که‌وڵی زمانی ستانده‌ردی کوردیی له کوردستانی عێراقدا و به موڵک وماڵی خه‌ڵکی کوردستانی باشوور، ئیتر هه‌موو سه‌ره داوه‌کان ده‌رده‌که‌ون و نهێنییه‌کان ئاشکرا ده‌بن، که‌چیی ده‌گوزه‌رێ و چ مۆتیڤێ ئه‌مانه پاڵ پێوه ده‌نێ؟ نانپێوهخواردن به‌زمانی کوردییه‌وه! به‌ڕاستیی داهێنانێکی زۆر نوێیه، کورد خاوه‌نی هیچ نییه، به‌هۆی شه‌ڕی حیزبیی و ئایدیۆلۆژییه‌وه به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی و نه‌گونجانی سیاسیی (پ‌د‌ک و ینک)ه‌وه خه‌ریکه که‌رکوک بۆ یه‌کجاریی له‌ده‌ست کورد ده‌رده‌چێ، که‌چیی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی له‌سه‌ر زمانی کوردیی، وتاری سیاسیی و حه‌ماسیی و پڕ لهشیڕهشیڕ و دروشم ریزکردن ده‌نووسن، دژایه‌تی کۆی ئه‌و ئیراده كلتووریی و سیاسیی و زمانه‌وانییه ده‌که‌ن ، که ده‌خوازێ له‌کوردستانی عێراقدا کورد ببێ به‌خاوه‌نی زمانێکی (فه‌رمیی و ستاندهرد و یه‌کگرتوو)، له‌ڕووی سیاسیی و یاسایی و زمانه‌وانییه‌وه، گومانێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ بۆ وا به‌کاوه‌خۆ وتاره‌کانیان به دروشمی سیاسیی ئاخنیوه. ئاخر گورنهتهڵهی وا هاتووه‌ته ده‌نگ و ده‌ستی کردووه بهتهقوتۆق و شین و شه‌پۆڕ بۆ عه‌شیره‌ته‌کانی کورد و داوای نازڕاگرتنی ناوچه‌کان ده‌کات، له دوور و نزیکه‌وه پێوه‌ندیی به‌زمانناسییه‌وه نییه. من ناڵێم هه‌موو کورد یان زۆربه‌ی که‌س ده‌بێ لهزمانناسییدا یه‌ق بکاته‌وه، بەڵكو ده‌ڵێم سیاسه‌ت، ئایدیۆلۆژیا‌و زمانناسیی که تێکهڵكران، لیتاوێک دهردهچیَ که‌س نازانێ پێکهاته‌کانی چین.
ده‌کرێ هه‌ر سیاسییه‌ک، نووسه‌رێک، توێژه‌ره‌وه‌یه‌ک، ته‌نانه‌ت هه‌ر دڵسۆزێکی پرسه نیشتمانییه‌کان له‌سه‌ر گرنگیی و به‌های زمان بنووسێ، به‌ڵام ناکرێ هه‌موومان هه‌ر ببین به مه‌سعود محه‌مه‌د، ناکرێ هه‌موومان به زمان‌ناس خۆمان بناسێنین. زانستی زمان، زانستێکه له‌هه‌موو زانستهکانی دی، ژانره‌کانی پانوپۆڕتر و مه‌ودا قووڵترن. وه‌ک ده‌ریایه‌ک وایه، زۆرینه‌ی رووباره‌کان تێی ده‌ڕژێنه‌وه. دواتر خوێندنه‌وه‌ی وتار‌و توێژینه‌وه‌و کتێب له‌سه‌ر زمان، زۆر پشوو درێژیی و هێمنیی و کاتی ده‌وێ. زمانه بیانییه‌کان به‌تایبه‌ت ئینگلیزیی به‌ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان، وتار‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی و کتێبێ گرنگ له‌سه‌ر زمانیان هه‌یه. ئاخۆ که‌ی ره‌وایه ئه‌ندامێکی حیزب، ئایدیۆلۆژیستێکی ناوچه‌یی، نووسه‌رێک که ده‌سه‌ڵات چۆنی بیه‌وێ دهیڕهتێنێ، بێت و چاره‌نووسی زمانی کوردیی ده‌ستنیشان بکات! به‌ڵی منیش هاوڕام له‌گه‌ڵتا، زمانی کوردیی نانی پێوه ده‌خورێ، به‌ڵام ده‌بێ قامک بخه‌ینه سه‌ر ناندهرهکه! بێگومان ناندهرهکه له خه‌ڵکی کوردستانی گلده‌داته‌وه ده‌یکات به‌قوڕگی ئه‌م جۆره نووسه‌رو شینهشاهۆیانهدا.
كوردستان راپۆرت: چۆن بتوانین زمانێكی ستاندەری كوردی بە هەموو دیالیكتیكەكانەوە دروست بكەین و بیكەینە باو، ئەوە لە كاتێكدا دەیان وشەو چەمكی بیانی خراونەتە نێو زمانی كوردییەوە؟
كامیار سابیر: ماڵی پرۆفێسه‌ر عه‌باس وه‌لیی ئاوه‌دان بێت، کاتێ گوتی زۆربه‌ی راوێژکاره‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت" قسه‌ی قۆڕ" ده‌که‌ن. به‌ڕای منیش ئه‌وانه‌ی پێیانوایه، زمانی ستانده‌ردی کوردیی ده‌بێ زمانێکی پاراو، پوخت، په‌تیی، پاککراو لهوشه وچه‌مکی بیانیی و زمانێکی ره‌سه‌ن! بێت، جگه له‌قسه‌ی قۆڕ، هیچ له‌سه‌ر زمانناسیی نازانن.
زمانی ستانده‌ردی کوردیی له‌هه‌موو دایهلێکتهکانهوه دروست ناکرێ، بەڵكو له‌یه‌ک دایهلێکتهوه دروست ده‌بێ، ده‌کرێ که‌ڵک له‌هه‌موویان وه‌ربگیردرێ و به‌هه‌موو دایهلهلێکتهکان زمانی کوردیی ستاندهرد ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکه‌ن. ده‌بێ دان به‌و راستییه‌شدا بنێین، زمانی کوردیی به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی لاوازه له زۆر بواردا، هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه‌یه، که نزیکه‌ی دوو سه‌ده‌یه، به‌ته‌واویش ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌که به‌کرده‌وه ( ئه‌م زمانه‌ی پێی ده‌نووسین نه‌ک دایه‌لێکته‌کانی دی) له قهدوباڵاکردندایهو به‌پراکتیک له‌بواری نووسیندا جێکه‌وت بووه. له‌رووی ژماره‌ی وشه‌وه، زۆر له‌دواوه‌یه، به‌تایبه‌تیی له چه‌مکه فه‌لسه‌فیی و زانستیی و كلتوورییهکاندا. که‌واته خۆشیمان بوێ یان ترشیی، پانکوردیست و ناسیۆنالیسته کورده به‌رچاوته‌نگه‌کان با هه‌ر زه‌قه‌ی چاویان بێ، پێویسته چه‌مکه بیانیی و زانستییه‌کان وه‌ک خۆیان وەربگرین و دایانبنێینهوه.
كوردستان راپۆرت: لەوەتەی ئەم بابەتی زمانی ستاندەرە هاتووەتە ئارا زۆر نووسینمان بینیووە، لە یەكێك لە نووسینە دیارەكانی ئەو تەوەرەدا نووسەرێكی دیار دەڵێت "ستاندەر واتا رەسەن"، ئایا ئەمە تا چەند راستە، ئەگەر راستە ئەی زمانی رەسەن چییەو كامەیە؟
كامیار سابیر: پێشوه‌خت، ناوی نووسه‌ره‌که له‌پرسیاره‌که‌دا دیارنییه. نازانم له چ له‌هه‌لومه‌رجێکدا وایگوتووه، بۆی هه‌یه لهکۆنتێکستێکدا وایگوتبێ و به‌سه‌ریه‌که‌وه واتای وشه‌که‌و رسته‌که بگۆڕێن. به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، ئه‌گه‌ر ره‌سه‌نبوون به‌و واتایه دێت که زۆڵ نه‌بێ و له ئه‌سڵ و فه‌سڵی کورد بێ، "بیژیی" نه‌بێ و له باووپیرانی کورده‌وه مابێته‌وه، ئه‌وه باشتره بگوترێ ئه‌مه‌ش هه‌ر قسه‌ی قۆڕه.
ئه‌گه‌ر ره‌سه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌بێ که وشه‌ی عه‌ره‌بیی و فارسیی و زمانه‌کانی تر هێنراونه‌ته ناو زمانی کوردییه‌وه، ئه‌وه‌یش هه‌ر قسه‌ی قۆڕه. هیچ هێزێك ناتوانێ وشه‌گه‌لێکی وه‌ک ( قه‌ڵه‌م، رۆح، کتێب له "کتاب"ی عه‌ره‌بییه‌وه، عه‌شق، سیاسیی،را، حکومه‌ت…ده‌یان و سه‌دان وشه‌ی تر) له‌زمانی کوردییدا بسڕێته‌وه. ئه‌م تێکه‌ڵبوونه پێداویستیی رۆژگاره‌و زمانه‌کان له‌گه‌شه‌کردن و گۆڕاندان، تا دێتیش زیاتر به‌یه‌کدا ده‌چن و تێکه‌ڵتر ده‌بن. زۆرینه‌ی زمانه ئه‌وروپاییه‌کان به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر چه‌مکه‌کان و وشه‌کانیان تێکه‌ڵ بوونه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ ستاندهرد به‌واتای ره‌سه‌ن دێت، من هیچ سه‌ری لێدهرناکهم.
كوردستان راپۆرت: سۆرمانجی كە ئێستا لە كوردستان زمانێكی زاڵە و لەنێو پەروەردەو بەشێكی زۆری ژیانی ئێمەدا وجودی هەیە، ئایا ئەم سورمانجییە تا چ رادەیەك دەچێتە خانەی ستاندەرەوە؟
كامیار سابیر: سۆرمانجیی پێشتر له‌سه‌ری نووسیومه، به‌ڵام به‌کورتیی لێره‌دا ده‌ڵێـم، ئه‌گه‌ر سۆرمانجیی به‌واتای تێکه‌ڵکردنی دوو دایه‌لێکت و دوو زمان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زمانێکی یه‌کده‌ستی لێبه‌رهه‌م بێت. ئه‌وه شتێکه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌مایه‌کی زانستیی و لینگویستیکییه. به‌ڵام زمانی کوردیی"سۆرانیی" و بنزاراوه‌ی بادینانیی وه‌ک لقێكی زاراوه‌ی کرمانجیی ژووروو له کوردستانی عێراقدا ده‌توانن به‌هاوکاریی دایه‌لێکته‌کانی تر زمانێکی ستانده‌ردی کوردیی یه‌کده‌ست بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق دروست بکه‌ن. به‌ڵام مه‌رجه بناغه‌ی ئه‌و زمانه، به‌تایبه‌ت له بواری رێزمانییدا یه‌ک زاراوه بێت. به‌ڕاستیی ئه‌گه‌ر کرمانجییه‌کان یان دروستتر بڵێین خه‌ڵکی بادینان ده‌یانه‌وێ زمانێکی ستاندهرد له‌گه‌ڵ ته‌واوی هه‌رێمی کوردستاندا پێکبهێنن، باشترین هه‌لی زێڕینیان له‌به‌رده‌ستدایه، که ده‌توانن تانوپۆی ئه‌و زمانه کوردییه به زاراوه‌ی کرمانجیی ژووروو زۆر به‌هێز بکه‌ن. ئێمه‌ش لێیانه‌وه فێر ده‌بین، ته‌واوی چه‌مک و وشه کوردییه‌کان " لێره‌دا بڵێین ره‌سه‌ن، دروسته" له‌بری ئه‌وه‌ی دایتاشین و له‌زمانه بیانییه‌کانه‌وه وه‌ریبگرین، زۆرترینی له‌وانه‌وه وه‌رده‌گرین. من زۆر گه‌شبینم، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌و نه‌خشه‌وپلانی زمانیی هه‌بێ، له‌ماوه‌ی که‌متر له ده‌ساڵدا، له‌کوردستانی باشووردا، ده‌کرێ ته‌کانێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره به‌زمانی کوردیی بدرێ ، که گه‌شه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده سه‌رسوڕهێنه‌ر بکات، به‌تایبه‌تیی له بواری (لێکسیکاڵدا -lexical ) و به‌هۆی هێجه‌مۆنیی کرمانجیی ژوورووه‌وه وشه‌و چه‌مکه کوردییه‌کان به‌ڕێژه‌ی (٥٠ تا٧٠ %) له وشه‌و چه‌مکه کرمانجیی و هه‌ورامیی و زازاییه‌کان …. بێت. به‌دڵنیاییه‌وه رێژه‌ی هێجه‌مۆنیی زاراوه‌ی کرمانجیی ژووروو له‌هه‌موویان زیاتر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌خودی ئه‌م زمانه‌ی کوردییه‌ی هه‌نووکه‌ش زیاتر ده‌بێت و به‌شی شێری به‌رده‌که‌وێت. بۆ نموونه تێکهڵکردنهکان ده‌کرێ به‌مشێوه‌یه بێت، ئه‌و تیپه ته‌نیایانه‌ی له کرمانجییدا رۆڵی وشه‌یه‌ک ده‌گێڕن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناکرێ له‌گه‌ڵ زمانی کوردییدا تێکه‌ڵ بکرێن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر زمانناسه‌کانی کرمانجیی ( له‌کوردستانی عێراقدا) ته‌نیا کۆمه‌ڵی تیپ هه‌ڵگرن وه‌ک ( ل، ژ، د…….تاد ) " ل پارێزگه‌ها دهۆک"، " ژ ده‌ڤه‌رێ سۆران" … له‌بری ئه‌وانه وشه کوردییه‌کانی ناوچه‌کانی تر به‌کاربهێنن، ده‌توانن زۆرترین رێژه له وشه‌ی کرمانجیی بهێننه ناو زمانی کوردی ستانده‌ردی هه‌رێمه‌وه. ئه‌م پلانی به‌رنامه‌ی زمانییه ده‌بێ زۆر به‌وردیی و ئاگاییه‌وه بکرێ، له داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌و زمانه ستانده‌رده‌ی کوردستانی باشوور ( موتوربهرکراو به هه‌موو دایه‌لێکته‌کان، به‌تایبه‌تییش به کرمانجیی)، زۆر نزیکتر ده‌بێت له زمانی کوردستانی باکوور. به‌مه‌ش نزیکایه‌تییه‌کی زۆر، بۆ هه‌ر هه‌وڵێکی تر له‌داهاتوودا دروست ده‌بێت.
له‌بیرمان نه‌چێ قسه‌کردن له‌سه‌ر زمانی کوردیی له‌ئاست سه‌رجه‌م پارچه‌کانی کوردستانداو پێکه‌وه‌و له‌یه‌ککاتدا، له وڕێنه وخه‌ون و خه‌یاڵ زیاتر هیچ به‌رهه‌مێکی نابێ. زمانی ستانده‌ردی کوردیی ده‌بێ له‌کوردستانی باشووره یه‌که‌م هه‌نگاوی سیاسیی و یاسایی و زمانه‌وانیی خۆی بنێ. گه‌وره‌ترین به‌ڵاو نه‌خۆشیی زمانی کوردییش له ئاستی سه‌رجه‌م پارته‌کاندا، ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه بوو که جه‌لاده‌تی به‌درخان خستییه جه‌سته‌ی زمانی کوردییه‌وه، کاتێ سکریپتی تورکیی-لاتینیی کۆپییکرد. لهدرێژماوهداو له ئاستی کوردستانه‌کاندا، دوو جۆر ئهلفابێتیکی زمانی کوردیی گه‌وره‌ترین دووژمنی یه‌کده‌ستیی زمانی کوردییه. ئه‌م سکریپته ئارامییه‌ی هه‌نووکه پێی ده‌نووسین، که‌موکوڕییه‌کی ئه‌وتۆی نییه له‌گه‌ڵ زمانی کوردییدا. به‌ڵام سکریپتی تورکیی-لاتینیی، چونکه هه‌ر بهسهقهتیی له‌دایک بووه، هه‌ر بهسهقهتییش ده‌مێنێته‌وه.
تێبینى ئەم گفتوگۆیە كوردستان راپۆرت بڵاو بۆتەوە