Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
گێڕانەوە و فەنتازیاى داهێنەرانە لە ڕۆمانی ( زیندە خەون )دا

گێڕانەوە و فەنتازیاى داهێنەرانە لە ڕۆمانی ( زیندە خەون )دا

Closed

 گێڕانەوە و فەنتازیاى داهێنەرانە لە ڕۆمانی ( زیندە خەون )دا
 محمد حسین

 
 هەندێك جار تەنها تایبەتمەندیەك تێكستێك ناوازەو دەگمەن ئەكات , دەگمەن بەو واتایەى شتێكی خوڵقاندووە كە پێشتر نەبووە , ڕوبەرێكی تازەى ئەفرێنراوی تیادروستبووە كە تازەمەنی دەركەوتنی دەقەكە لەئارادا نەبووە . ئەگەر چى كۆی گشتى بیناى تێكستەكە , شێواز , زمان , تەكنیكەكانی گێڕانەوە و تەواوی ڕەگەزە كانی تریشى پێویستە لەپەیوەندیەكی هارمۆنیدا بن  بۆدروستكردنی هەركارێكی داهێنراو , بەڵام گەلێك جار ڕێئەكەوێت جوانی و داهێنان زیاتر لە یەكێك لەڕەهەندەكانی بەرهەمەكەدا ئەدرەوشێتەوە  , یاخود جوانی و چاكبیناكردنی یەكێك لەڕەگەزەهونەریەكانی تێكستەكە ئەكاتە خاوەن ڕوخسارێكی تایبەت و دەگمەن   . لەئەدەبدا بەمە ئەوترێت داهێنان , ئەگینا هەموو تێكستێكی هونەرى و ئەدەبی خۆى بۆخۆى داهێنانە . ئەم ڕوبەرە تازە دۆزراوە , یاخود ئەفرێنراوە , هەلومەرجەكانی دەركەوتنی چین و چۆن ئەناسرێتەوە , بەكام پێوەر بیبینین و بیناسینەوەو تەعریفی بكەین ؟ كۆمەڵە پرسێكی ترەو لێرەدا گفتوگۆ ناكرێت , ئەوەى مەبەستى ئەم نوسینەیە دەركەوتە ئیبداعیەكانی ڕۆمانی زیندەخەونی * (فەتاح ئەمیری )یە , بەدیارى كراویش ڕەگەزی گێڕانەوەو گەمە هونەریەكانی ئەم ڕەگەزەیە لەم ڕۆمانەدا , دواتریش ئەو دوو وێنە هاوتاو مفارقەى paradox كە بەتەكنیكی گێڕانەوە خوڵقێنراوە , ئەوەى كە تاڕادەیەكی زۆر ئیشكالیەتە ویژدانی و ڕۆحیەكانی مرۆڤی كوردی داگیركراومان نیشان ئەدات .. كۆى ئەم ئیشكالیەتانەیش بەهۆى لێزانی و مەهارەتی نوسەرەوە , لەڕێگاى ئەم فیڵە جادوگەرەى گێڕانەوەوە خوڵقێنراوە .
 
 ڕوخاندنی وێنە كڵێشەییەكانی ئەوی تر :
 
  ماریۆ فارگاس یۆسا ** لەچاوپێكەوتنێكیدا  ئەڵێت " نوسەرى داهێنەر هەموو بونمان ئەگۆڕێت "  باوەڕم وایە هەر خوێنەرێكی كورد زیندەخەون بخوێنێـتەوە بەشێكی زۆرى ئەو وێنە چەسپیوانەی دەربارەى خۆى و ئەوی ترى ( داگیر كەر , دوژمن  ) لەخەیاڵگەیدا  هەیە ئەگۆڕێت .. ئەمە نەك لەبەر ئەو وێنە زەبون و بریندارەى مرۆڤی كورد كە لە تێكستەكەدا وێناكراوە , بەڵكو بەهۆى دەركەوتنی ئەو ئەگەرە مرۆییانەى لەساتێكی ژیانی ستەمكاردا ئەشێت بێتە ئاراوە   , یان ئەو ڕەهەندە مرۆییانەى لە كەسایەتی ستەمكاردا پەنهانە و هەمیشە وێنە ڕوكەشە كڵێشەییەكانی لێناگەڕێت بیبنین . هەر بۆیە ئەم ڕۆمانە ئەكرێت وەك سەرەتایەك بۆلابردنی ( كڵێشە خێرو شەڕیەكانی كارەكتەرسازی ) لەڕۆمانی كوردیشدا تەماشاى بكەین , یان وەك تێپەڕاندنێكی ئەو وێنە مەئلوفانەى كە ( ئەوى ترى داگیركەر و ستەمكار )  لەئەدەبى گێڕانەوەى كوریدا هەیبووە بیخوێنینەوە .
  قەدەرى تراژیدی ئازاد (پاڵەوانی سەرەكی ڕۆمانەكە )لەم تێكستەدا  قەدەرێكە بەڕێكەوت دروست بووە , ئەوەى ستەمی لێ ئەكات دوژمنێك نیە كە شوناسی كەینونەیى كوردبونی ئازاد كردبێتیە دڕندە ,  بەڵكو دۆخى دیكتاتۆریەتە , لەم دۆخەیشدا دیكتاتۆرتەنها یەك خەسڵەتی دادپەروەرانەى هەیە ,  ئەویش دابەشكردنێكی یەكسانانەى زوڵم و ستەمەكەیەتى بەسەر هەموو مرۆڤێكدا , یان گەر لە ناوكۆیى context  ئەم ڕۆمانە قسەبكەین , بەسەر هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی گەلانی ئێراندا .
 ئەم دەقەى فەتاح لەهەموو لایەنەكانی زمان , ڕوداو , حكایەتخوان و گێڕەرەوە , زەمەنی ڕوداو , زەمەنی گێڕانەوە  دەقێكی ئاساییە  , تەنانەت گفتوگۆو قسەكردنی كەسایەتیەكانیشى هەروا نۆرمە ئاساییەكانی گێڕانەوەى تێ نەپەڕاندووە  ( ئەوەى كە خوێندكارێكی زانكۆیى بەپێویست ئەبێت وەك ڕوناكبیرێك قسەبكات , دایە خەیاڵیش مادام پیرەژنێكى نەخوێندەوارە بەرودواى قسەكانی خۆى نازانێـت ). دیارە ئاسایبون بەو مانایە دێـت هاوشێوەى ئەم شێواز و تەكنیكانە لە لاى نوسەرانی ترى ئەدەبی كوردی  بینراوە , ڕەگەزی نائاسایى و داهێنراوی ئەم تێكستە ئەو تێكەڵكردنە هونەرمەندانەى خەون و واقعە كە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر سەرەتاو كۆتایى دەقەكەى پێچنراوە  . كۆتایى ئەم فێڵە جادوگەرانە هێندە لێزانانەیە دور نیە خوێنەر بگەڕێنێـتەوە بۆ ئەو پرسیارەى , كە ئایا( زیندە خەون ) تەواوى گێڕانەوەى خەونێكە , یان ژیانی پڕئیشكالیەتی گەنجێكی كوردە و  خەونە كابوسیەكانی خۆی هەراسانی كردووە  ؟
 لە ئەدەبی عەرەبیدا لە كۆتایى حەفتاكاندا (غادە سمان ) وەك هەوڵێك بۆبەحكایەت كردنی ئەو هەموو بەربەریەتەى شەڕ لەبەیروتدا نواندی ڕۆمانی (كابوسەكانی بەیروت )ی نوسی ***, ڕۆمانەكەى غادە تەنها گێڕانەوەیەكی واقعیانەى تراژیدیاكانی بەیروت بوو , حكایەتگەلێكی واقعی بوو غادە خۆیى ئەیویست بیكاتە كابوس . ڕێك پێچەوانەى ئەم ڕیتمە , لەڕۆمانی زیندە خەونا بەڕاستی كابوسەكان هەیەو ئازادی پاڵەوان تیا ئەژى , بەڵام نوسەر ئەیەوێـت بیكاتە ڕستێك خەونی كابوسیانەى یەكێك لەپاڵەوانەكانی . ئەگەر چى جیاوازی فەزاو ڕوداو لە ناوئەم دوو ڕۆمانەدا یەكجار زۆرە , بەڵام لەهەردووكیاندا كابوس و تەوزیفكردنی كاوبوسیانى واقعێكی تاڵ ڕەگەزێكی بنەڕەتی هەردوو تێكستەكەیە .
 
 شاچیرۆكی ئەم ڕۆمانە :
 
 وەك هەر ڕۆمانێكی ئاسایى لەم ڕۆمانەدا پاڵەوانێكی سەرەكیمان هەیە ناوی ئازادە , كوڕِی خێزانێكی دەوڵەمەندە و بەمێردمنداڵى باوكی ئەمرێت , بەڵام مردنی باوكی و ژیانی وەك هەتیوێك نابێـتە هۆى تێكچونی ئەو نازو نیعمەتەى كە پێشتر لێی بەهرەمەند بووە . ئازاد لەگەڵ كچێكی هاوڕێی منداڵى و دراوسێیاندا دەكەونە پەیوەندیەكی تێكەڵە لە هاوڕێیەتی و جۆرێك خۆشەویستى شەرمنانەى كرچ و كاڵ , كە تاكۆتاى ڕۆمانەكەیش ئەم كچەو ئەم پەیوەندیە هەردەمێنێتەوە , دیارە فۆرمی ئەم پەیوەندیە ئەوەندەى لە پەیوەندی و عەشقێكی ئەفلاتونیانە ئەچێت , لە پەیوەندی و عەشقی ئەڤینكارى erotic   كوڕو كچێكی هەرزەكار ناچێت .
 ئەم كارەكتەرە ( ئازاد ) بەدوو ئاراستەى جیاواز دووچیرۆكی دژبەیەك و ناكۆك ئەخولقێنێت :
 چیرۆكی یەكەمیان : ئازادى خوێندكارە كەهاوڕێ و عاشقی مەلیە و لەگەڵ دایكە ئفلیجەكەی و دایە خەیاڵی دایەنیدا لەشارى مهاباتدا ئەژى , جگە لەوەى خوێندكارێكی دەبیرستان و دواتریش زانكۆیە , وەك هاوتەمەنەكانی ڕۆژگارى خۆى خەریكی كتێب خوێندنەوەو چالاكی سیاسیش ئەبێت … تائەو ڕۆژەى كەهەڵدێت بۆشارى تاران و شۆڕشى ئیسلامی سەرئەكەوێت و ئەویش ناچار ئەبێـت بۆئەوەى بهێڵن لەگەڵ مەلیدا بژى , بەڵگەیەكی یاسایى هاوسەرگیرى ئیمزا ئەكەن .
 چیرۆكی دووەم : هەركە ئازاد چاوی ئەچێتە خەو , لەخەونیدا ئەبێتە پیاوێكی ئازەرى كە ناوی ( حسێن ) ەو ئەفسەرى ساواكە , ئەو ڕۆڵەى وەك حسێن لەخەونەكانیدا ئەیبینێت ,  بەدرێژاى خەونەكەو ڕۆمانەكەیش هەر خەریكی ئەشكەنجەدانی گەنجێكی كوردە بەناوی ( ئەمیر ) .   ئەم ئەمیرە هەموو تاوانێكی هەر ئەوەیە كەسێكی خوێندەوارو هۆشیارە , بەتێگەیشتنی حوسێن  ( كە دیارە ئەمە نمونەی خەیاڵ و مێنتالیتی ساواك و ئەو ڕژێمەیشە كە ساواك خزمەتی ئەكات ) كەسی خوێندەوار و هۆشیار هەمیشە تاوانبارو دوژمنە , چونكە ئەگەر هەژار بێـت ئەبێتە كۆمۆنیست , ئەگەر كوردیش بێـت ئەبێـتە جودایى خواز . دیمەنەكانى ئەشكەنجەو لێپرسینەوەى ئەم گەنجە كوردە تائەو ساتەى حسێن ویژدانی بێدار ئەبێـتەوەو خۆى ئەكوژێت هەر بەردەوامە . هاوكات ئەم حسێن ناوە ئەكەوێتە داوی عەشقى كچێكی جوانەوە بەناوی ( زەڕی ) و دواتر مارەى ئەكات . هاوسەرگیرى حسین و زەڕى كچێكی لێى ئەكەوێتەوە بەناوی ( ئیلاهە ) , كە ئەم كچە دواتر تەواوى ئەم خەون و واقعە  ئاوێتە ئەكاتەوە و نهێنی چیرۆكەكەیشمان بۆئاشكرا ئەكات ..
 تائێرە هەردوو چیرۆكەكە ئاساییە , گەرنوسەرێكیش ئەم دووچیرۆكە لەكارەكتەرى پاڵەوانێكدا كۆبكاتەوە بەهۆى پەنابردن بۆ تەكنیكی خەون بینین هەرئاساییە .. بەڵام سیحرى ئەم ڕۆمانە لەوێوەدەست پێئەكات كە لەواقعی ناو تێكستەكەدا ئەم ( حسێن ) ناوە پێشتر هەبووە بەبێ ئەوەى ئازاد بیناسێـت  , ماوەیەك پێش ئەوەى بێـتە ناو خەونەكانی ئازادەوە خۆى ئەكوژێت . ئیلاهەى كچى ئەبێتە هاوڕێی ئازاد و لەسەختترین تەنگانەیشدا فریاى ئەكەوێت , ( ئەوكاتەى ساواك ئەیگرن لەسەر بڵاو كردنەوەى بەیاننامەى شۆڕشگێڕى و… ) ئەوەى وائەكات ئازاد سەرنجی ئیلاهە ڕابكێشێت لێكچونی شێوەو ڕوخسارى ئازادە لەگەڵ حسینى باوكی ئیلاهەدا , بەهەمان شێوە زەڕى دایكیشى  هەروا ئەم لێكچونە هەست پێ ئەكات , بەلاى ئازدیشەوە : كاتێك دەچێـت بۆماڵى ئیلاهەو زەڕى دایكی ئەبینێـت , هەست ئەكات ئەم ژنە تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەى ئەو زەڕى ناوەیە كە لەخەونە كابوسیەكانیدا وەك حسین هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەكرد ..
 بەكورتی دواى تەواو كردنی ڕۆمانەكە , خوێنەر نازانێت خەونە كابوسیەكانی ئازاد شاچیرۆكی ڕۆمانەكە بووە , یان تەواوى ڕۆمانەكە لەناو تونەكانی ئەم خەونەدا وێڵ بووە ..
 فەزای ئەم ڕۆمانە لەو جۆرە فەزایە كە زنجیرەى ڕوداو , گرێچنی ورد , حكایەتە بەسەرچووەكانی كارەكتەرەكان , بونیادەچیرۆكیەكەى , دروستى كردووە , زمانی گێڕانەوەیش هەروا ئەم پەیوندیە سەبەبیانەى تێنەپەڕاندووە كە بەشێوەیەكی جاڵجاڵۆكەیى كۆى ڕودواو چیرۆكەكانی كۆكردۆتەوە . ئەم ڕۆمانە وەك ئەدەبی بەختیار عەلى و ئحلام مستەغانمی نەهاتووە لەناو گەمە سردیەكانی زمان و شیعریەتی زماندا چیرۆك بخوڵقێنێت , بەڵكو لێگەڕاوە چیرۆكەكان زمانی خۆى دروست بكات . یاخود  ئەوەى لەزیندەخەوندا ڕیتمسازی ئەكات  شیعریەتی زمانی گێڕانەوە نیە , ڕستەى خیتابی و خەیاڵ و دەستەواژەى شیعرى نەهاتووە بۆئەوەى گێڕانەوەمان بۆجوانتر بكات , بەڵكو گێڕانەوەیەكی خاوی ڕیتم نەرم , بەزمانێكی چیرۆكبێژى سادەوە جیهانێكی ناسكی ڕیوائیانەى دروستكردووە .
 تایبەتمەندیەكی ترى گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە نوسەر نەهاتووە بەشێوازی بۆرخیس و جادوگەرەكانی ترى ئەمریكاى لاتینى یارى بەوێنە و دیمەنە مەئلوفەكانی ناو خەیاڵمان بكات , بەپێچەوانەوە ئەم ڕۆمانە لەو پەڕی واقعیەتی خۆیەوە ئەمانخاتە ناو خەونێكەوە كە دواى كۆتایى هاتنی ڕۆمانەكە بۆمان دەر ئەكەوێـت , تەواوى ئەم خەونەو ئەوەیش بەواقعیەتی ڕۆمانەكەى ئەبەستێتەوە تەنها فێڵێكی گێڕانەوەیە  .. بەڵام ئەم فێڵە بێ ئەرك نیە , بێ پەیام و وەزیفەى دەلالى نیە , ئەوەندەى لەناو خەونەكەدا ئێمە درێژكراوەى پارادۆكسى چیرۆكەكان ئەبینین , ژیانی ناو چیرۆكەكان بۆخۆى  هێندە دەوڵەمەند نین بەواتاو مەغزا و دەلالەتی ئیشكال ئامێز .
 ئیشكالیەتە كانی كەسایەتی ئازاد :
 ئازاد لەواقعی ژیانی خۆیدا كەسایەتیەكی نۆرماڵە , مرۆڤێكی هۆشیارە بەو واقعەسیاسیى وكۆمەڵایەتیە تاڵەى میللەتەكەی تیائەژى , لەخەونە هەمیشە دوبارەبووەكانیدا , ئەبێـتە ئەفسەرێكی ساواك و تەواوی كابوسەكانی هەر دیمەنی لێپرسینەوەو ئەشكەنجە دانی گەنجێكی خوێندەوار و هۆشیارى كوردە . پارادۆكسی ئەم دوو وێنە ناكۆكە ئەشێت زۆر شتمان پێ بڵێت  : ئەكرێت وەك بیرۆكەیەكی سەرەتایى لەبەر ڕۆشانیى ناكۆكیە ویژدانی و ئخلاقیەكانی كەسی شۆڕشگێڕدا بیبینینەوە , ئەشێـت وەك ئەو ناكۆكیە سایكۆلۆجیانەى مرۆڤی (داگیركراو ) تەماشاى بكەین كە ئیدوارد سەعید ئەڵێت , " هەرگیز ناتوانێت هەنگاوێك بنێت و وێنەترسناكەكانی داگیركەرەكەى خۆى لەبیربكات , ڕۆژێك بژی و وێرانەكانی كۆلۆنیالیزم لەخۆیدا فەرامۆشبكات " . بەپێى ئەم لۆجیكەى سەعید , ئەو دوو وێنە پێك ناكۆكەیش ئازاد دروستى ئەكات هەر لەسەرەتاوە نمونەیەكی شێواو و داڕوخاوی كەسایەتی مرۆڤی كوردی داگیركراومان نیشان ئەدات , مرۆڤێك لەواقعدا قوربانیەو لەخەونەكانیشیدا جەلاد , تەنها یەك جیاوازی ئەبینرێت : ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو جەلادە گریمانكراو وێناكراوانەى لەخەیاڵگەى سەعیددا هەیە خۆرئاواو كۆلۆنیالیزمە , كەچى هەمیشە جەلادەكانی كورد , یاخود ( ئازاد ) ئەو سیستەمە ستەمكارانەیە لەگەڵیا ئەژین . ئەوانەی هەمیشە وەك ستەمكار و داگیركەر  كورد توانیویەتی بیانبینێـت .
 دیارە هەڵبژاردنی ڕەگەزێكی هونەرى هەردەقێك بۆخوێندنەوە بەدابڕوای لەفەزاو تەواوى ڕەگەزە هونەریەكانی ترى دەقەكە , بۆخۆى كێشەیەكەو توشى گرفتی كورتبینی مەنهەجی و نەگەیشتن بەهیچ ئەنجامگیریەكمان ئەكات , بەڵام دەكرێـت خوێندنەوەیەك تەنهالایەنێكی هونەرى دەقێك بكاتە مەبەست و جێگەى گفتوگۆ , پێچەوانەى ئەوەى ڕانان نوسەكان ئەیكەن و ئەیانەوێت دەقى پێ بخوێننەوە .
 
 
 ………………………………………………………..
 
          
 • * زیندە خەون : فەتاح ئەمیرى : دەزگاى چاپ و بڵاوكردنەوەى ئاراس /2003
 • ** ڕەنخنەگرو ڕۆمان نوسێكی پیرۆییە و بەزمانی ئسپانی بڵاو ئەكاتەوە , چاوپێكەوتنەكەى لە ڕۆژنامەى ( السفیر ) ڕۆژى 7/7/2006 . بڵاو كراوەتەوە .
 • *** كوابیس بیروت : غادە السمان  : منشورات غادە السمان 1977.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.