Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەدەبی كوردى و كاریگەرى

ئەدەبی كوردى و كاریگەرى

Closed
by August 23, 2008 ئەدەب

 ئەدەبی كوردى و كاریگەرى
   عومەر جەلال
 
 ژانرەكانى ئەدەب  بەگشتى و شیعر بەتایبەتى هەمیشە كاریگەرى نووسەرە ناودارەكانى جیهانی  پێوە دەبینرێت.
 ئەگەر شاعیرانى ئەمڕۆى كورد (سوهراب و فروغ و شاملۆو ئەدۆنیس و سەیاب و نووسەر گەلێكى ئەوروپى و ئەمریكى…هتد) كاریگەرییان كردبێتە نووسین و شیعرەكانیان, ئایا شاعیرانى كورد كاریگەریان لەكام نووسەرى فارس و عەرەب و جیهانى كردووە؟ یان بەمانایەكى دى لەكام دیمانەى شاعیران و نووسەرە ناودارەكانى جیهاندا بینیومانە ئاماژەیەكى كورتیش بە بوونى ئەدەبی كوردى و تەنانەت ناوێكى دیارى كوردى بكەن؟
 ئەدەبی سەركەوتوو مەزن لەتەك زیندوویەتى و بەردەوامیدا رۆدەچێتە زۆربەى ئەدەبی زمانە زیندوووەكان و كاریگەرى خۆى بەجێدەهێڵێ لە هەموو ساتێكدا,بوونى كاریگەرى لە ئەدەبدا لە ئاستى نوێگەرى و تێكستى زیندوو هەمیشە  بەرەهایى دەبینرێت .
 ئەدەبى كوردى وەك ئەدەبێكى قەیراناوى تا هەنووكە لە نادیاریدا دەژێت ,بەردەوام نووسەرانى كوردى باكوور هێندەى لە ژێر كاریگەرى (ئۆرهان پامۆك) دا دەنووسن نیو هێندە بەختیارعەلى و شیركۆ بێكەس ناخوێننەوە.
 هەروەك چۆن لەهەرێمى كوردستاندا نووسەران و شاعیران  هێندەى  (مارگیز و كۆیلۆ و كازانتزاكیس) دەناسن و دەخوێننەوە و كاریگەرى كردووە لە فۆرم و تەكنیكى نووسینیان بەو ئەندازەیە (محەمەد ئوزون ) ناخوێننەوە نایناسن .لەوەش ترسناكتر و بارگاویتر بەئازارى ئەدەبی نووسەرانى بادینان و سۆران لێكگەیشتنێك نییە لە نێوانیان , نووسینەكانیان لە هەردوو لا ناخوێنرێتەوە و یەكدى ناناسن.
 ناكرێت ئەوە لەیاد بكەین كە میللەتى كورد هەمیشە لە لایەن نەتەوەكانى دراوسێیەوە چەوسێنراوەتەوە , ئەم چەوساندنەوەو داگیركردنەى خاكەكەى و دابەشكردنى بەسەر چوار پارچەدا كاریگەرى نێگەتیڤى كردووەتە سەر بوونى ئەدەب و كولتوورو  تەنانەت ئابوورى ژیانى نووسەران .چ جاى ئەوەى لە زۆربەى بەشەكانى دى زمانى دایكى لێ قەدەغە كراوە و ناچار كراوە بەزمانى دى بنوسێت وبخوێنێتەوە.
 ئەمانە كۆى ئەو فاكتەرانەن كە رێگر بوونە لە بەجیهان ناساندنى ئەدەبی كوردى كە ببێتە ئەدەبێكى كاریگەر بۆ نووسەرانى وڵاتانى دى ,وەلێ  چەند ساڵیكە هەرێمى كوردستان لە دۆخێكى تەندرووست و ئاستێكى باشدا دەگوزەرێت كەچى تا هەنووكە كێشەى زمانى ستاندارد و گرینگى نەدان بە نووسەران و هونەرمەندان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ئاستى باشدا  نەبووە.
 نكۆڵى لەوە ناكرێت ئەدەبی كوردى لە ئاست ئەدەبیى جیهانیدا هیچى كەم نییە , وەلێ كێشەكە لەوەدایە لەناو خودى خۆماندا نەمانتوانییوە بناسرێین ,ئەوە رەخنەى كوردى نەك هەر سست و لاوازە تەنانەت لەسەرە مەرگدا دەژێت.
 تاهەنووكە ئەو رەخنانەى كە دەیبینین زۆربەیان دیدێكى هاورێیانەى لە پشتەوەیە یان هەڵگرى باكگراوندێكى توند تیژیانەن بۆ شكست و كاڵكردنەوەى ئەوى دی.
 لەم ماوەیەدا لە رۆژنامەى (ئەلحەیات) رەخنەگر و شاعیرى لوبنانى (عەبدە وازن ) نووسینێكى قەشەنك و سەركەوتووى لە سەر كتێبى (ار واح فی العراو .. انگولوجیا الشعر الكردی الحدیپ )  ى             ( عەبدولا تاهر بەزرنجى) نووسیبوو, سەرسوڕمانى خۆى نیشاندابوو لە بوونى ئەو شاعیر گەلە ناسكانەو خوێندنەوەیەكى پۆزەتیڤانەى بۆ ئەو كتێبەبەگشتى و شیعرى كوردى  بەتایبەت كردبوو.
 من دڵنیام ئەگەر ماندوبوونى وەرگێر نەبووایە هەرگیز خوێنەرانى عەرەب و ئەو رۆژنامەیە ناوى ئەو شاعیرگەلەیان نەدەزانى و ئاشنا نەدەبوون بە شیعرى نوێگەرى كوردى,بۆیە جێگاى خۆیەتى دەستخۆشی لەو وەرگێڕانە بكەین كە ماوەیەكە لە زمانى كوردیەوە بۆ فارسی و عەربی وەردەگێڕن و ئەدەبی كوردى بەنەتەوەكانى دى دەناسێنن ,خۆزگە بەزمانە زیندووەكانى دى ئەدەبی كوردى بەتایبەت شیعرى شاعیرانى نوێخواز بۆ زمانە زیندووەكانى وەك ئینكلیزى و فەرەنسی و ئەڵمانى زمانەكانى دى كە گرینگە و ئەركى سەرشانى وەرگێڕەكانە بەرۆحیەتیەكى ئەدەبی  خزمەت بەئەدەب و هزرى كوردى بكەن.
 
 omerjelal@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.