Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پیاوماقول و پیاوی ناماقول

پیاوماقول و پیاوی ناماقول

Closed
by August 25, 2008 گشتی

 باهەبێ (5)…
 پیاوماقول و پیاوی ناماقول
 سەنگەر زراری
 
 جارێ بەر لە هەموو شتێك دەبێ گلەیی ئەوە بكەین كە بۆچی وشەی "پیاوماقول" هەیە و وشەی "ژنماقول" یان "ئافرەتماقول" نییە، كەچی لە زۆر پلەوپایەی دیكەی عەشایەری یان دینی و تەنانەت سیاسیش ئەو پلەیە هەیە، بۆ نموونە "ئاغاژن" یان "مەلاژن" یان "خانمی یەكەمی وڵات" و… هەرچەندە ئەم جۆرە پلەوپایەی ئافرەت زۆربەی كات بەهۆی پیاوەكانیانەوەیە نەك خۆیان، بۆ نموونە كە دەڵێی "ئاغاژن" واتا ژنی ئاغا و مەرج نییە ئافرەتەكە خۆی پێشتر لە بنەماڵەیەكی ئاغا بووبێ، یان كاتێ مەلایەك ژن دێنێ ئەگەر ژنەكەی نەخوێندەواریش بێت دواتر بە ئافرەتەكە دەڵێن "مەلاژن". دەبوو ئەمە بۆ "پیاوماقول"یش راست با و بە هاوسەری "پیاوماقول"یشیان گوتبا "ژنماقول".
 دوای ئەوە كە دەگوترێ پیاوی ماقول، كەواتە لەبەرامبەر ئەمەشدا دەبێ "پیاوی ناماقول" هەبێ، كەواتە پرسیار ئەوەیە: ئایا "پیاوماقول" كێیە و چ پێوەرێك هەیە بۆ جیاكردنەوەی پیاوی ماقول لە پیاوی ناماقول؟ ئایا پیاوماقولان رێژەكەیان زیاترە یان پیاوانی ناماقول؟!
 لەناو سیستەمە عەشایەریەكەی خۆمان دیارە كە پیاوماقول ئەو كەسەیە یان بەتەمەنە، یان كەسێكی خاوەن دیوەخانە، یان كەسێكە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێزە و خەڵك رێزی دەگرن، زۆرجاریش سیفەتی "پیاوماقول" سیفەتێكی ویراسییە، بۆ نموونە؛ كاتێ پیاوماقولی گوندێك یان ناوچەیەك دەمرێ، كوڕەكەی لەشوێنی ئەو دادەنرێ و دەبێتە پیاوماقول؟!
 ئەم پێناسانەی سەرەوە بە گوێرەی قامووسی عەشایەرین، بەڵام لەلای حزبیش كاریان پێ دەكرێ، هەرچەندە حزب رەخنە لە زۆر شتی عەشایەری دەگرێت و بە خێڵەكی و دواكەوتوویان وەسف دەكات، بەڵام جارجارێك بۆ بەرژەوەندی خۆی بنگۆمێك لێ دەدات و سیفەتەكانیان پەسند دەكات و پەیڕەویان دەكات، حزب مووچە بۆ پیاوماقولان دەبڕێتەوە و پیاوی ناماقولیش فەرامۆش دەكات، سیفەتی ماقول دەبەخشێتە پیاوان و بە ئافرەتانی نادات، لەلای حزب شتێكیش هەیە كە جیاوازە لە سیستەمە عەشایەرییەكە ئەویش ئەوەیە: هەندێ كەس بە پیاوماقول ناویان تۆمار كراوە كە بە مەرجە عەشایەرییەكان بێت ئەوانە پیاوی ماقول نین، چونكە یان تەمەنیان بچووكە یان باوكیان ماوە و خۆیان بوونەتە پیاوماقول و..
 ئەگەر حزب بە پێوەری عەشایەری كار نەكات و بڵێ سیستەمێكی خێڵەكی و دواكەوتووە، ئەوە دەبێ زۆربەی خەڵك بە ماقول دابنێت، رێزیان بگرێ و تەنها هەندێ كەسی لێ دەركات كە ئەوانیش كەسانی تاوانبار و بێزراوی ناو كۆمەڵگان، كەچی ئەو لیستی پیاوماقولانەی لەلای حزب هەیە، رێژەیەكی زۆر سنووردارە، ئایا دەشێ حزب بە لۆژیكی عەشایەری كار بكات و بە رێژەیەكی كەمی خەڵك بڵێ ماقوڵ، خۆ ئەگەر وابڵێ ئۆتۆماتیكییەن ئەوەی دەمێنێەوە دەبێتە "ناماقول"، كەواتە خۆشی و بەختەوەری بۆ ئەو كەسەی كە حزب پێی دەڵێ "ماقول"، چونكە مووچە و تۆزێ ئیمتیازاتیشی دەبێ، ئەگەر ناماقولیش بێت قوڕی بەسەر، چونكە یاسا لەسەر ناماقولەكان جێبەجێ دەكرێت.
 

Sangarzrary@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.