به‌ختیارعه‌لی و ئازادی عه‌قڵ و ئیراده‌که‌ی!
به‌ختیارعه‌لی و ئازادی عه‌قڵ و ئیراده‌که‌ی!
ئاسۆ حامدی
ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێنیه‌وه ته‌نها هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی کورته له‌سه‌ر فۆرموله‌یه‌کی کورتی به‌ختیار که له نووسینه‌که‌ی ده‌رباره‌ی عه‌قڵی ئازاد له ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی بڵاوکراوه‌ته‌وه. لێره‌دا له ڕوانگه‌ی کۆمۆنیکه‌یشن زیاتر ده‌ست بۆ ئه‌م فۆرمۆڵبهندیه ده‌به‌ین.
ئه‌و ئازادیه‌ی به ختیار عه‌لی باسی ده‌کات که ئازادی عه‌قل و ئیراده‌یه له خودی تاک دا پێش ئه‌و ده‌یان فه‌یله‌سوفی ئه‌وروپایی بانگه‌شه‌ی بۆ کردووه که دواییان سارتر بوو، لیبرالیزمی نوێ وه‌کو هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر ئه‌م بنه‌ما ئازادانه‌ی تاک حه‌ره‌که ده‌کات. له واقع ئازادی تاک مانایه‌کی هه‌یه به‌ڵام له گشت دا ئه‌وه‌ی لیبرالیزم و سارتر ده‌یلێن مه‌سه‌له‌یه‌کی تره له پراکتیدا ئازادی عه‌قل و ئیراده له کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵات (کوردی) و خۆرئاوایی (ئه‌وروپا) هیچ مانایه‌کی به‌رجه‌سته‌یان نیه.
ئه‌و ئازادیه‌ی عه‌قل و ئیراده له کۆمه‌ڵگای یه‌که‌میان جۆرێکه له ئهدڤێنتاریستی و له کۆمه‌ڵگای دووه‌میان له شکڵ دا وجودی هه‌یه به‌لام له باری ئابووریه‌وه بۆ هه‌مووان ڕوونه و هه‌رچه‌نده مرۆڤ ئازاده بۆ هه‌موو لایه‌ک بزوتنه‌وه بکات به‌ڵام ئیمکاناتی ماددی ڕێگاکانت بۆ دیاری ده‌کات و لێده‌گرێ به ئازادی بزوتنه‌وه بکه‌ی، له لایه‌کی تر به یاسا بوونی کۆمه‌ڵگا جۆرێکه له ده‌ستکۆتا کردن و پێدانی ئه‌و ئازادیه‌ی عه‌قل و ئیراده‌ی مرۆڤ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ به کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ژیت، ئه‌مه‌ش جۆرێکه له داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی زۆربه‌مان پێوه‌وه په‌یوه‌ستن و ڕێگریه‌کان و ڕێگا خۆشکه‌ره‌کان خۆشی و ناخۆشیه‌کان و ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌کانی په‌روه‌رده‌ی نه‌وه‌کان بۆ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک هه‌ندێ له ڕێسا و یاسای کۆمه‌ڵایه‌تی داناوه. ئازادی خۆی به شێکه له ئه‌نجامی خانه‌کانی نیوکۆرتێکس له مێشکی مرۆڤدا Neocortex
به زمانی ئینگلیزی و هۆله‌ندی وای پێده‌ڵێن جا نازانم به‌راورده کوردیه‌که‌ی چیه؟ بۆ زانیاری زیاتر به نموونه سه‌یری ویکیپیدیا یان هه‌ر په‌رتووکێکی زانستی ئه‌ناتۆمی مێشکی ئینسان بکه‌ن:
ئه‌مه‌ش وای له مرۆڤ کردووه بیربکاته‌وه‌و ئیدیا و مه‌سه‌له روحیه‌کان بۆ خۆی دروست بکات و ئازادی و ڕاسته‌یه‌کان له زهنی خۆیدا لێک بداته‌وه. به کورتی مرۆڤ ئازاده چۆن بیر ده‌کاته‌وه به‌ڵام که هاته پراکتیک خودی ئه‌م بیرکردنه‌وانه ده‌بێ حساب و کتابی له‌گه‌ڵ بکرێت. به‌نموونه که‌سێ ده‌توانێ بیر له کارێ بکاته‌وه به‌ڵام کاتێ حسابی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له پراکتیکدا ئه‌نجامی دا. هه‌ر خۆشی به‌ختیار ئازاده چۆن بیردهکاتهو مه‌سه‌له‌یه‌کی زاته به‌ڵام کاتێ بووه مه‌وزوع ئینجا مه‌سه‌له‌یه‌کی تره هه‌ر بۆیه‌ش تووشی ڕه‌خنه و لێپرسینه‌وه‌و یان خه‌ڵات (زه‌وی) وه‌رگرتن ده‌بێته‌وه!. ئازادی له زانستی کۆمۆنیکه‌یشن بریتیه له سیفه‌تێکی خود ( زات) یان تاک به ڵام کاتێ مرۆڤ له سیسته‌می ئه‌مڕۆ بۆ مادده ده‌ژی و ته‌نانه‌ت ئازادی دیاری کردنی کار‌و پیشه‌ی نیه بۆیه له ژیانی مهتیریالی دا مرۆڤ ئه‌وه‌نده ئازاد نیه به‌ڵام له هه‌ندێ لایه‌نی تاکی دا هه‌ر ئازاده لێره‌دا باس له گشت کاریگه‌ریه‌کان ده‌که‌ین که سیسته‌م و کاریگه‌ریه‌کانی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه. له لایه‌کی تر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ خۆی له‌خۆیدا له هه‌موو گیانداره‌کانی تردا جیا ده‌کاته‌وه، به‌نمونه خیزان و ڕێکخراو و بوون و به ده‌یان مه‌سه‌له‌ی تر به‌شێ له‌و ئازادییه‌ی عه‌قل و ئیراده‌یه‌ی پێده‌ده‌ن یان لێ زه‌وت ده‌که‌ن.
باشترین نموونه بۆ خوێنه‌ران ئازادی جل له‌به‌رکردنه، له هه‌موو کۆمه‌ڵگای خۆرئاوا دا قه‌بووڵی ژن و پیاوێک ناکرێت له سه‌ر کاناری ده‌ریا به جل و به‌رگی ئیسلامی له نێو هه‌موو ئینسانه‌کانی تر که به مایۆ و مه‌مکدان دانیشتوون چونکه جێگاکه نه‌شیاوه وه‌کو کات یش. چونکه یاسا دژی جیاوازییه بۆیه به شکلی قه‌بوڵیانه، یان به پێچه‌وانه‌وه هه‌موو پیاوانی ڕۆژهه‌ڵات (کورده‌واری) قه‌بوڵیان نیه خوشک و ژن و دایک و کچیان له گه‌رمای هاویندا که لانی که‌م 40-45 پله‌ی گه‌رمایه به مه‌مه‌ک دان و ده‌رپێ کورت و لهعنهیهکی ئیسڤهنج له شارێکی وه‌کو هه‌ولێر دا بڕۆن هه‌رچه‌نده لێره‌ش یاساش دژیه‌تی . لێره‌دا ئه‌م ئازادیه‌ی عه‌قل و ئیراده‌یه پێه‌کانی له هه‌وادا مه‌له‌ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش هۆکاری خۆی هه‌یه و په‌یوه‌سته به بنه‌ما و وهزعیهتهکانی کۆمه‌ڵگا جیاجاکان.
مرۆڤ کاتێ ده‌توانێ له سیسته‌می چه‌وسانه‌وه‌ی گشت‌دا به‌ته‌نها ئازاد بێت، ئه‌گه‌ر ڕیسک به ژیانی خۆی (ئه‌گه‌ر ماڵ و منداڵی هه‌بێ ) بکات. ئه‌مه‌ش زۆرجار و به‌رده‌وام هه‌یه.
هه‌ندێ له گه‌نجه‌کانی ئه‌وروپا له مێژه ژیانی سه‌رشه‌قام هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئازادی دوای په‌شیمان ده‌بنه‌وه چونکه ئازادیه‌که‌یان ته‌نها و ته‌نها له ئیراده‌وه‌یه، دوای له ژیانی مهتیریالی و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کورت ده‌هێنن. که‌س له دونیای ئاگرو خوێنی سه‌رمایه له سه‌دا سه‌د ئازاد نیه، ئه‌مه بۆ هه‌مووانه یانی ته‌واوی ملوک و شاه و سه‌رۆکه‌کانی ووڵاتانییش ده‌گرێته‌وه، ئه‌وانه ده‌بێ ئیزن له پاسه‌وان و ده‌ورووبه‌ریان وه‌ربگرن چۆن و که‌ی و له کوێ بڕۆن و بخۆن و قسه بکه‌ن و ..هتد. به‌ڵام ئه‌م ئازادیه ڕێژه‌ییه و بۆ چه‌وسێنه‌ران پانتایییه‌کی زیاتری هه‌یه له چه‌وساوه‌کان.
جا چ جای کرێکارێک و جوتیارێکی کوردستان که ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ دواکه‌وتووترین هۆیه‌کانی به‌رهه‌م هێنان و سه‌رمایه‌دارێکی تازه پێگه‌یشتووی تینوی خواردنی زێده‌بایی گه‌رم ده‌کات، یان هه‌روا له په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه عه‌شایریه‌کان دا ده‌ژی.
بۆ زانیاری به‌ختیار له هه‌موو پارته سیاسیه‌کانی کوردستانی عێراقدا هه‌رگیز ئازادی له ده‌روونی خۆیدا نه‌بووه جا چ بۆ کۆمه‌ڵگای بووێ، نه‌وه‌ی ئێستا وانه له مێژوو فێرنابن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی کورد‌و ڕابه‌ره‌کانی بگات فۆرمۆله‌ی وا داده‌ڕێژێ، ئه‌م سه‌رکووت و کوشتن و له‌ناوبردنی مخالیفان له سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری هه‌بووه تا ده‌گاته ئێستا بووه به مهتیریال و حزبه مخالیفهکان و که‌سه‌کان به مانگانه‌و نه‌دانی زه‌وی و بودجه سه‌رکوت ده‌که‌ن. یانی ته‌نها ئامرازه‌کان گۆڕاون و به‌س.
ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه له دیده‌ی من ده خوێننه‌وه ده‌بێ نووسینه‌که‌ی به‌ختیار عه‌لی خوێندبێته‌وه، ئه‌گینا بێ سووده.
http://www.hawlati.info/NewsDetailN.aspx?id=977&LinkID=67
ئازادی ووشه‌یه‌کی فراوان و هه‌مه لایه‌نه و ده‌کرێ به هه‌موو لایه‌کدا ببرێت و پێناسه‌ی جۆراوجۆر و شیوه‌ی جۆراوجۆر بگرێته خۆی. ئه‌وه‌ی به‌ختیار باسی ده‌کات ڕه‌خنه‌یه‌که له‌و ئازادیه‌ی چه‌پ و ڕاست پێناسه‌ی کردووه له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری دا. دواتریش به‌راوردی کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتوو به هه‌موو مانایهکیهوه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتوو ده‌کات که ئه‌سله‌ن قابلی به‌راورد نین. دواتر له هه‌مووی ناڕۆشهنتر مه‌سه‌له‌ی لیبرال بوونی تاک و لیبرالیزم وه‌کو هیزیکی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگا دا له نێو خودی نووسینه‌که وونه.
ئه‌م تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵیه له زۆر نووسینه‌کانی به‌ختیاردا دیاره هه‌م له بیری زاڵی کۆمه‌ڵگا ده‌دا و هه‌م له بیرێکی دژ به‌م بیره زاڵه یان مارکسیزم و ئه‌حزابه کوردیه‌کانی کوردستانی عێراق له‌یه‌ک ته‌رازوودا داده‌نێ شایه‌ت له باری سیاسیه‌وه‌ش وابن. به‌ڵام ئه‌م سنوور نه ناسینه و کاریگه‌ریه‌کان له‌سه‌ر یه‌کتردا له‌لای ئه‌م یانی به‌ختیاردا مانایه‌کی ماددیان نیه.
هه‌ر له خۆیه‌وه ده‌ڵێ له خۆرئاوا مارکسیزم به‌بێ کانت وه‌رگیرا، ئاخر هه‌رکه‌سێ تۆزێ مێژووی مارکسیزم و په‌یدابوونی له ڕۆژهه‌ڵات خوێندبێته‌وه پێویست به‌م مه‌قوله‌یه ناکات. وا ده‌زانێ ته‌واوی کۆمه‌ڵگا به ته‌رتیب و خۆ ئاماده‌کراوی گه‌شه‌ده‌کات و به به‌رنامه حه‌ره‌که ده‌کات.
هه‌ر لێره‌شدا بۆ به‌ختیار هه‌ندێ له وهزعهکانی کۆمۆنیکه‌یشن ڕوون ده‌که‌مه‌وه که گرفت و مه‌سه‌له‌کانی تاک و کۆمه‌ڵن.
مه‌سه‌له‌کانی میکرۆ و ماکرۆ و میسۆ ئه‌مانه بریتین له گرفته سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤی سه‌رده‌م، گرفته تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی مرۆڤ یانی میکرۆ و گرفته ئهنتهرناسیۆناڵهکان و ووڵات و کۆمه‌ڵگا که له‌ده‌ره‌وه‌ی دونیای تاک دان پێ یان ده‌ڵێن ماکرۆ گرفته ڕێکخراویهکانی ده‌ره‌وه‌ی تاک پێ یان ده‌لێن میسۆ. مرۆڤ لێره‌دا تاک عه‌قل و ئیراده‌که‌ی له‌یه‌ک مه‌یدان دایه. هه‌رچۆن له سێ کوچکه‌ی ژیانی (تاک) زهنی و ماتیریالی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌ژیت، لێره‌شدا کاریگه‌ری ماتیریال و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێچکه‌ی ژیانی تاک دیاری ده‌که‌ن، حه‌تمه‌ن تاک یش کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ردووکیان هه‌یه.
مارکسیزم و ئازادی مرۆڤه‌کان له باری چۆنایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له لای هه‌مووان ڕوونه، ئازادیهکهش بۆ تاک و بۆ چینه‌کانه ( چینی کرێکار)، لیبرالیه‌کانیش ئازادی ته‌نها بۆ سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داران ده‌بینن. ئه‌م کێشمه کێشه‌ی نێوان چینه‌کان له ده‌ورانه جیاجیاکان و سه‌ده‌ی جیاجیاشدا هه‌روه‌کو خۆیه‌تی و له واقع دا خۆی له کیشه‌ی کار و سه‌رمایه‌دا ده‌دۆزێته‌وه. به‌بێ تێگه‌یشتنی دروست له‌م کێشمه کێشه له ده‌ورانی جیاجیادا ناکرێ ده‌ست بۆ گۆڕانی کۆمه‌ڵگا ببرێت. ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ت ترین حاله‌ته بۆ که‌سه ڕۆشهنبییرهکان و کرێکارێکی واقع بین و هۆشیار.
ئه‌م گرفته‌ی عه‌قل و ئیراده‌یه به‌رۆکی مه‌نسور حکمه‌ت و بزوتنه‌وه‌که‌شی گرتبوو و تا ئێستاش لێ ی ڕزگار نه بوونه‌و نابن. چونکه زۆر له حاله‌ته‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵگای ده‌به‌سته‌وه به دونیای به ویست و ئاره‌زوو، تا زیاتر به سه‌نگ و سوکی هێزه چینایه‌تیه‌کانی مه‌وجود. ئه‌مه‌ش دوو دونیای جیان دونیای ویست و ئاره‌زوو و دونیای واقع و حوکمه‌کانی و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه مه‌وجوده‌کان له کات و شوێنی جیاجیادا.
له‌لای ئازادیه ئۆتۆپیایهکهی تاکی وه‌کو به‌ختیاردا ئه‌م کیشمه کێشه له کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوادا ڕوونه و واده‌زانێ ئیتر له کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوادا هه‌موو دونیای پان و به‌رینه و هیچ سه‌رکوت و داپلۆسینی ئازادی نیه. به ده‌یان و سه‌دان نموونه ڕۆژانه له کۆمه‌ڵگای مۆدێرندا سه‌رکوتی ئازادی ده‌کرێت ئه‌مه جگه له خودی میدیاکاندا و ئازادی میدیا ش دا کۆت و قه‌ید و سنوور هه‌یه. ته‌نانه‌ت شه‌ڕی دژه تیرۆر ئازادی له کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای به‌ختیاردا کردۆته مه‌نجه‌نیق. ئه‌مه جگه له لێدان و سه‌رکوتی ڕاپه‌ڕینه‌کانی قوتابیان و کرێکاران و په‌ناهه‌نده‌کان له زۆربه‌ی وولاتانی ڕۆژئاوایدا. که دوا نموونه‌ی لێدان و تێ هه‌ڵدانی قوتابیان بوو له ئه‌مستردام.
ده‌کرێ سه‌دان و هه‌زاران نموونه بۆ ئه‌و بهێنمه‌وه له کۆڵن و به‌رلین و تۆکیۆ و په‌کین و ته‌نانه‌ت مۆدێرنترین شار نه‌ک له دهۆکی ڕه‌نگین و ئامێدی ده‌لال و بلێ و بارزان یان له چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێری پایته‌خت که چۆن ژنان له لایه‌ن خودی ئه‌ندامانی خێزان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستانیش قه‌سابی ده‌کرێن.
ئه‌م جۆره بۆ چوونانه له هوڕێنه‌ی شاعیرانه ده‌چێت و ڕه‌نگه به حوکمی نووسینی ڕۆمان و چیرۆک تووشی ئه‌م جۆره نووسینانه بێت، ئه‌مه له شیوه‌که‌ی(چێشت) حه‌مه شێت ی هه‌ولێر ده‌چێ که خودی حه‌مه شێت بۆ به‌ختیار که‌ره‌سته‌یه‌کی باشی ڕۆمانێکه ئه‌گه‌ر حه‌زی لێبێت ده‌توانی له هه‌ولێر هه‌واڵ و سه‌دای ببیستێ.
ئه‌م تێڕوانینه ئه‌ده‌بیانه له دونیای نوێ دا ئه‌وه‌نده جێگای نابێته‌وه. گۆڕانی کۆمه‌ڵگاش ئایدۆلۆژیا و مستهلزهمات و که‌ره‌سته‌ی خۆی ده‌وێ له گه‌ڵ ڕابه‌رایه‌تیه‌کی به‌توانا و کات و شوێنی مناسب و هتد.
ئازادی تاکه‌کان هه‌میشه خوازیاری مارکسیسته‌کانن. یه‌ک به‌هایی و یوکسانخوازی دروشمی هه‌موو گه‌رایشه کۆمۆنیسته‌کانن. له پراکتیکدا ئه‌مه چه‌نده ڕاسته بۆ که‌س گره‌نتی نیه و مێژوو حوکمی خۆی ده‌دا. تا ئێستا کۆمۆنیزم دوو ته‌جره‌به‌ی مێژووی هه‌یه و به شکست چووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤه‌کان باشتر ده‌ژیان سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌م وکووڕیهکان به‌ڵام هه‌موو مرۆڤایه‌تی شایه‌تی ڕهزالهتییهکانی هێزه لیبرالیه‌کان و بانگه‌شه‌ی باهۆزی دیموکراتی و بازاڕی ئازاد و مافی مرۆڤ و ئازادی تاکن.
لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێ که ئیدعای ئازادی و ئارامی بۆ تاک ده‌که‌ن ، ئه‌مه له لایه‌ک جگه له ڕه‌وایی دان به چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی و شه‌رعیه‌تدان به سه‌رمایه‌و ئه‌زه‌لیه‌ت پێدانی له‌لایه‌کیتر ته‌نها شان داخزاندیانه له‌به‌رامبه‌ر وه‌زعیه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان که ده‌وڵه‌ت له ئه‌ستۆیه‌تی به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگا زیاتر نین، ئه‌م بانگه‌وازه‌یان بۆ ئازادی تاکه‌کان ته‌نها بۆ خۆڵکردنه چاوی هه‌ژارانه و به‌س. به‌ختیار وابزانم خۆڵ باران و میدیاکانی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات له کوردستان کافین بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان!، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زۆربه‌ی گه‌نجه‌کانی کوردستان به‌داخه‌وه له به‌ر بیری زاڵی کۆمه‌ڵگا که ده‌فته‌ره دۆلار و زه‌وی و خانوو و ئۆتۆمۆبیلی نوێ بیریان که‌متر له‌لای ووشه و عه‌قڵ و ئیراده‌یه و ئه‌و ڕهخنهیهشه. که ئه‌مه‌ش ده‌سکه‌وتی عه‌قڵ و ئیراده نیه، به‌ڵام هۆی خۆی هه‌یه و واقعیش بۆ هه‌موومان تاڵه.
ئاسۆ حامدی
حوزه‌یرانی 2008