
خوێندن بۆ هه‌مووان … به‌شی یه‌ک
خوێندن بۆ هه‌مووان … به‌شی یه‌ک
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید
سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی وڵاتێک ده‌ستنیشانی هێڵه گشتیه‌کانی ڕێڕه‌وی پرۆسه‌ی فێرکاری وڵاته‌که ده‌کات. له خوار ئه‌و سیاسه‌ته‌وه سنووری ناوه‌ندێتی ده‌سه‌ڵات نامێنێت و جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ته‌که ده‌درێته ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه‌وه له وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتیه‌کانه‌وه تا بچوکترین یه‌که‌ی مه‌ڵبه‌ندی خوێندن له کۆمه‌ڵگادا.
له ئه‌مڕۆی کوردستاندا، ئه‌و ریفۆرمانه‌ی که له سیسته‌مه‌که‌دا کراون بۆ ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی یه‌که کارگوزاریهکان زیادبکرێت و قوتابی و خوێندکار بکرێن به ناوه‌ند. خوێندن بۆ هه‌مووان بێت و فره‌لایه‌نه‌یه بێت، واته له پێناوی هه‌موو قوتابی و خوێندکارێک بێت نه‌ک ته‌نیا ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌وترێت زیره‌ک و به‌توانان واته ئێلیتن، دانسقه‌ن یا هه‌ڵبژارده‌ن، هۆکاری ئه‌م بۆچوونه‌ش ئه‌وه‌یه که:
1- ژماره‌ی نه‌خوێنده‌وارمان زۆر زۆره و گرنگه ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین به‌وه‌ی گرفته گرنگه‌کانی به‌رده‌م خوێندن لابه‌رین بۆ ئه‌وه‌ی وازلێهێنانی خوێندن بنبڕبکه‌ین. چونکه نه‌خوێنده‌واری ده‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، له‌وانه: توندوتیژی به‌رامبه‌ر منداڵ و ئافره‌ت، ڕق و تۆڵه سه‌ندنه‌وه، گه‌نده‌ڵی، ته‌سککردنه‌وه‌ی دنیای بیرکردنه‌وه، ونبونی داهێنان، لاوازی به‌رهه‌مهێنان … هتد. ئه‌مڕۆ له کوردستان هه‌موو ئه‌و گیروگرفتانهمان هه‌یه که نه‌خوێنده‌واری توشی کۆمه‌ڵگای کوردستانی کردوه. ئه‌و کێشانه به شێوه‌یه‌کی قوڵتریش له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کاندا هه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له‌و وڵاتانه‌دا نزیک بۆته‌وه له 50%.
2- نزمی ئاستی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌هۆی له له‌یه‌ک نزمی ئاستی ڕۆشنبیری گشتییه‌وه و له‌لایه‌ک ونبونی به‌هابنه‌ماییه‌کان، به‌تایبه‌تی سه‌ربه‌ستی تاکه‌که‌س له په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا.
به‌هۆی هۆکاره کلتوری، ئاینی و ناوچه‌ییه‌کانه‌وه له‌بارودۆخێکی وادا ئاستی دێبات و گفتوگۆ ده‌رباره‌ی سیسته‌می فێرکاری لاواز بووه. نزمی ئاستی ڕۆشنبیری گشتی وایکردووه که هه‌موو ڕیفۆرمێک به‌چاوی گومانه‌وه سه‌یر ده‌کرێت. بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری گشتی، خاکی کوردستان پێویستی به به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و بنبڕکردنی نه‌خوێنده‌واری هه‌یه. ئه‌و کاره‌ش ده‌کرێت کاتێک که ریفۆرم و ئاسانکاری بکرێت له پرۆسه‌ی فێرکاریدا و کێشه و گرفته‌کانی به‌رده‌م قوتابی و خوێندکار لاببرێت بۆ ئه‌وه‌ی واز له خوێندن نه‌هێنن. که‌مکردنه‌وه یا بنبڕکردنی نه‌خوێنده‌واری گرفتێک نیه که چاره‌سه‌رنه‌کرێت. دوو هه‌نگاو هه‌یه که زۆر گرنگه له‌م بواره‌دا بنرێت:
1 به‌هێزکردن و گه‌وره‌کردنی ڕۆڵی قوتابی له ناوه‌نده‌کانی خوێندندا. به‌وه‌ی که هه‌موو پرۆسه‌که له خزمه‌تی قوتابیدا بێت و ناوه‌ند بن، به‌و واتایه‌ی که پرسیان پێبکرێت، کارئاسانیان بۆ بکرێت. کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ربکرێت و کۆسپه‌کان وه‌ک زۆری تاقیکردنه‌وه و بوونی سه‌رکوتکردنی فیزیاوی و ده‌روونی لاببرێت.ترس، لێدان و سوکایه‌تی له قوتابخانه‌دا نه‌مێنن.
2 دابینکردنی بودجه‌یه‌کی زۆر بۆ پرۆسه‌ی خوێندن. من حه‌زده‌که‌م دوو نموونه‌ی وڵاتی سوید بهێنمه‌وه که چه‌ند پاره ته‌رخانده‌که‌ن بۆ خوێندن: نموونه‌ی یه‌که‌م کۆمیونی (شاره‌وانی، شارۆچکه‌ی) تێبی: بودجه‌ی ئه‌م شارۆچکه‌یه نزیکه‌ی دوو ملیارد و نیو کرۆنه، نزیکه‌ی ملیاردو نیوێک کرۆن ته‌رخانده‌کرێت بۆ خوێندنی قۆناغه‌کانی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی، واته زۆر زیاتر له 50% ی بودجه‌ی شارۆچکه‌که بۆ پرۆسه‌ی فێرکاریه.
نموونه‌ی دووه‌م کۆمیونی ئوپلانس ڤێسبی یه، که بچوکتره له تێبی، بودجه‌ی شارۆچکه‌که ملیارد و نیوێک کرۆنه، له‌وه نیوه‌ی بودجه‌که ته‌رخانده‌کرێت بۆ خوێندن. (یه‌ک دۆلار شه‌ش کرۆنه). وڵاتێک که ئه‌و هه‌موو پاره‌یه بۆ خوێندن ته‌رخان بکات، بێگومان پێشده‌که‌وێت.
ئه‌و سیاسه‌ته‌ی پرۆسه‌ی فێرکاری ده‌بات به‌ڕێوه له وڵاتی سوید، سیاسه‌تی پشتگیری هه‌موانه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ک خوێندواربن، له‌لایه‌ک خاوه‌ن تاکه‌کان سه‌ربه‌ستی تاکه‌که‌سی و ڕۆشنبیری گشتیان هه‌بێت. به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش به‌وه کراوه که قوتابی ناوه‌ند و ڕێزلێگیراوه، له لایه‌کی تره‌وه به‌بێوه‌ستان ڕیفۆرم و نوێخوازی له سیسته‌می فێرکاری وڵاته‌که‌دا ده‌کرێت. له سوید نزیکه‌ی هه‌ر ده‌ساڵ جارێک پلانی قوتابخانه‌کان ده‌گۆڕدرێت یان ده‌درێته به‌ر شاڵاوی چاکسازی و نوێخوازی .من له ساڵی 1982 ه‌وه له نزیکه‌وه هه‌م وه‌ک خوێندکار هه‌م وه‌ک مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر له سیسته‌مه‌کدا بووم، به به‌رده‌وامی گۆڕانکاری و نوێخوازیم بینیوه، هه‌موو کاری ڕیفۆرمه‌کانیش به‌ره‌و یه‌ک ئاڕاسته ده‌ڕۆن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که قوتابخانه پرۆسه‌ی خوێندنی بۆ هه‌موان بێت و لای هه‌موان گرنگ و خۆشه‌ویست بێت. ڕیفۆرمه‌کان به درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵانه بۆ ئه‌وه بوون که ده‌سه‌ڵاتی قوتابی زیاد بکه‌ن، که قوتابی سه‌ربه‌خۆیی تاکه‌که‌سی پارێزراو بێت، سه‌ربه‌ست بێت له بیرکردنه‌وه، ئازاد بێت له په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا، ئه‌نجامه‌که‌شی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی سه‌ربه‌ست و ئازاده، مرۆڤی خاوه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگی ئازاد. خاوه‌ن بیرکردنه‌وه و داهێنان. سیسته‌مه‌که ڕێگره‌کانی به‌رده‌می قوتابیان لاده‌بات. هه‌موو که‌س وه‌ک یه‌ک سه‌یر ده‌کات، جیاوازی ناکات به‌وه‌ی که ڕێز له قوتابیان بگرێت به‌وه‌ی ئاستی زانستی و زانیاری‌یان چۆنه و چه‌نده. شتێک نیه ناوی قوتابی ته‌مه‌ڵ بێت. که‌س ته‌مه‌ڵ نیه له ناو سیسته‌مه‌که‌دا، ئامانجیش ئه‌وه‌یه که هه‌ل بڕه‌خسێنرێت بۆ هه‌موان که به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر خوێندن. ئه‌گه‌ر دابڕانیش هه‌بێت سیسته‌مه‌که ده‌یان کارئاسانی تێدایه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی قوتابی بۆ ناو ناوه‌نده‌کانی خوێندن.
دوا ڕیفۆرم له سیسته‌می فێرکاری سویددا بۆ قۆناغی ئاماده‌یی که ئێستا به‌ڕێوه‌یه و هێشتا حکومه‌ت و په‌رله‌مانی سویدی بڕیاری له‌سه‌ر نه‌داوه (مانگی سێی ساڵی 2009 ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت)، ڕیفۆرمێکی گشتگیریه که یه‌ک پسپۆڕی په‌روه‌رده‌یی به ناوی خاتوو ئه‌نیتا فۆرم، پێشنیاری کردوه له‌سه‌ر داوای حکومه‌تی سویدی.
خاتوو ئه‌نیتا ده‌ڵێت ئه‌و خاڵانه‌ی که بناغه‌ی کاره‌که‌ی من بوون و ویستومه له کاتی پێشنیازکردنی ڕیفۆرمهکهدا بیانکه‌م، گرنگترینیان بریتین له:
به‌هێزکردنی مافی قوتابیه بۆ خوێندنێکی باش: واته هۆی سه‌ره‌کی ڕیفۆرمه‌که به‌هێزکردنی مافه‌کانی قوتابی و خوێندکاره. ئه‌مه له کاتێکدایه که مافه‌کانی قوتابی له وڵاتی سویددا زۆر زۆرن و قوتابی ناوه‌نده، به‌ڵام هێشتاش پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌یی وڵاتی سوید ده‌یانه‌وێت زیاتر قوتابی بکه‌ن به ناوه‌ندی کاره‌کان و زیاتر هه‌موو پرۆسه‌که بخرێته خزمه‌تی قوتابیانه‌وه به‌وه‌ی مافه‌کانیان زیاد بکه‌ن، ڕێزیان لێ‌بگرن، گوێیان لێ‌بگرن، ئاسانکارییان بۆ بکه‌ن، سه‌رکوتیان نه‌که‌ن. به بۆچونی من، وڵات ئاوا ده‌برێته پێشه‌وه. که سیسته‌مه‌که ڕێزی له تاکه‌که‌س گرت، تاکه‌که‌سیش خۆی به خاوه‌نی سیسته‌مه‌که ده‌زانێت و خزمه‌تی ده‌کات، پارێزگاری لێده‌کات و له پاشه‌ڕۆژیشدا به بیریا نایه‌ت فێڵی لێبکات.
قوتابی له کوردستان بۆ قۆپیه ده‌کات؟ بۆ فێڵ له سیسته‌مه‌که ده‌کات؟ بۆ خوێندکار له تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری پۆلی دوانزه‌دا (پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی) وانه بۆ ده‌وری دووه‌م ده‌هێڵێته‌وه؟ (ئه‌مساڵی خوێندن 2007-2008 له 23000 بیستوسێ هه‌زار قوتابی به‌شی زانستی پۆلی دوانزه 15000 پانزه هه‌زاریان له وانه‌کانی کوردی و عه‌ره‌بی دا خۆیان هێشتۆته‌وه!!!) ئه‌م فێڵکردنه بۆ؟ ئه‌م لادانه له هێڵه گشتیه‌که بۆ؟ ئه‌م کاره هه‌ڵه‌ی قوتابی خوێندکار نیه به‌ڵکو سیسته‌می فێرکاریه که ناچاری ده‌کات فێڵ بکات.
له قوتابخانه‌کانی کوردستاندا قوتابی له مامۆستا ده‌ترسێت، سه‌رکوتده‌کرێت، ڕۆژانه دهشکێندرێنهوه. ئیتر چۆن قوتابی قوتابخانه‌که‌ی خۆی خۆشده‌وێت؟ مامۆستاکه‌ی خۆی خۆشه‌ده‌وێت! له کۆتاییدا چۆن ده‌توانین هه‌ستی خۆشه‌ویستی خاک و وڵاتیان لا دروستبکه‌ین که ئێمه له ته‌مه‌نی منداڵی و لاوێتیدا سه‌رکوتمان کردبێتن.
دووه‌م بناغه‌ی ڕیفۆرمه نوێیه‌که‌ی وڵاتی سوید بریتیه له زیادکردنی په‌یوه‌ندی قوتابخانه به کۆمه‌ڵه‌وه (له قۆناغی ئاماده‌یی بریتیه له به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی خوێندنگا ئاماده‌ییه‌کان به خوێندنی باڵا، بازاڕی کار و دایک‌وباوکی خوێندکاره‌کان).
ئه‌م به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیه له کاتێکدا ڕیفۆرمی تێدا ده‌کرێت که پێشکات په‌یوه‌ندییه‌که زۆر به‌هێزه به‌ڵام وڵاتی سوید ده‌یه‌وێت قوتابخانه و کۆمه‌ڵ په‌یوه‌ندیه‌کانیان به‌هێزتر بێت و ئامانجیش ئه‌وه‌یه که سیسته‌می فێرکاری له وڵاتی سویددا زیاتر بێته به‌شێکی بنه‌ڕه‌تی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ، واته به‌هابنه‌ماییه‌کانی قوتابخانه ئه‌و به‌هایانه بن که به‌ردی بناغه‌ی ئاستی به‌رزی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا بن.
ئه‌م ڕیفۆرمه نوێیه‌ی سیسته‌می قوتابخانه‌کانی سوید، به‌شی ئاماده‌یی، ته‌نیا و ته‌نیا بۆ به‌هێزکردنی ڕۆڵی قوتابیه له قوتابخانه‌کاندا، ڕیفۆرمی پێش ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌و ئامانجه بوو، ئێستا ئه‌م ڕیفۆرمه‌ش ته‌واوکه‌ری ئه‌وانه‌ی پێشووه. به‌رده‌وامی ڕیفۆرمه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که گۆڕانکاری گه‌وره له کۆمه‌ڵگادا ڕووده‌دات و گرنگه که ساڵ له دوای ساڵ پرۆسه‌ی نوێخوازی به‌رده‌وام بێت و مافه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌هێزبکرێن و سیسته‌م کاربکات بۆ ئه‌وه‌ی تاکه‌کان ئازاد و سه‌ربه‌ست بن له بیرکردنه‌وه و هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی ژیانی خۆیان. سیاسه‌ت و دین هه‌رگیز نابێت ببنه ئامڕازی سه‌رکوتکردن و ده‌بێت له سه‌ربه‌ستی تاکه‌که‌س که‌منه‌که‌نه‌وه به‌ڵکو هه‌ر که‌س ئازاد بێت له‌وه‌ی سیاسه‌ت بکات یا نا، دینی هه‌بێت یان نا، ئیماندار بێت یان نا.
له سوید له 52% ی کاره‌کانی ناو بازاڕی کار پێویستی ته‌نیا به خوێندنی ئاماده‌یی هه‌یه. له 48% ی کاره‌کانی ناو بازاڕی کار پێویستی به خوێندنی به‌رزتر هه‌یه، بۆ نموونه به‌کالۆریس له زانکۆ. هه‌ر له به‌ر ئه‌و هۆیه وڵاتی سوید گرنگیه‌کی زۆر گه‌وره به خوێندن له قۆناغه‌کانی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی ده‌دات. بودجه‌یه‌کی زۆر گه‌وره بۆ پرۆسه‌ی فێرکاری له‌م قۆناغانه‌دا ته‌رخانده‌کرێت.
لایه‌نێکی تری گرنگی ڕیفۆرمه‌کان بریتیه له زیاتر پشتیوانکردنی قوتابی بۆ ژیانی گه‌وره ساڵی. واته هه‌موو سیسته‌مه‌که بۆ ئه‌وه‌یه که زیاتر و زیاتر پشتیوانی قوتابیان بکرێت و ئاماده‌بکرێن بۆ ژیانی گه‌وره‌ساڵی بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ببنه خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستی خۆیان له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیاندا.
ئه‌نجامی ڕیفۆرمه به‌رده‌وامه‌کانی وڵاتی سوید بۆ ئه‌وه‌یه که سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی له خزمه‌تی هه‌مواندا بێت. هه‌موان هه‌ستبکه‌ن که گرنگیان پێدراوه نه‌ک ته‌نیا گروپێک ڕێزلێگیراو بن که زیره‌کن. ئه‌وانی تریش پشتگوێ و سه‌رکوتبکرێن. وڵاتێک که گرنگی به هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بدات، ئاستی ڕۆشنبیری گشتی تێدا به‌رز ده‌بێت، خۆشه‌ویستی بۆ به‌هاکانی وڵات بێ‌سنوور ده‌بێت.
منداڵ ناتوانێت یه‌کێکی خۆشبوێت که لێی بترسێت. ترس کۆت و زنجیری سه‌ربه‌ستی ناو په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه. ئه‌وه‌ی له منداڵی‌دا ڕووده‌دات کاریگه‌ری به‌هێز له‌سه‌ر که‌سایه‌تی گه‌وره‌ساڵ داده‌نێت. که به زۆر فه‌رماندرا به قوتابی، له به‌ر مامۆستاکه‌ی هه‌ڵسێت، ئه‌و کات هه‌موو هاتنه ژووره‌وه‌یه‌کی مامۆستاکه بۆ پۆل سنوور دانان و که‌مکردنه‌وه‌یه له سه‌ربه‌ستی تاکه‌که‌سی قوتابیه‌کان. مافی بڕیاردانیان لێده‌سه‌نرێته‌وه و ده‌بێت هه‌ڵسن له‌به‌ر مامۆستاکه. ئه‌م هه‌ستانه ڕێزدانان نیه بۆ مامۆستاکه، ڕێز لێنه‌گرتنی سه‌ربه‌ستی تاکه‌که‌سی قوتابیه‌که‌یه.
منداڵ که به زۆر شیعر و ئایه‌تت پێلهبهرکرد، هیچ خۆشه‌ویستیه‌کی بۆ شیعر و ئایه‌ته‌که نابێت، به‌ڵکو زیاتر ده‌بنه ئامڕازێکی سه‌رکوتکردن و زۆرلێکردنی قوتابیه‌که. پێداگۆگی سه‌رکه‌وتو ئه‌و که‌سه‌یه که به ئاسانترین شێوه هه‌ستی باوه‌ڕبه‌خۆبوون لای قوتابیه‌که به‌هێزده‌کات، ئه‌و هه‌سته‌ش کاتێک دروستده‌بێت که قوتابیه‌که هه‌ستده‌کات شتێکی تازه فێربووه. له ئه‌تمۆسفێرێکی مرۆڤدۆستانه‌دا ڕێزی لێگیراوه و گرنگی پێدراوه.