Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆ زمناکۆ: ئەو پیاوەی، بە شوێن ئاسایشەوەیە

بۆ زمناکۆ: ئەو پیاوەی، بە شوێن ئاسایشەوەیە

Closed

شیعری بەکر ئەحمەد….

یەکەمجار کە بردیانە ئاسایش
پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە
بە گڵۆپی بەر ماڵانی چەندین گەڕەکت وتووە،
من لە شوێنی ئێوە بوایەم، دەمێک بوو ناوم گۆڕی بوو
ئەم ڕاپۆرتە، عەموودی سەر سووچی کۆڵان بۆی هێناوین.

دووەمجار کە بردیانە ئاسایش
پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە
بە بەلووعەی چەندین ماڵانت وتووە،گەر وابڕوا دەنگتان دەمرێ،
ئەم ڕاپۆرتە، سەتڵێکی دەستی ئاوگیرێک بۆی هێنا بووین.

سێیەمجار کە بردیانە ئاسایش
پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە
بە کۆڵانی دەوروبەری مەیدانی ئازادیت وتووە،
دەکرێ ڕۆژێ، دەنگتان بەرگی "نا" لەبەر کا و
سەرشەقام پڕکا لە جۆشان.
ئەم ڕاپۆرتە، پەیکەرێکی چاوکراوەی شەقامی ئەوبەر هێناویە.

چوارەمجار کە بردیانە ئاسایش
پێیان وتبوو: بۆیە هێنراویتە ئێرە
بە سجنەکانی ناو ژوورە داخراوەکانی ئاسایشت وتووە
بۆ قاوشەکان دەنگی مردووییان گرتووە
ئەم ڕاپۆرتە، زیندانییەکی ڕیش سپی بووی، قاوشەکەی ئەو دیو هێناویە.

ئەو ئەگەر قاچێکی لای کۆبوونەوەی شۆفێری پاسەکانیش بێت
بۆ ئێوارە، لە کونجی ئاسایشدایە.
گەر لەکەلار، سەردانی چایخانەیەک کات،
بۆ ئێوارە، دیسان دەبریتە  ئاسایش.
ئەو قاچێکی لە کۆڵانی ژیاندایە و
قاچێکی کەی لە ئاسایش
ئەو دەنگێکی لە دەنگداری شەقامدایە و
دەنگێکی کەی،  لە ڕاسانی  ژوورەکانی  ناو ئاسایش.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.