
خه‌بات له ئا‌ڵمانیا و ئه‌سپانیا
خه‌بات له ئا‌ڵمانیا و ئه‌سپانیا
نووسینی: Rudolf Rocker
و. له فارسییه‌وه: هه‌ژێن
به‌شی شه‌شه‌م له په‌رتووكی ئه‌ناركیزم و ئاناركۆسه‌ندیكالیزم
له ئا‌ڵمانیا، كه باڵه میانڕه‌وه سۆشیالیسته‌كان به‌هێز بوون، سۆشیالیزم له ماوه‌ی سالانێكی دوورودرێژ فریوخواردنی به چالاكی ڕۆژانه‌ی پارله‌مانی وه‌ها جێكه‌وته بووبوو، كه چیتر نه‌یده‌توانی هیچ جۆره ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك نیشان بدات. ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌یه‌كی بۆرژوازی وه‌ك فرانكفۆرته‌ر تسایتونگ (Frankfurter Zeitung) خۆی به ناچار ده‌بینێ دان به‌وه‌دا بنێ، كه «مێژووی گه‌لانی ئه‌وروپا، پێشتر هیچكات شۆڕشێكی وه‌ها هه‌ژار له بۆچوونی داهێنه‌رانه و لاواز له وزه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌رهه‌م نه‌هێناوه». له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه پارتێك به ژماره‌یه‌كی فره‌تر ئه‌ندام له هه‌ر پارتێكی وه‌ك خۆی له دونیادا، كه ساڵانێك به‌هێزترین ڕێكخراوی سیاسی ئاڵمان بوو، وه‌ها ئاسان و بێ هیچ به‌رگرییه‌ك مه‌یدانی بۆ هیتله‌ر و داروده‌سته‌كه‌ی چۆڵكرد، نیشانه‌یه‌كی فره ئاشكرای لاوازی و بێتوانایی ئه‌م پارته‌یه.
به‌راوردی بارودۆخی ئاڵمانیای ئه‌و سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی یه‌كێتییه پیشه‌ییه ئاناكۆسهندیكالیستهكان له ئه‌سپانیا و به‌تایبه‌ت فره جه‌ماوه‌رییان له كاتالۆنیا، جیاوازی نێوان بزووتنه‌وه كارگه‌رییه‌كانی ئه‌م دوو وڵاته به‌باشی ده‌خاته‌ڕوو. كاتێك كه له جونی 1936دا، پیلانی فه‌رمانده فاشیسته‌كانی سوپا جێبه‌جێكرا، ته‌نیا به‌رهه‌ڵستی قاره‌مانانه‌ی فیدراسیۆنی میلی كارگه‌ران (CNT) و فیدراسیۆنی ئه‌ناركیسته‌كانی ئیریا (FAI) بوو، كه ئاژاوه‌ی فاشیسته‌كانی له كاتالۆنیادا ته‌نیا له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژدا كپكرده‌وه، به‌شێكی فره گرنگی له ئه‌سپانیای له چنگی دوژمن ڕزگاركرد و پیلانگێڕانی ته‌واو سه‌رسام كرد، به پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی یه‌كه‌مییان له گرتنی به‌رشه‌لۆنه دا. پاش ئه‌مه، كارگه‌ران نه‌یانده‌توانی له نیوه‌ی ڕێدا بووه‌ستن، ئیتر سۆشیالیزه‌كردنی زه‌وییه‌كان (بهههرهوهزیكردنی كێڵگه‌كان) و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كارخانه‌كانیان له‌لایه‌ن سه‌ندیكا كارگه‌رییه‌كان و وه‌رزێرانه‌وه، جێبه‌جێكرد. ئه‌م بزووتنه‌وه، كه بڕیاری ده‌ستپێشخه‌رانه‌ی ئه‌ندامانی فیدراسیۆنی میلی كارگه‌ران (CNT) و فیدراسیۆنی ئه‌ناركیسته‌كانی ئیریا (FAI) بوو، به هێزێكی به‌ر پێنهگیراوهوه خرایه‌گه‌ر، ئاراگۆن، لیوان و هه‌ندێ ناوچهیتری وڵاتی گرته‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆری له یه‌كێتییه‌كانی پارتی سۆشیالیست (UGT) یه‌كێتی گشتی كارگه‌رانی له‌گه‌ڵ خۆی ڕاكێشكرد. ئه‌م ڕووداوه نیشانی دا، كه كارگه‌رانی ئاناركۆسهندیكالیستی ئه‌سپانیا، نه‌ك ته‌نیا ده‌زانن چۆن بچنه‌پای شه‌ڕ، به‌لكو لێواولێویشن له بۆچوونی بنیاتنه‌رانه‌ی پێویست بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه واقیعیهكاندا. ئه‌وه لێهاتوویی سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه بوو له ئه‌سپانیا، كه له ده‌می ئینته‌رناسیونالی یه‌كه‌مه‌وه، كارگه‌رانی به وه‌ها گیانێكه‌وه په‌روه‌رده كردبوو، كه ئازادی له هه‌ر شتێكی كه به‌نرختر بگرن و سه‌ربه‌خۆیی هزری به بنچینه‌ی بوونی بزووتنه‌وه‌ی خۆیان بزانن. ئه‌وه بێتوانایی و شه‌رمه‌زاری كارگه‌رانی ڕێكخراو له وڵاتانی دیكه بوو، كه ملیان به سیاسه‌تی دووره‌په‌رێزانه‌ی حكومه‌ته‌كانیان دا؛ هه‌ر ئه‌مه‌ش كه بووه هۆی شكستی كارگه‌ران و وه‌رزێڕانی ئه‌سپانیا پاش دوو ساڵه‌ونیو له خه‌باتێكی قاره‌مانانه و كه‌م وێنه.
سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگیراو: http://khushe.ir/maghale/rocker6.shtml
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی: http://flag.blackened.net/rocker/aasind.htm#role
ئه‌رشیڤی نووسه‌ر:
http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/bright/rocker/rockerworks.html