Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
هاوسه‌ری و ئه‌ڤین…و. له‌ فارسییه‌وه‌: هه‌ژێن

هاوسه‌ری و ئه‌ڤین…و. له‌ فارسییه‌وه‌: هه‌ژێن

Closed
by September 16, 2008 گشتی

 هاوسه‌ری و ئه‌ڤین
 
 Emma Goldman
 و. له‌ فارسییه‌وه‌: هه‌ژێن 

 ئایا هیچ په‌یوه‌ندی یا هاوئاهه‌نگییه‌ك له‌ نێوان ئه‌وین و هاوسه‌ری‌دا هه‌یه‌؟
 تێڕوانینی زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌مه‌ڕ هاوسه‌ری و ئه‌وین به‌مجۆره‌یه‌ كه ته‌وكه‌ری یه‌ك و هاومانان و له‌ هه‌مان هۆكاره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و وه‌ڵامی هه‌مان خواسته‌ مرۆڤییه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌. وه‌ك گشت بۆچوونه‌ گه‌لییه‌كانی دی ئه‌م بۆچوونه‌ش به‌ (خورافه‌) و ناڕۆسنی پشت ئه‌ستوره‌ نه‌ك به‌ واقیعیه‌ت و ڕاستی.
 ئه‌وین و هاوسه‌ری هیچ شتێكی هاوبه‌شیان نییه‌، دووری ئه‌م دوو چه‌مكه‌ له‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ك ماوه‌ی نێوان جه‌مسه‌ری باكوور و باشووره‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌م دوانه‌ له‌ بۆ یه‌كتر ناكۆك و له‌ناوبه‌ری یه‌كن. هه‌ڵبه‌ته‌ بێ شك هه‌ندێك له‌ هاوسه‌رییه‌كان سه‌ره‌نجامی ئه‌وین بوون، گه‌ر چی، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وین بوونی ته‌نیا له‌ هاوسه‌ریدا ده‌توانرێت بسه‌لمێنێت، به‌ڵكو فره‌تر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سانێكی كه‌م ده‌توانن واز له‌ داب و نه‌ریت بێن. ئه‌وڕۆكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنان و پیاوان هه‌ن كه‌ هاوسه‌ری بۆیان بێ كه‌ڵك و خه‌نده‌ئاوه‌ره‌ به‌ڵام له‌به‌ر بیروڕای گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چنه‌ ژێرباری. به‌ هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ هاوسه‌رییه‌كان له‌سه‌ر پایه‌ی ئه‌وین پێكهاتوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك جار سه‌ه‌نجامی ئه‌وین هاوسه‌ری ده‌بێت، من ده‌ڵێم ئه‌م شته‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌ری سه‌رده‌گرێ نه‌ك به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌.
 له‌ لایه‌كی‌تره‌وه ئه‌م بیركردنه‌وه‌ به‌ته‌واوی هه‌ڵه‌یه،‌ كه‌ پێیوایه‌ ئه‌وین سه‌ره‌نجامی هاوسه‌رییه‌. له‌ هه‌ندێ باری هه‌ڵاوێرده‌دا ده‌بیستین، كه‌ له‌ نمونه‌یه‌كی سه‌سوڕهێنه‌ر (موعجیزه‌) ئاسای هاوسه‌رییه‌كدا، هاوسه‌ره‌كان پاش هاوسه‌ریكردن ده‌بنه‌ ئه‌وینداری یه‌ك، به‌ڵام به‌ دیتنی ئه‌م شته‌ ‌له‌ نزیكه‌وه‌،‌ ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ ئه‌م شته‌ په‌ڕوپینه‌كردنێكی ئاشكرایه‌ له‌مه‌ڕ پرسگه‌لێكی ناچاری و زۆره‌كی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌وتی گه‌شه‌ی سود لێوه‌رگیراو له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتردا فره‌ له‌ خۆڕسكی، چڕی و جوانی ئه‌وینه‌وه‌ دووره‌ و‌ به‌بێ ئه‌وانه‌ گه‌رموگوڕی هاوسه‌ری ده‌بێ په‌ستبوون بۆ‌ هه‌ردوو ژنه‌ و مێرده‌كه‌ بسه‌لمێنێ.
 هاوسه‌ری له‌ باری سه‌ره‌تاییدا ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی ئابورییه‌، ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی بیمه‌یی. ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وتنی بیمه‌ی ژیانی رۆژانه‌دا ته‌نیا جیاوازی له‌وه‌دایه‌ كه‌ پابه‌ندگه‌رتره، ئابڵۆقه‌ده‌رتر، وردترو ته‌واوتره‌. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر شیاوی به‌راوردكردنن له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌گوزارییه‌ بچوكه‌كان. له‌ ڕێكخستن و به‌ستنی ڕێكه‌وتننامه‌ی بیمه‌یی‌دا، كه‌سه‌كه‌ نرخه‌كه‌ به‌ دۆلار و سه‌نت ده‌دات و هه‌میشه‌ هه‌ڵبژێره‌ر و ئازاده كه‌ درێژه‌ به‌ پاره‌دانه‌كه‌ نه‌دات. له‌به‌رامبه‌ردا گه‌رچی قازانج و پاداشتی ژن هاوسه‌رێكه، به‌ڵام وی به‌ به‌ناوناوبانگ، ژیانی تایبه‌ت، ڕێزی كه‌سایه‌تی و ژیانی خۆی به‌ته‌واوی، هه‌زێنه‌كه‌ی " تا سه‌ره‌مه‌رگ" ده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌، بیمه‌ی هاوسه‌ری ناچار به‌ وابه‌سته‌ییه‌كی هه‌میشه‌یی، ژیانێكی مشه‌خۆرانه‌، بێسوودی ته‌واو و وابه‌سته‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌كات. پیاویش گه‌رچی باج و زیانه‌كانی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ سنووری وی كراوه‌تره‌، هاوسه‌ری، ژیانی وی به‌ ئه‌ندازه‌ی ژنێك به‌رته‌سك ناكاته‌وه‌. پیاو كۆت و به‌رته‌سكییه‌كانی فره‌تر له‌ چوارجێوه‌یه‌كی ئابوریدا هه‌ست پێده‌كات.
 به‌مجۆره‌ دروشمه‌كه‌ی دانته‌ له‌ "دۆزه‌خ"دا به‌ته‌واوی‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ریدا ده‌گونجێ‌ : " ئه‌نگۆ كه‌ دێنه‌ ئێره‌ ده‌ست له‌ هه‌موو شتێك بشۆنه‌وه‌."
 ئه‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ری شكستێكه‌ هیچكه‌س بێجگه‌ له‌ كه‌سانی فره‌ گه‌مژه‌، نكۆڵی لێناكات. چاوگێرانێكی گشتی به‌ ئاماری جیابوونه‌وه‌دا به‌سه‌ تاوه‌كو ده‌ركه‌وێ، كه‌ تاڵی هاوسه‌رییه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتوو به‌ چ ڕاده‌یه‌كه‌. هیچكام له‌ ده‌ربڕینه‌ كڵێشه‌ییه‌كان وه‌ك لاوازی یاسای هاوسه‌ری و په‌ره‌سه‌ندنی بێ به‌ندوباری و هه‌رزه‌كاری له‌ ژنان دا ئه‌م راستییه‌ ده‌رنابڕێ، كه‌ یه‌كه‌م، له‌ هه‌ر دوازده‌ هاوسه‌رییه‌ك یه‌كدانه‌ به‌ لێكجیابوونه‌وه‌ كۆتایی دێت؛ دووه‌م، له‌ ساڵی 1870وه‌ لێكجیابوونه‌وه‌كان له‌ 28 بۆ 73 بۆ هه‌ر سه‌د هه‌زار كه‌س له‌ دانیشتوان زیادیكردووه‌؛ سێیه‌م، (زینا) تێكه‌ڵاوی سێكسی لابه‌لایی له‌ ساڵی 1867 له‌به‌ر جیابوونه‌وه‌ له‌ 270.8% زیادیكردووه‌ و چواره‌م، ئاماری هه‌ڵاتن له‌ خێزان 269.8% زیادیكردوه‌.
 سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاماره‌ به‌رچاوه‌، زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ و ئه‌ده‌بیه‌كان، فره‌تر ئه‌م بابه‌ته‌یان ڕونكردۆته‌وه‌. [ رۆبێرت هێریك هۆنه‌ری بریتانی Robert Herrick 1571 -1674 ] له‌ به‌رهه‌مێكیدا به‌ناوی " له‌گه‌ڵ یه‌كدی" ، [ پینێرۆ 1855 – 1934 Arthur Wing Pinero [شانۆنوس و ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی كۆتایی سه‌رده‌می ڤیكتۆریایی له‌ بریتانیا له‌ " گوزه‌رگه‌ی نێوه‌ڕاست"دا، [ یوگنه‌ والتێر Ugene Walter] له‌ " ته‌واو دراو‌" و ژماره‌یه‌كی زۆری‌تر له‌ نووسه‌ران، قسه‌یان له‌ باره‌ی بی به‌رهه‌می، ماندوكه‌ری ، ئازاراوی و كورتهێنانی هاوسه‌ری وه‌ك هۆكارێكی هاوئاهه‌نگی و تێگه‌یشتن ده‌ده‌نه‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌.
 لێكۆڵه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بیریار، هه‌رگیز بڕوا به‌ خۆی ناهێنێ له‌به‌رامبه‌ر پاساوه‌ ڕوكه‌شه‌ ناسراوه گه‌لییه‌كاندا. وی ده‌بێت له‌ چۆنیه‌تی ژیانی خۆیی ڕه‌گه‌زه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی قوڵتر سه‌رنجی بداتێ، تاوه‌كو بۆی ده‌ركه‌وێ كه‌ بۆچی هاوسه‌ری فره‌ كاره‌ساتباری خۆی نیشانده‌دات.
 [ئێدوارد كارپێنته‌ر 1844- 1929 نوسه‌ری سۆشیالیستی بریتانی، له‌ ده‌ستپێكه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ئاناركۆسه‌ندیكالیزم و پشتیوانی له‌ هاوڕه‌گه‌زبازان ] پێیوایه‌ كه‌ له‌ پشت هه‌ر هاوسه‌رییه‌كه‌وه‌ ژینگه‌یه‌كی هه‌تایی دوو ڕه‌گه‌ز هه‌یه‌. ژینگه‌یه‌كی فره‌جیاواز له‌یه‌ك، كه‌ ژن و پیاو ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی نامۆ به‌یه‌ك تیایدا بمێننه‌وه‌، لێكدابڕاو به‌هۆی خورافه‌وه‌‌، خو و ڕێساوه‌. هاوسه‌ری هێز و توانای گه‌شه‌ی زانیاری و ڕێزی به‌رامبه‌ر بۆ هه‌ردوولا، كه‌ به‌بێ ئه‌وانه‌ هه‌ر ده‌زگه‌یه‌ك چاره‌نووسی‌ شكسته،‌ نییه‌.
 [ هێنریك ئیبسن 1828 – 1906 شانۆنوسی به‌ناوبانگی نه‌رویژی، نوسه‌ری " یانه‌ی بووكه‌شوشه‌" ]، كه‌ دژی گشت درۆ‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ ، بۆی هه‌یه‌ یه‌كه‌م كه‌س بووبێت، كه‌ ده‌ركی ئه‌م ئه‌م ڕاستییه‌ی كردبێ. نورا [یه‌كێ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی شانۆیی یانه‌ی بووكه‌شوشه‌] هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌جێدێڵێ، به‌ڵام نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌ست ئه‌ركه‌كانی هیلاك بوو بوو یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ستی به‌ پێداویستبوونی مافی ژنان ده‌كرد ( به‌وجۆره‌ی كه‌ بۆی هه‌یه‌ ڕه‌خنه‌گرێكی هاكه‌زایی گومان بكات)، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بۆی ده‌ركه‌وتبوو كه‌ بۆماوه‌ی 8 ساڵ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی نامۆدا ژیابوو و چووبووه ژێرباری ‌مناله‌كانی. ئایا به‌م پێیه‌ هیچ شتێك له‌ ته‌مه‌نێكی هاوبه‌شی نێوان دوو نامۆ پێكه‌نیناوی و په‌ست‌تر هه‌یه‌ ؟ گویا‌ هیچ پێداویستیه‌ك له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌ بۆ ناسینی پیاو له‌ ئارادا نییه‌، ته‌نیا شتێك كه‌ له‌ ڕوانگه‌ وییه‌وه‌ گرنگی هه‌یه‌ پاشه‌كه‌وتی داهاته‌كانی پیاوه‌. به‌م پێیه‌ تا ئه‌وه‌نده‌ی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر پیاو چ شتێك بۆ ناسین هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی لێده‌ركه‌ی كه‌ ژن ڕواڵه‌تێكی جوانكیله‌ و ڕوو له‌ده‌ری هه‌بێت؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ هێشتاكه‌ ئه‌م باوه‌ڕه‌ مه‌زهه‌بیه‌مان نه‌ خستۆته‌ڕوو، كه‌ پێیوایه‌ ژن خاوه‌نی گیان نییه‌[!] ، ئه‌وه‌ی كه‌ وی ته‌نیا ئافه‌رێندراێكی ڕووته‌ بۆ پیاو، كه‌ له‌ په‌راسوی پیاو دروستكراوه‌ و ته‌نیا بۆ ئاسوده‌یی و ئارامی ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌ و به‌هێزه‌ كه‌ له‌ سێبه‌ری خۆشی ده‌ترسێ هاتۆته‌ بوون‌.
 له‌وانه‌یه‌ چۆنایه‌تی كه‌می كه‌ره‌سته‌ی ئه‌و جێیه‌ی، كه‌ ژنی لێ به‌رهه‌مهێنراوه‌ لێپرسراوی په‌ستی و ی خواری وی بێ‌! له‌ هه‌ر بارێكدا، ‌گه‌ر ژن خاوه‌نی گیان نییه‌، ئیتر چ شتێك له‌مه‌ڕ وی بۆ زانین هه‌یه‌؟ بێجگه‌ له‌وه‌ی، هه‌رچی ژنێك گیان و ده‌رونی بچوكتری هه‌بێ، داراییه‌كانی وی وه‌ك هاوسه‌رێك زیاتر ده‌بن و ئاسانتر و خێراتر ده‌توانێت خۆی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌یدا بتوێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ ملدانی كۆیلانه‌یه‌ به‌ به‌ بانتربوونی پیاو كه‌ پێكهاته‌ی هاوسه‌ری له‌م ماوه‌ دورودرێژه‌دا ده‌ست لێنه‌دراو هێشتۆته‌وه‌. هه‌نوكه‌ له‌وێوه‌ كه‌ ژن ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ شوێنی خۆی، په‌یكه‌ره‌ی پیرۆز و پارێزراوی هاوسه‌ری به‌ره‌به‌ره‌ لاواز ده‌بێ و هیچ جۆره‌ دڵدانه‌وه‌ و ئاخهه‌ڵكێسانێكی سۆزاوی ناتوانێت به‌ری پێبگرێ.
 هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌، به‌ كچ ده‌وترێت، كه‌ هاوسه‌ری دوا ئامانجی ئه‌و ده‌بێت‌، به‌مجۆره‌ په‌روه‌رده‌ و ڕاهێنانی وی، ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌م ئامانجه‌ ئاراسته‌ بكرێ. وی، وه‌ك به‌رخی‌ پاییز‌ بۆ سه‌ربڕین، بۆ وه‌ها كارێك ئاماده‌یه‌. له‌م باره‌دا، به‌ ده‌سه‌پاچه‌یی ته‌واوه‌، وی كه‌متر له‌ پیشه‌وه‌رێك له‌مه‌ڕ كاره‌كه‌ی، مافی زانینی له‌مه‌ڕ ڕۆڵی وه‌ك هاوسه‌ر و دایك هه‌یه‌. ئه‌م شته‌ بۆ كچێكی به‌ڕێز، بێشه‌رمانه‌ و ناشیرینه،‌ كه‌ شتێك له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ژن و میردییه‌وه‌ بزانێ! به‌ڵی، له‌به‌ر ناكۆكبوونی له‌گه‌ڵ ئابڕومه‌ندی، پێویسته‌ كه‌ به‌ڵێن و په‌یمانی هاوسه‌ری شتێكی قێزه‌ون بگۆڕێ به‌ پاكترین و پیرۆزترین پێكهاته،‌ به‌ جۆرێك كه‌ به‌هیج جۆرێك بوێری پرسیار و ڕه‌خنه‌ی تێدا نه‌بێ. له‌م باره‌دا ئه‌مه مامه‌ڵه‌ و تێڕوانینی پارێزه‌رانی هاوسه‌رییه‌. به‌مجۆره‌ وی پێده‌نێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌تایی له‌گه‌ل پیاوێك و خۆی گێج وسه‌رگه‌ردان، له‌خۆبێزار و له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌ په‌یوه‌ند به‌ سروشتیترین و ته‌ندروسترین (غریزه‌) واته‌ سێكس له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر پیوه‌رێك خۆی ده‌بینێته‌وه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانرێت بوترێت، كه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆری دڵته‌نگی، نائومێدی، به‌رته‌نگی و سكاڵا سروشتییه‌كان‌ له‌ هاوسه‌رییه‌وه‌ن به‌هۆی‌ ناهوشیاری له‌مه‌ڕ پرسگه‌لی په‌یوه‌ست به‌ سێكسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن ( كه‌ ئه‌م شته‌ وه‌ك به‌ڕێزی و ئابڕومه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ ستایش ده‌كرێ!) ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیاده‌ڕه‌وی نیه،‌ ئه‌گه‌ر بڵێین كه‌ شتێك فره‌تر له‌ دانیشتوانی وڵاتێك له‌به‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ ئه‌فوساوییه‌ لێكهه‌لوه‌شاونه‌ته‌وه‌.
 به‌م پێیه‌،‌ ئه‌گه‌ر ژن به‌ڕاده‌ی پێویست پێگه‌ییو و ئازاد بێ تاوه‌كو نهێنی و هێماكانی په‌یوه‌ندی سێكسی بێ دانپیانان و مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌ت و كلیسا فێربێ، ئه‌وا وی وه‌ك هاوسه‌رێكی نه‌گونجاو بۆ پیاوێكی به‌ڕێز[!] سزاوار ده‌مێنێته‌وه‌ ( ڕێزێك كه‌ كه‌له‌پوتێك و گیرفانێك پاره‌ ده‌گرێته‌وه‌). ئایا هیچ‌ شتێك سوكایه‌تیكه‌رانه‌‌تر له‌م تێڕوانینه‌ هه‌یه‌ ، كه‌ ژنێكی پێگه‌یو، ته‌ندروست و پڕ وزه‌ و ژیان و ئاره‌زوومه‌ندی، خواسته‌ سروشتییه‌كانی ڕه‌تكاته‌وه‌، ئاره‌زومه‌ندییه‌ فراوانه‌كانی ده‌سته‌مۆكات و له‌نێوبه‌رێت، زیان به‌ ته‌ندروستی خۆی بگه‌یێنێت و بیركردنه‌وه‌ی خۆی به‌رته‌سك كاته‌وه‌، له‌ قوڵی‌ ئه‌زموونی سێكسی، خۆی دوور بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پیاوێكی باش په‌یدا ببێت و وی وه‌ك هاوسه‌رێك په‌سه‌ند بكات ؟ ئه‌مه‌ به‌ ڕێكی مانای هاوسه‌ری ئه‌گه‌یێنێ. به‌مجۆره‌‌، دواجار بێجگه‌ له‌ شكسخواردن ئه‌نجامێكی كه‌ی ده‌بێت؟ ئه‌مه‌ شتێكه،‌ ئه‌گه‌ر چی گرنگی كه‌م نییه،‌ هۆكارێكه‌ كه‌ هاوسه‌ری له‌ ئه‌وینداری جیاده‌كاته‌وه‌.
 سه‌رده‌م، سه‌رده‌می واقیعیه‌ته‌كانه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ ڕۆمیۆ و ژولێت به‌گیانبه‌خشین له‌به‌رامبه‌ر نه‌فره‌ت و توڕه‌یی باوكانیان وه‌ستانه‌وه‌ یا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ گرچن له‌پێناو ئه‌وینی خۆی خسته به‌ر تانه و ته‌شه‌ر‌ی هاوسێكانی به‌سه‌رچووه‌. گه‌ر له‌ هه‌ندێ هه‌لومه‌رجی كه‌م وێنه‌دا، لاوان ڕێگه‌ به‌خۆیان بده‌ن تاوه‌كو له‌ ڕۆمانسییه‌تی ئه‌وینێك له‌ پیره‌كانه‌وه‌ سه‌رنجیانی ڕاكێشاوه‌ چێژی لێوه‌رگرن، سه‌ركوت و ئامۆژگاری ده‌كرێن تاوه‌كو په‌سه‌ند و مه‌نتیقی بن.
 وانه‌یه‌كی مۆڕاڵی، كه‌ به‌ كچان دراوه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ئایا پیاو كارایی له‌سه‌ر ئه‌وینی وی داناوه‌‌، به‌ چ ڕاده‌یه‌ك له‌ خۆیدا هه‌ست به‌م شته‌ ده‌كات‌؟ به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ " تا چه‌نده‌"؟ ته‌نیا مه‌شخه‌ڵه‌ی‌ له‌ ژیانی واقیعی ئه‌مریكیه‌كان‌دا: ئایا پیاو ده‌توانێ ژیانێك پێكه‌وه‌ بنێ ؟ ده‌توانێت له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی بپارێزێت؟ ئه‌مه‌ ته‌نیا پاساوده‌ری‌ هاوسه‌رییه‌ . به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه‌ سه‌راپای هۆشی كچان پڕده‌كات. خه‌ونه‌كانی وی، مانگه‌شه‌و و ماچی ئه‌ویندارانه‌، فرمێسك و خه‌نده‌ نین. وی خه‌ون به‌ گه‌ڕان بۆ كڕین و چه‌نه‌دان له‌گه‌ڵ فرۆشیاردا ده‌بینێ. هه‌ژاری گیان‌ و ئاستنزمی هۆكارێكن كه‌ له‌ دیارده‌ی هاوسه‌ریدا كراونه‌ته‌ بنچینه‌. ده‌وڵه‌ت و كلیسا هیچ بۆچونێكی‌تر په‌سه‌ند ناكه‌ن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ ئه‌مانه‌ هۆكارێكن كه‌ ده‌وڵه‌ت پابه‌ند به‌ چاوه‌دێری ژن و پیاو ده‌كه‌ن.
 بێگومان كه‌سانێك هه‌ن، كه ‌ئه‌وین وه‌ك تێگه‌یشتنێكی فراوانتر له‌ دۆلار و ڕێساكان له‌به‌رچاو ده‌گرن. به‌تایبه‌ت ئه‌م شته‌ بۆ ئه‌و چینه‌ ڕاسته،‌ كه‌ پابه‌ندییه‌ ئابورییه‌كان ئه‌وانی ناچاركردووه،‌ كه‌ پشت به‌خۆیان ببه‌ستن. گۆڕانێكی گه‌وره‌ له‌ پێگه‌ی ژندا، كه‌ به‌هۆی هۆكارێكی به‌هێزه‌وه‌ پێكهاتووه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ گه‌وره‌ و نائاساییه،‌ كاتێك كه‌ ئێمه‌ سه‌رنج بده‌ین كه‌ ئه‌م شته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كوردتدا له‌ ژنانێكدا كه‌ پێده‌نێنه‌ مه‌یدانی پیشیسازیه‌وه‌ ڕویداوه‌. شه‌ش ملیۆن ژنی موچه‌ وه‌رگر، شه‌ش ملیۆن ژن كه‌ موچه‌ی یه‌كسانیان له‌گه‌ڵ پیاوان هه‌یه‌ تاوه‌كو به‌هره‌كێشی بكرێن، دزیان لێبكرێت، له‌ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن، به‌ڵێ ته‌نانه‌ت برسیه‌تیش بكێشن. شتێكی تر نییه‌ سه‌روه‌ری من ؟!!! به‌ڵێ شه‌ش ملیۆن هێزیكار له‌ پیشه‌ی جۆراوجۆردا له‌ به‌رزترین كاره‌ هۆشیه‌كانه‌وه‌ تا دژوارترین كاری جه‌سته‌یی له‌ كان و هێڵه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، ته‌نانه‌ت هه‌واڵده‌ره‌كان و پۆلیسه‌كان. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وان له‌ كۆت و به‌ندی ده‌ستبه‌سه‌ری ته‌واو ڕزگاریان بووه‌
 له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ژماره‌یه‌كی فره‌ كه‌م له‌ له‌شكری‌ ژنانی موچه‌ وه‌رگر وه‌ك شتێكی هه‌میشه‌یی پرسی كاركردن له‌به‌رچاوده‌گرن. پیاوان، به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌نده‌ په‌ككه‌وته‌ بووبن، وا ڕاهاتوون كه‌ سه‌ربه‌خۆ و پشتبه‌ستوو به‌ خۆ بن. به‌ڵێ منیش ده‌زانم كه‌ هیچكه‌س له‌ ئابوری پشت شكێنی ئێمه‌دا واقیعه‌ن سه‌ربه‌خۆ نییه‌. به‌ڵام هێشتاكه‌ داماو‌ترین جۆری پیاو نه‌فره‌تی له‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ مشه‌خۆربێت بێت، له‌هه‌ر بارێكدا، له‌وه‌ی كه‌ ئاوا وێنا بكرێت.
 ژن پێگه‌ی خۆی وه‌ك هێزی كاری كاتی داده‌نێت، كه‌ له‌ یه‌كه‌مین هه‌لدا ده‌خرێته‌ لاوه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه،‌ كه‌ ڕێكخراوكردنی ژنان له‌ یه‌كێتیه‌ كارگه‌رییه‌كاندا زۆر دژواره‌. " بۆچ ده‌بێت من به‌ یه‌كێتیه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست بم ؟ من به‌نیازم كه‌ شو بكه‌م ، كه‌ ببمه‌ خاوه‌ن كارخانه‌" ئایا هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه‌ فێر نه‌كراوه،‌ كه‌ ئه‌م پرسه‌ وه‌ك دوابانگه‌واز له‌به‌رچاو بگرێت؟ وی خێرا فێرده‌بێ، كه‌ ماڵه‌كه‌ی هه‌رچه‌نده‌ه‌ وه‌ك كارخانه‌ و زیندان زۆر گه‌وره‌ نییه‌، به‌لام خاوه‌ن و پارێزه‌ی فره‌ وه‌فاداری هه‌یه‌، كه‌ هیچ شتێك ناتوانێت ئه‌و ڕزگار بكات. ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌مووی ئازاراوی‌تر ئه‌وه‌یه‌ ،‌ كه‌ ماڵ له چنگ كاری كرێگرته‌ ئازادی ناكات، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌ركه‌كانی زیاتر ده‌كات.
 به‌پێی دواترین ئاماری ده‌ركراو له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی " كار و موچه‌، زیادبوونی دانیشتوان" 10%ی كارگه‌رانی موچه‌ وه‌رگر له‌ نیویۆرك هاوسه‌رییان كردووه‌ و هێشتاكه‌ ده‌بێ وه‌ك كارگه‌رانێك به‌كه‌مترین بڕی هه‌قده‌ست له‌ جیهاندا، دریژه‌ به‌ كاره‌كه‌یان بده‌ن. به‌م لایه‌نه‌ ترسێنه‌ره‌، كاری سه‌ختی ماڵه‌وه‌ش زیاد ده‌بێ و به‌مجۆره‌ چ شتێك له‌ پارێزگاری و ڕاگرتنی‌ ماڵ ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، ته‌نانه‌ت كچێك له‌ چینی نێوه‌نجیش ناتوانێت باس‌ له‌ ماڵی خۆی بكات، له‌وێوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پیاوه‌ كه‌ سنووری هه‌ڵسورانی وی دیاری ده‌كات. گرنگیش نییه‌ كه‌ مێرد، دڵبه‌ردێكی ئاژه‌ڵ ڕه‌فتار یا دڵدارێكی خۆشویستراو بێ. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێ نیشانی بده‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ، به‌ڵێ‌، له‌ هاوسه‌ریدا، به‌ نیازچاكی پیاو، ژن ده‌بێته‌ خاوه‌ن ماڵ ( به‌ڵام چ ماڵێك ؟ ماڵه‌ مێردێك كه‌ تێیدا ساڵیانی سال ژیان ده‌كات) تاوه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ره‌ به‌ره‌، سه‌راپای جیهانبینی له‌مه‌ڕ ژیان و كاروباری مرۆیی به‌ ئاستێكی نزم و په‌ست و بێ نرخ و هیچی شوێنێك (مالێك) كه‌ تێیدا ژیان ده‌كات داده‌بزێ! سه‌یر نییه‌ ئه‌م ژیانه‌ له‌ وی بوونه‌وه‌رێكی كورته‌بین، پرهه‌روهوریا و وه‌رسكه‌ر بسازێ و هه‌روه‌ها ، هه‌رگیز سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر بوونی وه‌ها ژنێك، پیاو له‌ماڵ وه‌ده‌رنێ! ژن له‌م ماڵه‌ (زیندانی بێگاركێشییه‌)دا ناچیته‌ هیچ جێییه‌ك، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، جێیه‌ك بۆ ڕۆیشتن شك نابات! له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، به‌سه‌ربردنی هه‌رچه‌نده‌ سه‌رده‌مێكی كورتی ژن و مێردایه‌تی به‌سه‌، تاوه‌كو هێزی ژن بۆ ژیانی ده‌ره‌وه‌ی خێزان له‌نێو به‌رێت. به‌ره‌به‌ره‌ له‌ ڕوخسار و خۆده‌رخستندا بێ سه‌رنج ده‌بێ، قه‌ڵه‌و ماندوو ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌ك، كه‌ پیاو ڕووی لێوه‌ده‌گێڕێ وته‌نانه‌ت فره‌تر ڕقی لێده‌بێته‌وه. چه‌ بارێكی دڵته‌نگكه‌رانه‌ی شه‌ڕاوییه‌، نا؟!
 به‌ڵام له‌باره‌ی مناڵه‌وه‌ چی؟ ئه‌گه‌ر هاوسه‌ری نه‌بوایه‌، چۆن ده‌پارێزران؟ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه‌ گرنگترین پرس نییه له‌ هاوسه‌ریدا؟ یان نه‌خێر؟ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌! به‌ هه‌بوونی پارێزگاری هاوسه‌ری له‌ مناڵان، هێشتاكه‌ هه‌زاران زارۆك، ده‌ستكۆتا و بێ خان و لانه‌ن. له‌گه‌ڵ بوونی هاوسه‌ریدا، یانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتان و (دارتادیب) زیندانی مناڵان رۆژبه‌رۆژ فره‌تر ده‌بن. «دامه‌زراوه‌ی به‌رگرتن له‌ لێدانی مناڵان» ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌دان په‌روه‌نده‌ له‌مه‌ڕ خراپ جوڵانه‌وه‌ی دایكان و باوكانی «میهره‌بان» [!] ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی كه‌ بۆ مناڵانی بێچاره‌، سه‌رپه‌نایه‌كی ئاسایش‌تر و میهره‌بانتر دابین بكات؛ كارێك كه‌ ئه‌وڕۆكه‌، شانازییه‌كه‌ی ده‌درێته‌ پاڵGerry Elbridge – 1744 – 1814 ] ] جێگری سه‌رۆككۆمار ‌ئه‌مریكا.
 له‌وانه‌یه‌ كه‌ هاوسه‌ری ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێ، كه‌ ئه‌سپێك به‌رێته‌ سه‌ركانی، به‌ڵام ئایا تێرئاوی ده‌كا؟ له‌وانه‌یه‌ یاسا، باوكێك كه‌ خه‌رجی ماڵ و مناڵی نه‌كێشێ ده‌ستگیر بكات و به‌رگی تاوانباری بكاته‌به‌ر، به‌لام ئایا به‌م كاره‌ برسیه‌تی مناڵان له‌نێوده‌چێت؟ ئه‌گه‌ر باوكا كارێكی بۆ موچه‌ به‌ده‌ستهێنان نییه‌، ئه‌گه‌ر شوناس و ناونیشانی به‌ كردنه‌ سه‌رجاده‌ی مناڵه‌كه‌ی ده‌شارێته‌وه‌، ئه‌ی ڕۆڵی هاوسه‌ری چییه‌؟ یاسا به‌كارده‌برێت تاوه‌كو پیاو بكێشنه‌ پای دادگه‌ی «دادوه‌ری» و دواتر له‌ پشت ده‌رگه‌ داخراوه‌كانه‌وه‌، دادوه‌رانه‌ بیشارنه‌وه‌؛ به‌ڵام دواجار، جێی خاڵی هێزی كاری باوك به‌ مناڵی بێسه‌رپه‌رشت ده‌درێت، نا، ئه‌مه‌ مافی هه‌رێمی دادگه‌ره‌. مناڵان له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ری نائومێدكه‌رانه‌ی باوكانێك كه‌ به‌رگی خه‌ت خه‌تیان پۆشیوه، ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن‌.
 هاوسه‌ری كه به‌ پارێزه‌ری ژیانی ژن ده‌ژمێردرێت، بێجگه‌ له‌ كاره‌ساتی نه‌فره‌تاوی و شومه‌. ئه‌م پارێزه‌ره‌ قێزوه‌نه‌ و وه‌رسكه‌ره‌، به‌ خراپه‌ و سوكایه‌تی شاراوه‌، پله‌ و كه‌سایه‌تی مرۆیی تێكده‌شكێنێ، ئه‌مه‌ پارێزگارییه‌كه‌ كه‌ له‌م ڕێسا میكرۆباوییه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.
 هاوسه‌ری هاوشێوه‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌ (سیسته‌میك كه‌ ئه‌ویش وه‌ك هاوسه‌ری باوكسالارانه‌یه‌). مافی ڕه‌وای مرۆڤ پێشێلده‌كات، به‌ر به‌ گه‌شه‌و پێگه‌یینی ده‌گرێت، جه‌سته‌ی ده‌شێوێنێ، له‌ نه‌زانی و لاوازی و وابه‌سته‌ییدا ڕایده‌گرێ. پاشان، دامه‌زراوه‌یه‌كی خێرخوازی داده‌مه‌زرێنێ تاوه‌كو دواهه‌مین سه‌رچاوه‌ی ده‌روون به‌رزی مرۆڤ گه‌شاوه‌كات.
 هاوسه‌ری، ژن ده‌كاته‌ مشه‌خۆر، بارگرانی، نانه‌خۆر. له‌ ژیاندا توانایی ڕوبه‌وڕووبووونه‌وه‌ی لێده‌ستێنێته‌وه‌، هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوده‌بات، تێڕوانین و خه‌یاڵی له‌ په‌لوپۆ ده‌خات و پاش ته‌واوبوونی ئه‌مانه‌، پارێزگاری لیكردنی سۆزاوی و لاوازی لاوێنه‌رانه‌ی ده‌سه‌پێنێت. داوێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌، ئاوه‌ژووكردنێكی ئاشكرا. گاڵته‌جارییه‌ك كه‌( به‌ ملهوری بێپه‌رده‌) یاری به‌ كه‌سایه‌تی مرۆڤ ده‌كات.
 ئه‌گه‌ر دایك بوون، باڵایی سروشتی ژن بێ، ئه‌ی بۆچی باس له‌ ئه‌وین و ئازادی ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام هاوسه‌ری ئاوات و ئاره‌زووی ژن ده‌سوتێنێ و دوكه‌ڵه‌كه‌ی به‌با ده‌دا‌. ئایا به‌ ژن ناڵێن، كه‌ «ببه‌ به‌دایك تاوه‌كو گه‌شه‌ بكه‌ی» ؟ ئایا ئه‌مه‌ ڕێگر نییه‌ له‌ گه‌شه‌ی ژن؟ ئایا سه‌ربادان له‌ خۆفرۆشتن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی دایكایه‌تی به‌مایه‌ی شه‌رم و نه‌نگی نازانن؟ ئایا ئه‌وه‌ ته‌نیا هاوسه‌ری نییه‌، كه‌ دان به‌ وه‌ها دایكایه‌تییه‌كی زۆره‌ملێ و قێزه‌وندا ده‌نێت؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان له‌ دایكایه‌تی به‌رهه‌می هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه‌، ئه‌وینێك، به‌رهه‌می خۆشی و سۆز بووایه‌، به‌هیچ جۆرێك ئاماده‌ نه‌ده‌بوون كارێكی وا بكه‌ن، كه‌ كه‌ كڵاوی تاوانباری بخرێته‌ سه‌ر ئافه‌ریده‌كه‌ی و به‌ مۆری ترسناكی زۆڵی بانگی بكه‌ن. هاوسه‌ری بۆ بێناوه‌رۆككردنی ئه‌و شتانه‌ بووه‌ كه‌ پاگه‌ندی بۆ ده‌كات، هاوسه‌ری به‌ تاوانگه‌لێك دژ به‌ دایكایه‌تی بۆ هه‌میشه‌ له‌ خۆشه‌ویستی بێبه‌شكراوه‌.
 ئه‌وین به‌هێزترین و قوڵترین توخمی ژیانه‌، مژده‌ده‌ری هیوا، خۆشی و شادی؛ ئه‌وین سه‌رباده‌ر له‌ گشت یاساكان، گشت ڕێكه‌وتنه‌كان؛ ئه‌وین ئازادانه‌ترین و پڕمایه‌ترین ده‌ستمایه‌ی چاره‌نووش؛ چۆن ده‌توانرێت ئاوا هێزێكی كارا له‌گه‌ڵ ڕێسای په‌ستی ده‌وڵه‌تی- كلیسایی مناڵ خستنه‌وه به‌یه‌ك بچوێنرێت؟
 ئه‌وینی ئازاد؟ مه‌گه‌ر ئه‌وین بێجگه‌ له‌ ئازادی ده‌توانێت شتێكی كه‌ بێت؟ له‌وانه‌یه‌ بتوانرێت مێشك بكڕدرێت، به‌ڵام ئه‌وین هه‌رگیز. له‌وانه‌یه‌ بتوانرێت به‌سه‌ر جه‌سته‌دا زاڵبی‌، به‌لام به‌كاربردنی گشت هێزه‌كانی سه‌رزه‌مین ناتوانن به‌سه‌ر هێزی ئه‌ویندا سه‌ركه‌ون. ده‌توانرێت ده‌ست به‌سه‌ر وڵاتی زۆردا بگیرێت، به‌ڵام به‌سه‌ر ئه‌ویندا هه‌رگیز. ده‌توانرێت گیان كۆتوزنجیر بكرێت، به‌لام له‌به‌رده‌م ئه‌ویدا بێجگه‌ له‌ گرفتاربوونی ناتوانرێت هیج كارێك بكرێت. ده‌توانرێت وه‌ك پادشایه‌ك له‌سه‌ر ته‌خت دانیشیت و به‌ ده‌زگه‌ی پانوپۆڕی ملهورانه‌وه‌ فه‌رمان ده‌ركه‌یت، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وین گشت ئه‌مانه‌ بێبایه‌خن. هه‌ژارانه‌ترین كه‌لاوه‌ به‌ تیشكی ئه‌وین پڕژیان و گه‌رم و ڕازاوه‌ ده‌بێ. به‌ ئه‌وین لاوازترین هه‌ژار ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین پادشا. ئه‌رێ، ئه‌وین ئازاده‌؛ بێجگه‌ له‌ ئازادی له‌ هیچ شوێنێك نیشته‌جێ نابێ. ئه‌وین، له‌ ئازادیدا، له‌ خۆی پڕده‌بێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وین له‌ شوێنێك ڕه‌گ داكوتێ، هیچ یاسا و ڕێسایه‌ك، هیچ دادگه‌یه‌ك ناتوانێت ڕیشه‌كێشی بكات. باشه‌ ئه‌گه‌ر زه‌وی نه‌یار(بایر) بێت، هاوسه‌ری چۆن ده‌یه‌وێ بێته‌ به‌ر؟ ئه‌م‌ شته‌، وه‌ك دوا په‌له‌قاژێی نائومێدانه‌ی ژیانه‌ به‌رامبه‌ر مه‌رگ.
 ئه‌وین پێویستی به‌ پارێزگار نییه؛ جونكه‌ پاسه‌وانی خۆیه‌تی. تا سه‌رده‌مێك كه‌ وه‌چه‌ و نه‌وه‌ی مرۆڤ ڕه‌گیان له‌ ئه‌ویندا بێ، هیچ مناڵێك بێ سه‌رپه‌نا و برسی نابێت و چیتر هه‌ست به‌نه‌بوونی سۆز ناكات. من باوه‌ڕم به‌مه‌ هه‌یه‌. من ژنانێك ده‌ناسم كه‌ به‌ ئه‌وینداری به‌رامبه‌ر پیاوانێك كه‌ له‌ڕستیدا خۆشیانویستن، له‌خۆیان دایكانێكی ئازادیان چێكرد. مناڵانی هاوسه‌ری، له‌تاو نه‌بوونی سه‌رپه‌رشتی، گرنگیپێدان و له‌خۆبردوویی ئازارده‌كێشن؛ له‌كاتێكدا كه‌ دایكی ئازاد [مه‌به‌ست له‌ دایكایه‌تییه‌ به‌بێ هاوسه‌ری] توانای به‌خشینی گشت ئه‌م شتانه‌ی هه‌یه‌.
 پارێزه‌رانی ڕابه‌رایه‌تی و سه‌روه‌ری، ترس و گومانیان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی «دایكایه‌تی ئازاد» هه‌یه‌، نه‌كا ئه‌و ده‌ستكه‌وت (امتیاز)انه‌ی له‌جێكه‌وته‌یی هاوسه‌ریدا به‌ده‌ستیان هێناون، له‌ده‌ستیان بده‌ن. بێ هاوسه‌ری، كێ ده‌چێته‌ شه‌ڕ؟ كێ پاره‌ به‌ده‌ست دێنێ؟ ئه‌گه‌ر ژنان له‌مناڵ دروستكردنی بێ به‌ندومه‌رج خۆ لاده‌ن، ئیدی كێ ده‌بێته‌ پۆلیس و زیندانه‌وان؟! پادشا و سه‌رۆككۆمار وسه‌رمایه‌دار و كه‌شیشه‌كان، هه‌مووان هات و هاواریانه "خه‌ڵكینه‌، خه‌ڵكینه‌"‌؛ خه‌ڵكانێك، كه‌ ده‌بێت مانه‌وه‌ (خۆڕاگرتن)یان به‌ نرخی گۆڕینی ژن به‌ ئامێرێكی ڕووت (ته‌واو)، دابین بكرێت. له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ هاوسه‌ری، ده‌ریچه‌ی دڵنیاییه‌ بۆ پێشگرتن له‌ واقییعیه‌تی ترسناك و زیانبه‌خشی داچڵه‌كانی سێكسی ژن. به‌ڵام ته‌واوی ئه‌م هه‌وڵه‌ سڕكه‌رانه‌ بێ سه‌ره‌نجام ده‌مێننه‌وه‌. گشت فه‌رمانه‌ كلیساییه‌كان، زاڵی ڕێساكان و سه‌پاندنه‌ یاساییه‌كان بێسوود ده‌بن. ژنان نایانه‌وێ چیتر له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وه‌یه‌كی نه‌خۆش و لاواز و بێكه‌ڵك، كه‌ بار و توانای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له چنگ نه‌بوونی و كۆیله‌تیدا نییه‌، هاوبه‌ش بن. له‌به‌رامبه‌ردا، مناڵانی باشتر و كه‌متر ده‌خوازن، كه‌ گشتیان به‌رهه‌می هه‌ڵبژرادنی ئازادانه‌ و هه‌مووان له‌ ژێر ساباتی ئه‌ویندا په‌روه‌رده‌ بووبن؛ نه‌ك ئه‌وه‌ی، كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ زۆره‌ملێیی هاوسه‌ری له‌دایك بووبن. فه‌یله‌سوفه‌ مۆڕاڵیسته‌كانمان، هێشتاكه‌ فره‌شت ماوه‌ له‌باره‌ی هه‌ست به‌ لێپرسراوه‌تی كردن به‌رامبه‌ر مناڵان فێربن، ئه‌رك و په‌یامێك كه‌ به‌ ئه‌وینی ئازاد له‌ سینه‌ی دایكدا‌ بۆ هه‌میشه‌ بێدار ده‌مێنێته‌وه‌. ژن، جوانی به‌دایكبوونی به‌ڕێزانه ناگۆڕێته‌وه‌ به‌ له‌دایكبوونی بوونه‌وه‌رێك، كه‌ بڕیاره‌ له‌ كه‌شێكی بۆگه‌ن و مه‌رگباردا له‌دایك بێت. ئه‌گه‌ر بڕیاربێ‌ ببێته‌ دایك، پێیخۆشه‌ باشترین و به‌نرخترینی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، به‌ ئافه‌ریده‌كه‌ی ببه‌خشێت. ژیان له‌گه‌ڵ مناڵ، ئامانجی وییه‌؛ وی ده‌زانێ، كه‌ ته‌نیا به‌م ئامانجه‌ ده‌توانێت له‌ ئافه‌راندنی ژنان و پیاوانی شیاودا به‌شداربێت.
 ئیبسن، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ وێناكردنی ئالڤینگ دا ده‌ركێكی ڕۆشنی له‌ دایكێكی ئازاده‌ هه‌بووه. ئاڵڤینگ، ‌دایكێكی نموونه‌یی بوو، چونكه‌ له‌ هاوسه‌ری بوارد(پشتی كرده‌ هاوسه‌ری) تاوه‌كو فرینی گیانی ببینێ، تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی خۆی، تاوه‌كو گیانی بێته‌وه‌به‌ر و به‌توانا بێت. ئه‌فسوس كه‌ نه‌یتوانی ئازیزی ژیانی، ئۆزڤاڵد ڕزگار بكات، به‌ڵام تێگه‌یشت كه‌ ئه‌وینی ئازاد، تاكه‌ ڕوخساری جوانی ژیانه‌. كه‌سانێك كه‌ وه‌ك ئاڵڤینك، بۆ ڕاچه‌نینی گیانیان، خوێن و ئه‌شكیان ڕشت بۆ هوشیاربوونه‌وه‌یان، هاوسه‌ری به‌ بێمانا و گاڵته‌جاری و پوچ ده‌زانن و وازی لێدێنن. ئه‌وان ده‌زانن كه‌ ئه‌وین كه‌م ته‌مه‌ن بێ یا هه‌میشه‌ زیندوو، ته‌نیا ڕێگه‌ی ڕۆشنه‌ بۆ ئافه‌راندنی نه‌وه‌یه‌كی چالاك و بنیاتنانی دونیایه‌كی نوێ.
 له‌ باری په‌ستی هه‌نووكه‌یدا، ئه‌وین، بۆ زۆربه‌ شتێكی نامۆیه‌. دووركه‌وتنه‌وه‌ لێی و خراپ تێگه‌یشتن لێی بۆته‌ باو(مۆد). تاڵه‌ ئاوریشمی و ناسكه‌كانی ئه‌وین، به‌رگه‌ی فشار و پێكداچوونه‌كانی ڕۆژانه‌ ناگرن. گیانی ئه‌وین دژوار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌راو هوریای قێزه‌ونانه‌ی كۆمه‌ڵگه نا‌گونجێت. ئه‌وین له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه‌ خوازیاری وین، ده‌گریێ، ئازارده‌چێژێ و ئاخ هه‌ڵده‌كێشێ؛ چونكه‌ ناچاره بێسه‌ره‌نجامی هه‌ر ڕۆژه‌یان له‌هه‌وڵداندا بۆ گرتنی قه‌ڵای ئه‌وین، چاودێری بكا.
 ڕۆژێگارێك، پیاوان و ژنانێك ڕاده‌بن كه‌ توانای چوونه‌ ئه‌و قه‌ڵایه‌یان هه‌بێت. ئه‌وان خۆیان ده‌گه‌یێننه‌ ئه‌و قه‌ڵایه،‌ تاوه‌كو له‌ ڕوناكی و گه‌رمای ئه‌ویندا خاوێن ببنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر دونیا، وه‌چه‌خستنه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندی بنچینه‌یی دۆستانه‌، به‌ هاودڵی و لێك تێگه‌یشتن بسپێرێت؛ نه‌ك هاوسه‌ری، به‌ڵكو‌ ئه‌وین بكاته‌ چاودێری ئه‌م شته‌، چ خیالێك، چ وێناكردنێك، كامه‌ لێهاتوویی هۆنه‌رانه (شاعیرانه‌) ده‌توانێت به‌توانایی وه‌ها ژنان و پیاوانێك وێنا بكات.
 سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگیراو: * www.khushe.ir   به‌داخه‌وه‌ له‌م ساته‌دا ماڵپه‌ڕی (خوشه‌) گرفت له‌ دۆمه‌ینه‌كه‌یدا هه‌یه‌. خوێنه‌ران ناكرێته‌وه‌، ده‌توانن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌قه‌كه‌ ئینگلیزییه‌که‌ی سه‌ردانی ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن:
  http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/goldman/aando/marriageandlove.html
 ئه‌رشیڤی نووسه‌ر :
 http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/goldman/GoldmanCW.html
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.