
سه‌فه‌رو ماچی کۆتایی …کۆژان
له خه‌می گریانێکی تردام و
سه‌ره‌تاتکێ بێ کۆتایه‌کانی تۆش
دڵه‌ڕاوکێم زیاتر ئه‌کات.
یاوه‌ره‌و، سایه‌بانی ئه‌م عیشقه سوتاوهم به
یا بڕۆ‌و، هه‌واڵی حوزنی ئێمه بگه‌یه‌نه مه‌مله‌که‌تی دڵداران.
له زمانی له گۆکهوتوی ئێمه‌وه
پێیان بڵێ:
وه‌ی له مرۆڤ، وه‌ی له مرۆڤی سه‌ره‌ڕۆ
خه‌و به شمشێهرهوه ئه‌بینن!
جه‌لاد نایه‌وێ قوربانیی بێت!!
قوربانییش کۆرسی جه‌لادی ئه‌خوێنێ.
* * *
له سه‌فه‌ری پێشوتریا، پێی وتبووم
که هاتمه‌وه،
لهشیعرێکتا ده مر‌ۆڤم
بۆ عاشق که‌یت
ده‌تبه‌م بۆشاری عاشقان،
بۆ مه‌مله‌که‌تی مرۆڤ نه‌دیو.
که بینی هێشتا مر‌ۆڤم،
عه‌شق پوشوپه‌ڵاشی پایزێکی پێش په‌ڵه‌یه
ویژدان دهساڕه کۆنه‌که‌ی باپیرمه
ئه‌و ڕۆیشتوو من به‌دوایدا،
تۆ ڕاوه‌سته گوێم لێبگره
توبی و خۆت و کانی عاشقان
توبی و مه‌ستی شه‌وگه‌ڕه‌کان
ئێواره‌م لێ مه‌که‌وه خۆڵه‌مێش.
به‌ده‌م گریانێکی به‌کوڵه‌وه:
نه‌ڕۆژ پرسی بوونم ئه‌کات
نه‌شه‌و جێهگایهکم ئه‌داتێ
نهکول ئه‌بم له‌سه‌رنجدانی عه‌شق
نه عاشقێکی بێ ده‌روازه قایل ئه‌بێ
ساتێ بۆ ته‌نهایی یه‌کتر بگرین.
مه‌ڕۆ ئه‌ی جوانتر له گه‌ڵای زه‌ردی پایزه
ئاوازی عاشقانه‌م فێرکه.
ئه‌ی خۆشترین گۆرانی ڕۆژهه‌ڵات
وه‌ره باڵه‌بانی ڕۆحمه‌وه
بزانه چ خه‌ڵوه‌تێکی حه‌زینه.
داڵده‌ی ڕۆحی سووتاوم ده
جه‌سته‌م قوربانی تۆ بێت
* * *
به ده‌م بهرهنیسکهوه:
ئاخر چیبکه‌م ته‌نها شیعرێک
هه‌موو جیهان عاشق ناکات!!!
له‌به‌ر تریفه‌ی مانگا شه‌وا
هه‌موو مرۆڤ سه‌ما ناکه‌ن!!!
گۆێم لێبگره
ئه‌ی جوانترین به‌یانیی خۆرئاوا،
که‌زێی ئه‌م چاوهڕوانیهم قه‌یچی بڕکه
سهحهرێک ببهمیوانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بێ دهوارهی وجوودم
با ته‌ڕ ته‌ڕ ببمه‌وه
وه‌کو پرچی کچه قهیرهیهکی گه‌رمیان
کاتێ بۆنی سووتانی ته‌نهایی خۆی ئه‌کات.
داڵده‌ی ڕۆحی سووتاوم ده
جه‌سته‌م قوربانی تۆ بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م جارههاتیهوه
به‌سه‌رباڵی گه‌رده‌لولدا
بڕژێره چاوی ڕه‌شه‌بایه‌که‌وه
سواری به‌رماڵه شیعرێکی نالی به‌و
پێش ئه‌وی ده‌رگام پێبگریت
به‌هانه‌ت، کۆڵه‌وارم کات
خۆت مه‌ست بکه له‌بۆن و به‌رامه‌ی شاره‌زوور.
ده‌خیلت بم
نه‌که‌یت سه‌رنج له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ بده‌یت
نه‌که‌یت بۆنی خوێنه ته‌ڕو تازه ڕژاوه‌کان بکه‌یت.
له‌دارستانه که‌س نهدیوهکهوه
خۆت بده به‌ده‌م شه‌پۆلی ڕوباره شێته‌که‌ی
ئه‌م به‌ره‌وه.
نه‌که‌یت لای گه‌وره‌کانم لاده‌یت
نه‌کا شه‌وه سووره‌کانیان ببینت.
له پاین شاریشه‌وه مه‌یه
نه‌بادا چیرۆکی سوتانی ژنێک
ماندوبوونی مناڵێکی ده‌سفرۆش
زیڕه‌ی عهشێکی سووتاو
شێتت بکاو بڕیاربده‌یت
وه‌ک ئه‌ستێره
خۆت ههڵواسیته بنمیچی ئاسمانه‌کان
بۆ هه‌تایه که‌سێ نه‌بێ
چاوه‌ڕوانیم بخواته‌وه
سه‌رێ له ماڵه ساردوسڕه‌که‌ی
ته‌نهایم دات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره هاتیه‌وه
بینیت له‌په‌نا دیواری
عهشقگایهکدا ده مرۆڤ چاوه‌ڕوانن
بچنه میحرابی عه‌شقه‌وه،
ده‌بمه هاوڕێت
تۆ به سواری به‌رماڵه شیعری نالیه‌وه
منیش به‌سه‌ر باڵی هاوارێکی دوعاوه
له نێوان دوو به‌ردی ڕه‌ش و سپی‌دا
کاژی مرۆڤ بوونم دائهماڵم
له ئه‌و دیو سنووره‌کانی بووندا
له مه‌مله‌که‌تێکی بێ مناڵدان
بۆ هه‌تایه ده‌م له ده‌مت هه‌ڵناگرم.
ئاڕنهێم- هۆڵندا
7-2007
B_shiruan@hotmail.com